کۆکردنەوەی بنێشتی کوردی لە دەڤەری خۆشناوەتی
لە شارەکانی ئیتاڵیا ژیان ئاسایی دەبێتەوە
لە شارەکانی وڵاتی ئیتاڵیا ژیان ئاسایی دەبێتەوەو میترۆ شەمەندەفەرو پارکە گشتیەکان و بازاڕەکان دەکرێنەوەو خەڵک بە ئاسایی هاتووچۆ دەکەن.
کوردێكی دانیشتووی ئیتاڵیا، بەناوی ئەرین تارق، لە شاری باری ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا بە شەمەندەفەر لە شاری باری دەچێتە شاری رۆمای پایتەختی ئیتاڵیاو باس لە ئاسایی بوونەوەی ژیان لە ئیتاڵیا دەکات.
ئەرین تازە تەمەنی گەیشتووەتە ١٤ ساڵی، بەڵام بە تەنیا لەو شار بۆ ئەو شار گەشت و سەیران دەکات و وەکو یوتوبەرێکیش ڤیدیۆی گەشتەکانی دەگرێت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان دەکاتەوە.
شاری باری دەکەوێتە باشووری ئیتاڵیاو ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە ٣٢٣ هەزار کەسە، هەروەها پایتەختی هەرێمی پۆلیایە، یەکێکە لە شارە بازرگانییەکانی ئیتاڵیا،لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی سەتان شوێنەواری دێرینە، و ساڵانە هەزاران گەشتیار سەردانی دەکات.
دوای وڵاتی چین ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی خێرا لە وڵاتی ئیتاڵیا بڵاوبوویەوە، بەم هۆیەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 244 هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، هەروەها زیاتر لە 35 هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
کوێستانەکانی وان لە باکووری کوردستان
هاونشتمانییەک بەناوی میربەگی لە شاری وانی باکووری کوردستان، چووەتە کوێستانی ئایشە گوڵ و ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووەو ئەم ناوچەیە دەناسێنێت.
شاری وان بە هۆی بوونی چیاو لوتکەی بەرز دەیان کوێستانی تێدا هەڵکەوتووە، کە بەشێک لە کوێستانەکان کەوتوونەتە سەر سنووری باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان.
لەم ڤیدیۆدا کوێستانەکانی شاری وان هێشتا بە سەوزی ماوەتەوەو دیمەنێکی ئەفسوناوی هەیە، بۆیە بەشێک لە هاونیشتمانیان بۆ بەسەربردنی کاتێكی خۆش سەردانی ئەم کوێستانە دەکەن.
وان شارێکە لە باکووری کوردستان لەسەر دەریاچەی وان. شارێکی دێرینی باکوورە زور جێگای دێرینی لێ ھەیە. گەورەترین شارە باکووری کوردستان، کە کەوتووەتە سەر دەریاچەی وان.
لە سەر دەشتاییەکی بەپیتی کشتوکاڵییەوە، گەلێ کارگەی پیشەسازیی تێدایە وەک: رستن و چنین، کارگەی چیمەنتۆ و پێڵاو دروستکردن. زۆربەی دانیشتوانی کوردن.
پارێزگای وان دەکەوێتە هەرێمی سەرحەد لە باکووری کوردستان، شارێكی دێرینی كوردستانە. بەپێی ئاماری سەرژمێریی ساڵی 2019 لە توركیا، ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی 1 ملیۆن و 137 هەزار کەس.
خاوێنکردنەوەی بەنداوی مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان
ژمارەیەک لە ژینگەدۆستان و وەرزشوانانی شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان، هەڵمەتێکیان بۆ پاککردنەوەی بەنداوی مەهاباد دەستپێکردووەوچەند رۆژێك بەردەوام دەبێت.
هاونیشتمانییەک بەناوی دیاکۆ خالید، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا ژمارەیەک گەنج دەردەکەون و سەرقاڵی خاوێنکردنەوەی بەنداوی شاری مەهابادن، دیاکۆ دەشڵێت لەم هەڵمەتەدا ، کە زیاتر لە 5 کاژێر بەردەوام بوو، نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە پاشماوەی دەب و لایلۆن و قوتوی پاککرایەوە، داواش دەکەن، گەشتیاران کاتێک سەردانی ئەم بەنداوە دەکەن، پاشماوەکانیان کۆبکەنەوەو فرێ نەدەنە نێو بەنداوەکە.
بەنداوێکە لە نزیکی شاری مەهاباد. بەنداوی مەهاباد لە دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران و بە دەست ئەندازیارانی یووگسڵاڤیا دروستکراوە. ئەم بەنداوە یەکێکە لە 10 بەنداوە پڕئاوەکانی وڵاتی ئێران.
چەمی مەھاباد، کە لە سێ لق پێکھاتووەو دەرژێنە نێو بەنداوی مەهاباد، لقی بەیتاس ،لە کێوی مام سوارە سەرچاوە دەگرێ و لە لای رۆژھەڵاتەوە دەچێتەوە ناو بەنداوی مەھابادەوە، لقی دێبوکر ،لە کێوی سەرمێرگان سەرچاوە دەگرێ و لە لای رۆژاواوە دەچێتەوە ناو بەنداوەکە، و ھەروەھا لقی کەوتەر، لە کێوی براییم جەلال سەرچاوە دەگرێ و دەچێتەوە ناو بەنداوەوە.
