مەلەکردن لە زستاندا لە دۆڵی بارەبەش
مەلەکردن لە زستاندا لە دۆڵی بارەبەش
لە وەرزی زستاندا و لە کاتی بەفرباریندا، بەشێک لە هۆگرانی مەلەکردن، لە کەشوهەوای سارددا سەرکێشی و مەلە دەکەن.
چوار گەنجی میراوەی سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان، گەشتێکیان بۆ دۆڵی بارەبەش لە خدراوەی سەر بە میراوە سەردەشت کردووە و لە نێو رووباری ئەو دۆڵە مەلە دەکەن.
یەکێک لەو گەنجانە بەناوی میرا نەزاکەت ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە و دیمەنی مەلەکردنیان و دۆڵەکە نیشاندەدات کە بەفر لێی باریوە.
دۆڵی بارەبەش سرووشتێکی جوانەی هەیە، شاخەوانان و گەشتیاران لە وەرزی بەهار و هاویندا سەردانی دەکەن و کاتی خۆشی تێدا بەسەردەبەن.
مەلەکردن لە زستاندا و بەتایبەت لە سەهۆڵاودا، بۆتە دیاردەیەک لەسەرتاسەری جیهاندا، بەشێک لە خەڵکی وەک سەرکێشی ئەنجامیدەدەن و بە بڕاوی بەشێکیش سوودی تەندروستی هەیە، بەتایبەتیش بۆ پێستی مرۆڤ.
لە گوندی قەڵاتان زەوی باخێکی سێو دەبێتە شەختە
باخێکی سێو لە گوندی قەڵاتان لە نەغەدەی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی بوونی ئاو لەسەر زەوییەکەی و بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما، تەواوی باخەکە بووەتە شەختە.
ئەسعەد محەممەدی ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە و بە رووداوی راگەیاند، لە وەرزی زستاندا باخی سێو تەڕ دەکەن بۆ ئەوەی مشک لێی نزیک نەبنەوە و بەهۆی دابەزینی پلەی گەرما، تەواوی زەوی باخەکە بووەتە شەختە.
قەڵاتان دەکەوێتە دووری شەش کیلۆمەتر لە باشووری رۆژھەڵاتی شارۆچکەی نەغەدەوە، لە باکوور لەگەڵ گوندی دیلان چەرخی سەروو، لە باشوور لەگەڵ گوندی کاموس، لە رۆژھەڵات لەگەڵ گوندی ئارنێ و لە رۆژاوا لەگەڵ گوندی حەسەن نوران ھاوسنوورە.
بە پێی سەرژمێریی گشتیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ٢٠٠٦دا، ژمارەی دانیشتووانی ئەم گوندە (٤٥٥) کەس و (٨٧) خێزان بوونە.
گەشتی ژمارەیەک خانمە وەرزشوان بۆ سەیرانگەی دێمان
دێمان یەکێک لە سەیرانگەکانی گوندی دۆڵێی سەر بە ناحیەی سەرکەپکانی قەزای رانیەی پاریزگای سلێمانییە و لە وەرزی بەهار و هاویندا گەشتیاران سەردانی دەکەن، تەنانەت لە وەرزی پاییزیشدا، چونکە دیمەنێکی جوانی پاییزی هەیە.
هۆڵێکی لەشڕێکی لە رانیە، گەشتێکی بۆ خانمە وەرزشوانەکانی بۆ سەیرانگەی دێمان ئەنجامداوە و گوڵزار حسێن و لینا محەممەد کە سەرپەرشتی گەشتەکەیان کردووە، ڤیدیۆی گەشتەکەیان بۆ رووداوی تۆ ناردووە.
لینا محەممەد کە راهێنەری وەرزشییە بە رووداوی راگەیاند، هەفتانە گەشتی هاوشێوەی ئەو گەشتە ئەنجامدەدەن و بەشداربوونی گەشتەکە نزیکەی 10 کیلۆمەتر رێدەکەن.
گەشتی شاخەوانان بۆ گەلی زۆرگڤان
لە سنووری دەڤەری بارزانی باشووری کوردستان سرووشتێکی جوان هەیە و چەندین سەیرانگە و هاوینەهوار لەخۆدەگرێت، یەکێک لەوانە گەلی زۆرەگڤانە کە لە گشت وەرزەکاندا گەشتیاران و شاخەوانان سەردانی دەکەن.
