هەڵپەڕکێی کوردی لە لووتکەی تووچاڵی تاران

22 September 2021
هەڵپەڕکێی کوردی لە لووتکەی تووچاڵی تاران

کورد بچێتە هەر شوینێک هەڵپەڕکێی خۆی هەردەکات و دەنخۆشێکیشان هەر پەیدا دەبێت گۆرانی بڵێت، ئینجا چ لە سەیران یان بۆنەکان بێت، یاخود لە گەشتی شاخەوانیدا.

ئەندامانی گرووپی شاخەوانی ھەڵوی سەقز و ئەنجوومەنی پاژین لە بانە، بە جلوبەرگی کوردییەوە بەسەر چیای تووچاڵ لە تاران کەوتوونە.

هەژار عەزیز نژاد لە گەشتەکەدا بەشداربووە و ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە کە لە بناری چیاکە بە هەڵپەڕکێی کوردی دەستیان پێکردووە و لەلایەن شاخەوانی تورک و فارس پێشوازیان لێکراوە.

تووچاڵ دەکەوێتە سنووری تاران و سێ هەزار و 963 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە و لەو وەرزەدا کەشوهەوایەکی ساردی هەیە.

شاخەوانە کوردەکان بەردەوام پەیامی ژینگەپارێزی بڵاودەکەنەوە و کار بۆ پاراستنی ژینگە دەکەن، بۆیە لەو گەشتەیاندا لە لووتکەی تووچاڵ، پاشماوەی شاخەوانانی دیکەیان کۆکردووەتەوە کە لە دوای خۆیان جێیانهێشتبوو و لەگەڵ خۆیاندا هێناویانەتەوە خوارەوە.

ئینجا ئەو گرووپە شەو لەسەر ئەو چیاییە ماونەتەوە و بەشێکی زۆری کاتەکانیان بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ بەسەربردووە.



گەشتی شاخەوانان بۆ تاڤگەکانی گۆمەشین و هەرتەل

دەزانن ئەگەر گرووپە شاخەوانییەکان نەبن، ئێمە بەشێکی زۆری سرووشتی جوانی کوردستانمان نابینین، ئەوان بچن بۆ هەر شوێنێک و هەر چەند شوێنەکە سەخت بێت، ڤیدیۆ و وێنەی تۆمار دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە.

گرووپی شاخەوانی راپەڕین لە گەشتەکانیدا بەردەوامە و ئەمجارە گەشتێکی بۆ تاڤگەکانی گۆمەشین و هەرتەل لە سنووری ناحیەی بێتواتەی دەڤەری خۆشناوەتی کردووە.

گەشتەکە بەڕێبەری نەسڕەدین هەڵەبجەیی سەرۆکی گرووپەکە بووە و شاخەوانان لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ تێیدا بەشداربوونە.

نەسڕەدین هەڵەبجەیی دەڵێت، گەشتێکی خۆشیان ئەنجامدا و بە سەلامەتی کۆتاییهات و تەواوی بەشداربووان وەک هەموو جارێک پابەندی رێنماییەکان بوون و ژینگەی ناوچەکەیان بە پاکی هێشتەوە.

گرووپی شاخەوانی راپەڕین لە 17 ئازاری 2019 دامەزراوە، لە دوو دەستە پێکدێت و 22 ئەندامی هەیە، دەستەی خانمان و دەستەی پیاوان و زۆربەی جار ئەو دوو دەستەیە بە سەرپەرستی نەسڕەدین هەڵەبجەیی گەشتی هاوبەشی شاخەوانی ئەنجامدەدەن.




پاککردنەوەی کانیاوێکی چیای شیرین


یەکێک لە هەوڵەکانی ژینگەپارێزی لە دەڤەری بارزان، پاککردنەوەی کانیاوی ئاوەکانە لە وەرزی هاویندا، بۆ ئەوەی وشک نەبێت و ئاژەڵە کێوییەکان سوودی لێ ببینن.

