لە دەڤەری بارزان لۆبیایەکی یەک مەتری بەرهەمهاتووە
بەخێوکردنی ئەسپ لە ئەمریکا
هاونیشتمانییەک بەناوی عەتا جاف، کە دانیشتووی وڵاتی ئەمریکایە، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا کێڵگەیەکی بەخێوکردنی ئەسپ نیشاندەدات، کە چۆن ئەمریکیەکان گرنگی بە ئەسپ دەدەن.
لە ویلایەتی میشیگن لە ئەمریکا، بە بەخێوکردنی ئەسپ ناوبانگی دەرکردووە، کە خەڵکی ئەم ناوچەیە، سەرگەرمی بەخێوکردنی ئەسپی ڕەسەنن، کە بە باشترین جۆری ئەسپ هەژمار دەکرێت.
هەڵبەتە ئەم جۆرە ئەسپانە تەنیا لەلایەن دەوڵەمەندەکانی ئەو شارەوە بەخێو دەکرێن، کە وەک خویەک و هۆگرییەک ئەم کارە دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا بازرگانیشی پێوەدەکەن، وەکو شوێنێکی گەشتیاریش سوودی لێ وەردەگرن.
ئەمە کێلگەی بەخێوکردنی ئەسپ و راهێنانی ئەسپسوارییە لە ویلایەتی میشیگن ،دانیشتووانی ئەم ناوچەیە، گرنگی تایبەت بەم جۆرە ئەسپانە دەدەن. کە ئەم جۆرە ئەسپە یەکێکن لە ئەسپە دەگمەنەکانی جیهان و رەسەنایەتی خۆیان پاراستووە، بەیەکەوە لەم ئەسپانە دەڕوانین.
دروستکردنی بنێشت لە گوندی دزڵی
دزڵی، یەکێکە لە دێیە خنجیلانەکانی ناوچەی ھەورامانی رۆژھەڵاتی کوردستانە، کە ئاوھەوایەکی فێنکی کوێستانی ھەیە، جووتیاران سەرقاڵی بەرهەمهێنانی بنێشتی کوردین.
دارەبەن کە هەم قهزوان و هەمیش بنێشت بەرهەم دێنێ، له چیاكانی سنووری هەورامانی تەخت لە رۆژهەڵاتی کوردستان ههیه و خەڵکی ناوچهكه بهگشتی جگە لە قەزوان، بنێشتی كوردییشی لێ دروستدەکەن.
ڕێژەی بەرهەمی بنێشت لە هەر دارێکی قەزواندا بە شێوەیەکە، کە ئەگەر دار قەزوانەکان بارودۆخێکی گونجاویان هەبێت، ئەوا هەر دارێك نزیكەی ١٠ بۆ ١٥ كیلۆگرام بنێشت بەرهەمدەدات.
هەڵبەتە گوندی دزڵی، رووی لە کێوە بەرزەکانی ،داڵانی، مڵەخورد و قەڵابروسکەیە. کە جوگرافیای شوێنەکە واھەڵکەوتووە بەچەند قەڵایەک دەورە دراوە وەکو ،قەڵاکانی میترا، قەڵای گاوران، قەڵای پرشنگ و بانەبەرز.
بێگومان ئەم گوندە بە دەروازەی ھەورامان ناسراوە، سەرەتای ئەو گوندانەیە، کە بەشێوەزاری ھەورامی دەدوێن،لەگەڵ ئەوەشدا ناوچەیەکی مێژوویی و گەشتیاریشە، دزڵی بەدووری 30 کیلۆمهتری کهوتووهته شاری سهوڵاوای سهر به پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان. لە سەرژمێریی ساڵی ٢٠٠٦ دا ٢٦٢٧ کەس دانیشتووی ھەبووە. ئەم ڤیدیۆیە لەلایەن بەختیار لە گوندی دزڵی بۆ رووداوی تۆ نێردراوە بەیەکەوە دەیبینین.
دیمەنەکانی گۆمی بنلیسە لە چیای هەڵگورد
لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لەگروپ و رێكخراوانی شاخەوانی گەشت بۆ سەر چیای هەڵگوردی باشووری كوردستان ئەنجام دەدەن. ئەم هەفتەیە ژمارەیەک لە شاخەوانان گەشتێکیان بۆ سەر لوتکەی چیای هەڵگورد ئەنجامداوە.
عەلی زوبێر، شاخەوان و ژینگەپارێز، هاوکارێکی بەردەوامی بەرنامەی روووداوی تۆیە، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا لەسەر گۆمی بنلیسه، کە کەوتووەتە رۆژهەڵاتی چیای هەڵگورد دەردەکەوێت.
عەلی زوبێر دەشڵێت، ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو لەدرێژەی كار و چالاكیەكانماندا بۆ گەشتی شاخەوانی بۆ بەرزترین لووتكەی چیایە، كە ئەویش چیای هەڵگوردی سەر بە پارێزگای هەولێرە.
چیای هەڵگورد بەرزترین لوتکەیە لە کوردستان وعیراق. لە دەڤەری باڵەكایەتی لە سنووری شارۆچكەی چۆمان، کە بە هۆی هەبوونی ئاوێكی سازگار و مانەوەی بەفر، بووەتە جێگەی سەرنجی گەشتیاران و هاونیشتمانیان بەردەوام رووی تێدەكەن. هەندێك لە گۆماوەكانی دەوروبەری بۆ پشوودان و گەشت وگوزار لەبار و گونجاوە، و پلەی گەرمی 25 پلەیە لە هاویندا.
پێگەیشتنی بەرهەمی ئاڵوباڵوو لە هرورێ
لە چیاکانی دەڤەری هروریان، بەرهەمی ئەمساڵی ئاڵوباڵوو پێگەیشتووە، کە بەرهەمێکی خۆرسکی چیاییەو خەڵکی بۆ کۆکردنەوەی روو لە چیاکانی کوردستان دەکەن.کە لە هەندێ شوێن پێی دەڵێن هەلهەلۆک.
هاونیشتمانییەک بەناوی ئەیاد هروری، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا وێنەی پێگەیشتنی میوەی ئاڵوباڵوو نیشاندەدات، کە بە هەردوو رەنگەکەی سوور و زەرد دەردەکەون.
گوندی هروری، یەکێکە لە گەورەترین گوند لەسنووری ناوچەی بەرواری باڵا، کە کەوتۆتە باکووری پاڕێزگای دھۆک لە باشووری کوردستان و پاێزگای ھەکاری لە باکووری کوردستان بەرواری باڵا. خۆی پێشتر ھەمووی سەر بە پاڕێزگای ھەکاری بوو دوای کێشانی سنووری تورکیا و عێراق بوو بە دووبەش بەرواری باڵا و بەرواری خواڕوو لەپاڵ کورد ئاشووریەکانیش لەم ناوچەیە نیشتەجێن.
دیمەنی سەیرانگەی خدراوێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان
سەیرانگەی خدراوێ لە سنووری پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان، دیمەنێکی هێندە دڵرفێنی هەیە، گەشتیاران لە هەموو رۆژهەڵاتەوە رووی تێدەکەن و رۆحیان لەم سرووشتە جوانە ئارام دەکەنەوە.
دەنگی تاڤگە و نەغمەی باڵندەکانی سەیرانگەی خدراوێ وەکو دەنگێکی ئەفسوناوی تێکەڵ بەسرووشتی ئەم ناوچەیە بووە، خەڵکی دەستەدەستە لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە سەردانی دەکەن
هاونیشتمانییەک بەناوی زاهید بەردەر لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی بە گەشت و سەیران چوونەتە سەیرانگەی خدراوێ و ڤیدیۆیەکی جوانیشیان بۆ رووداوی تۆ تۆمارکردووەو ناردووە، کە تێدا دیمەنی سرووشتی ئەم سەیرانگەیە نیشان دەدەن.
پیرانشار، شارێکە لە رۆژھەڵاتی کوردستانە، کە لە باشووری رۆژئاوای پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا ھەڵکەوتووە. پیرانشار بەشێکە لە ھەرێمی موکریان. شاری پیرانشار، لە باکووری رۆژئاوا لەگەڵ شاری شنۆ بە ٤٧ کیلۆمەتر، لە باکوور شاری نەغەدە بە ٤٧ کیلۆمەتر، لە باکووری رۆژھەڵات شاری مەھاباد بە ٧٥ کیلۆمەتر، لە باشووری شاری میراوە بە دووری ٤٥ کیلۆمەتر و ھەروەھا شاری سەردەشت بە ٩٥ کیلۆمەتر و لە رۆژئاوا لەگەڵ باشووری کوردستان سنووری ھەیە.