عەلی زوبێر شاخەوان و ژینگەپارێزی دەڤەری بارزان، لەگەڵ ژمارەیەک لە شاخەوانان گەشتێکیان بۆ گەلی زۆرگڤان و دالاش کردووە و کاتێکی خۆشیان تێیدا بەسەربردووە.
ئەوان بەدیار ئاگرەوە گۆرانی دەڵێن و خواردنیشیان هەر لەو سەیرانگەیە ئامادەکردووە، بەو کەشە ساردەش بەشێکیان لە نێو ئاودا مەلیان کردووە.
عەلی زوبێر یەکێک لە شاخەوانە چالاکەکانی دەڤەری بارزان و کوردستانە و بەردەوام دیمەنی سەرنجڕاکێشی چالاکییە ژینگەیی و گەشتە شاخەوانییەکانی بۆ رووداوی تۆ دەنێرێت.
زۆرەگڤان لە سنووری گوندی زۆرەگڤانی دەڤەری بارزانە، سەر بە ناحیەی بلێ لە قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێرە، ئەم شوێنە بەهۆی جوانی و سەرنجراکێشی سرووشتەکەیەوە، لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا گەشتیار سەردانی دەکەن، بەتایبەت لە وەرزی هاوین و پاییزدا.
چاندنی نەمام لە گوندی سیرەمێرگ
بەشێک لە هاونیشتمانیان بۆ جوانترکردنی گوندەکەیان و پاراستنی ژینگەکەی، نەمام دەچێنن و دەخوازن گوندەکەیان سەوزتر بکەن.
دانیشتوانی گوندی سیرەمێرگ سەر بە ناحیەی سیتەک لە قەزای شارباژێڕ پارێزگای سلێمانی، هەڵمەتێکی چاندنی نەمامیان لە گوندەکەیان دەستپێکردووە و چەند نەمامێکیان چاندووە.
ئەوان دەخوازن لەرێگەی نەمام چاندنەوە سرووشتی گوندەکەیان جوانتر و سەوز بکەن و ئەو چالاکییەیان هەوڵێکە بۆ پاراستنی ژینگەی گوندەکەیان و دەخوازن لە تەواوی گوندەکانی دیکەی کوردستان هەڵمەتی چاندنی نەمام دەستپێبکرێت.
ئەرکان جەمال کە دانیشتووی گوندەکەیە، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لە گوندەکەدا 25 ماڵ هەن و دانیشتوانی بە کاری ئاژەڵداری و جووتیاری و باخەوانی سەرقاڵن.
گوندی سیرەمێرگ لە باکوور لەگەڵ گوندی ھۆمراخ، لە باشوور لەگەڵ گوندی قولەڕەش، لە رۆژھەڵات لەگەڵ گوندی بازەگیر و لە رۆژاوا لەگەڵ گوندی خەمزە ھاوسنوورە.
لە گڵێجاڵ رەوە بەرازێک دەبیندرێت
بەراز بەوە ناسراوە کە زیاتر بە رەو لەگەڵ یەکتر رێدەکەن و زۆر جار ئەو دیمەنە لە کوردستان سەرنجی خەڵکی بەلای خۆیدا راکێشاوە و بە مۆبایلەکانیان وێنەی دەگرن.
هاونیشتمانییەک بەناوی ئارام عوسمان لە بناری بەمۆ لە گوندی گڵێجاڵی سەر بە ناحیەی بەمۆی پارێزگای هەڵەبجە، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە کە ژمارەیەک بەرازی کێوی بە رەو دەبیندرێن.
بەراز لە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان دەژی و زۆر جار زیان بە باخ و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی باخەوان و جووتیارانی باشووری کوردستان دەگەیێنێت، هەروەها نێرینەی بەراز گیانلەبەرێکی بەهێزە و زۆر جار هێرشدەکاتەوە سەر خەڵک و برینداریان دەکات.
سەبارەت بە گڵێجاڵیش، گوندێکە لە باکوورەوە لەگەڵ گوندی قەڵپ، لە باکووری رۆژهەڵات لەگەڵ گوندی گمە، لە رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی لەگەڵ گوندی پشتە، لە باشوور و باشووری رۆژئاوا لەگەڵ گوندی بەلەسۆ و لە بەشی رۆژئاوا لەگەڵ ناحیەی مەیدان هاوسنوورە.
بازاڕی مەخموور لە رۆژانی هەینیدا
لە قەزای مەخمووری باشووری کوردستان، بازاڕێکی گەورە هەیە کە لە رۆژانی هەینیدا خەڵکێکی زۆر رووی تێدەکەن، کورد و عەرەب و پەنابەرانی نێو کەمپی مەخموور سەردانی ئەو بازاڕە دەکەن و پێداویستی رۆژانەیان دابین دەکەن، بەشێکیشیان هەر لەو بازاڕەدا کاردەکەن و بژێوی ژیانیان بەدەستدێنن.
نیاز قارەمان دانیشتووی مەخموورە و دیمەنی ئەو شارە وێنەدەگرێت و بڵاویاندەکاتەوە و ئەمجارە دیمەنێکی بازاڕی ئەو شارەی بۆ رووداوی تۆ ناردووە.
نیاز قارەمان بە رووداوی راگەیاند، ماوەی هەشت ساڵە وێنە و ڤیدیۆی مەخموور تۆماردەکات و بڵاویاندەکاتەوە، گوتیشی، پۆلیسی مەخموور و سوپای عێراق بازاڕەکە لە رووی ئەمنییەوە لەئەستۆ گرتووە و ئۆتۆمبێلی پۆلیس و سەربازی لەو بازاڕەدا بەدی دەکرێن.
جگە لە دووکانەکانی نێو ئەم بازاڕە، بەشێک لە فرۆشیاران بەرهەمەکانیان لەسەر شۆستە و شەقام داناوە و دەیفرۆشن و لەرێگەی ئەو کارەوە بژێوی ژیانیان پەیدا دەکەن.
قەزای مەخموور سەر بە پارێزگای ھەولێری باشووری کوردستانە و دەکەوێتە ٥٦ کیلۆمەتری باشووری رۆژئاوای ئەو پارێزگایە، ئەو قەزایە لە باکووردا لەگەڵ قەزاکانی دەشتی ھەولێر و خەبات، لە باشووردا لەگەڵ رووباری دیجلە، لە رۆژھەڵاتدا لەگەڵ زێی بچووک و لە رۆژئاوادا لەگەڵ زێی گەورە ھاوسنوورە.
خلیسکێنەی سەر بەفر لە قەسرێ
لەگەڵ بارینی بەفر لە کوردستان، منداڵ و گەنجان یاریی نێو بەفر ئەنجامدەدەن، بەتایبەتیش یاریی خلیسکێنە سەر بەفر، بۆ ئەم مەبەستەش زیاتر پارچە نایلۆنێک بەکاردێت و خلیسکێنەی پێ ئەنجامدەدەن.
لە ناحیەی قەسرێی سەر بە قەزای چۆمان، ژمارەیەک لە منداڵان بە بارینی بەفر دڵخۆشن و لەسەر بەرزاییەکەوە یاریی خلیسکێنە دەکەن و بەو یارییە دڵخۆشن. رێکەوت رزگار ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە.
قەسرێ یەکێکە لە ناحیەکانی قەزای چۆمانی سەر بە پارێزگای هەولێری باشووری کوردستانە، رووبەرەکەی بریتییە لە ١٧٧.٣٤ کم دووجایە، لە سەتا پێنجی دەشتاییە و لە سەتا 95ـی چیایە و ٣٤ گوند لەخۆدەگرێت، رێژەی دانیشتوانیشی هەشت هەزار و 913 کەسن.
قەسرێ هەژدە کیلۆ مەتر لە سەنتەری قەزای چۆمان دوورە، لە (1914) تەنها پێنج ماڵ بووە و لە سنووری دەڤەری باڵەکایەتی بووە.
دوای راپەرینی بەهاری (1991) جارێکی دیکە ناوچەکە ئاوەدانکرایەوە و بە هۆی فراوانی ناوچەکە لە سەردەمی کابینەی پێنجەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە فەرمانی سەرۆکایەتی هەرێم ژمارە(130) لە 05-11-2007 کراوە بە ناحیە.
دیمەنی بەفەربارین لە کارلسرو
لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا بەفرباریوە،ە بەتایبەتیش لە ئەڵمانیا و بەشێک لە دانیشتوانی ئەو وڵاتە دەچنە نێو بەفر و وێنە و ڤیدیۆ تۆمار دەکەن.
