مامۆستایەکی دێرین دووبارە وانە بە قوتابییەکانی دەڵێتەوە
مامۆستایەکی دێرین دووبارە وانە بە قوتابییەکانی دەڵێتەوە
هەموومان لە قوتابخانە یادگارییەکی زۆرمان لەگەڵ مامۆستاکان هەیە، هەندێ مامۆستام زۆر خۆشویستووەو هیچ کات لەبیری ناکەین، ئەمە وایکردووە، لە هەولێر ژمارەیەک گەنج مامۆستای دێرینەکەیان بهێننەوە نێو پۆل و بە یادگاریی رۆژانی رابردوو وانەی کوردی دووبارە بڵێتەوە.
هاونیشتمانییەک بەناوی شێرزاد رەسوڵ، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە لە مۆزەخانەو ئەرشیفی پەروەردەی هەولێر ئەزموونی وانەوتنەوەی بۆ مامۆستای دێرین، شوکریە دێوانە، دووبارەکراوەتەوە.
لەم ڤیدیۆیە دەردەکەوێت، کە مامۆستا شوکریە بابەتی ئاوەدانی لە کتێبی ئەلف و بێی ئیبراهیم ئەمین باڵدار دووبارە دەکاتەوەو چەند کەسێکیش وەکو قوتابی لەسەر رەحلە دانیشتوون و گوێ لە مامۆستا شوکریە دەگرن. بەیەکەوە لەم ڤیدیۆیە دەڕوانین، کە لەو باوەڕدام زۆر لە خەڵکی بیری قوتابخانە دەکەنەوە.
لە شنۆ جووتیارێکی نموونەیی توورێکی جیاواز دەچێنێت
لە گوندی دوربەی سەر بە شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، جووتیارێکی نموونەیی هەیە، کە جۆرە توورێکی چاندووە، زۆر جیاواز و تایبەتە و قەبارەیەکی یەکجار گەورەی هەیە.
سوڵتانی هەمزەیی، جووتیارێکی نموونەیی شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستانە، هەمیشە کاری نوێ و داهێنان لە بواری کشتوکاڵی دەکات، نوێترین کاری چاندنی بریتیە لە توورێکی گەورە، کە قەبارەکەی یەکجار گەورەیەو نزیکەی یەک مەتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا تام و چێژێکی تایبەتی هەیە و خەڵکی بە تامەزرۆییەوە سەردانی کێڵگەکەی سوڵتان دەکەن.
لە ڤیدیۆکەدا کە بۆ رووداوی تۆی ناردووە دیارە، کە سوڵتان هەمزەیی، لەگەڵ دوو نەوەکەی راوستاوەو هەریەکەو توورێكی گەورەیان لە دەستدایە و مام سوڵتان بەسەرسوڕمانییەوە باس لە تووڕەکە دەکات، ئێمەش بەیەکەوە بینەری ئەم تووڕە جیاوازەی مام سوڵتان دەبین.
دروستکردنی کاری دەستی لە قەڵادزێ
هاوژین، دەرچووی کۆلێژەو هیچ کارێکی لە قەڵادزێ دەستنەکەوتووە، بەهرەو تواناشی لە کاری دەستی هەبووە، بۆیە دەستی داوەتە دروستکردنی کاری دەستی و دەیانفرۆشێتەوە.
هاوژین لە شارۆچکەی قەڵادزێی سەر بە ئیدارەی راپەڕین، ڤیدیۆیەکی بۆ بەرنامەی رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا کاری دەستی زۆری دروستکردووەو بۆ فرۆشتن نمایشکردووە، دەیەوێت لەرێگەی کاری دەستییەوە بژێوی ژیانی خۆی دابین بکات.
هاوژین دەڵێت لە ساڵی 2016 دەستی بە کاری دەستی کردووە، لە ماوەی کەرەنتینەشدا ئەو دەرفەتەی بە هەل زانیوە، ژمارەیەکی زۆر لە کەلوپەلی جوانکاری ناوماڵ و ئێکسسوارتی دروستکردووە، دەڵێت لە هیچ پێشانگەیەک بەشداری نەکردووە، بەڵام ئەگەر داوای لێ بکەن دەتوانێت لە پێشەنگەکان نمایشیان بکات، یان راستەوخۆ بیانفرۆشێ. لەم ڤیدیۆیە بینەری دەستڕەنگینی هاوژین دەبین.
کۆکردنەوەی هەنار لە بیارە
هەرکە باسی هەنار دەکرێت، ئیدی دەبێت روو بکەیتە هەڵەبجەو هەورامان، کە بەهەناری ترش و مێخۆش و بەتام ناسراوە، بەتایبەتی لە وەرزی پاییزان، جووتیارەکانی بیارە هێشتا لەنێو باخەکانیان سەرقاڵی کۆکردنەوەی هەنارن، کە ئەمساڵ بەرهەمێکی زۆر باش پێگەیشتووە.
هاونیشتمانییەک بەناوی سەرحەد هەورامی ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا ژمارەیەک لە خەڵکی لەنێو باخێک دەردەکەون و سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەرهەمی ئەمساڵی هەنارن.