تیپی هونەری کانی بۆت، رێکخراوی کەڤنار و گرووپی شاخەوانی چیایی شیرین، لە درێژەی هەڵەمەتەکەیان بو پاراستنی ژینگە و سرووشتی دەڤەری بارزان، ئەمجارە بەهۆی وشکەساڵی و کەمی ئاو و وشکبوونی کانیاوەکان، کانیاوێکی چیای شیرینیان لە دەڤەری بارزان پاککردووەتەوە، بۆ ئەوەی کانیاوەکە وشک نەبێت.

کانیاوەکە زیاتر سوودی بۆ ئاژەڵە کێوییەکانی چیای شیرین هەیە، بەتایبەت بزنە کێوییەکان کە ژمارەیەکی زۆریان هەیە.

دەڤەری بارزان دەکەوێتە سنووری قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر، بەهۆی سرووشتە جوانەکەی، چەندین شوێنی گەشتیاری هەیە و هاونیشتمانییان سەردانی دەکەن و بەهۆی پاراستنی ژینگەکەی، ژمارەیەکی زۆر درەخت لەو دەڤەرە هەن و ئاژەڵی کێوی زۆری هەن، بەتایبەتیش بزنی کێوی.

لە چیا و بناری چیاکانی کوردستاندا بزنی کێوی بەدی دەکرێن و ژمارەی هەرە زۆری ئەو ئاژەڵە کێوییە لە دەڤەری بارزان دەبیندرێن، بەهۆی ئەوەی راوکردنیان لەو دەڤەرە قەدەخکراوە، بەهۆیەوە ژمارەیان زۆر بووە و تەنانەت لە وەرزی زستاندا دەچنە نێو گوندەکان و لە مرۆڤ نزیک دەبنەوە.

بزنی کێوی گیاندارێکی گیاخۆرە، لە ناوچەی شاخاوی و دارستانەکان دەژیت، لە ھندێک شوێنی روژئاوای ئاسیا بەربڵاوە و مەترسی لە ناوچونیان لەسەرە.



کڕیار راستەوخۆ سێو لە نێو باخەکانی ئۆنتاریۆ دەکڕن

لە کەنەدا بەشێک لە باخ و کێلگەکانی کشتوکاڵی، خەڵک دەتوانن خۆیان بچن بەرهەمەکان بە تازەیی و فرێشی لێبکەنەوە و بیکڕن، خەڵکیش ئەمەی بە دڵە، بۆیە خەریکە ئەو مۆدێلی فرۆشتنی بەرهەمی میوە و سەوزە لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە.

ئیبراهیم بەرواری هاونیشتمانییەکی شاری دهۆکە و 28 ساڵە لە ئۆنتاریۆی کەنەدا دەژی و ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، تێیدا دیمەنی باخێکی سێو نیشاندەدات کە خەڵک دەتوانێت خۆی سێوەکان لێبکاتەوە و دواتر لەلای خاوەنی باخەکە بیکێشێت و بیکڕێت.

لە ئۆنتاریۆ وەرزی پێگەیشتی سێوە و بەهۆی زۆری بەرهەمەکە لە باخێکدا کە لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، پێدەچێت ئەمساڵ بەرهەمێکی باشی هەبووبێت و سێو لەسەر زەوی کەوتوونە.

دار سێوەکانی باخەکە بچووکن، بەڵام بەرهەمیان زۆرە، ئینجا ئەوانەی دەچنە نێو باخەکە جگە لە کڕینی سێو، پیاسەیەکی خۆشیش بە نێو باخەکەدا دەکەن و سەوزایی و دیمەنی جوان دەبینن.

سێو لە شوێنە مامناوەندەکانی نیوەی باکووری گۆی زەوی، لە چیاکانی حەوزی زەریای سپی ناوەڕاست ھەیە، سێوی کێوی لە زۆربەی وڵاتانی ئەورووپا و ناوچەی قەوقاز و نۆرویژ لە شوێنە نزمەکان ھەیە، سێوی کێوی شوێنی سەرەکی بەریتانیایە و لە کوردستان چەندین جۆری سێ بەرهەمدێت.


رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.

کاژێر 07:40ـی بەیانی پێشکەشدەکرێت.