كۆكردنهوهی بنێشتی كوردی دەڤەری خۆشناوەتی
ساڵانە لە وەرزی هاویندا لە ناوچەی خۆشناوەتی ، دەستدەكرێت بە دروستكردن و بەرهەمهێنانی بنێشتی کوردی، بنێشت لە داری قەزوان بەرهەمدەهێنرێت.
هاونیشتمانییەک بەناوی زریان شینکۆ لە گوندی جیوەی سەر بە ناحیەی بێتواتەی له دۆڵی بالیسان، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە،کە تێدا جووتیارێک سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ بەرهەمهێنانی بنشتی کوردی.
دارەبەن کە هەم قهزوان و هەمیش بنێشت بەرهەم دێنێ، له چیاكانی سنووری دەڤەری خۆشناوەتی ههیه و خەڵکی ناوچهكه بهگشتی و گوندهكانی ناحیەی بێتواتە، جگە لە قەزوان، بنێشتی كوردییشی لێ دروستدەکەن.
هەڵبەتە بەرهەمهێنەرانی بنێشت هێندە ئاسان نییە، قۆناخی یەکەمی بەرهەمهێنانی بنێشتی كوردی بریتییە لە ئامادەكردنی خۆڵێكی ورد و سوور، دواتر ئەم خۆڵە تێكەڵ بە ئاو دەكرێت و دەبێتە قوڕێكی نیمچە خەست و لە دروستكردنی (كۆچەڵە)دا بەكاردەهێنرێت.
پاش ئامادەكردنی قوڕەكە دار قەزوانەكان بە "تەوشییە"، برینداردەكرێن و دواتر شیلەیەكی خەستی لێوە دەردەچێت و بە دارەكەدا دێتە خوارەوە، ئەوەش شیلەی بنێشتی كوردییە، دواتر بەو قوڕەی كە ئامادەكراوە بەربەستێك لەبەردەم شیلە بنێشتەکەدا دروستدەكرێت بۆ ئەوەی بنێشتەكە نەكەوێتە سەر زەوی و لەناو ئەو بەربەستە قوڕینەدا كۆدەبێتەوە.
ڕێژەی بەرهەمی بنێشت لە هەر دارێکی قەزواندا بە شێوەیەکە، کە ئەگەر دار قەزوانەکان بارودۆخێکی گونجاویان هەبێت، ئەوا هەر دارێك نزیكەی ١٠ بۆ ١٥ كیلۆگرام بنێشت بەرهەمدەدات.
دانانی فێنککەرەوە لەسەر ئۆتۆمبێل
هاونیشتمانییەک بەناوی عەبدوڵڵا قەڵادزەیی لە شاری هەولێر، فێنککەرەوەیەکی لەسەر ئۆتۆمبێلەکەی بەستووەو دەشڵێت هەوای ئەم فێنککەرەوەیە لە ئۆرجینالەکەی خۆشترە.
وەستا عەبدوڵڵا، بۆ ماوەی دووساڵە سەرقاڵی ئەم کارەیەو بۆ زۆربەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی فێنککەرەوەیان نییە، ئامێرێكی فێنککەرەوە لەسەر ئۆتۆمبێلەکان دەبەستێت و لە وەرزی گەرمیای تاقەت پرۆکێنی هەولێر دەربازیان دەکات.
وەستا عەبدوڵڵا دەشڵێت لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەک فێنککەرەوەیەک لەسەر ئۆتۆمبێلەکان دەبەستێت، لەگەڵ ئەوەشدا بە جۆرێک دروستی کردووە، بە کەمترین ئاو کاردەکات و ساردیەکی باشیشی هەیەو هەوایەکەی بۆ پێشەوەو پشتەوەی ئۆتۆمبێلیش دەچێت.
وەستا عەبدوڵڵا ئەم ڤیدیۆیەی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، چۆنیەتی دروستکردنی ئەم فێنککەرەوەیە بۆ بینەرانی رووداوی تۆ ئاشکرا دەکات، ئێمەش بەیەکەوە لەم ڤیدیۆیە دەڕوانین.
کۆکردنەوەی بلوبێری لە دارستانەکانی ستۆکهۆڵم
کوردێكی دانیشتووی وڵاتی سوید، دەچێتە نێو دارستانەکانی ستۆکهۆڵمی پایتەختی ئەو وڵاتەو دەست دەکات بە رەنین و خواردنی بلوبێری.
شێرزاد هەینی و سروە هەینی هاوژینی، ماوەی چەند ساڵێكە لە وڵاتی سوید دەژین، لەم هەفتەیە بۆ گەشتێك سەردانی دارستانەکانی ستۆکهۆڵم دەکەن، لەوێ چاویان بە بلوبێری دەکەوێت و دەست بەجێ لێی دەکەنەوەو هەر لە هەمان شوێنیش دەیخۆن،بۆیە ئەم ڤیدیۆیەیان بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا دەردەکەون و سەرقاڵی خواردنی بلوبێرین.
