سەردانی هاونیشتمانییان بۆ کوێستانی گوندی راژان

سەردانی هاونیشتمانییان بۆ کوێستانی گوندی راژان

لە سنووری گوندی راژان سەر بە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، سرووشتێکی جوان هەیە و کوێستانی گوندەکە دیمەنێکی جوانی بە گوندەکە بەخشیوە.

هاونیشتمانییەک بەناوی فەلاح مەجید سەردانی ئەو شاخانەی کردووە و ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ وێنەگرتووە کە چەند دیمەنێکی کوێستانی گوندی راژانە لەسەر چیای خەلیل، تێیدا بەهارێکی جوان و سەوز بەدی دەکرێت و نمە بارانێکیش دەبارێت.

لە ڤیدیۆکەدا دیمەنی ئاوی کانیاوەکان نیشاندەدات کە لە دوورەوە دەنگی دێت و ئەویش لە سووچێکدا ئاگری کردووەتەوە و مەنجەڵێکی لەسەر داناوە بۆ ئامادەکردنی ژەمی نیوەڕۆ، بەڵام پێی نەگوتین چی لە ناو مەنجەڵەکەدا هەبوو.

گوندی راژان دەکەوێتە ناوچەی سلیوانا، لە ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە رووی جوگرافیاوە شوێنێکی بەرزی ھەیە، ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی زستانێکی سارد و بەفراوی و بەهارێکی جوانی ھەبێت.

بەھۆی دروستکردنی بەنداوی سلیوانا کە بەهۆیەوە چەندین گوند ژێرئاکەوتن، دانیشتوانی ئەو گوندانە زۆربەیان روویان لە گوندی راژان کرد و بەهۆیەوە ژمارەی دانیشتوانی زیادیکرد و بەپێی دوایین ئامار، ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی سێ هەزار کەس دەبێت.

ئەو گوندە لە باکوور لەگەڵ سلیوانا، لە باشوور لەگەڵ گوندی دەزگر، لە رۆژھەڵات لەگەڵ گوندی جورنی و لە رۆژئاوا لەگەڵ باکووری کوردستان ھاوسنوورە.



لە گوندی بانێ شکەفتێی دێرک پێشانگەیەکی کاری دەستی و کەلەپووری کرایەوە

جەمیل محەممەد گەنجێکی گوندی بانێ شکەفتێی دێرکی رۆژئاوای کوردستانە، ئەو پێشانگەیەکی کاری دەستی کردووەتەوە کە زۆربەی کارەکان بەرهەمی دەستی ئەون.

ئەو گەنجە بەهرەمەندە بە رووداوی راگەیاند، پێشانگەکە لە ئەشکەوتی گوندەکە بەڕێوەچوو، تێیدا 120 کاری دەستی و کەلەپووری خرانەڕوو.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە پێشانگەکەدا 50 کاری دەستی ئەو خرانەڕوو، جگە لە نیشاندانی 70 کەرستە و کەلوپەلی کەلەپووری گوندەکە و ناوچەکە.

جەمیل محەممەد ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە و جگە لە خەڵکی گوندەکە، بەشێک لە خەڵکی گوندەکانی دیکەی دێرک ئامادەبوون.


جۆماڵکردن بە هەرەوەزی لە گوندی وەردی چۆمان

بەهۆی ئەوەی لە وەرزی زستاندا جۆگەی سەرەکی ئاو لە گوندەکاندا پڕ لە خۆڵ و بەرد دەبن، ئەمەش کاریگەری لەسەر گەیشتنی ئاو بۆ تەواوی باخەکان هەیە، بۆیە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی هاوین دانیشتوانی گوند بە هەرەوەزی قۆڵی لێ هەڵدەماڵن و جۆگای گوندەکانیان پاک دەکەنەوە، ئەو کارەش بە جۆماڵکردن دەناسرێت.

محەممەد چۆمانی ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە کە لە گوندی وەرد سەر بە قەزای چۆمانی پارێزگای هەولێر، بە بەشداری خەڵکی گوند جۆگای ئاوی گوندەکە پاککراوەتەوە.

ئەو هاونیشتمانییە بە رووداوی راگەیاند، جۆگاکە بە درێژایی نزیکەی پێنج کیلۆمەترە و زیاتر لە 160 کەس لە جۆماڵکردنەکەدا بەشداربوون، پیاوان لە جۆماڵکردن و ژنانیش خواردنیان بۆ ژەمی نیوەڕۆ ئامادەکرد.

ئینجا جگە لە محەممەد چۆمانی، هاونیشتمانییەکی دیکە بەناوی عەبدولغەفار وەردی ڤیدیۆی لەبارەی هەمان مژار لەو گوندە بۆ رووداوی تۆ ناردووە، پێکەوەی بینەری هەردوو ڤیدیۆکە دەبین.

لە گوندەکانی کوردستان کاری هەرەوەزی تاوەکو ئێستا ماوە و خەڵکی گوند بۆ هەر کارێکی سەخت بەتایبەتیش کشتوکاڵی و ئاژەڵداری، هاوکاری یەکدی دەکەن.



سەردانی هاونیشتمانییان بۆ کوێستانی هۆرنێ

بیستوتانە هەندێ جار کە باسی شوێنیکی خۆش و دڵرفێن دەکرێت، دەڵێن بەهەشتی سەر زەوییە، ئەو پێناسەیە دەکرێت بۆ کوێستانی هۆرنێ لە دەڤەری برادۆست دروست بێت.

