بۆ ئاسایشی دەروونی، لەکاتی جەنگدا رۆتینێکی رۆژانەی تەندروست و جێگیر هەبێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

ئەم دۆخەی ئێستای جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لێکەوتەکانی نیگەرانیی ئەمنیی تێکەڵ بە گوشارە ئابووری و سیاسییە نێوخۆییەکان کردووە، لە لایەکی دیکە دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت، ناڕوونیی دۆخە گشتییەکە، هەڕەشە ئەمنییەکان کە هەولێر و هەرێمیان کردووەتە ئامانج، گرژییە سیاسییەکانی بەغدا و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و تێچووی ژیان، کەمبوونەوەی کارەبای ماڵان و بڵاوبوونەوەی بەردەوامی دەنگۆی ئەگەری داڕمانی ئابووری یان نەتوانینی پێدانی مووچە دڵەڕاوکێ زیاتر دەکەن، بەتایبەتی لەنێو فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا کە ئێستاشی لەگەڵدابێت بەدەست دواکەوتنی مووچەوە دەناڵێنن.
 
هەروەها ئەم دۆخە هاوکاتە لەگەڵ مانگی رەمەزان، مانگێک کە تییایدا گۆڕانکارییە بایۆلۆژی و دەروونییە سرووشتییەکان کە لە ئەنجامی بەڕۆژووبوون دروستدەبن، وەکو کەمبوونەوەی شەکری خوێن و لەدەستدانی شلەی جەستە، ئەمە جگە لە نیشانەکانی کشانەوە لە کافاین و نیکۆتین، هەروەها دووربوون لە مادە ئالوودەکەرەکانی دیکە لە هەندێک کەس. ئەم هۆکارانە کۆئەندامی دەمار هەستیارتر دەکەن و وا دەکەن تاک زیاتر هەڵبچێت و ئاسانتر تووشی تووڕەیی، دڵەڕاوکێ و گوشار ببێت.
 
لە روانگەی دەروونزانیی کلینیکییەوە، ئەوەی ئەمڕۆ ئەزموونی دەکەین وەکو گوشاری دەروونیی بەکۆمەڵ و درێژخایەن پۆلێن دەکرێت کە لە ئەنجامی هەڕەشەی بەردەوام لەگەڵ نەبوونی بەرچاوڕوونی سەریهەڵداوە. مێشکی مرۆڤ بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییە دیاریکراو و کاتییەکان دروستکراوە، بەڵام کاتێک لە حاڵەتێکی بەردەوامی ئاگاداریدا دەهێڵدرێتەوە، ماندوو دەبێت.
 
"مەخەون، چاوتان لەسەر فڵان کەناڵ بهێڵنەوە"
 
یەکەم هەنگاو لە بەرنامەی دەروونیی خۆپارێزیدا؛ رێکخستنی پەیوەندیی مرۆڤە لەگەڵ هەواڵەکان، چونکە بەرکەوتنی بەردەوام بە جەنجاڵیی شیکاریی بەپەلە و ئاگادارکردنەوەی بێوچان سیستمی دەمار لە دۆخێکی ئاگاداری هەمیشەییدا دەهێڵنەوە. زۆر گرنگە (کاتێکی دیاریکراو بۆ بەدواداچوونی هەواڵەکان لە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە و خۆبەدوورگرتن لە سەیرکردنی پەخشی بەردەوام بۆ ماوەیەکی درێژ بەتایبەتی پێش خەوتن) جێبەجێکرێن. لەم چوارچێوەیەدا گرنگە تیشک بخرێتە سەر مەترسییەکانی گوتاری نابەرپرسانەی میدیایی کە دەستەواژەی هەستیار وەکو "مەخەون، چاوتان لەسەر فڵان کەناڵ بهێڵنەوە" بەکاردەهێنرێت، پەیامێکە کە بینەر لە حاڵەتێکی چاوەڕوانی و دڵەڕاوکێی بەردەوامدا دەهێڵێتەوە، سووتەمەنییە بۆ پرسی خەوزڕان و گرژی و دڵەڕاوکێ، هەروەها پێچەوانەی سەرەتاییترین بنەماکانی باشبوونی دەروونییە. میدیای پیشەیی بەرپرسیارە لە گەیاندنی زانیاری بە وردی و بە هاوسەنگی، نەک دروستکردنی ترس بۆ زیادکردنی بینەر.
 
لەکاتی جەنگەکاندا بیر (عەقڵ) مەیلی گەورەکردنی رووداوەکانی هەیە
 
تاکەکان پێویستیان بە رێکخستنەوەی شێوازی بیرکردنەوەیان هەیە. لەکاتی قەیرانەکاندا، بیر (عەقڵ) مەیلی گەورەکردنی خراپترین سیناریۆکانی هەیە، وەکو شتێکی حەتمی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات. لێرەدا دووبارە پێویستمان بە دەروونزانیی مەعریفییە بۆ داڕشتنەوەی بیرکردنەوەکانمان؛ واتە پرسیاری لۆژیکی لە خۆت بکەیت: ئەم زانیارییانە تا چەند وردن؟ ئایا پشتڕاستکراوەتەوە یان تەنیا قسە و باسە؟ ئەنجامە گریمانەییەکانی دیکە چین؟ کۆمەڵگە لە رابردوودا چۆن مامەڵەی لەگەڵ قەیرانی هاوشێوەدا کردووە؟ ئەم جۆرە بیرکردنەوەی لۆژیکییە نکۆڵیی مەترسییەکان ناکات، بەڵکو رێگری دەکات لە خلیسکان بۆ نێو بیرکردنەوەی کارەساتبار کە بێ پێویست وزەی دەروونیمان دەبات.
 
بۆ ئاسایشی دەروونی، لەکاتی جەنگەکاندا رۆتینێکی رۆژانەی تەندروست و جێگیر هەبێت
 
پاراستنی رۆتینێکی رۆژانەی جێگیر و رێکخراو بۆ پتەوکردنی هەستکردن بە ئاسایشی دەروونی زۆر گرنگە. پاشانیش (شێوازی خەوتنی رێکوپێک، خۆراکی هاوسەنگ لەکاتی بەربانگ و پارشێودا، خواردنەوەی ئاوی پێویست و کەمکردنەوەی وردە وردەی ئەو بابەتانەی کە کافاین و نیکۆتین و کحولیان تێدایە) هەموویان بەشدارن لە هاوسەنگی کۆئەندامی دەمار. چالاکیی جەستەیی سادە وەکو پیاسەی رۆژانە یارمەتیی دابەزاندنی هۆڕمۆنەکانی گوشار و باشترکردنی باری دەروونی دەدات. جگە لەوەش، پراکتیزە رۆحییەکان لە مانگی رەمەزاندا دەتوانن ببنە سەرچاوەی ئارامییەکی قووڵ ئەگەر بە ئارامی، هۆشیاری و دوور لە دەمارگیری و هەڵەشەیی ئەنجام بدرێن.
 
گرنگە لەکاتی قەیراندا یاخود جەنگدا لە ئاستی خێزان لە ماڵەوە ئەمانە بکرێن؛
 
- لە گفتوگۆی سیاسیی گەرم و بەردەوام دوور بکەوینەوە.
- بردەوبۆڵە بەسەر هاوژینەکان و ئەندامی دیکە نەکەین.
- خۆمان لەرەخنەی روخێنەر بەدوور بگرین، بەتایبەتی لەبەردەم منداڵان، چونکە هەستەکانی ترس هەڵدەگرن تەنانەت ئەگەر لە وردەکارییەکانی بابەتەکانیش تێنەگەن.
- دابینکردنی کەشێکی گفتوگۆی ئارام.
- گوێگرتن لە یەکدی و بەشداریکردن لە چالاکییە سادەکانی خێزاندا کە هەستکردن بە ئاسایشی سۆزداری پەرەپێدەدات.
 
''خۆڕاگری بە مانای پشتگوێخستنی ئازار یان نکۆڵیکردن لە دڵەڕاوکێ نییە''
 
کۆمەڵگەی عێراقی بە هەموو هەمەچەشنییەکەیەوە، بەدرێژایی دەیان ساڵ بەرگەی ئەزموونی سەختی گرتووە و توانایەکی بەرچاوی بۆ گونجاندن و خۆڕاگری پەرەپێداوە. بەڵام خۆڕاگری بە مانای پشتگوێخستنی ئازار یان نکۆڵیکردن لە دڵەڕاوکێ نییە؛ بەڵکو بە مانای مامەڵەکردنە بە شێوەیەکی ئاگادارانە و سیستماتیک. لێرەوە پێویستمان بە دەستپێشخەریی هۆشیاریی دەروونییە کە لەڕێگەی دامەزراوە پەروەردەییەکان، مزگەوتەکان، دەزگاکانی راگەیاندن و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە سەرهەڵبدات. ئەم دەستپێشخەرییانە پێویستە سەرنج بخەنەسەر کارامەییەکانی بەڕێوەبردنی گوشارەکان، رێکخستنی هەڵچوونەکان و شێوازی کۆنتڕۆڵکردنی هەڵچوونە نەرێنییەکان، برەودان بە بیرکردنەوەی واقیعی و ئاساییکردنەوەی پێویستیی داوای یارمەتیی دەروونی لەکاتی پێویستدا. تیڤیەکانیش پێویستە پانتاییەکی زیاتر بۆ بەرنامە، دیدار و هۆشیاریی دەروونی دابینبکەن.
 
ئەگەر ئەم نیشانانە بۆماوەی دوو هەفتە بەردەوام بن ئەوا پێویستە راوێژی پسپۆڕێکی دەروونی بکرێت؛
 
- خەوزڕاندنێکی تووند.
- ترس، دڵەڕاوکێ و تۆقین.
- هەستکردن بە بێهیوایی بەردەوام.
- لەدەستدانی ئارەزووی ژیانی رۆژانە.
 
ئەوەش بزانە؛ داوای پشتیوانی نیشانەی لاوازی نییە، بەڵکو هەنگاوێکی ژیرانە و پێگەیشتووانەیە بۆ پاراستنی خود و خێزان.
 
بەڕێوەبردنی قەیرانەکان تەنیا لە بڕیارە سیاسی، سەربازی و ئابوورییەکاندا چڕ نابێتەوە؛ بەڵکو پاراستنی دەرووندروستی کۆمەڵگەش دەگرێتەوە. لە کاتی نادڵنیاییدا سەقامگیری ناوەوە دەبێتە سەرچاوەیەکی ستراتیژی. هەرچەند تاک هۆشیاری و ئارامی خۆی بپارێزێت، زیاتر بەشداری دەکات لە بەهێزکردنی خۆڕاگری هەموو کۆمەڵگەکە لە بەرامبەر هەر ئەگەرێکی داهاتوودا.
 
د. نزار گزالی
پسپۆڕی دەروونی و بەڕێوەبەری سەنتەری راوێژکاریی دەروونی و کۆمەڵایەتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکیی هەولێر
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە