سەردانی هاونیشتمانییان بۆ قەڵاتی شا

سەردانی هاونیشتمانییان بۆ قەڵاتی شا


سەردانی هاونیشتمانییان بۆ قەڵاتی شا

قەڵاتی شا ناوی کێوێکی بڵندە و دەکەوێتە نێوان ناوچەی لاجانی سەر بە پیرانشار و مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە وەرزی بەهاردا گەشتیاران روو لەو شوێنە دەکەن.

سۆران محەممەدی کە دانیشتووی گوندی پەسوێی پیرانشارە و ڤیدیۆی جوان و سەرنجڕاکێش بۆ رووداوی تۆ دەنێرێت، ئەمجارە سەردانی قەڵاتی شای کردووە و دیمەنی جوان و دڵرفێنی ئەو شوێنەی ناردووە.

محەممەدی ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، بەهاران لە رۆژانی پشوودا، گەشتیاران و خەڵکی ناوچەکە سەردانی قەڵاتی شا دەکەن، بەشێکیان بۆ بینینی سرووشتی جوانی شوێنەکە و بەشێکیشیان بۆ کۆکردنەوەی گیا و رووەکی خۆڕسکی بەهاری سەردانی دەکەن.

لە قەڵاتی شا تاوەکو کۆتایی بەهار بەفر دەمێنێتەوە و چەندین کانیاو و چەم تاڤگە لەخۆدەگرێت.



سەردانی هاونیشتمانییان بۆ کوێستانی بەردەبووک

خۆشە بەم بەهارە خۆت بگەیێنیتە یەکێک لە کوێستانەکانی کوردستان کە بەهۆی مانەوەی بەفر هێشتا کەشێکی ساردی هەیە و دەنگی ئاوی کانیاوەکان لە ژێر کەوییە بەفرییەکاندا ببیستیت.

بەشێک لە هاونیشتمانییان بۆ بینینی ئەو دیمەنە جوان و دڵرفێنانە سەردانی ئەو کویستانانە دەکەن و کاتێکی خۆش بەسەردەبەن، هونەر محەممەدئەمین یەکێک لەو کەسانەیە کە سەردانی کوێستانی بەردەبووکی لە دەڤەری باڵەکایەتی لە قەزای چۆمان کردووە و ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە.

لە دیمەنەکاندا دیارە کە هێشتا بەفر لەو کوێستانە ماوەتەوە و ئاوی سازگاری کانیاوەکانیش بە ژێر کەوییە بەفرییەکاندا تێدەپەڕێت.

بەردەبووک بە یەکێک لە کوێستانە جوانەکانی ناوچەی باڵەکایەتی لە سنووری قەزای چۆمانی سەر بە پارێزگای هەولێر دەناسرێت، تاوەکو هاوین بەفری تێدا دەمێنێتەوە و چەندین گیا و رووەکی خوڕسکی بەهاری تێدا دەڕوێت و روەندەکان لە کۆتایی بەهاردا روودەکەنە ئەو کوێستانە.



دروێنەی گیا بە مەلەغان لە گوندێ لێرێ

ئەوانەی خاوەن مەڕوماڵاتن، لە ناوەڕاستی وەرزی بەهاردا دەست بە دروێنەی گیای بەهاری دەکەن کە لە زستاندا بەهۆی سەرما و نەبوونی شوێنی لەوەڕاندن لەگەڵ ئالیک بە مەڕوماڵاتیان دەدەن.

مامال محەممەد ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە کە لە گوندی لێڕێی دەڤەری بارزان، دانیشتوانی گوند بە هەرەوەزی سەرقاڵی دروێنەی گیای بەهارینە.

وەک ئەوەی لە ڤیدیۆکەشدا دیارە ئەوان بە مەلەغان ئەو کارە دەکەن کە شێوازێکی کۆنی دروێنەی گیاییە و ئەوانەی مەلەغان بەکاردێنن دەبێت لە کاری دروێنەی گیادا شارەزابن.

بەر لەوەی گیای بەهاری وشک و زەرد بێت، خاوەن مەروماڵاتەکان لە وەرزی بەهاردا جۆرەها گیای بەهاری کۆدەکەنەوە و لە دوای وشکردنی، بە سەوزی دەیهاڕن و لە وەرزی زستاندا بە مەڕوماڵاتەکانیان دەدەن.

مەلەغان جۆرە داسێکی دەسکدارە و تایبەت بە دروێنەی گیا و بە وەستانەوە کاری دروێنەی پێدەکرێت.



لە چیای سوورێن هاونیشتمانییەک سێ بێچووە کەو ئازاد دەکات

هاوکاریکردن و ئازادکردنی باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان چێژێکی تایبەتی هەیە، هەرچەندە زۆرجار دەبینین کە باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان راودەکرێن و دەکوژرێن، بەڵام کەسانێک بە پێچەوانەوە، هاوکاریان دەکەن و ئازادیان دەکەن.

هاونیشتمانییەک بەناوی گۆران والی کە خەڵکی سەیدسادقە، کاتێک لەگەڵ ژمارەیەک هاونیشتمانی دیکە بەسەر چیای سوورێن کەوتووە، سێ بێچووە کەوی بینیوە و لە دوای ئەوەی بۆ چەند خولەکێک لە لای ماونەتەوە، دواتر ئازادیان دەکات.

ئەو هاونیشتمانییە بە رووداوی راگەیاند، ئەو خۆشەویستی زۆری بۆ باڵندەی کێوی هەیە و کاتێک ئەو سێ بێچووە کەوەی لە بەردەمیدا بینیوە، هەرسێکی گرتوونە و دواتر ئازادی کردوونەتەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "ویژدانم رێگەی پێنەدام سێ بێچووە کەوەکە لەلای خۆم بهێڵمەوە، چونکە خۆم خاوەنی سێ منداڵم، هەرچەند لە بازاڕدا پارەدەکەن، بەڵام بە باشترم زانی بیانگەڕێنمەوە نێو سرووشت و بە دایکیان شاد بکەمەوە".

کەو باڵندەیەکی کێوییە، دریژییەکەی ٣٣ سانتیمەترە، پشتی بۆرە، دندووک و قاچی سوورە و خەتێکی رەش بەدەوری چاوەکانیەتی‌، لەخوار سک‌ و سنگییەوە چەند خەتێکی رەش بەدی دەکرێن.

ئەو باڵندەیە زیاتر بە جووت یان بە دەستەی بچووک دەبیندرێت، زیاتر لە وەرزی زستاندا لە ناوچە شاخاوییەکاندا دەبیندرێن، لە کاتی مەترسیدا کەمتر ھەڵدەفڕێت و یان خۆی حەشار دەدات یان بەرەو ھەوراز رادەکات.

لە کوردستان ئەو باڵندەیە راودەکرێت و لە بازاڕدا دەفرۆشرێت، بەشێک لە هاونیشتمانیان بەهۆی جوانی و خۆشی دەنگییەوە بەخێوی دەکەن، بەشێکی بۆ شەڕە کەو بەکاری دەهێنن، نرخیشی لە نێوان 15 هەزار بۆ یەک ملیۆن دینارە.



لە سلێمانی هاونیشتمانییەک رۆژانە خواردن بۆ مێروولەکان دابیندەکات

هیچ جار بیستوتانە کەسێک هەبێت رۆژانە خواردن بۆ مێروولەکان دابین بکات، لە رووداوی تۆ باسی کەسێکتان بۆ دەکەین کە ماوەی پێنج ساڵە برنج و ساوار بۆ مێروولە دابین دەکات.

ئینجا ئەو کەسە ناوی دیار ئەبوبەکرە کە شێفێکی کوردە و خەڵکی قەزای چەمچەماڵە و ئێستا دانیشتووی شاری سلێمانییە، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە کە رۆژانە خواردن بۆ مێروولەکان دابین دەکات.

ئەو شێفە کوردە دەڵێت، بیرۆکەی دابینکردنی خواردن بۆ مێروولەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کاتێک بینی مێروولەیەک لە شوێنیکی دوورەوە دنکە برنجێکی هەڵگرتبوو و دەیگواستەوە، بۆیە بیری کردەوە ئەو رێگەیان بۆ کورتبکاتەوە و خواردن بباتە نزیک شوێنی مانەوەیان کە بە شاری مێروولە دەناسرێت.

دیار ئەبوبەکر ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، نیوەڕۆیان و شەوان خواردن بۆ مێروولەکان دەبات و دەڵێت "ئەو کارە لەپێناو خودا دەکەم و بۆ من هیچی تێناچێت".

مێروولە جۆرە گیانلەبەرێکە و زیاتر لە 22 هەزار جۆری هەیە، تاوەکو ئێستا 12 هەزار و 500 جۆری پۆڵێنکراوە.


ئەشکەوتی کونەبا لە گەلی عەلی بەگ

لە کوردستاندا چەندین ئەشکەوتی سەرنجڕاکێش هەن، هاونیشتمانییان سەردانیان دەکەن و ڤیدیۆی بەشێک لەو ئەشکەوتانە تۆمار دەکەن و بڵاویان دەکەنەوە.

هاونیشتمانییەک بەناوی جێگر باڵەکی سەردانی ئەشکەوتنی کونەبای کردووە کە بە "دەریێ هەوای"ـش دەناسرێت و ڤیدیۆیەکی ئەشکەوتەکەی تۆمارکردووە و بۆ رووداوی تۆی ناردووە.

ئەو هاونیشتمانییە بە رووداوی راگەیاند، ئەو ئەشکەوتە دەکەوێتە نزیک هاوینەهەواری گەلی عەلی بەگ لە سنووری قەزای سۆران و لە وەرزی هاویندا نێو ئەشکەوتەکە زۆر ساردە و کاتێک دەچیتە نێوی هەست بە سەرما دەکەیت.

گەلی عەلی بەگ یەکێکە لە تاڤگە جوان و سەرنجڕاکێشەکانی باشووری کوردستان، بووەتە ناوچەیەکی گەشتیاری و ساڵانە لە وەرزی بەهار و هاویندا گەشتیارێکی زۆر سەردانی دەکەن و 106 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەولێر دوورە و دەکەوێتە نێوان هەردوو چیای کۆڕەک و برادۆست.


سەردانی هاونیشتمانییان بۆ کوێستانی خانی بەگ

لە سنووری نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان، چەندین کویستانی جوان و دڵڕفێن هەن و هاونیشتمانییان بۆ بەسەربردنی کاتی خۆش و کۆکردنەوەی گیای و رووەکی خۆڕسکی بەهاری سەردانی دەکەن.

هاونیشتمانییەک بەناوی عەبدولغەفار چۆمانی بە مەبەستی کۆکردنەوەی قارچک و رووەکی دیکەی بەهاری، سەردانی کوێستانی بەگی خانی کردووە، بەهۆی جوانی سرووشتی کوێستانەکە، ڤیدیۆیەکی تۆمارکردووە و بۆ رووداوی تۆی ناردووە.

کوێستانی بەگی خان دەکەوێتە گوندی "گوندە ژۆر" لە سنووری قەزای چۆمان لە پارێزگای هەولێر و دەکەوێتە نێوان هەردوو سنووری باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان.

ئەو هاونیشتمانییە لە ڤیدیۆکەدا شوێنەکە دەناسێنێت و دیمەنی چیای چیخی دەرێ و هەڵگورد نیشاندەدات کە بەفرێکی زۆری لەسەر ماوە، ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، لەو گەشتەیدا قارچکی کردووە.

رەوندە و کۆچەرەکان لە وەرزی بەهاردا تاوەکو وەرزی هاوین لەو کوێستانە دەمێننەوە، چونکە شوێنی لەوەڕاندن و کانیاوی زۆر و کەشێکی فێنێکی هەیە.
 
 
رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانەدەکات.
 
رۆژانە کاژێر 07:40ـی بەیانی پێشکەشدەکرێت.