کۆکردنەوەی سێوی باوەرێن لە گوندی کانی ئەشکەوتی پیرانشار
ئەمساڵ بەشێک لە باخەوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان زیانێکی زۆریان بەرکەوت کە بەهۆی بای بەهێزەوە سێوەکانیان وەرین و ئەو بەرهەمە بە سێوی باوەرێن دەناسرێت و لە بازاڕدا پارەیەکی کەمتر دەکات.
سامی یوسفی سەردانی باخێکی گوندی کانی ئەشکەوتی پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستانی کردووە کە باخەوانێک سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەرهەمی ئەمساڵیەتی و ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە.
عەلی نەبی خاوەن باخەکەیە و دەڵێت، ئەمساڵ بەهۆی باوە زیانێکی زۆر بە باخەکەی کەتووە و بەشێکی زۆری سێوەکانی وەریون و لە جۆری سێوی سورن.
ئەو دەڵێت "ئەو کاتەی باخەکی دروستکردووە گەنج بووە و ئێستا پیر بووە".
لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ژمارەیەکی زۆر باخی سێو هەن و بووەتە سەرچاوەی داهاتی بەشێکی زۆر لە خەڵکی، چ ئەوانەی خاوەن باخن، یاخود ئەوانەی وەک کرێکار کاری تێدا دەکەن.
سێو لە شوێنە مامناوەندەکانی نیوەی باکووری گۆی زەوی، لە چیاکانی حەوزی زەریای سپی ناوەڕاست ھەیە و لە کوردستانیش چەندین جۆری بەرهەمدێت.
لە چاڵێکی حەساری سەکران لە چوار وەرزی ساڵ بەفر دەمێنێتەوە
لە باشووری کوردستان چەندین چاڵە بەفر هەن و بەشێکی زۆریان دەکەونە سنووری قەزای چۆمان، بەشێکیان لە هەرچوار وەرزی ساڵدا دەمینێنەوە و بەفری ساڵی نوێی بەسەردا دەبارێت.
لە 15 ئەم مانگە گرووپی شاخەوانی قەڵای هەولێر، گەشتێکی بۆ 'چاڵە بەفر' لە چیای حەساری سەکران لە سنووری قەزای چۆمان، بەڕێبەری و چاوساغی مزەفەر ناوەندی و بە بەشداری گرووپی شاخەوانی کۆدۆ ئەنجامداوە و ڤیدیۆیەکی تایبەتیان بۆ روداوی تۆ ناردووە.
چاڵە بەفرەکە ئەمساڵ لەلایەن شاخەوانانەوە دۆزراوەتەوە و گرووپی شاخەوانی قەڵای هەولێر دووەم گرووپە گەشت بۆ ئەم شوێنە دەکات.
نادر رۆستایی نووسەر و شارەزا لە بواری گەشتگوزار، لە گشتەکەدا بەشداربووە و دەڵێت، چاڵە بەفر دیاردەیەکی سرووشتی کەم وێنەیە، دەکەوێتە ژێر لووتکەی چیای سەکران و بەفری لەسەر یەکدی کەلەکەبوو بەبارستای زیاتر لە سێ بۆ هەشت مەتر و لە ناو چاڵێکی فراواندا ماوەتەوە، چاڵەکە 350 مەتر درێژە و 280 مەتر بەرینە.
هەروەها دەڵێت، لە هەندێک شوێنی چاڵەکە تونێل و دیواری بەفرین بە بەرزایی شەش بۆ هەشت مەتر دروستبووە و دیمەنی زۆر جوان و سەرنجراکێشی لەم پایزەدا هەیە، خاکی ژێر بەفرەکە سرووشتێکی زیخمار و بەردینی وردە، بۆیە ئاوی بەفرەکە دەچێتە ژێرەوەی چاڵەکە و نابێت بە گۆم و لە دامێنی چیاکە وەک کانی دەردەکەوێتەوە.
ئامادەکردنی نانی بەیانی لە چیای باکورمان
بەشێک لە هاونیشتمانییان لە باشووری کوردستان، جگە لەوەی ژەمی بەیانییان بۆ نێو سرووشت دەبەن و لە لووتکەی چیاکان ئامادەی دەکەن و دەیخۆن، هەندێ جار بە جلوبەرگی کوردی و ئاڵای کوردستانەوە ئەو کارە دەکەن.
رێکان عەبدولقادر خەڵکی قەزای ئاکرێیە و زوو زوو نانی بەیانی دەباتە نێو سرووشت و ڤیدیۆیەک تۆماردەکات و بڵاویدەکاتەوە.
ئەمجارە چووەتە گوندی باکورمان لە سنووری ئاکرێ و لە چیای باکورمان ژەمی بەیانی ئامادەکردووە و خواردوویەتی و جلوبەرگی کوردی پۆشیوە و ئاڵایەکی کوردستانیشی بەدەستەوەیە.
ئینجا کە دەڵێن نانی بەیانی لە سەر شاخێک، بێنە بەرچاوت سەماوەر و غاز و چەند خواردنێک لەگەڵ خۆتدا ببەیت.
چەند ساڵێکە ئامادەکردن و خواردنی نانی بەیتانی لە دەرەوەی ماڵ و لە نێو سرووشت بووەتە دیاردە و هۆکاری سەرەکیش بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی نانی بەیانییە لە نێو سرووشت لەلایەن هاونیشتمانییانەوە.
دیمەنێک لە سرووشتی گوندی بێستانسوور
ئەوانەی شەیدای هونەری فۆتۆگرافی وێنەگرتنن، بەردەوام بە دوای جوانترین و ناوازەترین شوێندا دەگەرێن بۆ ئەوەی جوانترین دیمەن تۆماربکەن.
کارۆخ قادر کە بەردەوام ڤیدیۆی جوان و سەرنجڕاکێش بۆ رووداوی تۆ دەنێرێت، ئەمجارە سەردانی گوندی بێستانسووری کردووە دیمەنێکی جوانی دەرووبەری گوندەکەی وێنەگرتووە و ناردوویەتی.
ئەو دیمەنەی وێنەی گرتووە، دیمەنی چەمێکە و دەڵێت، چوار وەرزەی ساڵ ئەم ئاوە ھەیە و لە ئاوی کانیاوەوە ھەڵدەقوڵێ و کارەبای بەشێکی شارەزووری لێ بەرھەمدەھێنرێت و وەرزی ھاوینان خەڵکی مەلەی تێدا دەکەن.
گوندی بێستانسوور دەکەوێتە ناوچەی تانجەرۆ لە پارێزگای سلێمانی، لە رۆژهەڵات لەگەڵ گوندی چەناخچیان و کانی پانکە، لە رۆژئاوا لەگەڵ گوندی باریکە، لە باشوور لەگەڵ قەرەگۆل و کاژاو، لە باکوور لەگەڵ خەرابە و ناحیەی عەربەت هاوسنوورە.
لە هەولێر بووک و زاوایەک لە رۆژی ئاهەنگەکەیاندا درەختێک دەچێنن
لە هەولێر بووک و زاوایەک لە رۆژی پێکهێنانی ژیانی هاوژینیدا ویستویانە یادەورییەک دروستبکەن کە لەگەڵیاندا بمێنێتەوە و رۆژ لە دوای رۆژ وەک خۆشەویستی بەهێزبوونی پەیوەندیان گەشە بکات، ئەویش چاندنی درەختێک بووە.
سەباح سەرهەنگ ژیانی هاوژینی لەگەڵ حەبیبە ماجید پێکهێناوە و ئەوان بڕیارینداوە لەو رۆژەدا درەختێک بڕوێنن و ئەو چالاکییەیان ناو ناوە 'وەفا بۆ خێزانێکی نوێ و ژینگەیەکی نوێ'.
سەباح سەرهەنگ ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە و داوا لە هاونیشتمانییان دەکات لە کاتی پێکهێنانی ژیانی هاوژینیدا درەختێک بچێنن، بۆ ئەوەی ژینگەیەکی نوێ بۆ نەوەی داهاتوو دروستبکەن.
درەختەکە لە پارکی شەهید سەربەست مەنتک لە هەولێر چێندراوە و بەشێک لە هاوڕێ و کەسە نزیکەکانی ئامادە بوونە.
رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.
کاژێر 07:40ـی بەیانی پێشکەشدەکرێت.
بهشی بكه لە