لە کۆتاییەکانی 2025 و سەرەتای 2026 وە ئێران چووەتە یەکێک لە چارەنوسسازترین قۆناخەکانی زیاتر لە 46 ساڵی رابردووی خۆی. شەپۆلێکی دیکەی خۆپێشاندان کە تائێستا 250 شوێنی لە 27 پارێزگای ئەو وڵاتە گرتۆتەوە دەرکەوتووە، هەرچەند ژمارەی بەشداربووانی لە چاو ئەوانەی پێشتردا کەمترە، بەڵام خێرایی بڵاوبوونەوە. دۆخی ئابووری تینی بۆ خەڵک هێناوە، بەڵام ئەمە تاکە هۆکار نییە. پرسەکانی وەک متمانەی خەڵک بە سیستمی سیاسی لە قۆناخێکی گواستنەوەدا، هەروەها بابەتەکانی پەیوەست بە ململانێ سیاسی و سەربازییەکانی دەرەوەش بە شێوەیەکی راستەوانە ئاراستە بە دۆخی ناوخۆیی ئێران دەدەن. گەڕانەوەی سزاکان، قسەکانی ترەمپ بۆ ئەگەری دەستوەردان لە خۆپێشاندانەکان ئەگەر خەڵك بکوژرێن، ئەگەری شەڕی دووەم لەگەڵ ئیسرائیل و کەوتنی مادۆرۆ کاریگەرییان لەسەر خۆپێشاندانەکان دەبێت.
ئاژانسی فەرمی ئێران بۆخۆی گوتوویەتی ئەمە زنجیرەیەک ناڕەزایی پووکێنەرە کە هۆکارەکەی تەنیا ئابووری نییە، بەڵکوو نەمانی متمانەیە. باسی لەوەش کردووە کە ئەمە شۆڕش نییە بەڵام لە شۆڕش مەترسیدارترە، چونکە رابەر، و ئاسۆیەکی دیاری نییە و بەردەوام لە هەڵکشان و داکشاندایە. هەرچەند دەشێ ئەمە رەنگدانەوەی دیدگای مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە بیت کە مەرج نییە لەگەڵ روانگەی بەشەکانی دیکەی سیستمی سیاسی و ئەمنیدا یەکبگرێتەوە کە ریشەی ناڕەزاییەکان بۆ پرسە ئابورریەکان یان دەستوەردانی دەرەکی دەگەڕێننەوە، بەڵام هەر لە پزشکیانەوە هەتا رابەری ئێران هەڵوێستی ئەمجارەی دەوڵەت لە بەرامبەر خۆپیشاندەران جیاوازترە بەوەی کە تەنانەت باسی "گفتوگۆ" لەگەڵ ناڕازییەکان دەکەن. بە ئەگەری زۆر ئەمەش بۆ هاوتەریبییەکەی لەگەڵ دۆخە نالەبارە سیاسی، ئابووری و ئەمنییە ناوخۆیی و دەرەکییەی ئێران دەگەڕێتەوە.
چۆن لە خۆپێشاندانەکانی ئێران تێبگەین؟
بەپێی داتاکانی ACLED لە ماوەی نێوان 2015 تا 12ی 12ی 2025دا - ئەم شەپۆلەی کۆتایی ناگرێتەوە کە لە 28ی مانگی 12ی 2025وە دەستپێکردووە- بە گشتی 30263 خۆپێشاندانی گەورە و بچووک لە ئێران کراون کە 7٪ی خۆپێشاندانی تووندوتیژانە بوون کە تێیدا یان خۆپێشاندەران یان دەوڵەت رەوتێکی تووندیان گرتووەتەبەر. دیارە بەو پێیەی کە حکومەت بەردەوام خۆپێشاندانی ساڵانە بۆ پاڵپشتی لە خۆی رێکدەخات، دەشێ هەموو ئەوانەی کە بە ئاشتییانە کراون پەیوەندییان بە ناڕەزایی خەڵکەوە لە حکومەت نەبێت. ئەوانەی کە لەو خانەیەدا جێ دەگرن 1967 دانەیە کە تووندوتیژی، گرتن و راوەدوونانی تێکەوتووە و بەپێی دابەشکارییەکانیACLED ئەوانەن کە دەوڵەت دەستوەردانی تێدا کردووە، هێزی زیاد و تووندوتیژی تێدا بەکار هاتووە و لێرەشدا هەموویان لە خانەی خۆپێشاندانی ناڕەزایی دژی حکومەت دا کۆکراونەتەوە.