هەڵبەتە لە ناوچە فێنكەكانی كوردستان جۆرە دارێك دەڕوێت لەلای هاووڵاتییان بە تووتڕك ناسراوە، كە وەكو خواردنی تووی پایزە سەیر دەكرێت و ئێستا كاتی پێگەیشتنیەتی، لەبەر ئەوە هاونیشتمانیان بۆ چێژ وەرگرتن لە تامی تووتڕك و خواردنی روو لەو شوێنانە دەکەن.
ئەم دارە بە شێوازێكی خۆرسك گەشە دەكات بێ ئەوەی مرۆڤ دەستكاری بكات، ئەم دارە زۆربەی كاتەكان لە نێوان وەرزی هاوین و پایزدا پێ دەگات.
سەرەتا، كە گەشە دەكات رەنگی سەوزێكی كاڵە، بەڵام دوایی رەنگی دەگۆڕێت بۆ رەنگی سوور و زۆر ترش دەبێت، دواتریش رەنگی دەگۆڕێت بۆ رەش و تامێكی تایبەتی دەبێت و ناوی ئەم دارە لەوە هاتووە كە دارەكە دڕكی پێوەیە.
کۆکردنەوەی بەرهەمی گوڵەبەرۆژە
لە شارۆچکەی بشیریانی سەربە قەزای بەردەرەشی پارێزگای دهۆک، جووتیاران دەستیان بە کۆکردنەوەی بەرهەمی ئەمساڵی گوڵەبەرۆژەکردووە.
هاونیشتمانییەک بەناوی عامر عەزیز لە گوندی بشیریان ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا چەند کەسێک سەرقاڵی کۆکردنەوەی گوڵەبەرۆژەو داکوتینی بەرهەمی ئەمساڵن.
عامر دەڵێت شارۆچکەی بشیریان ١٥٠٠ ماڵەو نزیکەی ٥ کیلومەتریش لە کەلەک دوورە، ساڵانە ٣ تەن گۆڵەبەرۆژە لەم شارۆچکەیە بەرهەمدێت و دەخرێتە بازاڕەوە.
گوڵەبەڕۆژە یەکێکە لە بەرهەمە کشتوکاڵییە تۆ رۆنییەکان، چاندنی گوڵەبەڕۆژە بەمەبەستی خواردنی و گرتنی ڕۆنە لە دەنکەکەی و پەرژینکردنی هەندێ کشتوکاڵی دیکەیە، بێگومان گوڵەبەڕۆژەی سنووری دەڤەری راپەڕین بە باشترین و پڕبەرهەمترین گوڵەبەڕۆژە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق دادەنرێت.
ساڵانە ڕێژەیەكی زۆری لێ بەرهەم دەهێنرێت و بەشێكی زۆری خواستی بازاڕ پر دەكاتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەرهەمەكانیان ساغ نابێتەوە ئەو بەرهەمە بەرەو كەمبوونەوە دەچێت.
مەلەکردن لەرووباری گوندی خەلان بیاو لە ناحیەی خەلیفان
رۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانیان بۆ خۆفێنککردنەوەو دوورکەوتنەوە لە گەرمای هاوین روو لە رووبارەکان دەکەن بۆ مەلەکردن، بۆیە خەڵکی گوندی خەلان بیاو لە سنووری ناحیەی خەلیفانی سەر بە قەزای سۆرانی پارێزگای هەولێر لە رووباری ئەم گوندە مەلەدەکەن.
خەڵکی گوندی خەلان بیاو، لەمبارەیەوە دەڵێن، کە لەم رووبارەدا خەڵکانێکی زۆر لە گوندەکانی دەوروبەر و رێبوارانی ئەم رێگایە دێنە سەر رووبارەکەو مەلەدەکەن، بەمجۆرە خۆیان لە گەرمای هاوین دەپارێزن.
بێگومان جگە لەوەی مەلەکردن لە گەرمای هاوین دوورت دەخاتەوەو، لەگەڵ ئەوەشدا وەرزشکردنێكی زۆر باشەو سوودی تەندروستی زۆریشی هەیە، بۆیە هەندێ جار پزیشک وەکو چارەسەر بۆ بەشێک لە نەخۆشەکان دیاری دەکات.
شارۆچکەی خەلیفان دەکەوێتە سەر ڕێگای ھامڵتۆن و سەر بە قەزای سۆرانە لە سنووری پارێزگای ھەولێر، ژمارەی دانیشتووانی ٤٠ ھەزار کەسە، خەلیفان "105"کم لە شاری ھەولێری پایتەختەوە دوورە و، (11کم) لە شاری سۆرانەوە دوورە، دەکەوێتە نێوان چوار چیای گەورەوە، کە لە ھەر چوار لاوە دەووری خەلیفانیان داوە، ئەوانیش لە ڕۆژھەلاتەوە چیای کۆڕەک لە ڕۆژئاواشەوە چیای پانەسەر لە باکوورەوە زنجیرە چیای برادۆست، لە باشووریشەوە چیای ھەریرە کە خەلیفان و ھەریر لە یەکتری جیادەکاتەوە.