دۆخی کورد و شەڕی ئەمریکا دژ بە ئێران

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
 
پێدەچێت هەندێک وا بزانن ئەم پرسە کۆتایی هاتووە و بەشداریی کوردەکانی رۆژهەڵات بەتەواوی دەرگەی بەڕوودا داخرابێت، ئەگەرچی ئاماژەکان وا دەڵێن، بەڵام بە یەکجاری نا، مادەم جەنگ هەر بەردەوامە، بەتایبەت پاش لێدوانی عەبدوڵای موهتەدی بۆ گۆڤاری نیوزویک لە 14ی ئاداردا کە ئەوان ئامادەن بڕۆنە ناو جەنگەکەوە ئەگەر ئەمریکا هاوکارییان بکات. پاشان لە 22ی مانگدا کە نیوزویک لە راپۆرتێکی تایبەتدا دوو لێدوانی پێچەوانەی یەکدی بەرپرسە ئەمریکیی و ئیسرائیلییەکانی هێناوە کە گۆڕینی رژێم لە کارنامەی جەنگەکەدا نییە، بەڵام ئەگەر گەلی ئێران بەو کارە هەڵبستن، ئەوە زۆر باش دەبێت. هەردوو راپۆرتەکە لەلایەن تۆم کۆرنۆرەوە نووسراون.
 
سەرەتا کە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەستی پێکرد، هەواڵی ئەگەری گۆڕینی رژێمی دەسەڵاتدار بڵاوبووەوە، لە ئاستی جیهاندا هەندێک بۆچوون هەبوون باسیان لە بەکارهێنانی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێرانی دەکرد بە قۆستنەوەی ئەو بارودۆخە تازەی هاتبووە ئاراوە، ئاراستەی چاوەکان رووی لە لایەنە کوردییەکانی رۆژهەڵات بوو، هەموو سەیری ئەوەیان دەکرد بزانن لە هەرێمی کوردستان چی روودەدات، چونکە حیزبە کوردییە چەکدارەکانی رۆژهەڵات لە کەمپەکانی ئەوێ جێگیربوون، هەروەها رێگەی پەڕینەوەشە بۆ ناو خاکی ئێران و رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ و دەستکردن بە وێرانکردنی جەستەی سەربازی و کارگێڕی رژێمی ئێران. 
 
لە چوارچێوەی ئەو بارودۆخە ترسناکەدا، جەنجاڵییەکی گەورە دروستبوو، بەریەککەوتن و دژیەکیی لەنێوان شەپۆلی راڤەکردن و راپۆرتە هەواڵییەکاندا هەبوون، لەو نێوەندەدا بزوێنەری هەموو ئەو قسە و شرۆڤانە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بوو لەگەڵ سەرکردەکانی کورد، هەریەک لە بەڕێز کاک مەسعود بارزانی و بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی، بەڵام ئەوەی زۆر جێگەی سەرنج بوو پەیوەندییەکەی سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ مستەفا هیجری، سەرۆکی حیزبی دیموکراتی ئێرانی بوو، کە ماوەی 9 دەیەیە خاوەندارێتیی مافی کوردانی دژایەتیکردنی ئێران دەکات، ئەو حیزبە دامەزرێنەرەکەی ئەفسانە و رەمزی نەتەوەیی کورد قازی محەمەدە، دامەزرێنەری کۆماری مهابادیشە لە ساڵی 1947. پەیوەندییەکەی سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ هیجری ئەگەری گەورەی فڕێدایە ناو قووڵایی بارودۆخەکە، چاودێرانی سیاسیش مافی خۆیانبوو دوای بڵاوبوونەوەی ئەو پەیوەندییانە پێشبینی هەموو شتێک بکەن، راڤەکردن و پێشبینییەکی زۆر دەرکەوتن، زۆربەشیان بە ئاراستەی هەڵەدا رۆشتن، هەندێکیشیان ستەمیان لە هەرێمی کوردستان کرد، ئاگرینترینی ئەو شەپۆلانە دەنگۆ ناڕاستەکەی ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی بوو.
 
ئەوەی راستی بوو، هیچ شتێکی کردەیی و جووڵەی کورد دژی ئێران و بەشداریکردنی شەڕ لەپاڵ ئەمریکادا رووینەدا، هیچ ئاماژەیەک و هیچ نییەتێک بۆ ئەوە بوونی نییە، ئەگەر لە چوارچێوەی پێدراوەکانیشدا رووبدات بۆ هەرێمی کوردستان هەڵەیەکی گەورە و کوشندە دەبێت، ئەویش بە چەند هۆکارێک چەند خاڵێک لێرەدا دەخەینەڕوو کە وا لە سەرکردایەتیی کورد دەکات دووربن لە تێوەگلان لەو بابەتەدا، ئەویش لە سێ گۆشەی (مێژوویی و هەنوکەیی و داهاتوو)ەوە، ئەوانیش:  
 
یەکەم: لە میژوودا گەلی کورد دوای رێککەوتننامەی سایکس پیکۆ و هەردوو جەنگی جیهانی ستەم و نادادی زۆری چەشتووە، بۆیە گشت رێگاکانی تێکۆشان و خەباتی گرتەبەر، بەڵام لەلایەن هاوپەیمان و هاوڕێکانییەوە بە درێژایی کاروانەکە فێڵ و ناپاکی لێکراوە، ئەوەی دەستیکەوتووە ئەزموونێکی مێژوویی بەئازار و دڵڕەقانە و باوەڕێکی روونی لا دروستکردووە، یەکەم ئەزموون دامەزراندن و راگەیاندنی "کۆماری کوردستان" بوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان/ناوچە کوردییەکانی ئێران، پایتەختەکەی شاری "مهاباد"بوو، لەژێر سەرکردایەتیی کەسایەتیی ئایین و سیاسەت قازی محەمەد و لەژێر سایەی پاراستنی یەکێتیی سۆڤییەت کە ئەوکات ئێرانی داگیرکردبوو و حوکمی دەکرد، بەڵام بە رێککەوتنی سۆڤییەت و رژێمی شای لەکارخراو، رێگەی بە هێزە ئێرانییەکان دا لەگەڵ کورددا بچنە شەڕەوە و دوای دەستبەسەرداگرتن و لەناوبردنی کۆمارەکە، لە نێوەڕاستی پایتەخت و لە مەیدانی چوارچرادا، سەرۆککۆمار و چەند سەرکردەیەکی تریان لەسێدارەدا. هەروەها لەگەڵ سەرکردایەتیی کوردی عێراق (مستەفا بارزانی) لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو پشتیان تێکرد، ئەو کاتە هنری کیسنجەر بە کوردی گوت: ئەوە کەی سیاسەتی بە ئەخلاق بوونی هەبووە؟
 
دووەم: رووداوەکانی هەنووکە کە زیندوون، هێشتا گەرمە و سارد نەبووەتەوە، رەنگە رووداوەکانی سووریا بەهێزترین نموونە بێت، تێوەگلانی کورد و ئەو سیاسەتەی لە سووریا و باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا پەیڕەویانکرد، لە بنەڕەتدا کردەیەک و ویستی ئەمریکی بوو، کورد بڕیاریدا بەرەنگاری رژێمی دەوڵەت-داعش ببێتەوە و ناوچەکانی خۆیان لە دەسەڵات و ستەم بپارێزن، پاراستنی خاک و گیان و کەرامەتیان، بەڵام ئەوەی وایلێکردن لە ناوچەکانی خۆیان بپەڕنەوە بەرەو ناوچە عەرەبنشینەکان و دەرکردن و راونانی داعش، ئەمریکا بوو، راهێنانی بە هێزەکانیان دەکرد، چەکی پێدەدان، لە بودجەی فیدراڵی بودجەیەکی تایبەتی بۆ بڕیبوونەوە، بەڵام هەر بەوەی بەشار ئەسەد هەڵات، پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی نوێی دیمەشق و واشنتن وەک هەنگوین شیرین و خۆش بوو، ئەمریکییەکان روویانکردە دیمەشق و چەتری پارێزبەندی لەسەر هێزەکانی سووریای دیموکرات لابرد، تەنانەت بۆ رێککەوتنی نێوان هەردوو لا رژد نەبوون (رەنگە هەر گرنگ نەبوبێت بەلایانەوە)، تۆم باراک پێیگوتن: ئەرکەکەتان کۆتایی هات. هەروەکو چۆن نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا "برێت ماکگۆرک" لەگەڵ ئێرانییەکان و حەشدی شەعبی لە ئۆکتۆبەری 2017 دوای راپرسیی سەربەخۆیی دژی هەرێمی کوردستان رێککەوت. ئێستاش ئەگەر کورد بچیتە ناو ئەم شەڕەی ئێستاوە بە ئەگەرێکی زۆرەوە بزووتنەوەی کوردی ئێران دەخەنە هەمان دۆخ و هەڵوێستەوە.
 
سێیەم: داهاتوو، خوێندنەوەی داهاتوو لەسەر بنەمای کۆی شەڕەکە دەڵێت، دوای قسەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل نەکەون، دەبێت ئەنجامی چاوەڕوانکراوی هەر بڕیارێک بە وردی دیاری بکرێت و بخوێنرێتەوە، بە دڵنیاییەوە لە سیاسەتدا گەرەنتی بەدیهێنانی ئامانجەکان و جێبەجێکردنی هێڵە رەنگڕێژکراوەکانی نییە، ترمپیش مایەی متمانە پێکردن نییە، خۆشی باوەڕی بە بەڵێنەکانی خۆی نییە، کەسیش ناتوانێ بزانێت ئامانجی چییە و تاکوێ و بەرەو کوێ دەڕوات؟ بۆیە لە دۆخێکی لەو شێوەدا ئەگەر شتێک رووبدات ئەوا هەرێمی کوردستان دووچاری مەترسییەکی گەورە و کوشندە دەکات، لەبەر ئەم هۆکارانە:
 
- دووچاری بۆمبارانێکی بەردەوام و بێڕەحمانە و وێرانکەری ئێران دەبێتەوە.
 
- گرووپە شیعییە چەکدارەکانی عێراق لە ئاسمان رێی درۆن و لەسەر زەویشەوە هێرش دەکەنەسەر هەرێمی کوردستان و لەگەڵ عێراقی فەرمیدا یەک دەبن.
 
- کەلێنێکی گەورە کە چارەسەر ناکرێت لەگەڵ شیعەی عێراق و جیهاندا دروست دەبێت، بەتایبەتی کە مەرجەعی باڵای شیعە "عەلی سیستانی" لەم شەڕەدا لەپاڵ ئێران وەستاوە.
 
- هەرێمی کوردستان تائێستاش لە چوارچێوەی عێراقدایە و پابەندە بە سیاسەتی دەرەوەی وڵات.
 
- هەروەها پەیوەندیی نێوان هەولێر و ئێران تۆکمەیە، لە نێوانیاندا رێککەوتنی پاراستی ئاسایشی یەکدی هەیە، سەرکردایەتیی کوردیش چەند بارەیانکردووەتەوە خاکی هەرێمی کوردستان نابێتە شوێنی جووڵانی هێزی زەمینی و پیادە بۆ ناو خاکی ئێران.
 
بەڵام لەم بارودۆخەدا، سەرکردایەتیی کوردی عێراق و ئێران راستەوخۆ رەتیانکردووەتەوە داواکارییەکان جێبەجێ بکەن، سەرەڕای ئەوەی کورد "مافێکی رەوای هەیە"، بەڵام نە ژیرییە نە داناییە کورد ببێتە پردی گواستنەوەی ئامانجە لووتبەرزییەکانی ئیسرائیل و دەروونی نەخۆشی نەتەنیاهوو، ترەمپیش ئەستۆی کارەکەی خستە سەرشانی کورد و گوتی ئەوان ئارەزوو دەکەن بچنە ناوەوەی ئێران، بەڵام من "پێمگوتن ئەوە مەکەن".  

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە