دروستکردنی سرکەی هەنار لە بیتوێن
دروستکردنی سرکەی هەنار لە بتوێن
ئیتر لەگەڵ هاتنی وەرزی پاییز بەرەوبوومی خۆماڵێ پاییزە لە گوندەکانی کوردستان زیاد دەکات، بە تایبەت هەنار، کە خواستێکی زۆری لەسەرە.
لە دەڤەری بتووێن ئێستا وەرز وەرزی هەنار رەنینە و هاونیشتیمانیان دەستیان کردووە بە رەنینی هەنار و بەشێکی دەکەن بە سرکەی هەنار، حاجی بەفرین خانمێکی دەسرەنگینی گوندەکەیە، ژنانی لە خۆی کۆکردووەتەوە و یەکی کەوگیرێکیان بەدەستەوەیە و دەستیان کردووە بە تەکاندنی هەنارەکە، دواتر لە رێگەی عەسارەیەکی دەستکردی خۆیان کە بە تەنەکە دروستکراوە، ئاوی لە دنکی هەنارەکان دەردەهێنن، دواتریش بە دار هەنارەکە بۆ ماوەی 12 کاژێر دەیکوڵێنن.
سدیق فەقیانی ڤیدیۆکەی بۆ رووداوی تۆ ناردووە و هەژار مەرزانیش دیمەنەکانی لە گوندی قەسرۆک لە بتووێن وێنەگرتووە.
دروستکردنی باسووق لە گوندی باراوە
لە گوندی باراوەی سەر بە ناحیەی سرۆچک لە سنوری قەزای سەید سادق ڤیدیۆیەکیان بۆ ناردووین، کە 3 خانمی کورد بە ناوەکانی لیمۆ خان و شیلان خان و شۆخان خان، باسووق دروست دەکەن.
ئەو خانمانە لە نێو مەنجەڵێکی گەورە پێکهاتەکانی باسووقەکە جوان جوان دەکوڵێنن، دواتر دەیکەن بە قالب، دواتریش لەت لەتی دەکەن.
یعقوب حاجی عەلی ڤیدیۆیەکە بۆناردووین و ئەو دەڵێت، ئێمە ساڵانە 500 کیلۆ باسووق بۆ خەڵکی شاری سلیمانی دروست دەکەین، دایکم و باوکم بەتەمەنن و دەڵێن رۆڵەکانم با ئەم بەرهەمە کوردەوارییە لە کوردستان بەردەوام بێت. لەگوندی باراو زۆربەی ماڵەکان باسووق دروست دەکەن.
باسووق زۆر خۆشە و کڕیاری زۆری هەیە و ساڵانە بۆیان دروست دەکەن و بێ شەکرە و تەنیا لە شیلەی ترێ و ئارد دروست دەکرێت.
شاخەوانان و ژینگەپارێزانی بارزان ژینگەی دەڤەرەکەیان دەپارێزن
خاتوونێك بە ناوی مەریەم یونس، کە ئەندام و بەرپرسی بەشی راگەیاندنی سەنتەری بارزانە بۆ ژینگە پارێزی و شاخەوانی، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە سەنتەرەکەیان چالاکییەکیان لە ژێر ناوی "رێزگرتن لە سروشت و ژینگە، رێزگرتنە لە تەندروستی خۆت و بەهایە بۆ نەوەی داهاتوو" بە سەرپەرشتی سەرۆکی سەنتەر ئە نوەر دۆلەمەری، ئەندامان و میوانان و بەڕێوبەرایەتی شارەوانی نزار، رێکخراوی گوڵ و سروشت ئەنجامداوە.
ئەم چالاکییە هەڵمەتێکی بەرفراوانی پاککردنەوەی زبڵ و خاشاکە لە گوند ئیسۆمەران و بەھاوکاری یەکتر بە هەرەوەزی سرووشتی جوانی لە زبل و خاشاک پاک دەکەنەوە.
مریەم دەشڵێت، بەداخەوە ئەو گەشتیار و کەسانەی سەردانی ئەم سرووشتە جوانەیان کردووە، دوای گەشتەکەیان نەیان پاراستووە و پیسیان کردووە، ئەوان ئامانجیان پاراستنی سرووشتی جوانی کوردستانە، بۆیە دەبێت پێکەوە ھاوکاربین و دوای گەشتەکان شوێنەکان بە پیسی بەجێ نەھێڵین و چیتر دیمەنی سروشتی کوردستان نەشێوێنین.
یاریزانانی سیدەکان داوای بە چیمەنکردنی یاریگایەکەیان دەکەن
لە ناحیەی سیدەکان یاریگەیەک هەیە، بەڵام یاریگاکە چیمەنی نییە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی یاریزانانی تۆپی پێ بەردەوام گلەیی لەمبارەیەوە بکەن، ئەوان داوا دەکەن لایەنی پەیوەندار گرنگی بەو یاریگایە بدات یاخود یاریگایەکەی دیکەیان بۆ دروست بکات.
لەم دەڤەرەدا زیاتر لە 300 یاریزان لە 50 تیپی میللیدا یاریی دەکەن و خولەکانیی تۆپی پێ لەو یاریگا بێ چیمەنەدا بەڕێوەدەچن، ئەمەش کێشەی بۆ یاریزانان و رێکخەرانی خولەکان دروستکردووە، هەر بەهۆی نەبوونی یاریگایەکی باش لە سیدەکان، بەشێک لە یاریزانان لە یاریکردن دوورکەوتوونەتەوە. هۆشمەند برادۆستی کە بەردەوام ڤیتی لەبارەی مژارە خزمەتگوزارییەکانی سیدەکان بۆ رووداوی تۆ دەنێرێت، ئەمجارە ڤیتییەکی لەبارەی ئەو یاریگایە ناردووە.
ناحیەی سیدەکان سەر بە قەزای سۆرانە و دەکەوێتە دووری ١٤٤ کیلۆمەتری بەشی باکووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر، تا پێش ساڵى 1996 به فەرمی ههر به ناحيهى برادۆست دهناسرا.
سيدهكان لە ئەوپەڕی باکووری پارێزگای ھەولێره و کەوتووەتە رۆژئاوای شاری شنۆوە و لە رووی رووبەرەوە گەورەترین ناحیەکانی ھەولێرە و زۆربەی دەڤەرەکە شاخاویە و دەشتایی کەمە. یەکێک لە ناوچە گرنگەکانە بۆ بەروبوومی ئاژەڵداری و کشتووکاڵی.
دروستکردنی نافوورە لە ماڵدا
ئینجا با بچینە گوندی رێزان لە دەڤەری بارزان، هاونیشتیمانییەک بە ناوی شەهرام سلێمان، کە خەڵکی گوندی کانیە دێری سەر بە دەڤەری بارزانە، ئەو لە نێو حەوشەی ماڵەکەیدا لە کاتی کەرەنتینەدا رۆژانە 1 بۆ دو کاژێر خەریکی دروستکردنی نافوورەیەک بووە، بە هەمان شێوە جۆرە گوڵێکی تایبەتیشی لە ماڵەکەیدا چاندووە.
شەهرام دەڵێت، رۆژانە چەند کاژێرێک بە دەستەکانی خۆی و بە بەرد ئەم نافورەی دروستکردووە و دیمەنێكی جوانتری بە ماڵەکەی بەخشێوە، هیوای ئەوەش دەخوازێت هاونیشتمانیان لە کاتی بێکاری لە ماڵەکانیاندا بەم جۆرە کارانە خۆیان سەرقاڵ بکەن.
نانی بەیانی لە نێو سرووشتی گوندی تازە دێدا
ڤیدیۆیەکی دیکەتان پیشان دەدەین، کە لایەن دوو هاوژینی شاخەوان بە ناوی فاتیح و رووخسار بۆ رووداوی تۆ نێردراوە و دیمەنی سەرنجراکێشی بەیانیانی تازە دێ لە قەزای چوارتا نیشان دەدەن.
لە ڤیدیۆکەدا خواردنی بەیانی ئامادە دەکەن و هێلکەو رۆن لەگەڵ چای سەرخەڵوز ئامادە کردووە، لە نێو خێمیەکەی بچووکیشیان هەڵداوە و لە نێو دیمەنی جوانی سرووشتی کوردستان نانی بەیانی دەخۆن.
تازە دێ لە ناحیەی چوارتای سەربە قەزای شارباژێری پارێزگای سلێمانییە کە لە باکوور لەگەڵ گوندی سەرسیر، لە باشوور لەگەڵ گوندی قەڵاچۆلان، لە رۆژھەڵات لەگەڵ گوندی خمانێ و لە رۆژاوا لەگەڵ گوندی دڕەڵەی حاجی ھاوسنوورە.
دروێنەی برنج لە گوندی گربیش
سەرەتا دەمەوێت کەمێک باسی گوندی گربیشتان بۆ بکەم، کە دەکەوێت سنووری ناحیەی دینارتە لە قەزای ئاکرێ، ئەم گوندە بە بەرهەمی کشتوکاڵی و باخداری بەناوبانگە و سرووشتێکی جوانی هەیە و گەشتیاران سەردانی سەیرانگە و هاوینەهاوارەکانی دەکەن.
یەکێک لەو بەرهەمانە برنجی کوردییە، کە بەشێوەیەکی بەرچاو لەو گوندە دەچێندرێت، کە لەو وەرزەدا دروێنەی دەستپێدەکات و خەڵکی گوند بە هەرەوەزی ئەم کارە دەکەن و هاوکاری یەکتر دەکەن.
جووتیارانی سنووری قەزای ئاکرێ رووبەرێکی زۆری زەوییەکانیان بۆ چاندنی برنج تەرخان دەکەن و لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرهەمهێنانی زیادی کردووە، لەبەرئەوەی لە بازاڕدا داخوازی لەسەری زیادیکردووە و بە نرخێکی باشیش دەفرۆشرێت، بەڵام نابێت ئەوەش لەبیر بکەین، کە لە ماوەی شەش مانگدا جووتیاران سەختییەکی زۆر دەبینن تا ئەم بەرهەمە پێدەگات.
جگە لە ئاکرێ لە چەندین ناوچەی دیکەی باشووری کوردستان برنج بەرهەمدێت، کە بە بەرنجی کوردی ناسراوە، لەوانە قەزای بەردەرەش، قەزای شارەزوو و ناحیەی هەریر و چەندین شوێنی دیکە.
حوسێن خەلیل چالی ڤیدیۆیەکی لەبارەی دروێنە و کۆکردنەوەی بەرهەمی برنج لەو گوندی گربیش بۆ رووداوی تۆی ناردووە.
هاونیشتمانییەک گلەیی لە نەبوونی خزمەتگوزاری لە گوندی حاجی مامەند دەکات
دەچینە گوندی حاجی مامەند سەر بە قەزای شار باژێر، هاونیشتیمانییەک ڤیدیۆیەکی بۆ بەرنامەی رووداوی تۆ ناردووە، کە گلەیی زۆر لە حکومەت دەکات و داوا دەکات ئاوڕێک لە گوندەکە بدرێتەوە، کە دەرگای قوتابخانە و نەخۆشخانەی گوندەکە داخراوە و جادەیەکی زۆر خراپی هەیە. بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە پێشتر ئەم گوندە زۆر ئاوەدان بووە و جێگای مانەوەی چەندین پێشمەرگە بووە.
شارباژێڕ ناوچەیەکە لە باکووری پارێزگای سلێمانی و دەکەوێتە پشت کێوەکانی گۆیژە و ئەزمەڕ و قەیوانەوە، هەروەها دەکەوێتە نێوان پێنجوێن، سلێمانی، پشدەر و دووکان و رۆژهەڵاتی کوردستان. لە شارۆچکەی چوارتا و شارۆچکەی ماوەت و ناحیەکانی سرۆچک، سیوەیل، زەلان، گاپیڵۆن و سیتەک پێکهاتووە. ١٢-شوباتی-٢٠٠٧ بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ناحیەی سرۆچک لەرووی ئیدارییەوە خرایە سەر قەزای سەیدسادق .
رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانەدەکات.
رۆژانە کاژێر 22:30 خولەک پێشکەشدەکرێت.
بهشی بكه لە