گرووپی هەڵپەرکێی شاوانی لە کەلار دامەزرا
ئامادەکارییەکانی سەری ساڵ لە ئەڵمانیا
هەرچەندە کۆرۆنا بە تووندی بەرۆکی ئەڵمانیای گرتووە، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی سیمای سەری ساڵ لەم وڵاتە دیار نەبێت، بەڵکو ئامادەکاری بۆ سەری ساڵ کراوە.
کوردێکی دانیشتووی ئەڵمانیا بەناوی حەسیب ئەدیب زاخۆیی، کە رۆژنامەنووسیشە، ڤیدیۆیەکی بۆ بەرنامەی رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا ئامادەکارییەکانی سەری ساڵ لە باکووری ئەڵمانیا شاری کیل ـ سیتی، نیشاندەدات.
حەسیب دەڵێت، سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام ئەڵمانییەکان دەستبەرداری ئامادەکارییەکانی سەری ساڵ نەبوونە، بۆیە شەقام و شوێنە گشتییەکانیان بە رووناکی و ئێکسسواراتی سەری ساڵ رازاندۆتەوە، بەیەکەوە بینەری ئەم ڤیدیۆیە دەبین.
ئامادەکاری سەری ساڵ لە فینلاندا
چەند کاژێرێک ماوە بۆ ئەوەی ماڵئاوایی لە ساڵی 2020 بکەین، بە هەموو ناخۆشییەکانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێشوازی لەساڵی 2021 دەکەین، بۆیە هەموو وڵاتانی جیهان، هەریەکەو بەشێوەیەک پێشوازی لەم بۆنەیەدا دەکەن، لە وڵاتی فینلاندا سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئامادەکاری تەواو بۆ سەری ساڵ کراوە.
کوردێکی دانیشتووی وڵاتی فینلاندا، بەناوی رێناس ئەحمەد ڤیدیۆیەکی بۆ بەرنامەی رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا دیمەنی شاری هێلسنکی پایتەختی فینلاندا نیشاندەدات، کە ئامادەکاری تەواو بۆ شەوی سەری ساڵ کراوە.
رێناس دەڵێت، خەڵکی فینلاندا خۆیان بۆ سەری ساڵی نوێ ئامادەکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو شەقام و باڵەخانەکان بە رووناکی رەنگاورەنگ رازێندراوەتەوە، خەڵکی بۆ کڕینی دیاری و کەلوپەلی سەری ساڵ روویان لە بازاڕەکان کردووە، ئەمەش قەرەباڵخی دروستکردووە.
گرووپی هەڵپەڕکێی شاوانی لە کەلار
گەلی کورد لە شایی و هەڵپەڕکێی دەوڵەمەندە، هەر ناوچەو شارێک شایی و گۆڤەندی تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام ماوەیەکە خەریکە لەم کولتوور و فەرهەنگە لە نێو بچێت و کاڵ بێیتەوە، بۆیە لە شارۆچەی رزگاری سەر بە قەزای کەلاری سنووری پارێزگای سلێمانی، گرووپێکی هەڵپەڕکێ بەناوی گرووپی شاوانی دامەزرا.
ئاری محەممەد سەعید، سەرپەرشتیاری گرووپی شاوانی لەمبارەیەوە بەرووداوی راگەیاندووە، کە ئەم گرووپە لە 13 گەنج پێکهاتووە، هیچ حیزب و لایەنێک پاڵپشتی نەکردوون، بەشێوەیەکی خۆرسکانە و خۆبەخشانە ئەم گرووپە بەڕێوەدەبن.
ئاری دەشڵێت، مەبەست لە دامەزراندنی ئەم گرووپە زیندووکردنەوەی شایی و هەڵپەڕکێی ئەم ناوچەیە، ئێستا ئێمە چوار جۆرە شایی پێشکەش دەکەین، جلوبەرگەکانیشمان لەسەر ئەرکی خۆمان کڕیوە، کە تایبەتە بەناوچەی هەورامان، بەیەکەوە بینەری ئەم هەڵپەڕکێیە دەبین.
دیمەنی گوندی شێخ ئاودەلان لە قەڵادزێ
گوندی شێخ ئاودەلان، دەکەوێتە باکووری شاری قەڵادزێ، ۱۳ کیلۆمەتر لە قەڵادزێ دوورە، سەر بە ناحیەی هەڵشۆیە، ئەم گوندە بە توور بەناوبانگە، دانیشتوانی گوند بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداریەوە خەریکن، لە رۆژهەڵاتەوە گوندی گوڵانە وە لە رۆژئاوایەوە هەردوو گوندی ئەمەرکاکۆڵ و شۆڕانن.
هاونیشتمانییەک بەناوی دانیار لە گوندی شێخ ئاودەلان، ڤیدیۆیەکی بۆ بەرنامەی رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا دیمەنی ساتی بەفربارین لەم گوندە نیشان دەدات، کە خەڵکی بەخۆشحاڵییەوە پێشوازی لە وەرزی زستان دەکەن، کە هەرچەندە بەهۆی قەیرانی ئابووری کێشە بۆ خەڵکی گوندەکانیش دروست بووە، بەهۆی نەبوونی نەوت و پێداویستیەکان، بەڵام هێشتا خەڵکی ئەم ناوچەیە بە گەرمی پێشوازی لەم وەرزە دەکەن، بەیەکەوە چەند دیمەنێکی ئەم گوندە دەبینین.
دیمەنی بەفر لە شارۆچکەی خەلیفان
لە شارۆچکەی خەلیفانی سەر بە قەزای سۆرانی سنووری پارێزگای هەولێر، بەفرێکی باش باریوە، ئەمەش خەڵکی ناوچەکەی خۆشحاڵ و شادومان کردووە.
هاونیشتمانییەک بەناوی ئاریۆس ساڵەیی، ڤیدیۆیەکی بۆ بەرنامەی رووداوی تۆ ناردووە، کەتێدا دیمەنی بەفر لە شارۆچکەی خەلیفان و ناوچەکانی دەوروبەری خەلیفان نیشاندەدات.
هەرچەندە بەفر ساردو سڕی لەگەڵ خۆی دەهێنێت،بەڵام هاونیشتمانیان دڵخۆش دەبن ، بەیاری کردن بە بەفر شەڕە بەفر ئەنجامدەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا بووکەڵە بەفرینەش دروست دەکەن و وێنەی یادگاری جوانیش لەو رۆژەدا تۆمار دەکەن، بەیەکەوە بینەری ئەم دیمەنە جوانانە دەبین.
دیمەنی گوندی سیتکان
دوای بەفربارین، خەڵێکی زۆر حەز دەکەن بۆ شەڕە تۆپەڵە بەفر روو لە ناوچە شاخاوییەکان بکەن، بۆیە گوندی سیتکان سەر بەقەزای سۆران لەکاتی بەفربارین سالانە گەشتیاریێکی زۆر رووی تێدەکەن.
هاونیشتمانییەک بەناوی سیهاد خورشید سیتکانی، ڤیدیۆیەکی بۆ بەرنامەی رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا نیشانی دەدات، ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران بۆ وێنەگرتن و شەڕە بەفر هاتوونەتە ئەم ناوچەیە.
سیهاد دەڵێت، داواکارین لەحکومەت و وەزارەتی گەشت و گوزار ئاوڕێک لەگوندی سیتکان بداتەوە، تاوەکو رێگاوبانەکانی نۆژەن بکرێتەوە، هاتووچۆی گەشتیاران ئاسانتر بکرێت و خەڵکێکی زیاتر روو لەم ناوچەیە بکات، بەیەکەوە بینەری ئەم دیمەنانە دەبین.
رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.
رۆژانە کاژێر 22:30 خولەک پێشکەشدەکرێت.
بهشی بكه لە