لە تاران ئۆتۆمبێلی کلاسیکی نمایشکران

18 October 2021
لە تاران ئۆتۆمبێلی کلاسیکی نمایشکران
لە رۆژهەڵاتی کوردستان سێو رنین بووەتە سەرچاوەی داهاتی بەشێک لە هاونیشتمانییان 

وەرزی کۆکردنەوەی سێو لە باخەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووە، بەشێک لە خاوەن باخەکان ژمارەیەک کرێکار بۆ کۆکردنەوەی بەرهەمی باخەکانیان بەکاردێنن بۆ ئەوەی لە کەمترین ماوەدا تەواوی بەرهەمی باخەکەیان کۆبکرێتەوە.

ئینجا با باسی هاونیشتمانییەکتان بۆ بکەم بەناوی محەممەد کێخوا سمایلی دەرماناوێ کە بەردەوام ڤیدیۆ بۆ رووداوی تۆ دەنێرێت، ئەو سەرکارە و ژمارەیەک کرێکار کۆدەکاتەوە و بەرهەمی باخەوانان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆدەکاتەوە، ئەمجارە لە کاتی سێو رنین لە گوندی قروشاوێی شنۆ، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ تۆمارکردووە و بۆ رووداوی تۆی ناردووە.

محەممەد کێخوا سمایلی دەرماناوێ کە زیاتر حەزە دەکات ناوی بەم شێوەیە بە تەواوی بێت، دەڵێت، ئەو سەرپەرشتی کرێکارەکان دەکات کە لە هەردوو رەگەزی نێر و مێن و رۆژانەی هەریەکێکیان لەو کارەدا 220 هەزار تمەنە.

لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ژمارەیەکی زۆر باخی سێو هەن و بووەتە سەرچاوەی داهاتی بەشێکی زۆر لە خەڵکی، چ ئەوانەی خاوەن باخن، یاخود ئەوانەی وەک کرێکار کاری تێدا دەکەن.

سێو لە شوێنە مامناوەندەکانی نیوەی باکووری گۆی زەوی، لە چیاکانی حەوزی زەریای سپی ناوەڕاست ھەیە و لە کوردستانیش چەندین جۆری بەرهەمدێت.



لە تاران ئۆتۆمبێلی کلاسیکی نمایشکران

بەشێک لە خەڵکی هیوایەتیان ئۆتۆمبێلە کلاسیکەکانە و لەلایەن خۆیانەوە دەیپارێزن و هەندێ جاریش نمایشی تایبەتی بۆ دەکەن.

یەکێک لە مۆڵە گەورەکانی تاران، نمایشێکی ئۆتۆمبێلی سازکردووە، تێیدا ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی کلاسیکی نمایشکران.

نمایشەکە لە 13 ئەم مانگە (13-10-2021) بەڕێوچووە، دەستپێکی نمایشەکە لە نێو مۆڵ بووە و دواتریش لەسەر شەقام.

لە نمایشەکەدا ئۆتۆمبێلی بی ئێم دەبلیو، مێرسیدس، ڤۆلکسواگن، جێپ و شۆڤرۆلێیت و چەند جۆرێکی دیکە خرانەڕوو.

فەرهاد خۆشبەیان هە لە سەرەتای دەستپێکردنی رووداوی تۆ و تاوەکو ئێستا، بەردەوام ڤیدیۆی سەرنجڕاکێشی تاران و دەرووبەری بۆ رووداوی تۆ دەنێرێت.



دروێنەی برنج لە گوندی باکورمان

دروێنەی برنج لە کوردستان دەستپێکردووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەم بەرهەمە کە بە برنجی کوردی دەناسرێت، دەکەوێتەوە بازاڕەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمساڵ وشکەساڵی بوو و چاندنی برنج ئاوێکی زۆری پێویستە.

زەکی باکورمانی دانیشتووی گوندی باکورمانی سنووری قەزای ئاکرێیە، هەر بەرهەمێک لە گوندەکەیان پێبگات، ڤیدیۆیەکی لەبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ دەنێرێت و ئەمجارە لە بارەی دروێنەی برنج ڤیدیۆیەکی ناردووە.

