هەنگوینی زەردەواڵە لە گوندی کۆڵەسەی خوارووی سەردەشت
رەنگە زۆربەتان هەنگوینتان خواردبێت کە بەرهەمی مێشی هەنگە، بەڵام زەردواڵەیەکیش جۆرە هەنگوینێک بەرهەمدێنێت و بەشێک لە خەڵکی دەیخۆن و پێیانوایە باشترین جۆری هەنگوینە.
ئەبوبەکر سەعید لە کولسی خوارووی سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان، ڤیدیۆ بۆ رووداوی تۆ ناردووە، ئەویش نیشاندانی شانەی هەنگی جۆرە زەردەواڵەیەکە و لە رۆژهەلاتی کوردستان پێیدەگوترێت شەمترینکە.
بەشێک لە زەردەواڵەکان هەنگ بەرهەمدێنن، بەڵام رێژەیەکی کەمە و بەشی خۆیان و بێچوەکانیان دەکات لە وەرزی زستان و سەرمادا و شانەکانی بچووکن، بەڵام بەشێک لە هاونیشتمانییان لە کوردستان بەدەستی دەهێنن و دەیخۆن.
کۆڵەسەی خوارێ دێیەکە لە گوندستانی باسکی کۆڵەسە، لە سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان، ژمارەی دانیشتووانی ١٢٣ کەسن.
گەشتی پایسکلسواری دوو گەنجی باشووری کوردستان بۆ تراپزۆن کۆتاییهات
دوو گەنجی کورد کە پایسکلسوارن، گەشتێکیان بۆ تراپزۆنی تورکیا ئەنجامداوە و توانیان گەشتەکە بە سەرکەوتووی ئەنجام بدەن و بگەڕێنەوە کوردستان.
بێگومان ئەمە بە دەم خۆشە باسی بکەیت، بەڵام بیر لەوە بکەوە گەشتەکە 30 رۆژی خایاندووە و سێ هەزار کیلۆمەتریان بە پایسکل بڕیوە.
شەعبان شەوکەت خەڵکی شاری دهۆکە و بیلال ئیبراهیم خەڵکی شاری هەولێرە و گەشتەکەیان لە هەولێرەوە دەستیپێکردووە و بۆ تراپزۆن بووە لە تورکیا.
شەعبان شەوکەت دەڵێت، هیوایان ئەوەیە کولتووری پایسکلسواری لە نێو گەنجانی کوردستان زیندوو بێتەوە و هانی وەرزشڤانانی کوردستان بدەن بۆ ئەوەی تواناکانی خۆیان دەربخەن.
شەعبان شەوکەت لە 1993 لە دهۆکە لە دایکبووە، دەرچووی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشییە لە زانکۆی دهۆک، دانیشتووی قەزای سۆران و یاریزانی پایسکلسواری و شاخەوانییە.
پێشتر بە پایسکل گەشتی هەولێر- بەسڕەی ئەنجامداوە و 19 رۆژی خایەندووە، هەروەها گەشتی دهۆک - ئیستانبووڵ کە ماوەی 23 رۆژی خایاندووە.
بیلال ئیبراهیم لە 1997 لە شاری هەولێر لە دایکبووە، دەرچووی قۆناغی 12 دواناوەندییە و یاریزانی پایسکلسواری و شاخەوانییە و گەشتی پیادەی لە هەولێرەوە بۆ پیرمام ئەنجامداوە.
دروێنەی برنج لە گوندی کەشکاوەی دینارتە
ئێستا کاتی دروێنەی بەرهەمی برنجە لە کوردستان، بۆیە بەشێکی زۆر لە هاونیشتمانییان ڤیدیۆ لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ دەنێرن، بەتایبەتیش لە سنووری قەزای ئاکرێ کە ساڵانە رووبەرێکی فراون بۆ چاندنی ئەم بەرهەمە تەرخاندەکرێت.
رزگار زێباری ڤیدیۆیەکی لەبارەی دروێنەی برنج لە گوندی کەشکاوە لە سنووری ناحیەی دینارتە لە قەزای ئاکرێ بۆ رووداوی تۆ ناردووە، تێیدا دیمەنی دروێنەی برنج بە هەرەوەزی نێشاندەدات کە ب داس و بە شێوازێکی کۆن کارەکە دەکرێت.
لە سنووری ئاکرێ چەند جۆرە برنجێک بەرهەمدەهێندرێن، لەوانە برنجی شەش مانگی، برنجی سەدری و برنجی تەحالوف و بووەتە سەرچاوەی داهات بۆ خەڵکی سنووری قەزاکە و داخوازییەکی زۆری لەسەرە.
برنج لە دەشتایی و نزیک رووبارو جۆگەکاندا دەچێنرێت، ئەویش لە کۆتایی وەرزی بەهاردا لە پاش کێڵان و وردکردن و تەختکردن و پاراوکردنی زەویەکە، چاندنی لە وڵاتێکە وە بۆ وڵاتێکی دیکە دە گۆڕێت، لە هەندێ ناوچەی جیهاندا لە قەدپاڵی چیاکاندا دەچێنرێت کە تێکڕایی بارانبارین لە هەزار و 200 ملم زیاترە، وەک چین، ژاپۆن و تایلەند.
لە هەڵەبجە سێ رێوی هێرش دەکەنە سەر چەند قاز و مراوییەک
بەهۆی ئەوەی ئێستا کامێرای چاودێری هێندە زۆربوونەوە، تەنانەت رێویش کەتنێک بکات، دیمەنەکانی تۆماردەکرێت.
لە شاری هەڵەبجە هاونیشتمانییەک ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە کە لە کامێرای چاودیری ماڵان وەرگیراوە، تێیدا دیمەنی هێرشی سێ رێوی بۆ سەر چەند قاز و رێوییەک نیشاندەدات.
قاز و مراوییەکان لە نێو حەوزێکی ئاودان و پلانی سێ قۆڵی سێ رێوییەکە سەرکەوتوو نابێت بۆ خواردنیان، کە لە سێ لاوە گەمارۆیان دەدەن، بەڵام رێوییەکان ناتوانن بچنە نێو ئاوەکە.
رێوی یەکێک ئاژەڵێکی گۆشتخۆر و رووەکخۆرە و لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا دەبیندرێت، قەبارەیان بچووکە و کێشیان لە نێوان 680 گرام تا 11 کیلۆگرام دەبێت، درێژی جەستەی 30 بۆ 60 سانتیمەترە، جۆرێکیشیان هەیە درێژییەکەی دەگاتە 86 سانتیمەتر و خێرایی لە راکردندان 72 کیلۆمەترە لە یەک کاژێردا.
پاییزی گوندی رایاتی حاجی ئۆمەران
بەهۆی پاییزەوە بەشێکی زۆر لە هاونیشتمانییان لە گوندەکانیان ڤیدیۆ و دیمەنی گوندەکانیان لەو وەرزەدا بۆ رووداوی تۆ دەنێرێن.
هاونیشتمانییەک بەناوی رەسووڵ غەفور، ڤیدیۆیەکی گوندی رایاتی لە سنووری ناحیەی حاجی ئؤمەران بۆ رووداوی تۆ ناردووە کە گەڵای درەختەکان زەردبوونەوە و هەڵدەوەرن.
گوندی رایات سەر بە ناحیەی حاجی ئۆمەرانە لە سنووری قەزای چۆمان، 180 كیلۆمەتر لە باكووری پارێزگای ھەولێر دوورە.
گوندی رایات شوێنێكی سەخت و شاخاوییە و 35 ماڵی تێدایە، ماڵەكان بە زستان و ھاوین ھەر لە گوندەكە دەمێننەوە سەرەڕای سەختی زستانەكەی.
خەڵكی ئەو گوندە بە كاری كشتوكاڵی و باخداری سەرقاڵن، بەشێكیشیان لە دەزگا حوکمییەکان فەرمانبەرن.
رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.
کاژێر 07:40ـی بەیانی پێشکەشدەکرێت.
بهشی بكه لە