هاونیشتمانییەک بەناوی شکری حەسەن کە خەڵکی زاخۆی باشووری کوردستانە و ئێستا لە شاری کارلسرو لە ئەڵمانیا دەژی، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، تێیدا دیمەنی بەفر لەو شارە نیشاندەدات و دڵخۆشی خۆی بەم بۆنەیەوە دەردەبرێت کە رەنگی سپی ئەو شارەی رووپۆش کردووە.
کارلسرو دەکەوێتە باشووری ئەڵمانیا و لە سنووری فەرەنساوە نزیکە، ژمارەی دانیشتوانی 313 هەزار و 92 کەسن، لە رووی گەورەیی رووبەڕەوە لە ریزبەندی 21مین شاری ئەڵمانی دێت و لە 2019 لەلایەن رێکخراوی یونسکۆوە خرایە لیستی تۆڕی شارەکانی داهێنانەوە.
بەشێک لە پەنابەرانی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستانەوە لەو شارە دەژین و بەشێکیان هەڵگڕی رەگەزنامەی ئەڵمانین.
یاریی جۆرابێن لە شەوانی زستاندا
جۆرابێن یارییەکی کۆنە و لە نێو کورددا ئەم یارییە ئەنجام دەدرێت، بەتایبەتیش لە شەوانی زستاندا، ئەم یارییە بە گۆرەوی بازی و پشکیلانێش دەناسرێت.
لە گوندی سمایلاوا سەر بە ناحیەی گرمکی قەزای پێنجوێنی پارێزگای سلێمانی، ژمارەیەک لە هاونیشتمانیان لە یەکێک لە ماڵەکان کۆبوونەتەوە و ئەو یارییە ئەنجام دەدەن.
محەممەد کەریم کە خەڵکی گوندی سمایلاوایە، ڤیدیۆیەکی لەمباریەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە، تێیدا ژمارەیەک لە هاونیشتمانیان دەردەکەون کە کەسی بە تەمەن و گەنج و منداڵیان تێدایە، بەشێکیان سەرقاڵی یاریکردنن و مشتومڕێکی زۆریان لەسەر یارییەکە لە نێوانیادا دروستبووە.
یاریی جۆرابێن زیاتر لە ناوچەی موکریان و ئەردەڵانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێت، لە شەوانی پاییز و زستاندا دەستپێدەکات و تاوەکوو هاتنی بەهار بەردەوام دەبێت، بەتایبەتیش لە جەژن و بۆنە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەم یارییە دەکرێت.
دیمەنی سۆران لە بناری چیای زۆزک
لە بناری چیای زۆزکەوە، قەزای سۆران و ناحیەی دیانە لە سنووری پاریزگای هەولێر دیمەنێکی جوانی هەیە.
هاونیشتمانییەک بەناوی پشتیوان گەردی لە بناری چیای زۆزکەوە دیمەنی سۆران و دیانەی لە کەشوهەوایەکی سارد و تەماویدا وێنەگرتووە و بۆ رووداوی تۆی ناردووە.
ئەو هاونیشتمانییە دیمەنەکانی سۆران و دیانەی بە بەکارهێنانی فلای کام وێنەگرتووە.
سۆران بەدووری ١١٥ کیلۆمەتر لە باکووری رۆژھەڵاتی پارێزگای ھەولێرە، ژمارەی دانیشتووانی ١٢٥ ھەزار کەسە، کرۆکی قەزای سۆران بۆ ناحیەی دیانا دەگەڕێتەوە، پێشتر گوندێکی زۆر بچووک بووە، تەواوی دانیشتوانی کرستیان بوون، دواتر موسڵمانان روویان لەو گوندە کرد و ژمارەیان زیادبوو، دواتر فراوان بوو، ساڵی 1980 حکومەتی ئەوکاتی عێراق قەزای رواندزی هەڵوەشاندەوە و سۆرانی وەک قەزا ناساند، بە ناوی قەزای سەدیق، لە دوای راپەڕینی 1991 ناوی بۆ قەزای سۆران گۆڕدرا، دواتر رەواندزیش کرایەوە بە قەزا و ئێستا سۆران ناوەندی هەرچوار قەزای سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان و رواندزە.