سەرحەد دەڵێت، ئەو هەنارانەی بۆ خواردن خۆش و شیرینن، لە شوێنێکی شێدار هەڵیان دەگرن بۆ وەرزی زستان، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هەنارانەی ترشن بۆ خواردن ناخۆشن دەکەینە دۆشاوی هەنار و دوای کۆکردنەوەی ئاوی هەنارەکە، دنکە هەنارەکە کۆدەکرێتەوە بۆ چێشت دروستکردن بەکاردەهێندرێت و پێی دەڵێن ترشی هەنار، کەواتە هەموو بەشەکانی هەنار سوودی لێ وەردەگرن و هیچ بەهەدەر نادرێت.
دارو درەختی شەقامەکانی ئەسفەهان
بانە، خەڵکی باشووری کوردستانە، بەگەشتێک لەگەڵ باوکی چوونەتە ئەسفەهانی وڵاتی ئێران، ئەوەی لەم گەشتەدا زۆر سەرنجی راکێشاون، بوونی دارودرەختێكی زۆرە لەسەر شەقامە سەرەکییەکانی ئەسفەهان.
بانە، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا لەیەکێک لە شەقامەکانی ئەسفەهان راوەستاوەو داوا دەکات، لە باشووری کوردستانیش گرنگی بە سەوزکردنی شەقامەکان و چاندنی دار ودرخت بدرێت، چونکە جوانیەکی ناوازەی بە ئەسفەهان بەخشیوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئۆحکسجینێکی باش بە دانیشتووانی ئەم شارەداوە.
دواتر بەیاری باوکی بانە دێتەگۆ دەڵێت، دەکرێت لە کوردستان بکرێتە بە یاسا و هەر منداڵێک کاتێک لە دایکدەبێت دەبێت بنەماڵەکەی دارێک بچێنن، یان هەر ماڵێک دروست دەکرێت مەرجی سەرەکی ئەوە بێت دارێک لەسەر شەقامەکان بچێنێت، ئەگەر بکرێتە زۆرەملێ، خەڵک ناچار دەبێت دار و درەخت بچێنێت و پارێزگاریشی لێ بکات، بزانین بانەو باوکی چ ڤیدیۆیەکیان بۆ ئێمە ناردووە بەیەکەوە بینەری دەبین.
کوێستانەکانی چەمی شلێر لە پێنجوێن
ژمارەیەک لە گەنجانی قەزای پێنجوێن گەشتێکیان بۆ کوێستانەکانی چەمی شلێر ئەنجامداوە، کە تێدا گوندی مڕان نیشاندەدەن.
لەنێو ژینگەیەکی پاک و سروشتێکی دڵڕفێنی بەرزاییەکانی گوندی مڕانەوە، ژمارەیەک لە گەنجان دانیشتوون و بە دەم گۆرانی خوایە وەتەن ئاوا کەن سەیری ئەم کێو و شاخەکان دەکەن.
گوندی مڕان، دەکەوێتە شارۆچکەی گەرمكی سەر بە قەزای پێنجوێن لە سنووری پارێزگای سلێمانیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ناوچەیە بە کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن و بەرهەمی باش رەوانەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەیەکەوە بینەری ئەم دیمەنە جوانانەی سرووشتی کوردستان دەبین.
یاریگای لاجان لەگوندی لاجان دەکرێتەوە
ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کوردستان، هۆگرو خولیای یاری تۆپی پێن، خەڵکی واهەیە هێندە بە تووندی هاندەری یانەکانە دەیان شەڕی لەسەر یانەکەی کردووە، بۆیە رۆژ لە دوای رۆژ لە کوردستان دروستکردنی یاریگە لە زیادبووندایە، نوێترین یاریگەش ، لە گوندی لاجانی هەرکییە لە دەوروبەری هەولێر بووە، کە بۆ یەکەمجار بەرووی یاریزانان کرایەوە.
بەبۆنەی کردنەوەی ئەم یاریگایە، یارییەکی دۆستانە لە نێوان تیپی لاوانی فرمێسکی هەولێرو لاوانی ئایندەی لاجان بەڕێوەچوو، دوای یارییەکی تووند یانەی ئایندەی لاجان بە لێدانی یەکلاکەرەوە سەرکەوت. بەیەکەوە بینەری کردنەوەی یاریگەکەو بەڕێوەچوونی یارییەکە دەبین.
دیمەنی گوندی گۆڕە بەکرۆسک لە دەڤەری بارزان
هاونیشتمانییەک بەناوی سەمیر دۆڵەمەری، هەمیشە گوندەکانی دەڤەری بارزان وێنەدەگرێت و بەشێوەیەکی گشتی بەبینەرانی رووداوی تۆ دەناسێنێت.
سەمیر ئەمجارە گوندی گۆڕەبەکرۆسک دەناسێنێت، کە دەکەوێتە دەڤەری بارزان لە بناری چیای هاجیەسورە، هەڵبەتە له رووی ئیدارییەوە ئەم گوندە سەر بە ناحیەی گۆڕەتووی قەزای مێرگەسۆرە، لە دوو بنەماڵە پێکهاتوون و تەنیا 16 ماڵی تێدا دروستکراوەتەوە. گوندی گۆڕەبەکرۆسک سەرچاوەی ئاوی زۆرە. سرووشت و دیمەنی جوان و دڵ رفێنی هەیە لە هەر چوار وەرزی ساڵدا، لەرووی کشتوکاڵییەوە دانیشتوانی گوند پشت بە بەرووبومی خۆماڵی وەک "ترێ ، هەنجیر، هەنار ، گوێز ، هەرمێ ،و چەند بەرووبومێکی تر دەبەستن. بەیەکەوە چەند ساتێک بینەری ئەم ڤیدیۆیە دەبین.