ئازاد کردنی دوو هەڵۆ لە بۆکان

ئازاد کردنی دوو هەڵۆ لە بۆکان

 ئەنجوومەنی ژینگەپارێزانی بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ماوەیەکە کەمپینێکیان بۆ ئازادکردنی باڵندەکان و ژینگەپارێزی دەستپێکردووە، ئەمجارە دوو هەڵۆ لە بۆکان ئازاد دەکەن و دەگەڕێندرێنەوە بۆ ناو سرووشتی کوردستان.

ئەم دوو هەڵۆیە دوای ئەوەی برینەکانیان تیمارکران تاوەکو چاکبوونەوە، ئینجا ئەنجوومەنی ژینگەپارێزانی بۆکان، لەسەر چیای کڵتەگەی شاری بۆکان هەردوو هەڵۆیەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە ژینگەپارێزان ئازادکران.

ھەڵۆ بریتییە لە کۆمەڵێک پەلەوەری ڕاوچی لە تیرەی ھەڵۆیان، نزیک 60 جۆر باڵندەی ڕاوکەر ھەن، کە بە ھەڵۆ دەناسرێن و زۆربەیان خۆماڵی ئەوراسیا و ئەفریقان. ھەموو ھەڵۆکان بە رۆژ راو دەکەن، چاویان تیژە و بەرزەفڕن.

ھەڵۆکان بەبۆنەی بەھێزییەوە لە زۆربەی کولتوورەکان وەک دروشم و نیشانەی شەڕ و شایەتی دەناسرێن. وێنە و پەیکەری ئەم باڵندانە لە سەر زۆر دراو و بینای مێژوویی دەبینرێ و زۆرێک لە وڵاتان، رێکخراوە و پارتەکانی جیھان وێنەی ھەڵۆیان وەک دروشم ھەڵبژاردووە.



کۆکردنەوەی بەرهەمی سێو لە مهاباد

لە گوندی کانی رەشی سەر بە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان، جووتیاران هێشتا سەرقاڵی کۆکردنەوەو هەڵگرتنەوەی بەرهەمی سێوی ئەمساڵن.

ساڵانە لە مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەمێکی باشی سێو بە جۆرەها رەنگ دەخاتەبازاڕەوە خواستێکی زۆری لەسەرە، بۆیە جووتیارانی ئەم ناوچەیە گرنگییەکی زۆر بە چاندنی سێو دەدەن.

کەش و هەوا و زەوی مهاباد بۆ بواری کشتوکاڵی زۆر گونجاوە، چەندین جۆرە میوەی نایابی تێدا دەڕوێت و ئێستا لە بازاڕەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستانیش رەواجێکی زۆری لەسەرە.

هاونیشتمانییەک بەناوی جەلل مولود پور، کە هاوکارێکی بەردەوامی بەرنامەی رووداوی تۆیە، ڤیدیۆیەکی بۆ ناردووین، کە تێدا ژمارەیەکی زۆر لە کوڕ و کچان لە نێو باخێکی سێودان و سێو کۆدەکەنەوەو دەیخەنە نێو سندوق و رەوانەی بازاڕەکانی دەکەن.

مەھاباد یەکێکە لە گرنگترین و بەناوبانگترین شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان. هەڵبەتە ئەم شارە پایتەختی کۆماری کوردستان بووە، مه‌هاباد له باکووره‌وه له‌گه‌ڵ شاری میاندواو، له باشووره‌وه له‌گه‌ڵ شاری سه‌رده‌شت، له رۆژهه‌ڵاته‌وه له‌گه‌ڵ شاری بۆکان و له رۆژئاواوه له‌گه‌ڵ شاری پیرانشار هاوسنووره. هەروەها مهاباد 119 کیلۆمەتر لە ورمێ، 298 کیلۆمەتر لە سنە و 214کیلۆمەتر لە تەورێز دوورە. ئێمەش با بەیەکەوە بینەری ئەم ڤیدیۆیە بین.


خولی جوانکاری ئافرەتان لە ئامێدی کرایەوە

لە شاری ئامێدی سنووری پارێزگای دهۆکی باشووری کوردستان خولێکی جوانکاری ئافرەتان بۆ 45 خانمی ئەم دەڤەرە کرایەوە.

بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی قەزای ئامێدی و شێلادزێ خولێکی جوانکاری بەبێ بەرامبەر بۆ ئافرەتانی ناوچەکە بکرێتەوە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی فێری چۆنیەتی مەیک ئاپ و بۆیە کردنی قژ بکرێن.

ئەم خولە بەسەرپەرشتی راهێنەری جوانکاری ئافرەتان رەعنا فارس بەڕێوەچوو، کە بەشێوەیەکی خۆبەخشانە ئەم خولەی بەڕێوەبردووە، تاوەکو ئافرەتانی ئەم ناوچەیەش بە نوێترین زانیاری جوانکاری سەردەم ئاشنا بکات.

لەم خولەدا راهێنەر ئاشكرای کردووە، کە بەشێکی زۆر لە ئافرەتان کێشەیان لەگەڵ بۆیە کردنی قژ هەیە لە ماڵەوە نازانن قژەکانیان بۆیە بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا لەکاتی بۆیە کردن زیان بە قژ و پێستەکانیان دەگەیەنن، بۆیە لەم خولەدا فوکوس زیاتر لەسەر چۆنیەتی بۆیە کردنی قژە بەشێوەیەکی ئەکادیمی و تەندروست.

هاوکارمان ئەحمەد شامکی ئەم ڤیدیۆیەی بۆ رووداوی تۆ ناردووە بەیەکەوە بینەری دەبین.



دیمەنی گوندی هەربۆ لە دەڤەری بارزان

هاونیشتمانییەک بەناوی بەهمەن جاف، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا دیمەنی سرووشتی گوندی هەربۆ لە دەڤەری بارزانی پارێزگای هەولێر نیشاندەدات.

بەهمەن جاف لەمبارەیەوە دەڵێت، بەرپرسیارییەتی بەرامبەر ژینگە هیچ کاتێک کۆتایی نایەت و دەبێت خەم و ئەرکی رۆژانەی هەموو تاکێکی ئەو وڵاتە بێت. ژینگە، سەرەتا و ئاییندەی مرۆڤ و سەرچاوەی یەکەمی ژیانە، تاوەکو ژینگە پاکو خاوێنتر بمێنێتەوە، مەترسی لەسەر ژیان کەمترە.

بەهمەن دەشڵێت، خەڵکی ئەو سنوورە زۆر پابەندی ژینگەپارێزین و لە دوایین رۆژەکانی وەرزی هاوین، کە سروشت رەنگی دەگوڕێت لەم دەڤەرە هەر سەوزایی دەبینرێت و پاک و خاوێنی دەورووبەری رووبارەکە ژینگەی ئەم دەڤەرەی هێندەی دیکە جوانتر کردووە.

سەرنجتان بۆ ئەم دیمەنە جوانانە رادەکێشم.



سەردانی خەڵکی بۆ کانی گوندی کۆلەکان

رۆژانە دەیان کەس سەردانی کانیاوی گوندی کولەکانی سەر بە ناحیەی گردەسێنی ئاکرێی سنووری پارێزگای دهۆک دەکەن، پێیانوایە ئاوی ئەم کانیاوە بۆ نەخۆشی گورچیلە سوودی هەیە.

هاونیشتمانییەک بەناوی غەفار زێباری، ڤیتییەکی بۆ بەرنامەی رووداوی تۆ ناردووە، سەردانی گوندی کۆلەکانی کردووەو خەڵکێکی زۆر لەسەر کانیاوێک کۆ بوونەتەوەو بە دەبە و جەلیکان ئاوی کانیاوەکە دەبەنەوە ماڵەوەو بەنیازی ئەوەی چارەسەی نەخۆشی بەردی گورچیلەی پێ بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەنی پزیشکییەوە نەسەلمێندراوە.

خەڵکی ئەم گوندە ئاماژە بەوە دەکەن، کە زیاتر لە 100 ساڵە ئەم کانیاوە هەیەو رۆژانە سەتان کەس بۆ بردنی ئاو سەردانی ئەم گوندە دەکەن و تێر ئاوی کاونیاوەکە دەخۆنەوەو لەگەڵ خۆشیان دەبنەوە.
کاری وێنەگرتنی ئەم ڤیدیۆیە لەلایەن ئەدیب سورچی ئەنجامدراوە، بەیەکەوە لەم ڤیتییە دەڕوانین.