گۆرانیگوتن لە کوێستانی کێلەشین

گۆرانیگوتن لە کوێستانی کێلەشین
گۆرانیگوتن لە کوێستانی کێلەشین

بەشێک لەو هاونیشتمانییانەی دەنگیان خۆشە، ئینجا ئەوان کاتێک دەچنە نێو سرووشت حەز بە گۆرانیگوتن دەکەن و گۆرانی دەڵێن.

ژەمارەیەک هاونیشتمانی گوندی هیەی سەر بە شاری شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، سەردانی کوێستانی کێلەشینیان لە شنۆ کردووە و یەکێک لەوان لەو گەشتە بەزمەکەی خۆشکردووە و گۆرنی دەڵێت.

لە ڤیدیۆکەدا قادر جیجۆ گۆرانی دەڵێت و شێرزاد جیجۆ ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە.

لە ڤیدیۆکەدا دیارە کە هێشتا بەفر لەو کوێستانە ماوە کە دەکەوێتە ناوچەی کێلەشین و لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما گەشتیاران بە مەبەستی گەشت و سەیران سەردانی دەکەن.

لە بەشێک لە کوێستانەکانی کوردستان، بەفر تاوەکو ەرزی هاوین دەمێنێتەوە و بەو هۆیەوە کەش و هەوایەکی فێنکی لە وەرزی هاویندا هەیە.



ئۆپەراسیۆنی تورکیا کاریگەری لەسەر کەرتی گەشتیاریی شێلادزێ دروستکردووە

بەهۆی ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە سنووری باشووری کوردستان، کاریگەری لەسەر کەرتی گەشتیاری هەبووە.

ئەحمەد شامکی چالاکوان و وێنەگرێکی ناحیەی شێلادزێی سەر بە قەزای ئامێدییە، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، تێیدا بۆچوونی ژمارەیەک گەشتیار و خاوەن شوێنە گەشتیارییەکان لە سەیرانگەکانی دەڤەری رێکان لە سنووری ناحیەی شێلادز لەبارەی کاریگەری ئۆپراسیۆنەکە لەسەر کەرتی گەشتیاری دەڤەرەکە وەرگرتووە.

لە ڤیدیۆکەدا گەشتیار و خاوەن شوێنە گەشتیارییەکان داوا دەکەن، مەترسی بۆردوومان و شەڕ لە دەڤەرەکەیان دووربخرێتەوە، چونکە ساڵانە لە وەرزی بەهار و هاویندا بە هەزاران گەشتیار سەردانی سەیرانگە و شوێنە گەشتیارییەکانی دەکەن.

ئەحمەد شامکی بە رووداوی راگەیاند، لە ساڵانی رابردوو جگە لە گەشتیارانی شارەکانی باشووری کوردستان، لە شارەکانی بەسرە و بەغدادیش گەشتیاران سەردانی ئەو دەڤەرەیان کردووە.

دەڤەری رێکان دەکەوێتە دووری سێ کیلۆمەتر لە ناحیەی شێلادز و بەهۆی هەبوونی هەردوو رووباری شین و ئاڤامارک سرووشتێکی جوانی هەیە.

لە 23ـی نیسانی 2021 سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە "چڕنووکی هەورە برووسکە"ـی بە پاساوی رووبەڕووبوونەوەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە بەرزاییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک دەستپێکرد.



کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکی گەشتیاران لە لێواری رووباری دیجلە

ئەوانەی کاتێک دەچن بۆ سەیران و خۆڵ و خاشاک لە دوای خۆیاندا جێدەهێڵن، دەبێت شتێک بزانن کە بەو کارەیان جگە لە پیسکردنی ژینگە، خەڵک گلەییان لێدەکات و لە بڕی ئەوان کەسانێکی دیکە کۆکردنەوەی ئەو خۆڵ و خاشاکە دەگرنە ئەستۆی خۆیان.

هاونیشتمانییەک بەناوی ساهیر مەجید لە کۆمەڵگەی بابیر لە سنووری ناحیەی ئەلقووش، خۆڵ و خاشاکی گەشتیاران لە لێواری رووباری دیجلە کۆدەکاتەوە و ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە کە لەلایەن غەزوان غازی وێنەگیراوە.

ساهیر مەجید بە رووداوی راگەیاند، ئەو لەگەڵ ژمارەیەک گەنجی دیکە چوونەتە لێواری رووباری دیجلە، بۆ ئەوەی ئەو خۆڵ و خاشاکەی گەشتیاران لەو شوێنە جێیان هێشتووە کۆی بکەنەوە و ژینگەکەی بپارێزن.

ساڵانە لە وەرزی زستان و هاویندا، بەشێک لە گەشتیاران لە ناوچە جیا جیاکانی باشووری کوردستان، کاتێک سەردانی سەیرانگەکان دەکەن، ژینگەکەیان دەشێوێنن و پاشماوەی سەیرانەکەیان لە سەیرانگەکان جێدەهێڵن.



لە گوندی مەستان رێوییەکی برسی رۆژانە سەردانی ماڵێک دەکات

ئاژەڵە کێوییەکان، رۆژانە پێویستیان بە خواردنە و کار بگاتە ئەوەی خواردنیان دەست نەکەوێت، بە ناچاری لە مرۆڤ نزیک دەبنەوە و مرۆڤیش ئەگەر لەو کاتە میهربانی خۆی نیشان بدات، بێگومان کەمێک خواردنیان پێدەدات.

ئینجا با باسی رێوییەکی گوندی مەستان لە شاری سەمسووری باکووری کوردستانتان بۆ بکەم، ئەو جارێک برسیی بووە و لە ماڵێک نزیکبووەتەوە و ژنێک لەو ماڵە بێ دوودڵی خواردنی پێداوە، ئینجا لەو کاتەوە و تاوەکو ئێستا فێربووە رۆژانە هەر کە بەرسیی بوو، دەچێتە نزیک ئەو ماڵە و ژەمە خواردنی خۆی دەخوات و دواتریش دووردەکەوێتەوە.

ڤیدیۆکە لەلایەن هاونیشتمانییەکەوە بۆ رووداوی تۆ نێردراوە، تێیدا ژمارەیەک منداڵ بە بینینی رێوییەکە دڵخۆشن و کاتێک خواردنی پێدەردرێت، ئەوان دێنە دەرەوە و لە نزیکەوە سەیری رێوییەکە دەکەن و دڵخۆشی خۆیان نیشاندەدەن.

رێوی ئاژەڵێکی گۆشتخۆر و رووەکخۆرە و لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا دەبیندرێت، قەبارەیان بچووکە و کێشیان لە نێوان ٦٨٠ گرام تا ١١ کیلۆگرام دەبێت، درێژی جەستەی 30 بۆ 60 سانتیمەترە، جۆرێکیشیان هەیە درێژییەکەی دەگاتە 86 سانتیمەتر و خیرایی لە راکردندان 72 کیلمەترە لە یەک کاژێردا.



سەردانی هاونیشتمانییان بۆ دۆڵی رۆستێ

دۆڵی رۆستێ بە سرووشتە جوان و دڵگیرەکەی ناسراوە و لە وەرزی بەهار و هاویندا ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران سەردانی دەکەن.

هاونیشتمانییەک بەناوی ھەڵگۆرد ئیدریس سەردانی ئەو شوێنەی کردووە و ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردوو.

ئەو هاونیشتمانییە بە رووداوی راگەیاند، تا بڵێیت شوێنێکی دڵڕفێنە و ئاوێکی سارد و سازگاری ھەیە، سەرچاوەی ئەم ئاوە لە کەویە بەفرییەکانی (کوپی کونە کۆت) ھەڵدەقوڵی بە نێو ھەوارگەی بێرەو تێدەپەڕێت و دەڕژێتە (کەندی نەرێس) و بۆ تێپەڕبوونی گوندنشینان بەسەر ئەو ئاوەدا، پردی قۆڕەبەنی لەسەر دروستکراوە.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، دۆڵی رۆستێ بە دارگوێز داپۆشراوە و خەڵکێکی زۆر بۆ بەسەربردنی کاتێ خۆش سەردانی دەکەن، بەتایبەتیش لە وەرزی هاویندا چونکە بە درێژایی ھاوین پلەی گەرمی لە ١٧ پلەی سیلیزی زیاتر بەرزنابێتەوە.

دۆڵی رۆستێ دەکەوێتە گوندی رۆستێ لە ناوچەی باڵەکایەتی، لە سنووری ناحیەی سمیلان سەر بە قەزای چۆمانی پارێزگای ھەولێر.


رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.
 
شەوانە کاژێر 21:40 پێشکەشدەکرێت.