کۆکردنەوەی سێوی سوور لە گوندی چەپەراوێی شنۆ

23 October 2021
کۆکردنەوەی سێوی سوور لە گوندی چەپەراوێی شنۆ
وەرزی کۆکردنەوەی سێو لە باخەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووە، بەشێک لە خاوەن باخەکان ژمارەیەک کرێکار بۆ کۆکردنەوەی بەرهەمی باخەکانیان بەکاردێنن، بەشێکیشیان بە بەشداری کەس و کاریان بە هەرەوەزی ئەنجامی دەدەن.

لە گوندی چەپەراوێی شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆکردنەوەی بەرهەمی سێو دەستیپێکردووە و لە یەکێک لە باخەکانی ئەو گوندە بە هەرەوەزی ئەو کارە دەکرێت و خزم و کەسی خاوەن باخەکە تێیدا بەشدارن.

ئەبوبەکر بابۆلی ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە، تێیدا دیمەنی کۆکردنەوەی سێوی سوور لە باخەکەدا دەخاتەڕوو.

لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ژمارەیەکی زۆر باخی سێو هەن و بووەتە سەرچاوەی داهاتی بەشێکی زۆر لە خەڵکی، چ ئەوانەی خاوەن باخن، یاخود ئەوانەی وەک کرێکار کاری تێدا دەکەن.

سێو لە شوێنە مامناوەندەکانی نیوەی باکووری گۆی زەوی، لە چیاکانی حەوزی زەریای سپی ناوەڕاست ھەیە و لە کوردستانیش چەندین جۆری بەرهەمدێت.




کۆکردنەوەی بەرهەمی کونجی لە گوندی قەسرۆکی چوارقوڕنە
 
ماوەی چەند ساڵێکە جووتیارانی باشووری کوردستان، رووبەری فراوان بۆ چاندنی کونجی بەکاردێنن و بەشێکی پێداویستی ناوخۆ دابیندەکات.

هۆزان ئیبراهیم ڤیدیۆیەکی لەبارەی دروێنەی کونجی لە گوندی قەسرۆک لە سنووری ناحیەی چوارقوڕنەی سەر بە قەزای رانیە بۆ رووداوی تۆ ناردووە کە ژمارەیەک لە هاونیشتمانییان بە هەرەوەزی سەرقاڵی ئەو کارەن کە بە کونجی بڕین و هەڵكێشانەوە دەناسرێت.
 
كونجی بەرهەمێكی هاوینەیە و بۆ پێگەیشتنی نزیكەی چوار مانگ کاتی پێویستە، چاندنی لە بەهارەوە تاوەکو هاوین بەردەوام دەبێت و لە کۆتایی وەرزی هاوین و سەرەتای پاییز دروێنەی بۆ دەکرێت. 
 
كونجی بەهایەكی خۆراكی بەرزی هەیە، یەکێک لەو بەرهەمە كشتوكاڵیانەیە كە مرۆڤ لە كۆنەوە پێی ئاشنابووە و گرنگی بە چاندنی داوە، رێژەیەکی بەرچاو زەیتی تێدایە.
 
نیشتمانی سەرەكی كونجی، ئەسیوپیایە و دواتر بەجیهاندا بڵاوبووەتەوە، ئێستا بەشێوەیەكی فراوان لە ناوچە كەمەرەییەكانی هەردوو كیشوەری ئاسیا و ئەفەریقیا دەچێندرێت، نزیکەی 68٪ـی کونجیی جیهان لە هیندستان، بۆرما، چین و سوودان بەرهەمدێت. 
 
لە هەرێمی كوردستانیش چاندنی ئەم بەرهەمە كشتوكاڵییە مێژوویەكی کۆنی هەیە، پێشتر بە رووبەری زۆر فراوان دەچێندرا، دواتر رووی لە كەمی كرد، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی زیادبوونی كارگەگانی تەحین گرنگی زیاتر بە چاندنی دەدرێت، بەتایبەت لە هەردوو پارێزگای دهۆك و سلێمانی.

 

لە گوندی باراو سێ برا ئامێرێک بۆ دروستکردنی باسووق دروستدەکەن

لە گوندی باراوی سنووری شارباژێڕ، سێ برا ئامیرێکیان بۆ جیاکردنەوەی ئاوی ترێ لە توێکڵەکەی دروستکردووە کە دواتر دەیکەن بە باسووق.