دیمەنی گوندی جونانی لە دینارتە
له گوندی جونانی سهر به ناوهندی قەزای ئاكرێ له سنووری پارێزگای دهۆكی باشووری کوردستان، ئهشكهوتێكی گهوره ههیه و خەڵکی ئهو گونده خانوویان تێدا دروست کردووە، دیمەنێکی جوانی بەم ناوچەیە بەخشیوە.
هاونیشتمانییەک بەناوی وەلید ئەحمەد زێباری، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا دیمەنی گوندی جونان نیشانی بینەرانی رووداوی تۆ دەدات و گوندەکە دەناسێنێت.
هەڵبەتە ئهشكهوتی جونان له رووی رووبهرهوه یهكێكه له گهورهترین ئهشكهوتەکانی كوردستان و دهكهوێته باكووری گوندهكهیان. وەکو خەڵکی ناوچەکە دەڵێن، زیاتر له 400 ساڵه لهلایهن خەڵکی گوندی جونان وهك شوێنێك بۆ نیشتهجێبوون بهكاردههێنراوە، بۆیە شوێنهواری مهسیحی و ئێزدی و تهنانهت زهردهشتی و سهردهمی ئیسلامیشی پێوە دیارە.
ئهشكهوتهكه زیاتر له دە مهتر بهرزه و زیاد له سی مهتر فراوانه و نزیكهی چل مهتریش درێژه و شێوەیەکی لاكێشهی ههیه و ههمووی بهرده. جگه لهو ئهشكهوته سی و هەشت ئهشكهوتی دیکە لهو گونده ههن و ههموان وهكو پهناگه و شوێنی نیشتهجێبوون و خوپاراستن بهكارهێنڕاوه، هەڵبەتە گوندی جونان دهكهوێته نێوان گهلی زنتا و شاری ئاكرێ، له بیست و چوار خێزان پێكهاتووه و سەرجەمیان سەرقاڵی ئاژەڵداری و كشتوكاڵن.
لە دەڤەری بارزان لۆبیایەکی یەک مەتری دۆزرایەوە
لە گوندی ھەمدلای سەر بە دەڤەری بارزان، لۆبیایەکی یەک مەتری پێگەیشتووە، کە خەڵکی ئەم گوندەی سەرسام کردووەو دەڵێن بۆ یەکەمجارە لۆبیایەکی بەمشێوەیە ببینن.
دلۆڤان ئەمجەد بارزانی، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆناردووە، کە تێدا لۆبیایەکی یەک مەتری نیشاندەدات و دەڵێت بۆ یەکەمجارە لەم گوندە بەم جۆرە لۆبیایەک دەربکەوێت.
دڵۆڤان دەشڵێت. ژیانی گوندیش وەکو جاران نەماوە جاران ھەموویان بە مەرومالات و رەز و چاندنی بەرووبومی خۆماڵیەوە خەریک بوون، کە ژیانێکی سادەو خوش بوو. بەڵام لەم چەند سالەی دوایی ژیانی گوندیش وەکو شاری لێ ھاتووە. بەڵام ئەمساڵ بەھۆی ھاتنی ڤایروسی کۆرۆنا و کەرەنتینەکردن گوندنشینان ھەموویان روو لە چاندنی بەروبوومەکان و بیستان کردووە.
دڵۆڤان لەبارەی ئەم لۆبیایە دەڵێت، لۆبیایەکە درێژیەکەی لە (١٠٠) سانتیم زیاترە، واتە یەک مەترە، دوای چاندنی بۆ ماوەی کەمتر لە (٥٠) رۆژ بەرھەمەکەی پێدەگات، ئەم لۆبیایە بەهۆی درێژەییەکەی سەرنجی هەموو جووتیارانی ناوچەی راکێشاوە.
گوندی ھەمدلای سەر بە دەڤەری بارزانە، ئەم گوندە لە ١٣٠ی ماڵ پێکدێت، کە دەکەوێتە بناری چیایی شرین و زێی گەورەی پێدا دەڕوات، ھاوینان زور فێنکە و گەشتیاران زۆر سەردانی دەکەن، دانیشتوانی ئەم گوندە زۆربەی زۆری بەر شاڵاوی ئەنفالی سالی (١٩٨٣) کەوتوون،کە لەلایەن رژێمی بەعسەوە ئەنجامدرابوو.
بهشی بكه لە