لە سنووری ئاکرێ چەند جۆرە برنجێک بەرهەمدەهێندرێن، لەوانە برنجی شەش مانگی، برنجی سەدری و برنجی تەحالوف و ئەو ڤیدیۆیەی ئەو هاونیشتمانییە ناردوویەتی، دروێنەی برنجی تەحالوفە کە لە دەستپێکی مانگی ئایار دەچێندرێت و لە مانگی تشرینی یەکەم دروێنەی دەستپێدەکات.

زەکی باکورمانی دەڵێت، یەکەمجارە دەراسە دەگاتە سنووری گوندەکەیان و لە دوای دروێنەی برنجەکە، بۆ ماوەی سێ رۆژ لەبەر خۆر وشکدەکرێت، دواتر بە ئامێری تایبەت برنجەکە لە توێکڵەکەی جیادەکرێتەوە.

هەروەها دەڵێت، خەڵکی گوندەکەیان برنج دەچێنن، بەشێکی بۆخیان هەڵدەگرن و بەشێکیشی دەفرۆشنەوە.

باکورمان 25 کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای ئاکرێی سەر بە پارێزگای دهۆک دوورە و بە بەرهەمی کشتوکاڵی بەناوبانگە، بەتایبەتیش برنج و کونجی.

برنج لە دەشتایی و نزیک رووبارو جۆگەکاندا دەچێنرێت، ئەویش لە کۆتایی وەرزی بەهاردا لە پاش کێڵان و وردکردن و تەختکردن و پاراوکردنی زەویەکە، چاندنی لە وڵاتێکە وە بۆ وڵاتێکی دیکە دە گۆڕێت، لە هەندێ ناوچەی جیهاندا لە قەدپاڵی چیاکاندا دەچێنرێت کە تێکڕایی بارانبارین لە هەزار و 200 ملم زیاترە، وەک چین، ژاپۆن و تایلەند.



سەردانی شاخەوانان بۆ گەلی گەرەگوی سەرسنگ

بەشێک لە شاخەوانانی کوردستان زیاتر سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن کە سرووشتێکی جوانیان هەیە و کەمتر لەلای خەڵکی ناسراون.

گرووپی شاخەوانی قەڵای هەولێر، گەشتێکیان بۆ گەلی گەرەگو لە سنووری ناحیەی سەرسنگی سەر بە قەزای ئامێدی کردووە، یەکێک لە ئەندامانی گرووپەکەش ڤیدیۆی گەشتەکەی بۆ رووداوی تۆ ناردووە.

لە گەشتەکەدا لە دوای 30 خولەک رۆیشتن لەژێر سێبەری دارچنارەکان و بە تەنیشت ئاوی سازگاردا، بەدەم چا لێنانەوە پشوویێکیانداوە.
 
نەزیر محەممەد بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئامێدی و نادر رۆستی نووسەر و شارەزای بواری گەشتوگوزار لە گەشتەکەدا بەشداربوون و چەند زانیارییەک لەبارەی ئەو شوێنە خستەڕوو.

گەلی گەرەگو شەش کیلۆمەتر لە دووری رۆژهەڵاتی سەرسنگە و دەکەوێتە دامێنی چیای گارە، گەلیەکە بە درێژایی یەک کیلۆمەتر بۆ دەروازەی گوندی گەرەگو لە بناری چیای گارە درێژ دەبێتەوە، بە دار و درخت و سەوزایی و لووتکە شاخ دەوردراوە، ئاوێکی سازگار و بەخوڕ لە چەند کانییەک لە ناو گەلیەکە هەڵدەقوڵێت و دەڕژێتە چەمی گەلیەکە، دواتر بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکانی خوار گەلیەکە دەڕوات و سوودی بۆ رەز و باخەکان هەیە.

گەشتیاران بە ئۆتۆمبێل دەگەنە سەیرانگەکە، بەڵام بۆ سەرچاوەی ئاوەکە و بۆ گوندی گەرەگو کە دەکەوێتە سەرووی گەلیەکەوە و لە باوەشی چەند شاخێکە لە بناری زنجیرە چیای گارە، رێگەکەی خۆڵە و سەختە.

رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.