ژنێک تەمەنی 130 ساڵە و ناسنامەی نییە
کۆکردنەوی تووتن لە گوندی جەڵدیانی پیرانشار
تووتن یەکێک لەو بەرهەمانەیە کە لە کوردستان دەچێنرێت و ئێستا کاتی کۆکردنەوەیەتی و ئەوانەی ئەو کارە دەکەن، کۆکردنەوەی ئەم بەرهەمە بە تووتن هەڵبڕین دەناسێنن.
عەبدولباقی رەشیدی ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، تێیدا دیمەنی کۆکردنەوەی ئەم بەرهەمە لە گوندی جەڵدیانی سەر بە پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان نیشاندەدات.
خاوەن زەوییە کشتوکاڵییەکە دەڵێت، ماوەی 16 ساڵە تووتنیان نەچاندبوو، ئەمساڵ بڕیاریندا جارێکی دیکە ئەم کارە بکەن.
لە ڤیدیۆکەدا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، ئەو تووتنەی ئەمساڵ چاندوویانە، سێ مانگ و 10 رۆژە لە ژێر زەویدا بووە و ئێستا کاتی کۆکردنەوەیەتی.
دوای چاندن و گەورەبوون، گەڵای توتنەکە بە تەڕی و سەوزی لێدەکرێتەوە و بە دەزوویەک هەڵدەواسرێن کە پێیدەگرترێ بەشریتکردن. بۆ ماوەی 40 رۆژ، لە شوێنێکی تایبەت کە پێیدەگوترێ زیندانی توتن، یاخود زاخە، هەڵدەگیرێت. تاوەکو رەنگە سەوزەکەی زەرد یاخود قاوەیی دەبێت.
بەپێی ئامارەکانی رێکخرای تەندروستیی جیهانی (WHO)، تووتن و جگەرەکێشان ساڵانە بووەتە هۆکاری مردنی شەش ملیۆن کەس و واتە 10٪ ژمارەی مردووەکان لە ماوەی یەکساڵدا و 600 هەزار کەسیش بەهۆی هەڵمژینی دووکەڵی جگەرکێشەکانی دیکە گیانلەدەست دەدەن و ئاماری ئەوەش بڵاوکراوەتەوە کە تاوەکو سەدەی بیستەم، نزیکەی سەت ملیۆن کەس بەهۆی تووتنەوە گیانیان لەدەستداوە.
لە گوندی شێخ ئاودەلان تەمەنی ژنێک 130 ساڵە
رەنگە بەشێکی زۆر لە مرۆڤەکان حەز بکەن تەمەنیان درێژ بێت، بەڵام تەمەنی زۆریش ئەگەر تەندروستییەکی باشی لەگەڵدا نەبێت، سوودی چییە؟
لە گوندی شێخ ئاودەلان لە سنووری قەزای پشدەر، ژنێکی بە تەمەن هەیە و بە گوتەی خەڵکی گوندەکە تەمەنی لە نێوان 130 بۆ 135 ساڵە.
سدیق فەقیانی هونەرمەندی میللی کە بەردەوام لەبارەی مژاری سەرنجڕاکێشی گوندەکان ڤیدیۆ بۆ رووداوی تۆ دەنیرێت، سەردانی گوندی شێخ ئاودەلانی کردووە و تەمەنی زۆری ئەو ژنە سەرنجی راکێشاوە و ڤیدیۆیەکی لەمبارەیە تۆمارکردووە و ناردووە.
فەقیانی دەڵێت، ئەو ژنە بە پوور کابان لە گوندەکەدا دەناسرێت و ناسنامەی نییە و ژیانی هاوژینی پێک نەهێناوە و بە تەنیا دەژی، بەڵام خەڵکی گوند خواردنی بۆ دەبەن و جار جاریش سەری دەشۆن و ماڵەکەی بۆ پاکدەکەنەوە.
هەروەها دەڵێت، پور کابان بیستنی زۆر لاوازە و کێشی زۆر کەمە، تەنانەت کە قسەش دەکات، ناتوانیت بە باشی لە قسەکانی تێبگەیت.
شێخ ئاودەلان گوندێکی سنووری ناحیەی هەڵشۆی سەر بە قەزای پشدەرە، خەڵکی ئەو گوندە بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری سەرقاڵن و بە بەرهەمی تور بەناوبانگە.
گەشتی شاخەوانان بۆ سەیرانگەی خاڵانەی گوندی هلور
دەی خۆ گرووپە شاخەوانییەکان نابێت بەردەوام رێگەی سەخت و شاخ بگرنەبەر، بەڵکو جار جاریش دەچن بۆ سەیرانگە و هاوینەهەوارەکان و لە نێو دیمەنێکی جوان و کەش و هەوایەکی فێنکدا، کاتێکی خۆش بەسەردەبەن.
سەرۆک و بەشێک لە ئەندامانی گرووپی شاخەوانی قەڵای هەولێر، گەشتێکیان بۆ سەیرانگەی خاڵانە لە گوندی هلور لە ناحیەی شێلادزی قەزای ئامێدی ئەنجامداوە و لەمبارەیەوە ڤیدیۆیەکیان بۆ رووداوی تۆ ناردووە.
گرووپەکە لە گوندی هلور بە شاخڕەوی بۆ ماوەی ٥٠ خولەک بە نێو سرووشت و دیمەنی جوانی گوندەکەدا رۆیشتوون و سوپاسی رۆژنامەڤان نەوزاد هلوری دەکەن کە کارئاسانی بۆ گەشتەکەیان کردووە و زێدان هلوری رێبەری گەشتەکەیان بووە.
لە رێگە پاشماوەی پردێکی کۆنیان بینیوە کە مێژووەکەی بۆ ٦٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا دەگەرێتەوە و هەردوو دەڤەری بارزان و زێباری بەیکدیەوە بەستووەتەوە.
لە سەیرانگەی خاڵانه دارچنارێکی گەورە بەدی دەکرێت کە تەمەن ٤٠٠ ساڵە و ئاشێکی کۆنیشی لێیە و تەمەنی ٦٠٠ ساڵە، کانیاوێکی سازگاری هەیە کە پێشتر بۆ بەکارخستنی ئاشەکە بەکارهاتووە.
خاڵانە دەکەوێتە سەر ئەو رووبارەی کە ئاوەکەی لە گەلی باڵندا، رێکان و شیلادزێ بۆ دەڤەری بارزان دەچێت، ئاوهەوای ناوچەکە زۆر فێنکە و رێگەی قیرتاوکراو یەک کاژێر بە رۆیشتن بە پێ لێیەوە دوورە.
لە رواندز هاوکاری سەگێکی بریندار دەکرێت
لە کوردستان سەگە بێ خاوەنەکان خۆیان بەدبەختبوونە، برسین و دەکوژرێن، ئینجا وەرە سەگێک بەهۆی رووداوی هاتووچۆ هەردوو قاچی لەدەستدابێت و بتوانێت بەم شێوەیە نان و ئاو پەیدا بکات.
لەسەر رێگەی رواندز – سۆران، ئۆتۆمبێلێک خۆی بە سەگێکدا کێشاوە و بەهۆیەوە دوو قاچی لەدەستداوە و دوو رۆژ لەسەر شەقام بێ نان و ئاو ماوەتەوە، ئەویش توانای جووڵەی نەبووە.
پۆلیسی داراستانی رواندز لە نزیک گوندی کاولۆکان لە سنووری قەزای رواندز، سەگەکەیان گواستووەتەوە بەر سێبەر و نان و ئاویان پێیداوە، بۆی ئەوەی لە مردن رزگاری بێت و شوان شەفیق کە پۆلیسی دارستانە، ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە.
لەم چەند ساڵەی دواییدا ژمارەی سەگە بێ خاوەنەکان لە شەقام و کۆڵانەکانی نیو شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان زۆربوونە، ئەمەش بووەتە مایەی نیگەرانی بەشێکی زۆر لە هاونیشتمانییان.
بەشێک لە هاونیشتمانییان پەنا دەبەنە بەر کوشتنی ئەو سەگانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی دیکەیان لە دژی کوشتن و ئازاردانی سەگ و ئاژەڵەکانن، تەنانەت هاوکاریشیان دەکەن و خواردنیان پێدەدەن، چەندین جاریش ڤیدیۆ لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ نێردراون.
رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.
کاژێر 07:40ـی بەیانی پێشکەشدەکرێت.
بهشی بكه لە