خەڵکی گوندی وەڵیوی سەردەشت مزگەوتێکی گەورە بۆ گوندەکەیان دروستدەکەن

19 October 2021
خەڵکی گوندی وەڵیوی سەردەشت مزگەوتێکی گەورە بۆ گوندەکەیان دروستدەکەن
لە گوندەکانی کوردستان خەڵک نەک تەنیا لە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری هاوکاری یەکدی دەکەن، بەڵکو لە دروستکردنی خانوو و مزگەوتیشدا لەگەڵ یەکدی هاوکارن و بە هەرەوەزی ئەنجامی دەدەن.

لە گوندی وەڵیو سەر بە سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان، خێرخوازانی گوندەکە پارەیان بۆ دروستکردنی مزگەوت کۆکردووەتەوە خەڵکی گوندەکە لە دورستکردنیدا بەشداربوونە، تەنانەت وەستا و کرێکارەکانی بیناسازیش بێ بەرامبەر تێیدا بەشداربوونە.

بەهمەن خدریان لە دروستکردنی مزگەوتەکەدا بەشداربووە و ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە کە بەشێکی زۆری کاری درستکردنی مزگەوتەکە تەواو بووە.

وەڵیو گوندێکە لە گوندستانی مڵکاری، لە ناوچەی وەزنێی شارستانی سەردەشت و خەڵکی گوندەکە زیاتر بە کاری كشتوکاڵی و باخدارییەوە سەرقاڵن.



لە چیای قەرەچووخ پێشمەرگە ئاو بۆ ئاسکەکان دابیندەکات

پێشمەرگە جگە لە بەرگریکردن لە خاک و نیشتمان، بەشێکیان هەوڵی پاراستنی ژینگە و ئاژەڵە کێوییەکان دەدەن و لە شوێنی ئەنجامدانی ئەرکەکەیان، هاوکاری ئاژەڵە کیوییەکانیش دەکەن.

ئەحمەد سورچی لە فەرماندەی هەولێر پێشمەرگەیە و لە بارەگای ئەو فەرماندەیە لە چیای قەرەچووخ دەوام دەکات، ئەو ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە کە لەگەڵ پێشمەرگەی دیکە ئاوی بۆ ئاسکە کێوییەکانی ئەو ناوچەیە دابینکردووە.

ئەو پێشتر ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردبوو کە چەند دەبە ئاوێکی گەورەیان هێناوبوو و تەنیشتەکەیان بڕیبووەوە و لە نێوان چەند بەردێکدا جێگیر کرابوون و ئاویان تێدابوو، بۆ ئەوەی ئاسکە کێوێیەکان بیخۆنەوە.

ئەمجارە ئەحمەد سورچی لەسەر ئەرکی خۆی بە سۆندە ئاوی راکێشاوە و لە شوێنێکی گونجاودا ئاوەکەی بۆ ئاسکە کێوییەکان دابینکردووە.

ژینگەپاریزانی کوردستان، لە وەرزی زستاندا کاتێک بەفرێکی زۆر دەبارێت و باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان هیچ خواردنێکیان دەستناکەوێت، دانەوێڵە لەو شوێنانە بڵاودەکەنەوە، لە وەرزی هاوینیشدا ئاویان بۆ دابین دەکەن و هوشیاری پاراستنی ژینگە بڵاودەکەنەوە.

زنجیرە چیای قەرەچووخ دەکەوێتە پێش سەنتەری قەزای مەخموور، قەزاکەش نزیکەی 60 کیلۆمەتر لە شاری هەولێرەوە دوورە. 




بووک و زاوایەک بە بارهەڵگرێک دەچنە ئاهەنگەکەیان

مرۆڤ کە حەز و خولیایەکی هەبوو، خۆشە لە یەکێک لە خۆشترین رۆژەکانی ژیانیدا ئەنجامی بدات، ئەویش رۆژی پێکهێنانی ژیانی هاوژینییە.

محەممەد شێروان و مەریەم عومەر بەم دواییە ژیانی هاوژینیان لە سەیدسادق پێکهێناوە و زاوا بە بارهەڵگرێک چووەتە دوای بووکە خان لە ساڵۆن، دواتر پێکەوە بە بارهەڵگرەکە چوونەتە ئاهەنگەکەیان.

بیلال عەلی ئامۆزای زاوایە و ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە وێنەگرتووە و بۆ رووداوی تۆی ناردووە و دەڵێت، ڤیدیۆکە لە 24 ئەیلوولی رابردوو وێنەگیراوە.

لە باشووری کوردستان بەشێک لە هاونیشتمانییان کە خاوەن بارهەڵگر و پاسن، لە رۆژی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی، پاس و بەرهەڵگر لە بری ئۆتۆمبێلی بچووک بەکاردێنن، ئینجا نەک هەر ئەوە، بەڵکو هاوڕێکانیشیان لەو رۆژەدا کۆدەکەنەوە کە خاوەن بارهەڵگر و پاسن.




ئاوازی 'خوایە وەتەن ئاواکەی' لە نێو سرووشتی کوری تەنگ

بەشێک لە هاونیشتمانییان کاتێک روودەکەنە سەیرانگە و نێو سرووشت، بەشێک لە کاتەکانیان بە ژەنینی میوزیک و گۆرانی بەسەردەبەن.

شکار رێبوار خوێندکاری زانکۆی هەولێری پزیشکییە و حەزی لە ژەنینی میوزیکیشە و ئامێری ژێدارەکان دەژەنێت.

لە ڤیدیۆیەکدا کە بۆ رووداوی تۆی ناردووە، لە نێو سرووشتی سەیرانگەی کوری تەنگ ئاوازی گۆرانی 'خوایە وەتەن ئاوەکەی' دەژەنێت.

سەیرانگەی کوری تەنگ دەکەوێتە سنووری گوندی کوری تەنگ لە ناحیەی خەلیفان لە سنووری قەزای سۆرانی پارێزگای هەولێر، لە وەرزی هاویندا هاونیشتمانییان سەردانی دەکەن و کەش و هەوایەکی فێنکی هەیە.



دیمەنێک لە سەیرانگەی شارۆشی بناری قەندیل

ئەگەر چی بەو پاییزە هێشتا بەشێک لە ناوچەکان بە سەوزی ماونەتەوە، بەڵام بۆن و هەوایەکی پاییزاینەی هەیە و پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیون، بەتایبەتیش لە شەودا.

لوقمان حەمەد ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، تێیدا دیمەنی سەیرانگە و سولکەی شارۆش لە بناری چیای قەندیل نیشانداوە کە گەشتیارانی ناوچەکە لە وەرزی بەهار، هاوین و پاییزدا سەردانی دەکەن.

سەردانکردنی ئەو شوێنە لەم پاییزەدا چێژبەخشە، بەتایبەت بیستنی دەنگی ئاو و بینینی دیمەنی گەڵا زەرد و وەریوەکان کە لە نێو ئاودا هەن.

شارۆش گوندێکە، کەوتووەتە ناحیەی سەنگەسەری قەزای پشدەر لە پارێزگای سلێمانی، لە باکوور لەگەڵ گوندی کاسکان، لە باشوور لەگەڵ گوندی پردمەمکە، لە رۆژھەڵات لەگەڵ گوندی سەپێکان لە شارستانی سەردەشت لە رۆژھەڵاتی کوردستان و لە رۆژئاوا لەگەڵ گوندی رەژی کەرێ ھاوسنوورە.

رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.

کاژێر 07:40ـی بەیانی پێشکەشدەکرێت.