کۆکردنەوەی زەیتوون لە عەفرین

16 December 2020
کۆکردنەوەی زەیتوون لە عەفرین

زیندانێکی کورد لە ئەڵمانیا لەرێگەی رووداوی تۆ گۆرانییەک بۆ دایکی دەڵێت

گەنجێکی زاخۆ، کە ماوەیەکی زۆر لە ئەڵمانیا  زیندانیکراوە، لەرێگەی رووداو گۆرانییەک بۆ دایکی دەڵێت.
هاونیشتمانییەک بەناوی خەتاب ئیبراهیم، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، دەڵێت براکەم لە زیندانێکی ئەڵمانیادایەو گۆرانییەکی لەسەر دایکی گوتووەو بۆیە حەزیان کردووە ئەم گۆرانییە لەرێگەی بەرنامەی رووداوی تۆ بڵاوبکرێتەوە، پێشکەشە بەو دایکانەی لە منداڵەکانیان دوورن و بە تامەزرۆیەوە چاوەڕێی هاتنەوەیان دەکەن، بەیەکەوە بینەری ئەم ڤیدیۆیە دەبین.


کۆکردنەوەی زەیتوون لە عەفرین

هەڵبەتە مانگی تشرینی یەکەم مانگی خێر و بەرەکەتە بۆ عەفرینییەکان، چونکە مانگی کۆکردنەوەی بەرهەمی زەیتوونە، بۆیە ئێستا زۆربەی جووتیارانی عەفرین سەرقاڵی کۆکردنەوەی زەیتوونن.
بێگومان شاری عەفرین وەکو نیشتمانی زەیتوون دەناسرێت، لەبەر ئەوەی بەشێکی گەورە و بەرفراوانی رووبەری شار و ناوچەکە بە زەیتوون داپۆشراوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی دیاری زەیتوونی وڵاتی سوریاش لەم شارەدا بەرهەمدەهێنرێت.
بەپێی ئامارێک لە شاری عەفرین  زیاتر لە ١٨ ملیۆن دار زەیتوون لە عەفرین هەیە، هەروەها ٦٥%ی رووبەری عەفرین بە زەیتون چێندراوە. سەرچاوەی سەرەكی داهاتی خەڵكی عەفرین زەیتون، زەیتی زەیتون و سابوونە، كە لە ناوكی زەیتون دروست دەكرێت. زەیتون و بەرهەمەكانی لە عەفرین دەگاتە ٣٠%ی تەواوی بەرهەمی سوریا. داهاتی بەرهەمی ساڵانەی زەیتوونی عەفرین دەگاتە ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی. بەیەکەوە لەم ڤیدیۆیە دەڕوانین.


خانمێک لە قەڵادزێ باخچەیەک لە ماڵەکەی دروست دەکات

خانمێکی دەستڕەنگینی دەڤەری  پشدەرە و شاری قەڵادزێ، لەماڵەکەی خۆیدا، بەتەنیا باخچەیەکی جوان و رازاوەی دروستکردووە، کە دیمەنیکی جوانی بە ماڵەکە بەخشیوە.
ئەم خانمە دەڵێت، لە ساڵی 2011 وە سەرقاڵی ئەم باخچەیە بووەو ئێستا زۆر جوان پێگەیشتووەو ماڵەکەی دوو هێندە زیاتر رازاندۆتەوەو سەوزایەکی زۆری بە ماڵەکە بەخشیوە. کە زیاتر لە 20 جۆرە گوڵ و گوڵزاری تێدا چێندراوە، ئەم ڤیدیۆیە لەلایەن سەبری بۆ بەرنامەی رووداوی تۆ نێردراوە بەیەکەوە بینەری دەبین.


چاندنی بەڕوو لە دهۆک

ماوەیەکە ژمارەیەک لە گەنجانی کوردستان وەکو ئەرکێکی سەرشانیان دەستیان کردووە، بەچاندنی بەڕوو، بۆ ئەوەی کوردستان هەمیشە بە سەوزی بمێنێتەوە.
لە شاری دهۆک، گرووپی ژینی ژینگەپارێز، ژمارەیەکی زۆر لە بەڕوویان لە گوندی باجلورێ لە سنووری پارێزگای دهۆک چاندووە هێشتاش بەردەوامن لە چاندنی بەڕوو.
هەڵبەتە 150 جۆر داری بەڕوو لە جیهاند هەن کە حەوت لەوانە موڵکی کوردستانن. بە شێوەی خۆڕسک لە هەڵوەرینی بەرەکەیەوە دەڕوێت. تەمەنی بەڕوو دەگاتە زیاتر لە 500 ساڵ و کاتێک تەمەنی دەگاتە سەرووی 20 ساڵ هەر دارێک ئۆکسجینی 50 کەسی گۆی زەوی دابین دەکات. ئیبراهیم دێرگژنیکی ئەم ڤیدیۆیەی بۆ رووداو ناردووە، بەیەکەوە بینەری دەبین.


