لەکاتێکدا کە چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەیەکی چاوەڕوانکراوی نێوان هەسەدە و شام لە پاریس بوون، هەواڵی شەڕی نێوانیان لە باشوری حەلەب دوو رۆژە بەردەوام دەگات. لە راستیدا رێککەوتنەکەی 10ی ئاداری نێوان شەرع – عەبدی بە خێرایی لە خاڵی وەرچەرخان نزیک دەبێتەوە و ئەمەش، یان سازانێکی لێدەکەوێتەوە یان بە پێچەوانەوە رێگە بۆ سێیەمین شەڕی کورتخایەنی ناوخۆیی سووریای سەردەمی شەرع دەکاتەوە کە پێدەچێ لە هێڵی حەلەب- رەققە- دێرەزووردا چڕبێتەوە. رووداوەکانی سوەیدا رێگەی بۆ ئۆتۆنۆمییەکی دیفاکتۆی دروزییەکان خۆشکرد. هەڵبەت دیار نییە کە ئەمە تا سەر دەڕوات یان لە شوێنێکدا کۆتایی پێ دێت، بەڵام ئەگەر "ئیدارەی شەرع"بتوانێت بەخێرایی پرسی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و بابەتی تێکەڵاوبوونی دامەزراوە ئیدارییەکان بە دەوڵەت بکاتەوە، ئەوسا دەتوانێت هێشتا هیوایەکی بە بنیاتنانی سیستمێکی سیاسی ناوەندی هەبێت کە وەک بەرگێک بە باڵای سەرۆکێکی پڕ دەسەڵاتدا دوورابێ. لە بەرامبەردا هەسەدەش هەست بەوە دەکات کە بەراورد بە رووداوەکانی پێش سوەیدا دۆخی ئێستا دەرفەتێکی دەگمەنە یان دوادەرفەتە، بۆیە بە دەنگێکی بەرزتر لە جاران باسی مانەوەی خۆی و ئۆتۆنۆمی سیاسی دەکات.
شەڕی دێرحافر؛ دەوازەیەک بۆ چڕبوونەوەی ململانێکان لەسەر رەققە و دێرەزوور؟
ئاماژەی زۆر هەن بۆ ئەوەی کە ئەگەر هەسەدە و شام نەسازێن، ململانێی هەردوولا لەسەر کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی رەققە و دێرەزوور زیاتر بن. بۆ شام کۆنترۆڵکردنی رەققە و دێرەزوور یەکێكە لە دوابزمارەکانی پتەوکردنی دەسەڵاتی شەرع، لە لایەک کۆنترۆڵی سەرچاوە ئابوورییەکانی وەک نەوت، گاز ، خاک و ئاوی بۆ دەڕەخسێنێ و لەلایەکەی دیکەش، ئەگەری ناناوەندیبوونی سووریای داهاتوو لاوزاتر دەکات کە ئێستا بە هەبوونی هەسەدە و دروزییەکانەوە زۆرە. بۆ هەسەدەش رۆیشتنی رەققە و دێرەزوور، دەتوانێت واتای کۆتاییهاتن یان لاوازبوونی پڕۆژەی ئۆتۆنۆمییە سیاسییەکەی بدات.
وەزارەتی بەرگریی سووریا رۆژی 2ی مانگی 8 رایگەیاندووە کە هەسەدە بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەر گوندی "ئەلکیاریە" و دەوروبەری لە منبج و هەسەدەش دەڵێت، وەڵامی "هێرشی گرووپە بێ دیسپلینەکان"مان داوەتەوە کە پەلاماری ناوچەی "دێرحافر"یان داوە. شەڕ لە گوندەواری دیکەی نزیکی ئەم ناوچەیەش بەردەوام بووە. دێر حافر یەکێکە لەو ناوچە کەمانەی بەشی رۆژئاوای فورات لە باشووری پارێزگای حەلەب کە هێشتا لە دەستی هەسەدەدایە، ناوچەیەکی گرنگ کە بە جادەیەکەوە دوای نزیکەی 150 کیلۆمەتر دەگاتە تەبقە لە باشووری پارێزگای رەققە. ئەم ناوچەیە زیاتر لە 100 کیلۆمەتر لە باشووری بەنداوی تشرین و گوندی قەرەقۆزاقەوەیە کە لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو هەتا مانگی 4ی ئەم ساڵ مەیدانی ململانێیەکی سەختی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای-لایەنگری تورکیا لەگەڵ هەسەدە بوو.
لە سیناریۆی شەڕێکی گریمانەییدا، کۆنترۆڵی دێرحافر بۆ حکومەتی سووریا واتای کردنەوەی رێگەیەکی پاڵپشتی لۆجیستیکی دەبێت بۆ دانانی گوشار لەسەر تەبقە و ئەوەش هاوکات لەگەڵ گوشار لەسەر بەنداوی تشرین و قەرەقۆزاق لە باکوورەوە، وەک دوو دەمی مقەستێک بۆ کۆنترۆڵکردنی رەققە دەوری دەبێت. بۆ هەسەدەش راگرتنی دێرحافر واتای راگرتنی رەققە دەدات کە وادیارە نایەوێ بەبێ رێککەوتنێکی ساسی وازی لێ بهێنێت.
هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا شام چاوی لەوەیە کە بە یارمەتیی خێڵەکان، دانوستاندن و گوشاری سەربازی، کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەی دێرەزووریش وەربگرێت کە لە دیوی رۆژهەڵاتی فوراتەوە لە دەستی هەسەدەدا ماونەتەوە. لەکاتی رووداوەکانی سوەیدا، ئەحمەد شەرع بێجگە لە پاڵپشتیی هاوپەیمانە دەرەکییەکانی، کارتێکی ئاسان و کاریگەری دیکەی پەیدا کرد کە ئەویش هێزی خێڵەکان بوو. ئەمە بۆ سوەیدا کە فاکتەری ئیسرائیل و هەوڵی چڕی ناوبژیوانی ئەمریکای تێدابوو، ئەنجامێکی گەورەی لێنەکەوتەوە، بەڵام دەتوانێت گرفتی گەورە بۆ هەسەدە دروستبکات. بۆیە رکابەرییەکانی هەردوولا لەسەر راکێشانی سۆزی خێڵەکان بە چڕی بەردەوامە.
جیاوازیی واژۆکانی شەرع و کۆبانی
شەڕەکەی سوەیدا دانوستاندنەکانی نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتیی سووریای بەرەو خاڵێکی وەرچەرخان بردووە. ئەوەشی دەرخست کە هەریەکە و بە دیدێکی جیاواز رێککەوتنەکەیان واژۆ کردووە و هەریەک لە ماددەکانی ئەو رێککەوتنە واتایێکی جیاوازی لای ئەوان هەیە. رێک لەکاتی رووداوەکانی ناوچە کەناراوییەکانی سووریا کە تێیدا لە ماوەی چوار رۆژدا 1334 کەس کوژرا، شەرع و کۆبانێ لە 10ی ئاداردا، کتوپڕ رێککەوتنێکی سەرەتاییان واژۆکرد کە هەر یەک لە ماددەکانی بۆ شرۆڤەی جیاواز کراوەیە. لە پاش رووداوەکانی سوەیداش لە ماوەی 13-16ی مانگی 7، دانوستاندنی لایەنەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی کە ساڵێکی بۆ دانراوە بەردەوام بوو، بەڵام لەمەدا جیاوازیی روانگەی هەردوولا بۆ رێککەوتنەکەی پێشوو بە زەقی دەرکەوت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە دەتوانین لەوە تێبگەین کە ئەحمەد شەرع گەرەنتیکردنی مافەکانی کورد زیاتر وەک مافی کولتووری و زمان سەیر دەکات و بەشداریی سیاسیی هەموو سوورییەکانیش -کە دەکرێ وەک فەرماندەکانی هەسەدە و ئیدارەی خۆسەر سەیر بکرێت - لە ئاستی پێدانی پۆستی پارێزگاری حەسەکە یان شتێکی کەمێک فراونتر لەوە دەبینێت. مادەی چوارەمی رێککەوتنەکەش وەک هەڵوەشاندەنەوەی هەسەدە، ئیدارەی خۆسەر و رادەستکردنی دامەزراوە مەدەنییەکان بە شام سەیر دەکات. بێشک لایەنی بەرامبەریش روانگەیەکی جیاوازتری هەیە، بۆیە هەسەدە داوای کردووە کە وەک پێکهاتە بمێنێتەوە، بەڵام شلە بۆ ئەوەی ناوەکەی بگۆڕدرێت. پۆستی یەکێک لە وەزارەتە سیادییەکانی وەک دەرەوە یان بەرگری و سەرۆکی ئەرکانی سوپای دەوێت و خوازیارە ئۆتۆنۆمییە سیاسییەکەی لە دیوی رۆژهەڵاتی فوراتدا بمێنێتەوە و لە لیژنەی دەستووریدا بەشداربێت. هەردوولا هەم روانگەی جیاوازیان هەیە هەم مەودای نێوان داواکارییەکانیشیان لەیەک دوورە. بە ئەگەری زۆر ئەوەی ئەمەش یەکلا دەکاتەوە دوو شتە: توانای مەیدانی و پاڵپشتیی دەرەکی!
بەردەوامیی کێشمەکێشمە گەورەکەی سەر سووریا
بێشک داهاتووی سووریا تەنیا گرێدراوی داینامیکی ناوخۆیی ئەو وڵاتە نییە و ناڕوونییەکانی چەندین گرفتی دیکەی جیهانی و ناوچەیی باڵیان بەسەر شامدا کێشاوە. وەزیری دەرەوەی رووسیا لە رۆژانی رابردوودا داوایکرد کە هەڵبژاردنی سووریا دەرفەت بۆ بەشداریی هەموو پێکهاتە ئایینی و ئەتنییەکان بڕەخسێنێت و گوتی دەمانەوێ کوردیش نوێنەرایەتی بکرێ و، وەک بەشێکی کۆمەڵگەی سووری بمێنێتەوە. دەشێ ئەم قسەیەی لاڤرۆڤ گوشارێکی زارەکی بێت لەسەر حکومەتی شام و ئەمریکا بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی ئەویش رەچاوبکەن ئەگینا مادام کە هەوڵەکانی رووسیا لە کاتی ئەسەد دا بۆ سازانی کورد و شام نەیخوارد، ئێستا ئاستی کاریگەرییەکەی ئەستەمترە. سووریای دوای ئەسەد بەشێوەی سەرەکی مەیدانی تاودانی ئەسپی ئەمریکا، تورکیا، ئیسرائیل، خەلیج و ئەورووپایە، بەڵام رووسیاش هێشتا چاوی لەوەیە کە لە داهاتووی سووریادا رۆڵێکی هەبێت. رووسیا هێشتا ژمارەیەک سەربازی لە قامشلۆ، حمیمیم و تەرتوس هێشتووەتەوە وەک ئەوەی کە چاوەڕان بێت بزانێ کە دابەشبوونی بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکی و ئابوورییەکانی سووریای دوای ئەسەد چۆن دەبێت. بۆ ئەوەش کارتی کورد بە گرنگ دەزانێت بە تایبەت کە ئێستا ئەمریکا هەندێک ئاماژەی وادەدات کە دەیەوێ زیاتر بە لای شام دا بیشکێنێتەوە.
ئەمریکا و ئەورووپا بە پەرۆشن بۆ ئەوەی سووریا زووتر سەقامگیر بێت، بەڵام دوو گرفتیان هەیە و لە نێوان بەریەککەوتنی بەرژەوەندیی هاوپەیمانەکانی خۆیاندا ماونەتەوە: یەکیان چۆنیەتیی سازانی تورکیا و ئیسرائیلە، ئەوی دیکەشیان مەتەڵی رێککەوتنی کورد و شام!
تورکیا باڵادەستیی سەربازیی ئیسرائیل لە ناوچەکە و پێشڕەوییەکانی لە سووریا و ئەگەری گەشەکردنی پەیوەندییەکانی هەسەدە-ئیسرائیل بە مەترسییەکی ستراتیژی لەسەر خۆی دەزانێت. ئیسرائیلیش گەشەکردنی توانای درۆنی و مووشەکیی تورکیا، هەروەها بەهێزبوونی پێگە سەربازییەکەی لە سووریا بە دووەمین مەترسیی نزیکی تورکیا لەسەر خۆی دەزانێت. قوبرسی باکوور مەترسیی یەکەمە و لە سیناریۆی شەڕێکی گریمانەیی تورکیا –ئیسرائیل دا دەتوانێت گرفتی گەورە بۆ بەندەرەکانی ئیسرائیل دروست بکات. پێشڕەوی تورکیا و هاپەیمانەکانیشی بۆ نزیک سنوورەکانی خۆی وەک مەترسیی دووەم و ئەگەری رێخۆشکردن بۆ ئەزموونی ئێرانی دووەم لەدژی خۆی سەیر دەکات.
تاوەکو ئەمریکا هەبێت ئەگەری پێکدادانی راستەوخۆی ئەم دوو وڵاتە- لانیکەم ئێستا- کەمە بەڵام دوور نییە. هێشتاش دیار نییە کە ئەم دوو هێزە دواجار رێکدەکەون یان هەریەکە و ناوچەیەکی نفوز لە سووریا بۆ خۆی دادەبڕێ یان نا، بەڵام ئەوە روونە کە ئەگەری بەردەوامیی گرژییەکانیان زۆرە و لەوانەیە پرسی کوردیش ببێتە بەشێکی ئەوە. ئیسرائیل حەزی لە سووریایەکی لاوازی ناناوەندییە، تورکیاش سووریایەکی لاواز، بەڵام ناوەندی دەوێت. لە دوای رووداوەکانی سوەیدا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لە ئەگەری دەستوەردانی وڵاتەکەی کرد ئەگەر بە گوتەی خۆی "هەندێک لایەن بەتەمای ئەوە بن کەڵک لە ئاڵۆزییەکان وەربگرن،" ئەم قسەیەش ئاماژەیەک بوو بۆ هەسەدە کە روونتر لە جاران باسی ئۆتۆنۆمی سیاسی دەکرد. هەڵبەت دواتر وەزیری دەرەوەی تورکیا نەرمتر لە جاران قسەی کرد و گوتی "با لەگەڵ شام رێکبکەون و ئەگەر گەرەنتیان بۆ داهاتوو دەوێ ئەوا تورکیا ئامادەیە." وەک ئاماژەیەک بۆ قسەکانی بەرپرسانی هەسەدە کە دوای رووداوەکانی سوەیدا داوای گەرەنتییان کردبوو. ئەنکەرە بە تەمایە لەڕێی پرۆسەی چەکدادانی پەکەکە و دیالۆگی ئۆجەلان و دیالۆگی راستەخۆ و ناڕاستەخۆوە پرسی هەسەدە یەکلابکاتەوە کە پێدەچێ دواجار بە ئۆتۆنۆمییەکی رانەگەیێندراویش رازی بێت تەنیا بۆ ئەوەی کارتی کورد نەکەوێتە دەستی ئیسرائیل. هەڵبەت ئیسرائیلیش تائێستا بێجگە لە قسە، دەستی بۆ دۆسیەی کورد نەبردووە وەک چۆن تورکیاش لە کاتی شەڕەکانی حەماس، حیزبوڵڵا و ئێران دا بە کردەوە رەچاوی هەستیارییەکانی ئیسرائیلی کردووە.
بێشک سازانی هەسەدە و شامیش کارێکی ئاسان نییە، بەڵام ئەمە خواستی ئەمریکا و ئەورووپایە. بۆ ئەوان، لەنێو دەیان گرووپی رادیکاڵدا، ئەحمەد شەرع دەرفەتێکی بێ وێنەیە بۆ ئەوەی لەگەڵی کار بکەن بەڵام، لە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵی رابردوودا لەگەڵ هەسەدەش شەڕی داعشیان کردووە. ئەمە بێجگە لەوەی کە لەوانەیە لە داهاتووشدا هەبوونی هەسەدە بۆ باڵانسی هێزی شامیش کەڵکی بۆیان هەبێت. بۆ وڵاتانی خەلیجیش سەقامگیربوونی سووریا واتای بەهێزبوونی رۆڵە ناوچەییەکەیان دەدات و لەوانەیە ئەمەش لە باڵانسی هێزدا لەگەڵ هێزە ناوچەییەکانی وەک تورکیا، ئیسرائیل و ئێراندا بە کەڵکیان بێت. بۆیە بە ئەگەری زۆر لە یەکلاکردنەوەی پرسی رێککەوتنی هەسەدە و شام دا هاندەری رێککەوتنی هەردوولان.
تەبایی و ناتەبایی پڕۆژە ئابوورییەکانی وڵاتان لەگەڵ خواستەکانی شەرع
ئیدارەی شەرع بە پەرۆشە بۆ ئەوەی کە هەرچی زووە سیستمە سیاسییەکەی قایم بکات و ئەم خواستەی ئەویش لەگەڵ بەرژەوەندیی بەشێک لە هێزە گەورەکانی دنیا و ناوچەکەدا دێتەوە. جارێ لەڕووی ئابوورییەوە بنیاتنانەوەی سووریا دەرفەتێکی ناوازەی سەرمایەگوزاری بۆ کۆمپانیاکانی وڵاتان دڕەخسێنێت کە بەپێی بەراوردە سەرەتاییەکان لە نێوان 250-400 ملیار دۆلاری تێ دەچێت. قەتەر و سعودیە زیاتر لە 15 ملیار دۆلار قەرزی بانکی نێودەڵەتییەکان بۆ سووریا دایەوە و لەڕووی داراییەوە یارمەتیی دەدەن. دوای بڕیارەکەی ترەمپ بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سووریا، سێ کۆمپانیای ئەمریکی چاویان لەوەیە کە لە ژێرخانی نەوت و گازی سووریادا وەبەرهێنان بکەن. پێشتریش رێککەوتنێکی 7 ملیار دۆلاری لەنێوان سووریا و قەتەردا لەبارەی کارەباوە کراوە کە کۆمپانیای پاوەر ئینتەرناشناڵی ئەمریکی و کۆمپانیاکانی کالیۆن و جەنگیزی تورکیش تێیدا بەشدارن. تورکیاش چاوی لە بەشداریکردنێکی کارایە لە بازاڕ، کەرتی بیناسازی، وزە، گواستنەوەی وزە و سەرمایەگوزاری سەربازی لە سووریا. گەشەپێدانی بەندەری تەرتوس دراوە بە کۆمپانیایەکی ئیماراتی و ئەوەی لازقیەش بۆ ماوەی 30 ساڵ بۆ کۆمپانیای CMA CGMی فەرەنسی بووە. رووسیاش هێشتا لە بنکەی ئاسمانی حمیمیم و بەندەری تەرتوس ماوەتەوە کە پێشتر لەگەڵ حکومەتی ئەسەد دا رێککەوتنێکی 49 ساڵەی لەسەر کردبوون و وادیارە ئێستاش چاوی لەوەیە بمێنێتەوە. ئێران لە سووریای دوای ئەسەددا زیانێکی ئابووریی گەورەی بەرکەوت، بەڵام جارێ گرفتی گەورەتر لەوەی هەیە کە بیر لە رکابەری لە مەیدانی سووریا بکاتەوە. سووریای دوای ئەسەد بووەتە شوێنی بە یەکگەیشتنی پڕۆژە جیۆئیکیۆنۆمییەکانی خەلیج، ئەمریکا، تورکیا ئەورووپا و رووسیا، هێشتا دیار نییە کە ئەمانە تا چەند پێکەوە هەڵدەکەن، بەڵام ئەوەی روونە ئەوەیە کە سەقامگیری سیاسی سووریا - لانیکەم تائێستا- لە قازانجی هەموویاندایە. هەر ئەمەش دەتوانێت یەکێک لە هۆکارەکانی پاڵپشتی یان لانیکەم بێدەنگی ئەو هێزانە بێت بەرامبەر دۆخی ئێستای ئەو وڵاتە.
چی روودەدات؟
ناوبژیوانییەکانی تۆم باراک لە سێ کۆبوونەوەدا لە شام(1 دانە) و عەممان( 2 دانە) لەبارەی چۆنییەتیی جێبەجێکردنی رێککەوتنکەی 10ی ئادار لەنێوان هەسەدە و شام نەگەیشتنە ئەنجام، بۆیە بڕیار وابوو کە لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوودا ئەم جارە لە پاریس کۆببنەوە. ئەوەش بەهۆی نائامادەیی شامەوە دواخرا کە هەندێک بە ڤیتۆی رانەگەیێندراوی تورکیا وەریدەگێڕن. هەرچەند لەوانەیە بەدەر لە تورکیا خودی شامیش حەزی لە رێککەوتنێک نەبێت کە ناوبژیوانی زۆری هەبێت. زانیاری هەبوون لەسەر ئەوەی کۆبوونەوەکەی پاریس لە رۆژانی داهاتوودا بکرێ، بەڵام هێشتا نەکرابوو کە دیسان هەواڵی درێژکردنەوەی وادەکەی هات. ئێستا دواقسە ئەوەیە کە لەوانەیە لە رۆژێکی نێوان ئەمڕۆ هەتاوەکو 20ی ئەم مانگە کۆبوونەوەکەی پاریس بکرێت. هەڵبەت مەیدانی سیاسی – سەربازی لە سووریا ئەوەندە خزە و بگۆڕە کە دەتوانێت ئەوە بەروارە پێش و پاش بخات وەک چۆن تاوەکو ئێستا لانیکەم سێ جار دوای خست. بۆ نموونە ئەگەر پێکدادانەکەی رۆژی 3ـی ئاب و دواتریش لە گوندەواری منبج لە پارێزگای حەلەب فراوانتر بێت و وەڵام و وەڵامدانەوەکانی هەسەدە و وەزارەتی بەرگریی سووریا زیاتر بن، ئەوا دەشێ دۆخەکە بە ئاراستەیەکی دیکەدا بڕوات.
دواجار دوو سیناریۆی سەرەکی بۆ داهاتوو لە ئارادایە. یەکێکیان ئەوەیە کە هەردوولا رێکبکەون بە ئەگەری زۆر دواجار ئەو سازانە لەسەر جۆرێک ناناوەندیی سیاسی دەبێت. چونکە سووریای دوای ئەسەد ئەوەندە ئاڵۆز و فرە ئەکتەرە کە دەرفەت بۆ بەدیهاتنی "سووریای شەرع" نادات، وەک چۆن رێگە بۆ هەموو خواستەکانی هەسەدەش خۆش ناکات. بۆیە رێگەیەکی ناوەندی کە هەردوولا پێی رازی بن وەک دەرچەی رێککەوتن سەیر دەکرێت. دەکرێ ئەوەش بە ئۆتۆنۆمییەکی دیفاکتۆ یاخود رانەگەیێندراو بکرێت کە هەردوولا پێی رازی بن. ئەگەر سیناریۆی دووەم واتە شەڕ رووبدات، ئەوسا بە ئەگەری زۆر قورساییەکەی لە دێرەزۆر و رەققە دەبێت، بەڵام لەوانەیە شەڕێکی درێژخایەن نەبێت، چونکە زۆربەی لایەنە دەرەکییە کاریگەرەکان لەسەر سووریا شەڕیان ناوێ. شەرع پێویستی بە یارمەتیی دەرەکی و هاتنی کۆمپانیاکانی وڵاتانە بۆ ئەوەی کە وڵاتەکەی بنیات بنێتەوە و ناتوانێ زۆر لە قسەیان دەرچێت. دەرفەتەکانی بەردەم هەسەدەش بێسنوور نین. لەژێر گوشاری هاوپەیمانە ئەمریکی و عەرەبەکانیدایە بۆ رێککەوتن و فاکتەری ئۆجەلانیش هەیە کە دەشێ لە خولەکی کۆتاییدا داوای سازانی لێ بکات. پێدەچێ لەو پەیامە ڤیدیۆییەدا کە بۆ ئەوانی ناردووە داوای چەکدادانی نەکردبێت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئایدیاکانی ئێستای، لەوانەیە خوازیاری سازانێکی زیاتری نێوان هەسەدە و تورکیا بێت کە ئەوەش کاریگەری لەسەر رەوشی سووریا و چارەنووسی رێککەوتنەکەی 10ی ئادار دادەنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