دروستکردنی ئەنگوستیلە

دروستکردنی ئەنگوستیلە
ئازادکردنی ژمارەیەک کەو لە مەهاباد

لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان، هاونیشتمانییەک ژمارەیەک کەو ئازاد دەکات و دەیگەڕیێنێتەوە نێو سرووشتی جوانی کوردستان.

حوسێن دوشنە، خەڵکی شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستانەو ماوەیەکی زۆرە خولیای کەو بەخێوکردنە، بەڵام دواجار بڕیار دەدات بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان، ژمارەیەک لە کەوەکانی ئازاد بکات و لە قەفەز دەریان بکات و بیانگەڕێنێتەوە نێو سرووشتی کوردستان.

ئازادکردنی کەو و ئاشتبوونەوە لەگەڵ سروشت لە مەهاباد، رۆژ دوای رۆژ زیاد دەبێت، پێشتریش لە رێوڕەسمێکدا  ٣ راوچی لە شاری مەھابادەوە بە نوێنەرایەتی چەندین راوچی دیکە بۆ ھەمیشە دەستیان لە راو کردن کێشاوەتەوەو ٤٠ کەویان لە مەھاباد ئازاد کردووە. ھەروەھا لە ساڵی رابردووشدا ٥٠ راوچی شاری مەھاباد لە گەڵ ئازاد کردنی کەو و سوتانی قەفەسەکانیان، بۆ ھەمیش ە دەستیان لە راوکردنی کەو کێشاوەتەوە. 


کانیاوی گۆگردییه‌كانی وڵاتی ئایسله‌ندا



كانیاوه‌ی كانزایی ، یاخود گڕاوو گۆگردی لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتی ئایسلەندا بوونی هەیە و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر بۆ بینینی ئەم کانیاوانە سەردانی ئایسلەندا دەکەن.

هاونشتمانییەک بەناوی کەریم قوبادی سەردانی کانیاوەکانی Námafjall لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەم وڵاتەی کردووەو، ڤیدیۆیەکی تایبەتی بۆ بەرنامەی رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا چەندین کانیاوی گۆگردی و کانزایی نیشاندەدات.

کەریم قوبادی دەشڵێت، كانیاوه‌ گۆگردییه‌كانی ئایسلەندا زۆر تایبەت و سەرنجراکێشن، کە وەکو چیایەکی گڕکانی دەردەکەون و کانیاوەکان گوڕوتینێکی زۆریان هەیە، لەگەڵ  ئەوەشدا بۆنێکی ناخۆشیان هەیە، بەڵام بەردەوام گەشتیاران لە هەموو جیهان سەردانی دەکەن و بەچاوی خۆیان ئەم کانیاوانە دەبینن، کە گەرمەو دەکوڵێت و دەنگێکی زۆریشی لێوە بەرز دەبێتەوە.

لەم کانیاوانە وەزی لێ بەرهەمدێت و لە ساڵی 1969 وێستگەیەی بەرهەمهێنانی وەزی لە رۆژهەڵاتی ئەم چیایە دامەزراندووە، کە زیاتر لە 3 مێگاوات وەزی گەرمی زەوی لێ بەرهەمدێت و ئەم ناوچەیە سوودی لێ وەردەگرێت، بڕیاریشە ئەم وەزیە بەرز بکرێتەوە بۆ 90 مێگاوات.

کۆماری ئایسلەند، وڵاتێکی دوورگەییە کە لە شازەریای ئاتلانتیکی باکووردا ھەڵکەوتووە. بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٤ ژمارەی دانیشتوانی وڵاتی ئایسلەند ٣٣٣ هەزار کەس بووە.


دروستکردنی ئەنگوستیلە 

هاونیشتمانییەک لە شاری دهۆکی باشووری کوردستان، ئەنگوستیلە لە دراوی ئاسنی 50 سەنتی دروستدەکات.

هاونیشتمانییەک بەناوی شی مال ئەتروشی لە شاری دهۆک، ماوەیەکە دەستی داوەتە دروستکردنی ئەنگوستیلەی خانمان لە دراوی ئاسن، بەتایبەتی دروای 50 سەنتی، ئەمەش بووەتە جێگەی سەرنجی هۆگرانی ئێکسسوارت و جوانکاری خانمان.

شیمال، هەمیشە دەیەوێت کاری نوێ و سادە بە مادەی نوێ ئەنجامبدات، بۆیە هەرچی بەدەستی دەکەوێت لە بواری ئێکسسواراتدا بەکاری دەهێنێت و لەمبارەیەوە زۆر دەستڕەنگینەو هەرچییەک دروست بکات دەبێتە جێگەی خۆشحاڵی خانمان، بەیەکەوە لە چۆنیەتی دروستکردنی ئەم ئەنگوستیلەیە دەڕوانین.


بنە تەماتەیەکی دوو مەتری لە دەڤەری بارزان

لە گوندی کۆلەکای سەر بە قەزای مێرگەسۆر لە سنووری پارێزگای هەولێری باشووری کوردستان، بنە تەماتەیەکی دوو مەتری خۆرسک رواوە، ئەمەش لەم ناوچەیە وێنەی نەبووە.

غانم شێروانی دانیشتووی گوندی کۆلەکا ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە بنە تەماتەیەک لەبەردەم یەکێک لە ماڵەکانی ئەم گوندە رواوە دوو مەتر دەبێت، ئەمەش بووەتە جێگەی سەرنجی دانیشتووانی ئەم گوندە.

غانم لەمبارەیەوە دەڵێت، پیرەمێردو بەساڵاچووانی ئەم گوندەش سەریان سوڕماوەو دەڵێن پێشتر هیچ بنە تەماتەیەکی لەم شێوەیەیان نەبینیوە، کە دوو مەتر درێژبێت، بەڵام ئەم بنە تەماتەیە دەگمەنەو خۆرسکیش رواوە بەبێ ئەوەی کەس چاندبێتی.

هەڵبەتە لە جیهان تەماتە گەلێک ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردووە، وەکو قورسترین تەماتە کێشێکی بەرامبەر بە 3،51 کیلوی هەبووە، کە لە ساڵی 1986دا لە "ئوکلاهوما" پەروەردە کرابوو. درێژترین تەرزی تەماتەش کە 19،8 میتر درێژ بوو، ساڵی 2000 لە بەریتانیادا ریکۆردی شکاند و تۆمار کرا.


لە ئاکرێ دوو بێچووە رێوی ئازاد دەکرێن

هاونیشتمانییەک بەناوی بورهان زێباری لە گوندی شارمن لە سنووری قەزای ئاکرێی سەر بە پارێزگای دهۆک، دوو بەچکە رێوی ئازاد دەکات و دەیانگەڕێنێتەوە نێو سرووشتی کوردستان.

ماوەیەکە هاونیشتمانیان بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان، دەستیان بە ئازادکردنی ئاژەڵە کێوەکان کردووەو دەیانگەڕێننەوە نێو سرووشتی خۆیان و دەیانەوێت بە ئازادی بژین.
بورهان زێباری لەمبارەیەوە ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا دوو بەچکە رێوی ئازاد دەکات و دەڵێت، ئەم رێویانە لە بچووکییەوە بەخێوی کردوون و کەمێک گەورە بوونەو دەتوانن لەسەر پێی خۆیان بووەستن، ئینجا ئازادمان کردوون بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شوێنی رەسەنی خۆیان، کە سرووشتی کوردستانە.

رێوی یەکێکە لە ئاژەڵە ناسراوەکان لە باشووری کوردستان بوونی ھەیە , رێوی بەوە بەناوبانگە کە ئاژەڵێکە فرت و فێڵی زۆرە، رێوی بە شێوەیەکی گشتی قەبارەیان بچووکە و کێشیان لەنێوان 680گرام تا 11کیلۆ گرام دەبێت . درێژی جەستەیان لە نێوان 30  65 سم دەبێت، بەڵام جۆرێکیان ھەیە درێژییەکەی دەگاتە 86سم . رێوی زیاتر شەوانە راو دەکات و بە رۆژ خۆی حەشار دەدات. خێرایی رێوی لە کاژێرێکدا 72کم . رێوی ھەم گۆشت خۆرە و ھەم رووەکیش دەخوات . 
زۆرینەی رێوییەکان لەنێوان ساڵێک تا سێ ساڵ دەژین ئەگەر رێوی کێوی بێت ، بەڵام ئەوانەی لە باخچەی ئاژەڵان بەخێو دەکرێت تەمەنیان تا 10ساڵ دەڕوات. 


هاونیشتمانییەک رووباری ئالانە لە پاشماوەی گەشتیاران خاوێندەکاتەوە

هاونیشتمانییەک بەناوی "مەسعود ساڵح"،کە پیشەی پارێزەرە و دانیشتووی شاری هەولێرە، بۆ گەشت و دوورکەوتنەوە لە گەرما پڕوکێنەکەی هەولێر، سەردانی دۆڵی ئالانەی کردووە،  لەسەر رووباری دۆڵی ئالانە چەندین پاشماوەی گەشتیاران بەجێماوە، مەسعود خاوێنیان دەکاتەوە.

 دۆڵی ئالانە دەکەوێت نزیك شارۆچکەی خەلیفانی سەر بە قەزای سۆرانی سنووری پارێزگای هەولێر، بەهۆی بێ خەمی و نابەرپرسیارانەی بەشێك لە گەشتیاران رووباری ئالانە پیسبووەو پاشماوەیەکی زۆری گەشتیاران لە نێو ئاوەکە گیربووەو دیمەنێکی ناشیرینی بەو سرووشتە جوانە بەخشیوە، بۆیە مەسعود دەڵێت بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێت، پاشماوەو زبڵ و خاشاک لەسەر ئەم رووبارە پاک بکاتەوە.

مەسعود ساڵح دەشڵێت ،لە خەمی ژینگەدایە، و روو لە هەر شوێنێکی گەشتیاری بکات سەرەتا پاکی دەکاتەوە، دواتریش بە پاکی شوێنەکەی خۆی جێدەهێڵێت.داواش لە گەشتیاران دەکات لە دوای خۆیاندا شوێنەکانیان بە پاکی جێبهێڵن و پاشماوەکانیان فڕێنەدەن و ژینگەی پاك نەشێوێنن و پیسی نەکەن.

ئەم ڤیدیۆیە لەلایەن ئارام سمایل بۆ رووداوی تۆ نێردراوە، بابەیەکەوە سەیری ئەم دیمەنانە بکەین.


دیمەنی ئاوی پڕژە لە وەرزی هاویندا


لە رۆژە گەرمەكانی باشووری كوردستانیشدا پڕژە شوێنێكی زۆر ساردە . ئەو ناوچەیە دەكەوێتە سنووری قەزای چۆمانی پارێزگای هەولێر.

مانگی ته‌مووزه‌ و له‌ پڕژه‌ گه‌وره‌ و بچووك خلیسكانێی سه‌ر به‌فر ده‌كه‌ن، چونکە بەفری ئەو ناوچەیە تەنانەت لە گەرمترین مانگەکانی ساڵ، کاتێک پلەی گەرما لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان دەگاتە 50 پلەی سیلیزی، هەر دەمێنێتەوە.
 
ئه‌مساڵ لە کوێستانی پڕژە چه‌ندین مه‌تر به‌فر له‌ سه‌ریه‌ك كه‌ڵه‌كه‌ببوو‌، بەفر ئه‌شكه‌وتی به‌فرینی زۆری دروستكرد، کە ئێستا لەم وەرزەدا رۆژانە لەماوەی چەند کاژێرێکدا دەتووێتەوە، بەڵام پله‌كانی گه‌رما لە شه‌واندا دەگەنەوە ژێر سفری سیلیزی.

سەیرانگای پڕژە ، بەهۆی هەبوونی بەفرتێیدا لەگەرمای ھاوین وایکردووە ببێتە جێگای سەرنجی گەشتیاران و سەدان گەشتیار لە ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستان رووی تێدەکەن، هاونیشتمانییەک بەناوی هونەر کەوەرتی ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە گەشتیاران دووبارە روویان لە ها وینگەی پڕژێ کردووە، بەیەکەوە لەم دیمەنانە دەڕوانین.