نەمام چاندن لە سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان

ژمارەیەک لە چالاکڤانی ژینگەیی لە سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان،  دەستیان بە چاندنی زیاتر لە 2 هەزار نەمام کردووە.
هەڵمەتی دارستانی سۆزی هیوا، کە بریتیە لە چاندنی 2720نەمام لە دارستانەکانی سەردەشت، بە بەشداری ژینگەپارێزان و شاخەوانانی سەردەشت بەڕێوەدەچێت، کە دەیانەوێت ژینگەی وڵاتەکەیان بپارێزن و سەوزاییی لە ناوچەکەیان زیاد بکەن.
بەهۆی داربڕینەوە بەشێکی زۆر لە دارستانەکانی سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان، رووت بوونەتەوەو ئەمەش ژینگەپارێزەرانی ئەم ناوچەیەی نیگەران کردووە، بۆیە دەستیان بە چاندنی نەمام کردووە بۆ ئەوەی قەرەبۆی دارە بڕاوەکان بکەنەوە. ئاسۆ لە سەردەشت ئەم ڤیدیۆیەی بۆ بەرنامەی رووداوی تۆ ناردووە بەیەکەوە بینەری دەبین.


خێزانێکی کورد سەردانی دوورگەکانی تایلەند دەکەن

کەژاڵ و هێمن، هاوژینی یەکدین، لە وڵاتی سوید دەژین، ماوەیەکی زۆر وەکو یوتیوبەر کاردەکەن و سەردانی وڵاتانی جیهان دەکەن و لەرێگەی یوتیوب بڵاوی دەکەنەوە. ئەمجارە سەردانی دوورگەکانی وڵاتی تایلەندیان کردووە.
هێمن پالانی لەمبارەیەوە بەرووداوی راگەیاند، کە هەشت ساڵە لەگەڵ کەژاڵ هاوسەرگیریان کردووە، زیاتر لە 17 ساڵیشە لە سوید دەژین، زۆریان حەز لە گەشت کردنە، لەگەڵ ئەوەشدا گەشتەکانیان لەرێگەی یوتیوبەوە بڵاودەکەنەوە بۆ ئەوەی کوردانی دیکە لێ سوودمەند بن.
هێمن گوتیشی، 15 رۆژ لە تایلەندا بوون و سەردانی شاری پوکەت و دەوروبەریان کردووەو چوونەتە دەریاچەو دوورەگەکانی ئەم شارە، کە لە جوانییە وێنەی نییە، 
هێمن پالانی تەمەنی 31 ساڵەو کەژاڵی خێزانیشی تەمەنی 27 ساڵە، هەردووکیان خوێندنیان لە سوید تەواو کردووە، هێمن ئێستا وەکو بڕینپێچ "مەزەمید" کاردەکات و کەژاڵیش لە بەشی منداڵان کاردەکات.
 شانشینی تایلەند وڵاتێکە کەوتووەتە باشوری رۆژھەڵاتی کیشوەری ئاسیا، لە باشورەوە سنووری لەگەڵ وڵاتی مالیزیا ھەیەو لە باکوورو رۆژھەڵاتەوەش دراوسێی وڵاتی میانمارە ، ڤێتنام و کامبۆدیا و لاوس لەلای رۆژھەڵاتەوە دەوریان داوە. پایتەختەکەی شاری بانکۆکە. بەیەکەوە لەم ڤیدیۆیە دەڕوانین


پیسکردنی ئاوی رووباری چۆمان

بەشێک لە دانیشتووانی کەنار رووباری چۆمان لە شارۆچکەی چۆمانی سنووری پارێزگای هەولێری باشووری کوردستان، زبڵ و پاشماوەکانیان فرێ دەدەنە نێو رووبارەکە، ئەمەش وایکردووە رووبارەکە زبڵ و خاشاکی زۆی تێدا کۆببێتەوە.
هاونیشتمانییەک بەناوی خورشید چۆمانی ڤیدیۆیەکی بۆ بەرنامەی رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا دیمەنی پیسکردنی رووباری چۆمان نیشان دەدات و لە رێگەی بەرنامەی رووداو تۆ داوا لە خەڵکی ئەم ناوچەیە دەکەن، کە ژینگەی شارەکەیان بپارێزن و پاشماوەکان فرێ نەدەنە نێو ئاوەکە، چونکە ئەم ئاوە بووەتە سەرچاوەی خواردنی چەند گوندێکی نزیک ئەم شارۆچکەیە.
خورشید داواش لە لایەنی پەیوەندیدار دەکات، سزای ئەو کەسانە بدات، کە پاشماوە و زبڵ فرێ دەدەنە نێو رووبارەکە و ژیگەی وڵاتەکەیان پیس دەکەن. با بەیەکەوە بینەری ئەم ڤیدیۆیە بین.

 

رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە
دەکات.
 
رۆژانە کاژێر 22:30 خولەک پێشکەشدەکرێت.