بووکە بە بارانە لە بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان

22 April 2021
بووکە بە بارانە لە بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان
هەیاران و مەیاران
یاخوا ببارێ باران
بۆ فەقیر و هەژاران

دڵنیام هەمووتان گوێبستی ئەم چەند دێڕە بوونە و بەشێکیشتان لەو ساڵانەی باران نەباریوە بووکەڵەیەکتان بەدەستەوە گرتووە و ئەم گۆرانییەتان گوتووەتەوە.

رامان زیرەک هاونیشتمانییەکە لە شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە کە ژمارەیەک منداڵ بووکەڵەیەکیان بەدەستەوە گرتووە و بە نێو ئەو شەقام و کۆڵانەکانی ئەو شارەدا دخولێنەوە و دەڵێن "بووکە بە بارانە ئاوی دەوێ، ئاوی بن دەغڵانی دەوێ".

لە ڤیدیۆکەدا دیارە هاونیشتمانییان پارە و هێلکە بە منداڵەەکان دەدەن و ئاو بەسەر منداڵەکان و بووکەڵەکەدا دەپڕژێنن و هیوای بارانبارین دەخوازن.

بووکـە بە بارانـە" یەکێک لە نەریتە دێرین و رەسەنە کوردییەکانە، کە مێژووی بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، جاران منداڵان و گەورەکان پێکەوە بووکە بە بارانەیان دەکرد، بە زۆریش لە گوندەکان و کەمتریش لە شارەکانی کوردستان دەکرا، بەڵام ئێستا تایبەت بووە بە منداڵانەوە.

هەر ساڵێک کە باران نەبارێت یاخود کاتی پەڵە ئاو بەسەربچێت و ترسی وشکە ساڵی هەبێت، منداڵان و نەوجەوانان لە بەشێک لە گوند و شارۆچکەکان و لە هەندێ لە گەڕەکەکانی شارەکانی کوردستاندا، لە ناوەڕاستی وەرزی پایـز، یا لە وەرزی بەهاردا، بووکە بە بارانە دەکەن.



سەردانی هاونیشتمانییان بۆ تاڤگەی نێزێی میراوە

یەکێک لەو شتانەی جوانی بە سرووشت دەبەخشن، تاڤگەکانن، بەتایبەتیش لە وەرزی بەهاردا کە بەهۆی بوژانەوەی کانیاوەکان و توانەوە بەفر، ئاویان زیاد دەبێت.

لە میراوەی سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان، تاڤگەیەک بەناوی نێزێ هەیە کە لەم وەرزەدا ئاوی زیادی کردووە و جوانیەکی بە سرووشتی گوندەکە بەخشیوە.

دوو گەنجی شارۆچکەی میراوە سەردانی ئەو تاڤگەیان کردووە، بێگومان بۆ ئەوەی وێنەی و ڤیدیۆی جوان تۆمار بکەن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوی بکەنەوە، هەروەها  ڤیدیۆیەکی تایبەت بە رووداوی تۆش تۆمار بکەن.

ئەمیر ئەحمەد ڤیدیۆکی تۆمارکردووە و بۆ رووداوی تۆی ناردووە و دەڵێت، لەگەڵ هاوڕێیەکی بەناوی هادی ساوان سەردانی تاڤگەکەیان کردووە و کاتێکی خۆشیان بەسەربردووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، میراوەی سەردەشت چەندین شوێنی گەشتیاری هەیە و کانیاوی زۆری تێدایە و سرووشتێکی جوانی تێدا بەدی دەکرێت.

تاڤگەی نێزێ دەکەوێتە سنووری گوندی نێزێ سەر بە میراوەی سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان، زۆرجار لە وەرزی زستاندا بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرماوە بۆ ژێر سفر، ئاوی تاڤگەکە دەبەستێت و دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی هەیە.



لە کویستانی وێزە بەفرێکی زۆر ماوەتەوە

کاتێک لە شارەکان لە باشووری کوردستان رۆژ بە رۆژ پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە، لە بەشێک لە کویستانەکان هێشتا بەفرێکی زۆر ماوە و کاتێک سەردانیان دەکەیت دەبێت جلوبەرگی باشت لەبەردابێت، بۆ ئەوەی هەست بە سەرما نەکەیت.