یەعقوب عەلی ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، تێیدا ئامیرەکە نیشاندەدات کە لەگەڵ دوو براکەی بەرزان و وەهاب دروستیان کردووە دەڵێت، پێشتر پووتی تایبەتیان لە پێکردووە و لەرێگەیەوە ترێیان گوشیوە، بەڵام دواتر توانیان ئەو ئامێرە دروستبکەن و کارەکەیان ئاسانتر بووە.

هەروەها دەڵێت، ساڵانە لە گوندەکەیان ترێ بەرهەمدێنن و دەیکەن بە باسووق و لە بازاڕەکاندا دەیفرۆشنەوە و داخوازییەکی زۆری لەسەرە.

بۆ دروستکردنی باسووق شیلەی ترێ و کەمێک ئارد لە نێو مەنجەڵێکی گەورەدا لەسەر ئاگر دەکوڵێندرێت و چەند کەسێک بە کەوگیر و دار تێکی دەدەن تاوەکو خەست دەبێتەوە، دواتر دەیخەنە نێو چەند سینیێکەوە تاوەکو وشک دەبێت، پاشان لەت لەت دەکرێت و ئامادە دەکرێت بۆ فرۆشتن.

گوندی باراو سەر بە ناحیەی سرۆچکی سنووری قەزای سەید سادقە، 35 کیۆمەتر لە سەنتەری شاری سلێمانییەوە دوورە.




پاییزی گوندی ببێڵی دەڤەری بارزان

وەک چۆن خەڵک لە وەرزی بەهاردا روو لە نێو سرووشت دەکەن، لە وەرزی پاییزیشدا بەشێک لە هاونیشتمانییان بۆ بینینی دیمەنی جوانی پاییز روو لە نێو سرووشت دەکەن، چونکە رەنگ و بۆنی سرووشت تەواو جیاوازە.

سەمیر دۆڵەمەری کە بەردەوام دیمەنی گوندەکانی دەڤەری بارزان بە درۆن وێنەدەگرێت و بۆ رووداوی تۆی دەنێرێت، ئەمجارە دیمەنی گوندی ببێڵی لە وەرزی پاییزدا وێنەگرتووە و ناردوویەتی.

ببێڵ دەکەوێتە دەڤەری بارزان لە سنووری قەزای مێرگەسۆرە و لەسەر رێگەی گشتیی سەیرانگەی مەیدانۆکانە و لە دوو بنەماڵە پێکهاتووە، ئێستا 66 ماڵ لەخۆدەگرێت و زۆربەی گەنجان و پیاوانی گوندەکە پێشمەرگەن.

لە گوندی ببێڵ بەرهەمی وەک هەنار، گوێز، هەنجیر، ترێ و سێو بەرهەمدێن و ‎لە رووی ئاژەڵدارییەوە، زۆربەی دانیشتوانی بزن، مەر و مانگا بەخێودەکەن.



سەردانی گەشتیاران بۆ 'چاڵە بەفر'ـی حەساری سەکران

یەکێک لە چاڵە بەناوبانگەکانی باشووری کوردستان، دەکەوێتە بناری لووتکەی چیای حەساری سەکران لە قەزای چۆمان.

حەمە نەیتەر لەگەڵ ژمارەیەک لە هاورێکانی سەردانی چاڵە بەفرەکەی کردووە و ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ تۆمارکردووە و ناردوویەتی.

ئەو دەڵێت، ئەو چاڵە بەفرە دەکەوێتە سنووری گوندی سەکران، لە کاتێکدا ئەمساڵ وشکەساڵی بوو، بە بینینی تونێل و کەوییە بەفرییەکانی چاڵە بەفر، دەبێت سوپاسی خودا بکەین.

هەروەها دەڵێت، بۆ یەکەمجار دوو شاخەوانی چالاک بەناوی مزەفەر ناوەندەیی و حوسامەدین چۆمانی سەردانی ئەو شوێنەیان کردووە و بە ڤیدیۆ دیمەنەکانیان وێنەگرتووە. 

لە ڤیدیۆکەدا دیارە لە بەشێکی ئەو شوێنە دیواری بەفرین بە بەرزایی شەش بۆ هەشت مەتر دروستبووە و دیمەنی زۆر جوان و سەرنجراکێشی هەیە.

ئەو چاڵە بەوە بەناوبانگە کە لە هەرچوار وەرزی ساڵدا بەفرێکی زۆری تێدا دەمێنێتەوە و بەفری نوێی بەسەردا دەبارێت.


رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.

کاژێر 07:40ـی بەیانی پێشکەشدەکرێت.