بۆ تێگەیشتن لە کێشە ئابووری و داراییەکانی ئێستای ئێران، پێویست ناکات بڕوانامەی دکتۆرات لە ئابووریدا هەبێت. تەنیا سەیری نرخی نان یان نرخی ئۆتۆمبێلێکی دەستی دوو بکە کە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، یان تەنانەت لە ماوەی یەک ساڵ دا چی بەسەر هاتووە. لە ماوەی 10 ساڵ دا، تمەنی ئێرانی لە دراوێکی جێگیرەوە بووەتە هێمای لەدەستدانی هێزی کڕین.
10 ساڵ لەمەوبەر یەک دۆلار بە سێ هەزار و 500 تمەن دەستاودەست دەکرا. ئەم رۆژانە، یەک دۆلار بە زیاتر لە 140 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت. واتە بە رێژەی 3900٪ بەهای خۆی لەو ماوەیەدا لەدەستداوە. تەنانەت لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، نرخی تمەن بەرامبەر دۆلار زیاتر لە 60٪ـی بەهای خۆی لەدەستداوە. گوشارە نێودەوڵەتی و گەمارۆکان، سیاسەتە داراییە چەوتەکانی حکومەت و شکستی بانکەکان هۆکاری سەرەکی ئەو داڕامانە بێ وێنەیەن.
بانکی ناوەندیی ئیران، مەکینەی چاپکردنی پارە
سەرەکیترین هۆکاری ئازارە ئابوورییەکانی ئێران، بریتییە لە هەڵاوسان. لە کاتێکدا تێکڕای هەڵاوسانی جیهانی لە نزیکەی 3% بۆ 5% دەگۆڕێت، رێژەی هەڵاوسانی فەرمی لە ئێران ساڵانێکە لە نێوان 40% بۆ 50% دەسووڕێتەوە. لە هەمووی کاریگەرتر بەرزبوونەوەی نرخی خۆراکە کە گەیشتووەتە 70٪.
محەممەد پارسا نژاد، ئابووریناسی ئێرانی لە لێدوانێکی تایبەت دا بۆ رووداو، روونیدەکاتەوە کە ئەمە بەهۆی ئەوەیە، حکومەت پارەیەک خەرج دەکات کە نییەتی. پارسانژاد دەڵێت: "هەر کاتێک حکومەت تووشی کورتهێنانی بودجە بێت، گوشار دەخاتە سەر بانکی ناوەندیی ئێران و لەبەر ئەوەی بانکی ناوەندی سەربەخۆ نییە، ئەوە دەکات کە حکومەت داوای دەکات و پارەی زیاتر چاپ دەکات".
ئەمە وەک یارییەک وایە؛ حکومەت بڕێکی زۆر پارە دەخاتە بازاڕەوە بەبێ ئەوەی کاڵا و خزمەتگوزاری زیاتر بووبێت. کاتێک پارەیەکی زۆر بەدوای کاڵایەکی کەمدا دەگەڕێت، نرخەکان دەفڕن. لەلایەکی دیکەوە سیستمی بانکی پەکیکەوتووە. بانکەکان قەرزی گەورە دەدەنە کۆمپانیا و ناوەندە دەستڕۆیشتووەکانی نزیک لە حکومەت و بە ئاستەم ئەو پارانە دەگەڕێننەوە بۆ نێو سیستمی بانکی. لە دۆخێکی وەهادا بانکەکان داوای پارە لە بانکی ناوەندی دەکەن بۆ ئەوەی دانەڕمێن. ئەمەش بە واتای نەختینەی زیاتر و هەڵاوسانی زیاترە.
لەدەستدانی نیوەی داهاتی نەوتی
هەر وڵاتێک پێویستی بە دۆلاری ئەمریکییە بۆ کڕینی دەرمان، ئامێر و دانەوێلە لە دەرەوە. وەک وڵاتە نەوتییەکانی دیکە، ئێرانیش ئەو دۆلارانەی لە رێگەی فرۆشتنی نەوتەوە دەست دەکەوێت.بەپێی کۆمپانیای راوێژکاری کێپلەر، کە تایبەتە بە جووڵەی کەشتییە نەوتییەکان، لە ماوەی یەک ساڵ دا، هەناردەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان و گازی شلی ئێران لە رۆژانە زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیلەوە دابەزیوە بۆ کەمتر لە 1.5 ملیۆن بەرمیل. ئەمە رێک وەک ئەوەیە خێزانێک لەناکاو 50%ـی مووچەکەی لەدەستبدات، بەڵام خەرجییەکانی وەک خۆی بمێنێتەوە. کاتێک دۆلاری کەمتر دێتە ناو وڵات، نرخی دۆلار بەرز دەبێتەوە. چەند دۆلار گرانتربێت، کاڵا هاوردەکراوەکان گرانتر دەبن. ئەمەش دیسان هەڵاوسان زیاتر بەرزدەکاتەوە.
دۆلار 20% لە نرخی راستەقینەی خۆی گرانترە
یەکێک لە بابەتە هەرە سەرنجڕاکێشەکان کە محەممەد پارسانژاد باسی دەکات، نرخی دۆلارە لە بازاڕدا. ئەو دەڵێت نرخی دۆلار لەسەر شەقامەکانی تاران لە راستی دا 10% بۆ 20% گرانترە لەو نرخەی کە پێویستە بەپێی هاوکێشە ئابوورییەکان هەیبێت. بۆچی؟ بەهۆی ترسەوە.
ئەم جیاوازییە 20%ـییە لە راستی دا "باجی دڵەڕاوکێیە". خەڵک هێندە نیگەرانن لەوەی سبەی تمەن بێ بەهاتر بێت، ئامادەن ئەمڕۆ بڕێکی زۆرتر بدەن تەنیا بۆ ئەوەی لە تمەن رزگاریان بێت و دۆلارێکی جێگیریان دەستکەوێت. ئەم بێ متمانەییە دیوارێکی دەروونییە کە حکومەت ناتوانێت بە ئاسانی بیڕوخێنێت.
تێچووی مرۆیی
کاتێک ژمارەکانی سەر کاخەز هێندە خراپ دەبن، لە کۆتاییدا دەبنە تووڕەیی لەسەر شەقامەکان. (رەی تەکی)، یەکێک لە بەنێوبانگترین لێکۆڵەر و نووسەرەکانی کاروباری ئێران، کە دەیان کتێبی لەبارەی ئێران نووسیوە، دەڵێت "خەڵکی ئێران گەیشتوونەتە خاڵی تەقینەوە".
رەی دەڵێت "دروشم و سیاسەتی (ئابووریی خۆڕاگر)ـی حکومەتی ئێران کە گوایە دەتوانن بە دابڕاوی لە جیهان دا گەشە بکەن، دەردی داوەتە خەڵک، بەچەشنێک ژیانیان بەڕێوەناچێت".
گۆڕینی سەرۆکی بانکی ناوەندی
حکومەتی ئێران چەندین جار سەرۆکی بانکی ناوەندی گۆڕیوە، دیارترینیان هەفتەی رابردوو بوو کە عەبدولناسر هیمەتی هێنایەوە بەو هیوایەی کە بتوانێت رێگری لە دابەزینی بەردەوامی بەهای تمەن بکات. هیمەتی بەوە ناسراوە کە لایەنگری تووندکردنی سیاسەتی نەختییە بەتایبەتی لە رێگەی لابردنی سیاسەتی دوو نرخی بۆ دۆلار و پاڵپشتییە حکومییەکان، بەڵام ئەستەمە هیمەتی لەم دۆخەدا کارێکی ئەوتۆی پێبکرێت و لەڕووی مێژووییەوە سەلمێندراوە کە ئەو سیاسەتانە تەنیا دەتوانن خێرایی دابەزینی بەهای تمەن کەم بکەنەوە، بەڵام نابنە هۆی ئەوەی تمەن لە درێژخایەندا بەهاکەی بەرزبێتەوە تاوەکو ئەوکاتەی بانکی ناوەندی نەتوانێت بە حکومەت بڵێت "نەخێر" و پارەی بێ بنەما چاپ نەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