سێ هاوڕێ سەردانی کوێستانەکانی وێزە لە دەڤەری باڵەکایەتی لە سنووری قەزای چۆمان کردووە، دیمەنێکی بەهاری زۆر جوانی هەیە و هێشتا بەفرێکی زۆر ماوەتەوە و کەوی و تونێلە بەفرییەکان کە ئاوێکی سازگار بەژێریدا دەڕوات، سرووشتی ئەو کوێستانەیان جوانتر کردووە.

ئەو سێ هاوڕێیە لەو گەشتەیاندا سەردانی گۆمە وشکیان کردووە –بێگومان وشک نییە و پڕیەتی لە ئاو، بەڵام بەو ناوە ناسراوە- و هەردی چۆمانی ڤیدیۆیەکی گەشتەکەی بۆ رووداوی تۆ ناردووە و دەڵێت، ئامانجیان لەو گەشتانە بۆ ئاسوودەیی رۆحە و نیشاندانی سرووشتی جوانی کوردستانە.

کوێستانی وێزە دەکەوێتە سنووری گوندەی وێزە لە سنووری دەڤەری باڵەکایەتی لە قەزای چۆمانی پارێزگای هەولێر و تاوەکو وەرزی هاوین بەفری لێ دەمێنێتەوە و گەشتیاران سەردانی دەکەن.



گەشت بە ماتۆڕسیکل بۆ چیای برادۆست و ئەشکەوتی بەستوونە

گرنگە جیاوازتر گەشتەکانت بکەیت، بۆ نموونە بە ماتۆڕسیکل لە هەولێرەوە بۆ سنووری قەزای مێرگەسۆر و سۆران بچیت، لەوەش گرنگتر رێنماییەکانی هاتووچۆ و کەرستەی پۆشاک و کەرستەی پێویستی لێخوڕینی ماتۆڕسیکل بەکاربێنیت.

سەلاح یاسین گەنجێکی هەولێرە و شەیدای لێخوڕینی ماتۆڕسیکل و چوونە نێو سرووشتە، جا کە گەشتەکانی دەکات، ڤیدیۆی جوانی لەبارەیەوە ئامادەکات و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویان دەکاتەوە، جارجاریش بۆ رووداوی تۆیان دەنێرێت.

ئەو گەنجە ئەمجارە لەگەڵ ژمارەیەک هاونیشتمانی، بە ماتۆڕسیکل لە هەولێرەوە چوونەتە چیای برادۆست و ئەشکەوتی بەستوونە لە سنووری قەزای مێرگرسۆر.

سەلاح یاسین بە رووداوی راگەیاند، لە گەشتەکەدا رێنماییەکانی هاتووچۆیان لەبەرچاوگرتبوو و خێراییان لە نێوان 30 بۆ 80 کیلۆمەتر بوو لە یەک کاژێردا و کڵاو و چاکەتی پارێزەریان پۆشیبوو.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە گەشتەکەدا 11 کەس بەشداربوون و 10 ماتۆڕسیکلیان بەکارهێنا و گەشتەکە بەهاوکاری مەهدی ئیسۆمەری ئەنجامدرا.

بەستوونە ئەشکەوتێکی سەرنجڕاكێشە و بە گەورەترین ئەشکەوتی باشووری کوردستان و عێراق هەژمار دەکرێت، بۆ یەکەم جار هێنرێ فیڵد لە ١٩٣٤ـدا سەردانی کردووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی بۆ دەستنیشانکردنی مێژوو و سەردەمەکەی نەدۆزیوەتەوە. لە ١٩٥٠ـدا دووبارە هێنری فیڵد و فوئاد سەفەر سەردانیان کردووەتەوە و هەڵکۆڵینیان تێیدا ئەنجامداوە و چەند کەلووپەلێکی درووستکراوی دەستکردیان تێیدا دۆزیوەتەوە کە مێژووەکەی بۆ چاخی بەردینی نوێ دەگەڕێتەوە.

