لە شاخی بێژنگبەسەری بۆکان بازێک ئازادکرا

24 October 2021
لە شاخی بێژنگبەسەری بۆکان بازێک ئازادکرا
دەبێت مرۆڤ دڵخۆشبێت بەوەی ژیانی گیانلبەرێک لە مردن رزگار بکات و ئازادی بکات، جگە لەوەش رەنگە کەسانێکی زۆر بە بینینی ئەو گیانلەبەرە دڵخۆشبن.

سمکۆ مەعرووفی ژینگەپارزێکی بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، لە دوای ئەوەی بێچووە بازێک دەبینێت کە بریندارکراوە و زیان بە باڵی گەیشتووە، لەلایە خۆی دەیهیڵێتەوە و چارەسەری دەکات و لە دوای چاکبوونەوەی لە نێو سرووشتدا ئازادی کردووەتەوە.

ئەو ژینگەپارێزە چالاکییەکەی لەگەڵ گرووپی شاخەوانیی ئاگری لە شاخی بێژنگبەسەری لە دەرووبەری بۆکان ئەنجامداوە و ئەیوب محەممەدپوور ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە تۆمارکردووە و بۆ رووداوی تۆ نێردراوە.

هەرچەند بەشێک لە راوچەییەکان هەوڵی راوکردنی ئەو جۆرە باڵندەیانە لە کوردستان دەدەن و لە بازاڕەکاندا دەیفرۆشنەوە، بەڵام ژینگەپارێزان بەردەوام هەوڵ بۆ ئەوە دەدەن ئەو باڵندانە کە ژمارەیان بەشێوەی بەرچاو کەمیکردوو، دووبارە بیانگەڕێننەوە نێو سرووشت.



دروێنەی برنج بە هەرەوەزی لە سەنگەسەر

دروێنەی برنج لە کوردستان دەستپێکردووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەم بەرهەمە کە بە برنجی کوردی دەناسرێت، دەکەوێتەوە بازاڕەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمساڵ وشکەساڵی بوو و چاندنی برنج ئاوێکی زۆری پێویستە.

شەماڵ شێخە ڤیدیۆیەکی لەبارەی دروێنەی برنج لە ناحیەی سەنگەسەری سەر بە قەزای ماوەت بۆ رووداوی تۆ ناردووە کە ئەو کارە بە هەرەوەزی کراوە و بەشێک لە دیمەنەکان بە درۆن وێنەگیراون.

بەهۆی ئەوەی رووبەری برنجە چێندراوەکە زۆر نییە، بۆیە بە هەرەوەزی و بە شێوەیەکی کۆن بە دەست و داس دروێنەی بۆ کراوە و لە جۆری برنجی سەدرییە.

لە باشووری کوردستان لە چەندین ناوچەی جیا جیا برنج دەچێندرێت و چەندین جۆری هەیە، لەوانە شەش مانگی، بەندەری، سەدری، تەحالوف، چینی و ژاپۆنی.

برنج لە دەشتایی و نزیک رووبارو جۆگەکاندا دەچێنرێت، ئەویش لە کۆتایی وەرزی بەهاردا لە پاش کێڵان و وردکردن و تەختکردن و پاراوکردنی زەویەکە، چاندنی لە وڵاتێکە وە بۆ وڵاتێکی دیکە دە گۆڕێت، لە هەندێ ناوچەی جیهاندا لە قەدپاڵی چیاکاندا دەچێنرێت کە تێکڕایی بارانبارین لە هەزار و 200 ملم زیاترە، وەک چین، ژاپۆن و تایلەند.



راوەماسی لە چەمی مەیدانی کەلار

راوەماسی ئەگەرچی بۆ بەشێک لە خەڵکی بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیانە، یاخود دابینکردنی ژەمێکی خواردنەوە، بەڵام بۆ خەڵکانێک تەنیا چێژوەرگرتنە.

سەلاح رەفیق ساڵانە چەند جارێک لەگەڵ هاورێیەکی بەناوی حەمەئەمین کەریم و کوڕەکەی شاخەوان سەلاح، لە یەکێک لە چەمەکانی سنووری گەرمیان راوەماسی دەکەن و کاتێکی خۆش بەسەردەبەن.

ئەمجارە لە چەمی مەیدانی سنووری قەزای کەلار، راوەماسیان کردووە و سەلاح رەفیق ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە.

لە دوای راوەماسییەکە، جلوبەرگی پاکیان پۆشیوە و بە دەم برژاندنی ماسییەوە بۆ ژەمی نیوەڕۆ، گۆرانیش دەڵێن.

سەلاح رەفیق و شاخەوان سەلاح دوو راوکەری لێهاتووی ماسین و بە تۆڕ ماسی دەگرن.




دیمەنی شاخی دابان هەلاج لە سوورداش

بێگومان پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و دەرکەوتنی درۆن و کامێرای پێشکەوتوو، وایکردووە سرووشت بە شێوازێکی جیاواز و جوانتر دەربکەوێت.

راستگۆ شەدەڵەیی کە بەردەوام بە درۆن دیمەنی سرووشتی کوردستان وێنە دەگرێت و بۆ رووداوی تۆی دەنێرێت، ئەمجارە درۆنەکەی بەسەر شاخی دابان هەلاج لە سنووری گوندی شەدەڵەی سەر بە ناحیەی سوورداش فڕاندووە و چەند دیمەنێکی وێنەگرتووە.

ئەم شاخە جوانییەکی بە گوندی شەدەڵە بەخشیوە و ئێستا بووەتە شوێنیکی گەشتیاری و چەندین پڕۆژەی گەشتیاریی لەخۆدەگرێت.

شەدەڵە سەر بە ناحیەی سوورداشە لە پارێزگای سلێمانی، لە باکوور لەگەڵ گوندی سەرگەڵو، لە باشوور لەگەڵ گوندی سوسێی ئاڵەمەرە، لە رۆژھەڵات لەگەڵ گوندی ھەڵەدن و لە رۆژئاوا لەگەڵ گوندی کانی شۆک ھاوسنوورە.


رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.

کاژێر 07:40ـی بەیانی پێشکەشدەکرێت.