ئەمیر حەمەد شاخەوانێکی کوردە و بۆ بینینی دیمەنی دڵرفێنی کوێستانی هۆرنێ لە وەرزی بەهاردا، گەشتێکی ئەنجامداوە و دیمەنە هەر جوانەکانی ئەو کوێستانەی وێنەگرتووە و بۆ رووداوی تۆی ناردووە.

کوێستانی هۆرنێ دەکەوێتە سنووری ناحیەی سیدەکان لە قەزای سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێر و 60 کیلۆمەتر لە سەنتەری سۆرانەوە دوورە، چەندین کانیاو و رووەک و گوڵی بەهاری تێدا دەڕوێت.

شاخەوانان لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، گەشتە شاخەوانییەکانیان زیاتر بۆ کوێستانەکان ئەنجامدەدن، چونکە کەشوهەوایەکی فێنک و دیمەنی دڵرفێنیان هەیە و بەفر تاوەکو وەرزی هاوین دەمێنێتەوە.

ناحیەی سیدەکان کە دەکەوێتە دووری ١٤٤ کیلۆمەتری بەشی باکووری رۆژهەڵاتی هەولێر، بە یەکێک لە گرنگترین ناحیەکانی کوردستان دەناسرێت بۆ بەرهەمهێنانی بەروبوومی ئاژەڵی و کشتوکاڵی و چەندین کوێستان و هەوینەهەوار لەخۆدەگرێت.



لە گوندی باتاس پشیلەیەک هاوکاری جووجەڵەیەک دەکات

بیرتانە چەند رۆژێک بەر لە ئێستا ڤیدیۆی پشیلەیەکمان بڵاوکردەوە کە ژمارەیەک جووجەڵە بەخێودەکات، ئەمجارە ڤیدیۆیەکی سەرنجڕاکێشتری پشیلەکە لەگەڵ یەکێک لە جووجەلەکانی بۆ رووداوی تۆ نێردراوە.

جانگیر حەمەد تەمەن 48 ساڵ، پۆلیسی هاتووچووە و دانیشتووی گوندی باتاسە لە سنووری ناحیەی هەریر سەر بە قەزای شەقڵاوە، ئەو چەند پشیلەیەک بەخێودەکات، یەکێک لە پشیلەکان ژمارەیەک جووجەڵە بەخێودەکات و پارێزگاریان لێدەکات، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە کە ئەو پشیلەیە هاوکاری جووجەڵەیەک دەکات.

وەک ئەوەی لە ڤیدیۆکەدا دیارە، جووجەڵەیەک لەسەر لێواری پەنجەرەیەک وەستاوە و ناتوانێت بێتە خوارەوە، پشیلەکەش چەند جارێک دەچێتە لای و بە بەرچاوی ئەو خۆی هەڵدەداتە خوارەوە و دەیەوێت هانی بدات ئەویش خۆی هەڵبدات.

دوای چەند جارێک لە هەوڵی پشیلەکە و بی ئومێدبوونی لەوەی کە ناتوانێت بێتە خوارەوە، دواجار ملی جووجەڵەکە دەگرێت و هەڵیدەداتە خوارەوە، ئەمەش شتێکی ئاساییە چونکە پشیلە بۆ گواستنەوەی بێچووەکانی خۆیشی بە دەم ملیان دەگرێت و دەیانگوازێتەوە.

ئینجا ئەو پشیلەیە بەزمی زۆرە، جگە لە بەخێوکردنی جووجەڵە، ژمارەیەک بێچووە کەروێشکیش بەخێودەکات و حەزیشی لە ئایسکرێمە.

لە باشووری کوردستان بەشێوەیەکی ئاسایی ئاژەڵە بێ خاوەنەکان وەک سەگ و پشیلە لەسەر شەقام و کۆڵانەکان دەبینرێن، بەهۆی کەمیی یان نەبوونی شێڵتەری بەخێوکردنی ئەو ئاژەڵانە، هەندێکجار خەڵک دەیانبەنەوە بۆ ماڵەوە یان خواردنیان پێدەدەن.



گەشتی دوو شاخەوان بۆ هاوینەهەواری پڕژێ

یەکێک لەو شوێنە گەشتیاریانەی لە کۆتایی وەرزی بەهار و و وەرزی بەهاردا سەرنجی گەشتیاران رادەکێشێت، هاوینەهەواری پڕژێیە.

دوو لە ئەندامانی گرووپی شاخەوانی دەنگ و رەنگی کوردستان کوردستان بەناوی حەسەن کەرکووکی و ئەحمەد هەڵەبجەیی، گەشتێکیان بۆ ئەو هاوینەهەوارە کردووە و ڤیدیۆیەکیان بۆ رووداوی تۆ ناردووە، تێیدا دیمەنی تاڤگەی پڕژێ نیشاندەدەن کە بەفر دایپۆشیوە.

هاوینەهەواری پڕژێ دەکەوێتە سنووری قەزای چۆمانی سەر بە پارێزگای هەولێر، ساڵانە گەشتیارێکی زۆر رووی تێدەکەن، بەتایبەت لە وەرزی هاویندا کە بەفری لێ دەمێنێتەوە و گەشتیاران چێژ لە دیمەنی کەوییە بەفرییەکان وەردەگرن.

گرووپی دەنگ و رەنگی کوردستان ئێستا 55 ئەندامی هەیە و لە شوباتی ئەمساڵ محەممەد میرزا دامەزرێنەر و سەرۆکی گرووپەکە کۆتایی بە ژیانی هێنا، ئەو بەردەوام ڤیدیۆی چالاکی و سەرکێشییە شاخەوانییەکانی خۆی و گرووپەکەی بۆ رووداوی تۆ دەنارد.


ووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.
 
رۆژانە کاژێر 07:40 بەیانی پێشکەشدەکرێت.