لە قوڵایی ئەشکەوتی بەستوونەدا چەند گۆمێکی ئاو و چەندین چۆڕاوگەی کلسی دەبینرێن کە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش شۆڕ بوونەتەوە.

 

دوو هاوژین گۆرانییەک پێشکەش بە رووداوی تۆ دەکەن

باسی دوو هاوژینتان بۆ دەکەم کە ماوەی پینج مانگە ژیانی هاوژینیان پێکهێناوە، ئەویش فەیروز سوڵتان کە خەڵکی تەل تەمری رۆژئاوای کوردستانە و ژیلوان دەرگەڵەیی کە خەڵکی گوندی دەرگەڵەی قەزای رواندزە لە باشووری کوردستان.

ئەو دوو هاوژینە بەر لەوەی ژیانی هاوژینی پێکبێنن و تاوەکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت بینەری رووداوی تۆنە، بۆیە لە دوای ئەوەی ژیانی هاوژینیان پێکهێنا، بڕیاریندا بەرهەمێک پێشکەش بە رووداوی تۆ بکەن.

ئەو دوو هاوژینە ڤیدیۆیەکیان بۆ رووداوی تۆ ناردووە کە گۆرانییەکی تایبەت بە رووداوی تۆ گوتراوە و تێیدا ژیلوان دەرگەڵەیی ساز دەژەنێت و گۆرانی دەڵێت و فەیروز سوڵتان ڤیدیۆکەی وێنەگرتووە و خۆیشی تێیدا دەردەکەوێت.

ژیلوان دەرگەڵەیی بە رووداوی راگەیاند "هەردووکمان بینەری بەردەوامی رووداوی تۆین و دەمێک بوو حەزمان دەکرد بەرهەمێکی پێشکەش بکەین".

پێشتر بەشێک لە هونەرمەندان و هاونیشتمانییان بە گۆرانی خۆشەویستییان بۆ رووداو و رووداوی تۆ دەربڕیوە و لە رووداوی تۆ بڵاوکراونەتەوە، یەکێک لەوانە عەبدولقادر سلێمان هونەرمەندی ناسراوی رۆژئاوای کوردستان بوو.



سرووشتی گوندی سینا لە وەرزی بەهاردا

هەر کە بەهار دێت سرووشتی گوندەکان جوانتر دەبێت، هۆکاری سەرەکیش سەوزبوونی زەوییە لەو وەرزەدا کە چەندین جۆری گیا و گوڵی تێدا دەڕوێت.

لە بەهاری ئەمساڵدا لە سنووری گوندی سینای مزووری باڵای سەر بە دەڤەری بارزان، سرووشتێکی جوان بەدی دەکرێت و زەوی و درەختەکان سەوز بوونە و گوڵە بەهارییەکانیش سەرنجی مرۆڤ بەلای خۆیدا رادەکێشێت و بۆنیان بە نێو چیاکاندا بڵاوکردووەتەوە.

هاونیشتمانییەک بەناوی مەریوان مزووری سەردانی سرووشتی گوندەکەی کردووە و ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە و ژمارەیەکی زۆی گوڵی رەسەش دەبێندرێن کە رەنگی زەردە.

ئەو گوڵە هەرچەند جوانییەکی زۆر بە سرووشت دەدات، خاوەن مەروماڵاتەکانیش لە کاتی دروێنەی گیای بەهاریدا کۆی دەکەنەوە و لە زستاندا بە مەروماڵاتەکانیان دەدەن.

دەڤەری بارزان دەکەوێتە سنووری قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر، بەهۆی سرووشتە جوانەکەی، چەندین شوێنی گەشتیاری هەیە و هاونیشتمانییان سەردانی دەکەن و بەهۆی پاراستنی ژینگەکەی، ژمارەیەکی زۆر درەخت لەو دەڤەرە هەن و ئاژەڵی کێوی زۆری هەیە، بەتایبەتیش بزنی کێوی.
 

رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.
 
رۆژانە کاژێر 23:40 پێشکەشدەکرێت.