لە گوندی زیوەکەی پیرانشار هاونیشتمانییەک مارێک ئازاد دەکات

لە گوندی زیوەکەی پیرانشار هاونیشتمانییەک مارێک ئازاد دەکات

هەر کە وەرزی بەهار دەستپێکرد، مارەکانیش دەردەکەون، بەهۆی ئەوەی بەشێکیان ژەهراوین و مەترسیدارن، مرۆڤ پەنا بۆ کوشتنیان دەبات، بەڵام بەشێکشیشان پارێزگاریان لێدەکەن و بە بڕاوی ئەوان ژینگە بە مار و گیاندارەکانی دیکەوە جوانە.

ئینجا دەزانن یەکێک لەو کەسانەی کە داوا دەکات مارەکان نەکوژرێن و پارێزگاریان لێبکرێت، هاونیشتمانییەکە بەناوی ئیسماعیل رەشیی تەمەن 23 ساڵە و دانیشتونی گوندی زیوەکەی سەر بە پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستانە.

رەشی کاتێک مارێکی لە نێو سرووشتدا بینوە، نایکوژێت و ئازادی دەکات و تاوەکو بەڕێی دەکات جار جار دەیخاتە سەر پێمەڕەکەی و یاریی لەگەڵدا دەکات و پێدەچێت خۆشەویستی زۆری بۆ مار هەیە.

ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت سرووشت بە مارە و گیاندارەکانی دیکەوە جوانە و ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات ئەو "هیچ کات مار ناکوژێت".

 

بڕینی خوریی مەڕ لە گوندی کوورانی مهاباد


جەوبڕی یاخود بڕینەوەی مەروماڵات، بریتییە لە بڕینی خوری مەڕ و مووی بزن لە وەرزی بەهاردا، وەک ئامادەکارییەک بۆ وەرزی هاوین و بۆ ئەوەی مەروماڵات بتوانن بەرگەی گەرمای هاوین بگرن.

لە گوندی کوورانی سەر بە مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان، خاوەن مەڕوماڵاتێک سەرقاڵی جەوبڕییەوە و بە شیوازێکی کۆن سەرقاڵی بڕینەوەی خوری مەڕە.

بەهزاد کوورانی دانیشتووی گوندەکەیە و دیمەنی ئەو کارە سەرنجی راکێشاوە وێنەی گرتووە و ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە.

ئەو کەسەی سەرقاڵی بڕینەوەی خوری مەڕەکەیە لەمبارەیەوە دەڵێت، گەرمایە و کاتی بڕینەوەی هاتووە و ناتوانێت بە رێدا بڕاوت و لەبارەی سوودوەرگرتن لە خورییەکەیشی دەڵێت، دۆشەگی لێ دروست دەکەن.

کووران دەکەوێتە ناوچەی خەلیفانی سەر بە مەھابادی رۆژهەڵاتی کوردستان و ژمارەی دانیشتووانی ٣٦٤ کەسن و لە ٥٧ ماڵبات پێکدێت.

 
لە شاخەکانی گوندی گەڵاز بەفرێکی زۆر ماوەتەوە

تاوەکو پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە و لە وەرزی هاوین نزیک دەبینەوە، بەشێک لە شاخەوانان و هاونیشتمانییان بۆ گەیشتن بە کوێستانەکان و گەیشتن بەو بەفری تاوەکو ئێستا ماوەتەوە، رێگەی دوورتر دەبڕن.

هاونیشتمانییەک بەناوی لوقمان عەلیزادە، چووەتە شاخەکانی سنووری گوندی گەلازی شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە.

لە ڤیدیۆکەدا بەفرێکی زۆر بەدی دەکرێت کە لەسەر شاخەکان ماون، بەتایبەتیش لە شاخی زەردکەوە کە ئاوی کانیاوەکان لەژێر بەفردا دەرکەتوونە و دیمەنێکی یەکجار دڵرفێنی هەیە.

ساڵانە لەم وەرزەدا شاخەوانان سەردانی ئەو شوێنە دەکەن کە تاوەکو هاوین بەفری لێدەمێنێتەوە و کەشوهەوایەکی فێنکی هەیە.

 


دروێنەی جۆ لە گوندی بێستانسووری شارەزوور

بەهۆی کەمی رێژەی بارانبارین، جووتیاران ئەمساڵ بەر لە وادەی دیاریکراودا دەستیان داوەتە دروێنەی جۆچ، چونکە ئەو بەرهەمە تا دەمێنێتەوە کاریگەری خراپی لەسەر دەبێت.

لە گوندی بێستانسوور لە قەزای شارەزووری سەر بە پارێزگای سلێمانی، دروێنەی جۆ دەستیپێکردووە و بڕوا بێستانسووری ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە.

ئەو هاونیشتمانییە بە رووداوی راگەیاند، کەمی رێژەی بارانبارین کاریگەری زۆری لەسەر بەرهەمی جۆ لە گوندەکەیان نەبووە. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە دوای دروێنەی جۆیەکە، ئەو کایەی ماوەتەوە بۆ مەڕوماڵات سوودی لێوەردەگیرێت.

ئەمساڵ وشکەساڵی و کێسەڵە زیانێکی زۆریان بە گەنم و جۆی جۆتیاران گەیاندووە، بەڵام ئەوانەی سوودیان لە ئاوی بیر وەرگرتووە، بەرهەمەکانیان کێشەی وشکبوونیان نەبووە.

 

گوندی گلەشین لە بناری چیای مەقلوب

 
گلەشین یەکێک لە گوندەکانی بناری چیای مەقلوبە و لە سنووری قەزای شێخانە، دانیشتوانی ئەو گوندە لە 1975 بۆ ئۆردوگای کەلەکچی راگواستراون کە ئێستا بووەتە ناحیەی کەلەکچی.

ئامینە ئۆمەری خەڵکی ئەو گوندەیە و ئێستا لە ناحیەی کەلەکچیی سەر بە قەزای شێخان دەژی و ڤیدیۆی و زانیاری لەبارەی گوندەکەی ناردووە و پێشتریش چەندین جار ڤیدیۆی بۆ ناردووە.

ئەو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کاتی خۆی باوک و باپیرانیشی لەو گوندە بەر هەڵمەتی راگواستن بوونە و تاوەکو ئێستا لە کەلەکچی ماونەتەوە.
 
هەرچەند ژمارەی دانیشتوانی ئەو گوندە ئێستا زۆر نییە، بەڵام خەڵکی ئەو گوندە ژمارەیان زۆرە و لە شار و شارۆچکەی دیکەی کوردستان دەژین و ئێستا ساڵانە فێستیڤاڵێکی تایبەت لەو گوندە دەکرێت بۆ کۆکردنەوەی خەڵکی گوندەکە و ئەوانەی سەر بە هۆزی ئۆمەربلن.

 
مەلکۆ سورچی گۆرانی بۆ رووداوی تۆ دەڵێت

 

مەلکۆ سورچی یەکێک لە قسە خۆشەکانە و ڤیدیۆکانی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکرێنەوە، ئەو گۆرانی دەڵێت، بە دەم میوزیک دەژەنێت، قسەی خۆش دەکات و جار جاریش رەخنە دەگرێت.

مەلکۆ سورچی ناوی تەواوی مەردانە و لە ئاکرێ دەژی، لە نوێترین دەرکەوتنیدا گۆرانی دەڵێت و پێشکەش بە رووداوی تۆی دەکات و محەممەد رەمەزان ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، مەلکۆ ئێستا کەمتر دەردەکەوێت چونکە نەخۆشی شەکرە و بەرزی پاڵەپەستۆی خوێن هەیە، هەربۆیەش کێشی زۆر دابەزیوە.

لە ڤیدیۆکەدا مەلکۆ سورچی چەند گۆرانییەکی شەوقی نەقەبی، عەبدولواحید زاخۆیی دەڵێتەوە و هەر خۆیشی بە دەم ئاوازی گۆرانییەکان دەژەنێت.



لە گوندی کەوەرتە چەندین جۆری باڵندە هەن

 

لە نێو سرووشتدا چەندین جۆری باڵندە و ئاژەڵی کێوی دەژین، بەشێکی زۆر لەو باڵندانەش لە نێو سرووشتی کوردستاندا بە دی دەکرێن.

هاونیشتمانییەک بەناوی هونەر کەوەرتی لە گوندی کەوەرتە لە دەڤەری باڵەکایەتی لە قەزای چۆمانی سەر بە پارێزگای هەولێر، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە کە دوو باڵندەی پەپوو یاخود هودهودی بینیوە، یەکێکیان خواردن بە ئەوەی دیکەیان دەدات، ئەمەش ئامادەکارییەکە بۆ لەیەکترنزیکبوونەوەی ئەو دوو باڵندە نێر و مێیە.

ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ڤیدیۆکە لە نێو سرووشتی گوندی کەوەرتە وێنەگیراوە و جگە لەو باڵندەیە، چەندین جۆری دیکەی باڵندە لە سرووشتی گوندەکەدا بەدی دەکرێن.

ئەو باڵندەیە بە هاوڕێی جووتیارەکان دەناسرێت، چونکە خواردنی سەرەکیی کرم و مێرووە، بۆیە بەردەوام زەوییەکانیان پاک دەکاتەوە و لە ناوچەکانی باشووری و ناوەڕاستی ئاسیا و ئەوروپا دەژیت و لە کیشوەری ئەفریقاش ژمارەیەکی زۆری هەیە.

هودهودی لە یەک شوێندا نامێنێتەوە، بەڵکو زوو زوو شوێنی خۆی دەگۆڕێت و بەردەوام لە گەشتدایە و توانای ئەوەی هەیە هەزاران کیلۆمەتر ببڕێت.

 

رەگەزەی نێری ئەو باڵندەیە بۆ ئەوەی بتوانێت سەرنجی باڵندەیەکی مێ رابکێشێت، پێویستە هێلانەی دروستکردبێت و لە یەکەم دیداردا خواردنی پێبدات، مێی ئەو باڵندەیەش پێنج بۆ حەوت هێلەکە دەکات و پێکەوە خواردن بۆ بێچووەکانیان دابین دەکەن.

 

 رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.
 
رۆژانە کاژێر 07:40 بەیانی پێشکەشدەکرێت.