ترەمپ بەڕاستی بەنیازی چییە بۆ کارەبای ئێران؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
عومەر ئەحمەد
A+ A-
رۆژی یەکشەممە لە کاتێکدا مووشەکەکانی ئێران هێشتا لە نزیک سەنتەری توێژینەوەی ئەتۆمیی دیمۆنا لە ئیسرائیل دەکەوتنە خوارەوە، دۆناڵد ترەمپ دەستی بۆ مۆبایلەکەی برد و لە ترووس سۆشیاڵ نووسی،"ئەگەر ئێران لە ماوەی 48 کاژێردا لەم چرکەساتەوە، تەنگەی هورمز بەبێ هەڕەشە و بە تەواوی نەکاتەوە، ئەمریکا وێستگەکانی کارەبایان دەپێکێت و لەنێویان دەبات، لە گەورەترینیانەوە دەست پێدەکات."

بەڵام پێش ئەوەی 48 کاژێرەکە تەواو ببێت، پۆستێکی دیکەی تەواو پێچەوانەی کرد و رایگەیاند، "گفتوگۆی زۆر باش و بەرهەمدار"یان هەبووە بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی ناکۆکییەکانیان لەگەڵ ئێران و بەوهۆیەشەوە فەرمانی بە وەزارەتی جەنگ کردووە هەموو هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وزەی ئێران بۆ ماوەی 5 رۆژ رابگرن.

بەپێی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، راگرتنەکە بەندە بە سەرکەوتنی کۆبوونەوە و گفتوگۆکانیان لەو پێنج رۆژەدا، کە بڕیارە ئەم هەفتەیە بەردەوام بن. بەرپرسانی باڵای ئێران دەستبەجێ رەتیانکردەوە لەگەڵ ئەمریکا لە دانوستاندندا بن و قسەکانی سەرۆکی ئەمریکایان وەک هەوڵێک بۆ دانانی کاریگەری لەسەر بازاڕە داراییەکان نێوبرد.

سەرەڕای لێدوانەکانی ترەمپ بۆ راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوەکانی کارەبای ئێران، بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، بۆریی گازی وێستگەی کارەبای خوڕەمشەهر و باڵەخانەی ئیدارەی گاز و وێستگەی کۆنترۆڵی پەستانی گازی ئیسفەهان کرانە ئامانج.

پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە، سیستمی کارەبای ئێران بەرگەی چ جۆرە هێرشێک دەگرێت و هێرش بۆ سەر دامەزراوەکانی کارەبا چۆن دەبێتە هۆکار بۆ تاریککردنی شارەکانی ئێران و پەرێشانبوونی خەڵک لە ئێران؟

ئێران ئێستا لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە مۆڵەتی پێنج رۆژی بۆ دانراوە. هەڕەشەکانی ترەمپ راستەقینەن، بەڵام سیستمی کارەبای ئێران هەرچەندە هەستیار بێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەتوانێت خۆڕاگربێت.

سیستمێک لەنێو قەیرانێکی بەردەوام دا

سیستمی کارەبای ئێران لەژێر قورسایی خۆیدا و بەهۆی کێشەی نێوخۆییەوە خەریکە پەکیدەکەوێت و لەگەڵ هەر هێرشێکی دەرەکی تووشی زیانی گەورە دەبێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە سیستمەکە توانای خۆڕاگریی نەبێت. توانای بەرهەمهێنانی کارەبای ئێران زیاتر لە 92 هەزار مێگاواتە، بەڵام ئەو 92 هەزار مێگاواتە، توانای تیۆریی بەرهەمهێنانە. هەرچەندە ئەو ژمارەیە لەلایەن وەزارەتی وزەی ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە، بەڵام ئەوە ژمارەیەکی راستەقینە نییە. لە راستی دا توانای راستەقینەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێران زۆر کەمترە لەو ژمارەیە و نزیکەی 62 هەزار مێگاواتە.

بەپێی شیکردنەوەیەکی وردی (پەیمانگەی کارنێگی بۆ ئاشتیی نێودەوڵەتی) کە لە حوزەیرانی 2025 بڵاوکراوەتەوە، چەندین هۆکار، وەک کۆنبوونی وێستگەکانی کارەبا کە بە هەڵم کار دەکەن، پشتبەستنی زۆر بە گازی سرووشتی، وشکەساڵیی یەک لەدوای یەک و بەرزبوونەوەی خواست، بۆشاییەکی گەورە و بەردەوامیان لەنێوان ژمارە فەرمییەکان و واقیعی کارکردن و بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێران، دروستکردووە. تێکڕای کارامەیی وێستگە گەرمییەکانی ئێران کەمترە لە 33٪. راپۆرتەکانی سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمانی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن، تەنانەت کارامەیی هەندێک لە وێستگە نوێیەکانیش کەمترە لە 30٪. ئەوەش لە کاتێکدایە، ستانداردی جیهانی بۆ وێستگەی خولی تێکەڵاو، واتە وێستگەی (هەڵمی و گازی)، لە نێوان 55٪ - 60٪دایە. پەیمانگەی کارنێگی دەڵێت، نزیکەی 40٪ی گازی سرووشتی و کارەبای ماڵان لە ئێران لەکاتی بەرهەمهێنان و گواستنەوەدا بەفیڕۆ دەچێت.