بەپێی ئەنجامەکان ئیدی خۆپێشاندان لە ئێران شتێکی کاتی نییە و تەنیا یەک هۆکاری نییە. بە گشتی، هەرچی چووە، هەم تووندوتیژتر بووە، هەم جوگرافییەکەی فراونترە بووە و هەمیش زیاتر بەردەوام بووە.
ژمارە ئابوورییەکانی پشت خۆپێشاندان
بەشێک لە میدیاکانی ئێران رێژەی بێکاری بە دەوری 7.5٪ دادەنێن، بەڵام بەپێی ئای ئێم ئێف، ئەوە خۆی لە قەرەی 9٪ داوە. لە ئێران تەنیا 27 ملیۆن و 175هەزار کەسی بە هێزی کار هەژمار دەکرێن و ئەگەر رێژەی بێکاری رێژەی 7.5٪ی بێت ئەوا 2 ملیۆن کەس دەکات و ئەگەر 9.2٪ش بێت ئەوا 2،500،100 کەس دەکات.
نەک تەنیا بێکاری بەڵکو گەشەی خاوی جی دی پی و هەڵاوسانیش گرفتی دیکەی ئابووری ئێرانن و لە نێو پێنوێنە جیاوازەکاندا پەیوەندییەکی راستەوانە لە نێوان هەڵاوسان و ژمارەی خۆپێشاندانەکاندا هەیە و هەرچی هەڵاوسان زیادی کردبێت خۆپێشاندانیش زیاتر بووە.
سێ رۆژ بەر لە گۆڕانی ساڵی زایینی، نرخی دۆلار ریکۆردێکی نوێی تۆمار کرد و 144 هەزار تمەنی تێپەڕاند، لەسەر ئەوەش فرۆشیارانی مۆبایل لە مۆڵێکی تاران بۆ ناڕەزایی چوونەتە سەر شەقام لە دوای ئەوەش ئیدی ناڕەزاییەکان تەشەنەی کردووە. ئەمە چیرۆکی دەستپێکردنی شەپۆلی ناڕەزاییەکانی ئەمجارەی کە میدیای ئێرانی دەیگێڕێتەوە.
هاوکات لەگەڵ گۆڕانی نرخی دۆلار، رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە بە 42٪ راگەیێندراوە، بەڵام هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە مانگی 12 دا بە 52٪ راگەیێندراوە، واتە نرخی کاڵا و شتومەک بۆ هاووڵاتییەکی ئێرانی 52٪ گرانترە بووە کە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان وەک خۆراک و دەرمان لە ریزی سەرەوەی ئەو گرانییەدان. بۆ نموونە، بەراورد بە مانگی نۆڤەمبەری 2025، لە کۆتایی ئەو ساڵەدا، نرخی نان، هێلکە، شیر، میوە، بەپێی ریزبەندی 26.7٪، 18.3٪، 9.8٪ و 16٪ زیادی کردووە. ئەمەش بۆ زۆرێک لە هاووڵاتییان کە وامەزندە دەکرێت لەسەر سێ کەسیان یەکێکیان هەژار بێت، گرانییەکی کەمەرشکێنە. بۆ نموونە بە پێی بەراوردی دەوڵەت کریکارێکی ئاسایی بۆ گوزارانی ژیانی خۆی پێویستی بە لانیکەم 50 ملیۆن تمەن هەیە کە دەوری 350 دۆلارێک دەکات بەڵام لانیکەمی مووچەی کریکارێکی خێزاندار بۆ ساڵی 2025 بە دەوری 100 دۆلار دیاری کراوە.
بەپێی داتا فەرمییەکانی خودی ئێران، 26 ملیۆن کەس لەژێر هێڵی هەژارییەوەن، لەونێوانەشدا، داهاتی چوار ملیۆن کەسیان بەشی گوزرەانی رۆژانەیان ناکات. 20٪ـی دەوڵەمەندترین چینی کۆمەڵگە سەرووی 46٪ی کۆی خەرجییەکانی لایە و 20٪ی هەژارەکانیش تەنیا 6٪. بە واتاکەی دیکە، 20٪ـی خەڵکی دەوڵەمەند 7.6 قات زیاتر لە چینی هەر هەژار خەرج دەکەن کە واتای لاوازبوونی زیاتری چینی نێوەڕاست و گەورەبوونی درزی جیاوازیی چینایەتییە لە ئێران.
دۆخی سیاسیی ئێران و خۆپێشاندانەکان
لە رۆژانی رابردوودا بەشێکی دیار لە بەرپرسانی سیاسی ئێران باسیان لەوە کردووە کە گرفتە ئابوورییەکانی ئێستای ئێران تەنیا لەبەر گەڕانەوەی گەمارۆکان نییە. مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە چەندین لێدوانی جیادا دانی بە خراپی بەڕێوەبردن و، گەندەڵی دا ناوە. ئەو گوتوویەتی ئەگەر خەڵک ناڕازین، بە دوای ئەمریکا و ئەوانەدا مەگەڕێن، خەتای خۆمانە! قسەیەکی هاوشێوەی ئەمەش لە زاری عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە دەرکەوت کە گوتبووی کێشەکانی ئێستا تەنیا لە بەر گەڕانەوەی گەمارۆکان نین، بەڵکو لەبەر گەندەڵی و نەتوانیی بەڕێوەبردنی ناوخۆییە. هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا رابەری ئێرانیش دانی بە هەبوونی ناڕەزاییدا لە ئێران نا و، پشتیوانی لە قسەیەکی حکومەت کرد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ خۆپێشاندەران هەرچەند باسی لەوەش کرد کە کەسانێک هەن کە ئاژاوەگێڕی دەکەن و دەبێ وەڵامیان بدرێتەوە.
بەدەر لە فاکتەری ناڕەزایی خەڵک، سیستەمی سیاسی ئێستای ئێران کە پشت بە دوو کۆڵەکەی پیاوانی ئایینی- سەربازی دەبەستێت لە کاتی گواستنەوەیەکی بێدەنگ دایە. حاڵی حازر هەردوو باڵەکەی نوخبەی دینی و سەربازیی ئێران بە قۆناخێکی کاتیدا تێپەڕ دەبن و ئەوەش دەتوانێت وەک هۆکارێکی کاریگەر لەسەر خۆپێشاندان رۆڵی هەبێت.
رۆڵی پیاوانی ئایینی لە سیستەمی سیاسی ئێران دا لە رێی بابەتەکانی وەک پرسی رابەری داهاتوو دووبارە بە گەرمی لە رۆژەڤدایە. لە راستیدا رۆڵی ئەوان زیاتر لە کەسایەتی رابەری ئێراندا زەق بووە و بەرە بەرە ئەو رۆڵە کەم بووەتەوە. لە یەکەم پەرلەمانی ئێراندا رێژەی ئەو پیاوە ئاینییانەی شیعە کە بوونەتە پەرلەمانتار 52٪ بووە، بەڵام بە درێژایی 11 خولی دوای ئەوە ئاڕاستەی کەمیی وەرگرتووە تا ئەوەی کە لە دوایین هەڵبژاردندا بووەتە 7٪. بە هەمانشێوە پشکیان لە یەکەم کابینەوە هات کابینەی هەشتەم بە گشتی لە سەرووی 10٪ی وەزیرەکان بووە بەڵام دوای ئەوە دابەزیوە بۆ سنوورەکانی 4 بەڵام لە کابینەی پزشکیان دا بۆ 10٪ بەرزبووەتەوە.
لەنێو دیارترین مەرجەعە ئایینییەکانی شیعەدا لە ئێران، کە وادیارە جیاوازییەک لە هەڵوێستی سیاسییاندا هەیە، هەریەک لە ئایەتوڵڵا ناسر مەکارمی شیرازی (98 ساڵ) و ئایەتوڵڵا حوسێن نوری هەمدانی(100 ساڵ) لە ریزی پاڵپشتیکارانی موحافزەکارەکانی ئێراندان کە ئەمەی دوایی رەخنەی زۆر تووندی لە کابینەکەی رۆحانی گرتبوو، لە کاتێکدا ئایەتوڵڵا وەحیدی خۆراسانی(105 ساڵ)، حەسەن رۆحانیی بە یەکێک لە باشترین سەرۆککۆمارەکانی ئێران ناوبردبوو. ئایەتوڵڵا ئەسەدوڵڵا بەیاتی زەنجانی(84)یش زیاتر ریفۆرمیستەکان نزیکە. هەڵبەت زیاتر لەوەی کە هەڵویستی مەرجەعەکانی ئێستا چۆن بێت، پرسیاری سەرەکی ئەوەی کە ئایا جیلی تازەی مەرجەعە دینییەکانی ئێران چ جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ سایسەت بنیات دەنێن. بەدەر لەوانیش رۆڵی نەوەکانی رابەری پێشووی ئێران وەک حەسەن خومەینی و عەلی خومەینی(زاوای ئایەتوڵڵا سیستانییە لە عێراق و لە نەجەف دەژی)، رۆڵی کوڕە گەورەی رابەری ئێستا، رۆڵی داهاتووی حەسەن رۆحانی و ماڵی لاریجانی کە بێجگە لە سیاسەت رۆڵێکی ئایینییان لە سیاسەتی شیعیدا هەیە، کاریگەرییان لەسەر ئەو قۆناخی گواستنەوەیە هەیە کە سەبارەت بە رۆڵی پیاوانی ئایینی لە سیاسەتدا هەیە.
هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا سوپای پاسداران رۆڵێکی کارای لە سیاسەت و ئابووری ئێراندا هەیە و لەم 10 ساڵەی دواییدا زیاتر بووە. بۆ نموونە 26٪ی وەزیرەکانی کابینەی پزشکیان پاشخانی سوپاییان هەیە و ژمارەی ئەو سوپاییانەی کە چوونە پەرلەمان زیاتر بووە. سوپاییەکانی وەک عەلی لاریجانی، شەمخانی و قاڵیباف بە شێوەی ئەکتیڤ گەڕانەوتەوە بۆ سیاسەت. هەڵبەت ئێران لە شەڕی 12 رۆژەدا زیاتر لە 30 فەرماندەی پلەبەرزی سوپای لە دەسدا کە ئێستا شوێنەکانیان بە کەسی نوێ یان فەرماندەی کۆن پڕکراونەتەوە. ئەمەش لە واتایێکی سادەدا بە سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی رۆڵ و بەرژەوەندییەکانی سوپا پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەت لە سیاسەتی ئێرانی دا تەرجەمە دەبێتەوە.
بێجگە لە رۆڵی سوپا و پیاوانی ئایینی پێگەی ئەڵترا-موحافزەکارەکان و ریفۆرمیستەکانیش لە ریزی گرنگترین ئەو بابەتانەیە کە بە گشتی کاریگەری لەسەر سیاسەت دادەنێن. ناکۆکی نێوان نوخبەی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لە جاران لە، پێشچاوانە. هەر سێ سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران، خاتەمی، ئەحمەدی نەژاد و رۆحانی و تەنانەت سەرۆککۆماری ئێستاش روانگەیەکی جیاوازتریان لە باڵی موحافزەکار هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ئێران. ئەو ناکۆکییە ناوخۆییانە لەکاتێکدان کە کوڕی شای پێشووی ئێرانش نیەتی هێناوە بۆ ئەوەی لە داهاتووی ئێران دا رۆڵ بگێڕێت هەرچەند هێشتا لایەنگرێکی فراوانی نییە. گرووپە کوردییەکانی دژی حکومەت زیاتر لە هەمووان رێکخراون، گرووپەکانی بەلوچ کردەی چەکداری دەکەن، بەڵام کاندیدی کاریگەرترین گرووپی سیاسی لە ئێران پێدەچێ ئازەرییەکان بن کە بەهۆی پێگەی سیاسی و ئابووری ئێستایانەوە خواستی نەتەوەیی- ئازەرییان زیاتر بووە و دەرفەتێکی زیاتریان لەبەردەمدایە. ئەم هۆکارانەش وادەکان کە تەنانەت ئەگەر شەڕ یان خۆپێشاندانیش نەبێت ئەوا وەرگۆڕانێکی سیاسەت لەبەر دەرگای ئێران بێت.
سێبەری ترەمپ و نەتەنیاهۆ
بێجگە لە بابەتی گەمارۆکان کە خەریکە ئێستا کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووری ئێران زیاتر دیار دەبن، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رێک و راست هەڕەشەی دەستوەردانی سەربازی لە ئیران کرد کە ئەگەر خۆپیشاندەران بکوژرێن. رۆژێک دوای ئەوەش مادۆرۆی سەرۆکی ڤەنزوێلای گرت و بردییە دادگا. بەمەش جارێکی دیکە ئەوەی پیشانی جیهان دا کە ناکرێ قسەکانی ئەو بە هەند وەرنەگیردرێت. بەرپرسانی ئێران وەک عەلی لاریجانی و عەلی شەمخانی دەسبەجێ وەڵامی ترەمپیان دایەوە کە ئەوانیش دەتوانن گیانی سەربازانی ئەمریکا بخەنە مەترسی، بەڵام بەدەر لە وەڵام و وەڵامدانەوەکان، هەروەها بێجگە لە واتا سیمبۆلیک و کردارییە گریمانەییەکانی هۆشدارییەکەی ترەمپ، کەوتنی مادۆرۆ دەتوانێت ئەگەری شەڕێکی دیکەی نێوان ئیسرائیل و ئێران زیاتر بکات کە ئەوەش دەتوانێت دۆخی خۆپێشاندانەکان بە تەواوی بگۆڕێت.
هێشتا چارەنووسی زیاتر لە 400 کیلۆ یۆرانیۆمەکەی ئێران دیار نییە و تاران هەرچی دەچێ لە رووسیا و چین نزیکتر دەبێتەوە کە بابەتێکی جێی مەترسییە بۆ ئەمریکا. بۆ ئیسرائیلیش هەم یۆرانیۆمەکە و هەمیش هەوڵەکانی ئێران بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی سەربازی پاڵنەری شەڕن. یەکێک لە بەربەستەکانی درێژەکێشانی شەڕی 12 رۆژەش، ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز و راگیرانی هەناردەکردنی وزە بوو. پێدەچێ رێککەوتنێکی رانەگەیەندراویش لەسەر ئەم بابەتە هەبووبێت کە نە ئیسرائیل و نە ئەمریکا هێرش بکەنە سەر بنکە دەریاییەکانی ئێران، لەبەرمبەردا ئێرانیش گەرووی هورموز دانەخات، بۆیە لە گەرمەی شەڕەکەدا هیچ باسێک لەبارەیەوە نەبوو. هەڵبەت بە ئەگەری زۆر، ئەگەر ئەمجارە شەڕ رووبدات، رێککەوتنێکی وانابێت و لەوانەیە ئێران گەرووی هورموز دابخات تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیێکی کاتیش بێت. ئالێرەدایە کە بە هەبوونی ڤەنزوێلایێکی بێ مادۆرۆ کە 17٪ی یەدەگی نەوتی دنیای لایە، ترەمپ دەتوانێت بازاڕی وزە ئارامتر بهێڵێتەوە.
پاشەکشەی ئێران لە سیاسەتی دەرەوە وەک رووخانی ئەسەد، کەوتنی مادۆرۆ و شەرەکانی غەزە و لوبنان و باسەکانی چەکداماڵینی حیزبوڵلا و گرووپەکانی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، گوتاری پان شیعیستی ئێرانی لاواز کردووە و ئەوەش تەنانەت کاریگەری لەسەر دروشمی ناڕازییەکان داناوە کە زیاتر لە جاران دژی سیاسەت ناوچەییەکانی تاران قسە دەکەن.
کۆتایی
دۆخی نالەباری ئابووری، ناتەبایی نوخبەی سیاسی و گرفتە جیۆپۆلتیکەکانی تاران، وایانکردووە کە خۆپێشاندانی ئەمجارەی خەڵک بایەخێکی زیاتری بۆ تاران هەبێت. دەشێ ئەم خۆپێشاندانانە بەهۆی کەڵەکەبووی چەند چینێکی دۆخی سیاسی، ئابووری و ئەمنی بەسەر یەکەوە، دەرگای گۆڕانکارییەکی گەورەتر بکاتەوە. یەکێک لەو ئەنجامانەی کە دەشی لە شیکردنەوەی داتای خۆپێشاندانەکان دەربکەوێت ئەوەیە کە سەڕەرای بەردەوامی و گەورەیی خۆپێشاندانەکان بە تایبەتی ئەوانەی 2019و 2022، حکومەت داواکاریی خۆپێشاندەرانی بە رەسمی قبووڵ نەکردووە. هەرچەند لە ئەنجامی ئەوەی 2022دا حکومەت بەبێدەنگی وازی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پەیوەست بە حیجاب هێناوە، بەڵام ئەم نەبووەتە گۆڕانکارییەکی رەسمی. خەڵک ترسی شکاوە لەوەی کە ناڕەزایی دەرببڕێ، بەڵام حکومەتیش فێربووە کە چۆن کۆنترۆڵیان بکات و هێشتا هێزی ئەوەی هەیە کە ئەم کارە بکات، بەڵام بە هەبوونی فاکتەری ئەگەری دەستوەردانی ترەمپ یان "پاڵپێوەنانی نەرم"ی خۆپێشاندان، لەوانەیە سووڕی ئەو بازنەیە بشکێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