سەنتەری توێژینەوەی ژووری بازرگانیی ئێران کە ئامارەکانی لە ساڵی 2025دا بڵاوکرانەوە، مەزەندە دەکات پچڕانی کارەبا رۆژانە نزیکەی 18 تریلیۆن تمەن زیانی ئابووریی هەبێت. زیاتر لە 51٪ی ئەو زیانانە بەر کەرتی پیشەسازی دەکەون. بەرهەمهێنانی پۆڵا و چیمەنتۆ لە ئەسفەهان، یەزد و خوزستان دەیان جار پەکیکەوتووە. لە ساڵی 2024دا لە مانگەکانی گەرمی هاویندا تەنیا 500 بۆ 650 مێگاوات بەو پیشەسازییانە دراوە کە لە بنەڕەتدا پێویستیان بە زیاتر لە 1000 مێگاواتە. قەرزی حکومەت بۆ خاوەن وێستگە تایبەتەکانی کارەبا تاوەکو سەرەتای ساڵی 2024 گەیشتە زیاتر لە 2 ملیار دۆلار. ئەمەش وایکرد کەرتی تایبەت وەبەرهێنان لە کەرتی کارەبادا نەکات. بەپێی کارنێگی، ئێران لە ساڵی 2023دا 30 ملیار دۆلاری بۆ پاڵپشتیی کارەبا و 52 ملیار دۆلاری بۆ پاڵپشتیی بەرهەمە نەوتییەکان خەرج کردووە. لە لایەکی دیکەوە لۆژیکی پاڵپشتیکردن لە نرخەکانی وزە و هەرزانبوونی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکان، زیاتر وەبەرهێنەرانی لە وەبەرهێنان لە  کەرتی کارەبا دوورکردووەتەوە.

سەید حەمید حوسێنی، ئەندامی لیژنەی وزەی ژووری بازرگانیی ئێران، لە بارەی پاڵپشتیکردنی نرخی وزە دەڵێت حکومەت ناوێرێت نرخی وزە گران بکات"حکومەت دەیەوێت بە هەر چەشنێک بێت رێگە نەدات قەیران لەو کەرتەدا دروستبێت، لەبەرئەوەی ئەوە وەک بەرمیلە بارووتێکە کە دەکرێت بتەقێتەوە و نائارامی لە سەرانسەری وڵاتدا دروست بکات."

ئێران ساڵانە 70 ملیار مەتر سێجا گاز دەداتە وێستگەکانی کارەبا کە بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی وزەی ئێران نزیکەی 1.5 هێندەی تەواوی ئەو گازەیە کە تورکیا ساڵانە بەکاری دەهێنێت. کەچی هێشتا لە بەرهەمهێنانی کارەبادا کورتهێنانی هەیە. لە شوباتی 2024 دا، هێرشە نهێنییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دوو بۆڕی سەرەکی گاز، ئێرانی ناچارکرد پەنا بۆ یەدەگی فریاگوزاری ببات، ئەمەش کورتێهێنانی 350 ملیۆن مەتر سێجا گازی لە رۆژێکدا لێکەوتەوە. وەزیری نەوتی ئێران، موحسین پاکنەژاد راگەیاندووە وڵاتەکەی پێویستی بە 45 ملیار دۆلار وەبەرهێنانە تەنیا بۆ ئەوەی لە قەیرانی بێ کارەبایی رزگاربێت لە وەرزی هاوین دا، بەڵام هیچ وەبەرهێنانێک لە رێگادا نییە. لە کانوونی یەکەمی 2025، سەرۆک کۆماری ئێران مەسعوود پزیشکیان خۆی لە تەلەڤزیۆنی نیشتمانی دانی بەوە دانا ئەگەر کورتێهێنانی وزە چارەسەر نەکرێت "ئێران رووبەڕووی قەیران دەبێتەوە" و، ئاماژەی بەوەش کرد کە لەوانەیە حکومەت نەتوانێت مووچەی خانەنشینان بدات بەبێ بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی.

مانای راستەقینەی ژمارەکان

دەرفەتە 5 رۆژییەکەی ترەمپ بۆ ئێران لە کاتێکدایە کە لە وەرزی بەهار، ئێران باشتر دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکات. قەیرانی کارەبای ئێران دیاردەیەکی هاوینەیە. بەپێی شیکردنەوەیەکی گۆڤاری (پرینستۆن)، ئامێرەکانی فێنککەرەوە نزیکەی 35٪ی لۆدی سەر کارەبای نیشتمانی ئێران پێکدەهێنن، واتە نزیکەی 25 هەزار بۆ 30 هەزار مێگاوات خواست لە مانگی ئاداردا کەمترە بەراورد بە لووتکەی هاوین. لە هاوینی 2024 دا، کورتێهێنانی کارەبای نیشتمانی گەیشتە نزیکەی 14 هەزار مێگاوات کە یەکسانە بە دوو هێندەی تەواوی بەرهەمی کارەبای وڵاتێکی وەک ئازەربایجان. لە کۆتایی مانگی ئاداردا، خواست بۆ نزیکەی 30 هەزار بۆ  38 هەزار مێگاوات دادەبەزێت. بە لەبەرچاوگرتنی توانای بەرهەمهێنانی راستەقینەی 62 هەزار مێگاوات، تۆڕی کارەبای ئێران لە بەهاردا تەنانەت نزیکەی 24 هەزار مێگاوات زیادەی هەیە. ئەمە بە پێوەرەکانی ئێران، دۆخێکی تاوەکو رادەیەک ئاسوودەییە لەڕووی هەبوونی کارەباوە.

چۆنیەتی هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی کارەبای ئێران، دەتوانێت کاریگەری جیاواز لەسەر سیستمی کارەبای ئەو وڵاتە دابنێت.

گەورەترین وێستگەی کارەبا:  وێستگەی هەڵمی- گازی دەماوەند لە باشووری رۆژهەڵاتی تاران، توانای 2900 مێگاواتی هەیە. لەناوبردنی تەواوەتی ئەم وێستگەیە بەپێی خەمڵاندە سەربازییەکان، پێویستی بە 8 بۆ 15 هێرشی مووشەکی ورد هەیە و 3.7٪ی توانای ( تیوری) کارەبای نیشتمانی ئێران لەنێودەبات. لە وەرزی بەهاردا، ئەم 2 هەزار و 900 مێگاواتە لەنێو ئەو24 هەزار مێگاوات زیادەیەدا ون دەبێت و تۆڕی کارەبای ئێران لەم وەرزەدا دەتوانێت بە ئاسانی قەرەبووی نەمانی ئەو وێستگە زەبەلاحە بکاتەوە، بەڵام لە وەرزی هاوین دا، نەمانی ئەم بڕە کارەبایە قەیرانی کارەبای لێدەکەێتەوە کە بە تەنیا لە تاران دەبێتە هۆکاری نەمانی 15٪ بۆ 20٪ـی کارەبای نیشتمانی.

6 تاوەکو 8 وێستگەی سەرەکی: (دەماوەند، نەکا، شەهید رەجایی، رامین، شەهید مونتەزیری، کرمان و پەرەند). لە بەهاردا، تۆڕەکە دەتوانێت بەرگەی لێدان بگرێت بەبێ داڕمانی کارەبای نیشتمانی. لە هاویندا، ئەمە دەبێتە هۆی کورتێهێنانی 29 هەزار بۆ 35 هەزار مێگاوات کارەبا. واتە 12 بۆ 18 کاژێر بێکارەبایی رۆژانە لە شارە گەورەکان، داڕمانی پیشەسازی، پەککەوتنی سیستەمی ئاو و باری نائاسایی لە کەرتی تەندروستی دا.

بژاردەی ستراتیجی (وێستگەکانی پەستان و گۆڕەرەکان):  کۆگای گازی وێستگەکانی کارەبا و گۆڕەرە گەورەکانی کارەبا لە ناوەندە 400 کیلۆڤۆڵتییەکان ئەگەر پەکبخرێن، دەبێتە هۆی داڕمانی سیستەمەکە بەبێ ئەوەی گرنگ بێت لە چ وەرزێکدابێت. گۆڕەرە گەورەکان، بەپێی داواکاری دروست دەکرێن و لە ناوخۆدا بەرهەم ناهێنرێن و کڕینیان لە جیهان دا 12 بۆ 24 مانگی پێویستە. لەنێوبردنی 10 بۆ 15 دانە لەم گۆڕەرانە پچڕانی کارەبایەک دروست دەکات کە هیچ هەوڵێکی چاککردنەوە ناتوانێت پێش هاوینی 2026 یان 2027 چارەسەری بکات.

بۆمبی گرافایت

بەپێی هەندێ سەرچاوە ئەمریکا بە نیازە بە بۆمبی گرافایت هێرش بکاتە سەر وێستگەکانی کارەبا لە ئێران. بۆمبی گرافایت لە رێگەی مووشەک یان فڕۆکەوە هەڵدەدرێت و لە ئاسماندا دەتەقێتەوە. کاتێک تەقییەوە، کۆمەڵێک تاڵی زۆر باریکی کاربۆنی بەسەر تەلەکانی کارەبادا بڵاودەکاتەوە. ئەم تاڵانە کە لە تاڵی مووی قژیش باریکترن، شۆرتی کارەبایی لەسەر هێڵە ڤۆڵتییە بەرزەکان و وێستگەکان دروست دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کارەبا لە زنجیرەیەکدا بپچڕێت، بەڵام بەبێ ئەوەی زیانی هەمیشەیی بە ژێرخانی کارەبا بگەیێنێت. پاککردنەوەی ئەم تاڵانە کێشەکە چارەسەر دەکات، بەڵام لەکاتی خۆیدا دەتوانێت بە یەک هێرش هەزاران کیلۆمەتر چوارگۆشە پەک بخات.

ئەمریکا، یەکەم جار لە جەنگی کەنداوی ساڵی 1991دا بەکاریهێنا و توانی 85%ی تۆڕی کارەبای عێراق لەکار بخات. دواتر لە ساڵی 1999دا لە دژی سربیا، ناتۆ چەکەکەی باشترکرد و نزیکەی 70%ی کارەبای وڵاتەکەی بۆ ماوەیەکی کاتی پچڕاند. 

لەم دواییانەشدا، لە حوزەیرانی 2025، چین مۆدێلێکی پێشکەوتووی خۆی نمایش کرد: کڵاوەیەکی جەنگیی 490 کیلۆگرامی کە 90 بۆمبی بچووکی تێدایە و دەتوانرێت لەسەر زەوی و لە دووری 290 کیلۆمەترەوە بهاوێژرێت، دیارە بۆ سیناریۆی وەک گەمارۆدانی تایوان ئامادەیان کردووە.

ئەم جۆرە چەکە لەوانەیە کە پێیاندەگوترێت "بۆمبی نەرم" یان "کوژێنەرەوەی کارەبا" و، لە شەڕە نوێیەکاندا زۆر کاریگەرن. دەتوانن سیستەمی رادار، بنکەکانی فەرماندەیی و، تەنانەت ئابووریی وڵاتێک پەکبخەن، ئەویش بەشێوەیەکی خێراتر و هەرزانتر لە چاو تەقەمەنییە ئاساییەکان. وڵاتانی وەک چین وەک ئامرازێک سەیری دەکەن بۆ "گەمارۆی بێدەنگ"، واتە دەتوانن چەند جارێک لێی بدەنەوە تاوەکو ئابوورییەکە بە تەواوی دەڕووخێنن. لە سەردەمێکدا کە شەڕەکان وردتربوونەتەوە، بۆمبی گرافایت تەنیا رووناکی لە بەرامبەرەکەی نابڕێت، بەڵکو یارییەکە بەبێ وێرانکارییەکی زۆر دەگۆڕێت.

وەڵامەکەی تاران

هەڕەشەی تۆڵەکردن لەلایەن ئێرانەوە خێرا و بە وردی داڕێژرا بوو. سوپای پاسداران هۆشداریی داوە ئەگەر وێستگەکانی کارەبا بکرێنە ئامانج تەنگەی هورمز "بەتەواوی دادەخات". محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان لە پۆستێک دا نووسیویەتی: "دەستبەجێ دوای پێکانی وێستگەکان و ژێرخانی وڵاتەکەمان، ژێرخانی وزە و نەوت لە سەرانسەری ناوچەکە وەک ئامانجی رەوا دەبینرێن". لە نێوان ئامانجەکانی ئێران، وێستگەکانی شیرینکردنی ئاوی کەنداو، نووسینگە و سەنتەری کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکان هەن. مەسعود پزیشکیان بە زمانێکی هێمنتر نووسیویەتی، "تەنگەی هورمز کراوەیە بۆ هەمووان جگە لەوانەی دەستدرێژی دەکەنە سەر خاکەکەمان."

وڵاتانی ئەورووپا دەستخۆشی لە بڕیاری ترەمپ دەکەن بۆ بڕیاری راگرتنی هێرشکردنە سەر وێستگەکانی وزە لە ئێران، بەڵام هەڕەشەکەی ترەمپ دوای پێنج رۆژ نوێ دەبێتەوە . سوپای پاسداران دەڵێت ئەگەر لە کارەبای ئێران بدرێت، ناوچەکەیش تاریک دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە