مێژووی کورد شایەتی لەسەر رۆڵی زۆر کەسایەتی گەورەی کورد دەدات کە تاوەکو کۆتایی ژیانیان وەفاداربوون بۆ نەتەوەکەیان. دوو ژەنەراڵی کورد کە مێژووی کوردستان شایەتییان بۆ دەدات، ژەنەراڵ بارزانی و ژەنەراڵ ئیحسان نووری پاشان.
ژەنەراڵ ئیحسان نووری پاشا رابەرایەتیی شۆڕشی ئاراراتی کرد ( لە نێوان ساڵانی 1927 - 1930)، هەروەها ژەنەراڵ مستەفا بارزانی سەرکردایەتیی چەندین راپەڕین و شۆڕشی کرد لە نێویاندا شۆڕشی ئەیلوول (1961 - 1975) کە درێژترین شۆڕشی کوردستان بوو. ئەوەی لێرەدا من دەمەوێت لەم کورتە نووسینەدا تیشکی بخەمە سەر، خەبات و بەرخۆدان و قارەمانێتی ئەو دوو ژەنەراڵەی کورد نییە کە هەموو ژیانی خۆیان پێشکێشی نەتەوەکەیان کرد، بەڵکو دیدارێکی کورتی نێوان هەردوو ژەنەراڵە لە تاران. شایەتی زیندووی ئەو دیدارە یەکێک لە هەڤاڵانی ژەنەراڵ بارزانییە کە هێشتا لە ژیان دا ماوە، ئەویش کاک موحسین دزەییە.
چەند ساڵێک پێش ئێستا بە مەبەستی تۆمارکردنی بەرنامەیەکی مێژوویی (پەنجەمۆر) لە ماڵەکەی خۆی لە هەولێر سەردانی کاک موحسینمان کرد، لەبەرئەوەی ئەو یەکێکە لەوانەی ئەزموون و یادەوەرییەکی زۆری لەگەڵ ژەنەراڵ بارزانی هەیە و لە نزیکیشەوە ژەنەراڵ ئیحسان نووری پاشای بینیوە.
ئەوکاتەی ئێمە بینیمان سەرەڕای هەڵکشانی تەمەنی، هێشتا وەکو خۆی دەیگوت یادەوەرییەکانی خیانەتی لێ ناکەن، بە روونی خاڵی دەخستە سەر پیتەکان و رووداوەکانی بە وردی دەگێڕانەوە، کاتێک باسی ژەنەراڵ بارزانی دەکرد دەیگوت، بڕواناکەم مێژووی کورد ژەنەراڵ بارزانییەکی دیکە بەخۆیەوە ببینێت، کەس ناتوانێت جێگەی خاڵی ئەو پڕبکاتەوە، چونکە ئەو پیاوێک بوو بۆ نەتەوەکەی ژیا، بۆ ساتێکیش خۆی لە جووتیاران و هەژارانی نەتەوەکەی جیانەکردەوە، پشتی بە هەژارانی کورد قایم بوو.
یەکێک لەو بابەتە مێژووییانەی بە لای منەوە بایەخێکی مێژوویی جیاوازی هەبوو لەو گفتوگۆیەدا، دیداری نێوان ژەنەراڵ ئیحسان نووری پاشا و ژەنەراڵ بارزانی بوو لە تاران، بۆیە دەمویست بە وردی قسەی لەسەر بکەین، چونکە تاوەکو دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول ئێرانییەکان رێگەیان نەدەدا بارزانی، سەردانی ئیحسان نووری پاشا بکات یان بە پێچەوانەوە. موحسین دزەیی دەیگوت ئێرانییەکان هەرجارەو بیانوویەکیان دەهێنایەوە، جارێک دەیانگوت نەخۆشە و توانای قسەکردنی نییە، جارێک دەیانگوت سەفەری کردووە، کورت و کورمانجی ئێرانییەکان بە دیدارێکی بەوشێوەیە دڵخۆش نەبوون، بەڵام ساڵی 1975 کە بە ناچاری روومان لە ئێران کردبوو، ئێرانییەکان خۆیان پێشنیازیان بۆ سەرۆک بارزانی کرد، ئەگەر حەزدەکات دەتوانێت لە ماڵەکەی خۆی سەردانی ژەنەراڵ ئیحسان بکات، بارزانیش بەبێ بیرکردنەوە بە بەڵێ وەڵام دەداتەوە!
موحسین دزەیی دەڵێت من و مام هەژار لە خزمەت بارزانی دا بووین کاتێک لە شووقە بچکۆلانەکەی کە لە ژوورێکی نووستن و هۆڵێک پێکهاتبوو گەیشتینە خزمەت ئەو ژەنەراڵە پیرە. لەبەرئەوەی سەردانەکە چاوەڕواننەکراوبوو، سەرەتا کە دەچنە ژوورەوە ئیحسان نووری پاشا بارزانی ناناسێتەوە، کە دەڵێن ئەوە بارزانییە، ژەنەراڵ ئیحسان بەرزەپێ هەڵدەستێتەوە و باوەشێک بە بارزانی دا دەکات و گریانێکی بە کوڵ دایدەگرێت. وەکو کاک موحسین دەیگوت دیدارەکە زیاتر کۆمەڵایەتی بوو، لەژێر چاودێری ئێرانییەکاندا بوو، بەڵام دیدارێکی مێژوویی بوو، دیداری دوو سەرکردەی سیاسی و سەربازیی کورد بوو کە دەیان جار سنوورە دەستکردەکانی کوردستانیان بەزاندبوو و شەڕی سوپای سێ وڵاتیان کردبوو، هەرچەندە بەخت یاوەریان نەبوو ئاڵای وڵاتەکەیان لە نێو ئاڵای نەتەوە سەربەخۆکانی دنیادا بە شەکاوەیی ببینن.
کاتێک لێم پرسی: ئایا ژەنەراڵ بارزانی لەو دیدارەدا وەکو ژەنەراڵ ئیحسان نووری پاشا گریا؟ کاک موحسین گوتی مەلا مستەفا پیاوێکی بە ورە بوو لە هەموو ئەو ماوەیەی کە من لە گەڵیدا بووم تەنیا یەک جار بینیومە فرمێسک بە چاویدا بێتە خوارەوە ئەویش ئەوکاتە بوو کە شێخ بابۆی برای کۆچی دوایی کرد. ژەنەراڵ ئیحسان نووری پاشا بەشداری لە پرسەی شێخ بابۆش دا کرد.
ئێرانییەکان بەوە ناسراون کە دووژمنی خۆیان بە شەکر دەخنکێنن، رابردوو لەبیرناکەن، بەپێی لاپەڕەکانی مێژوو چەندین سەرکردەی کورد بە فرت و فێڵ لەلایەن رژێمی شای ئێرانەوە کوژراون، بۆیە گومان دەکرێت ئەو مۆتۆرسیکلەی لە 18 ئاداری ساڵی 1976 لە تاران خۆی بە ژەنەراڵ ئیحسان نووری پاشا دا کێشا دەستی ساواکی لە پشتەوە بووبێت.
کاک موحسین دزەیی دەڵێت، لەسەر راسپاردەی ژەنەراڵ بارزانی لەگەڵ کاک ئیدریس بارزانی بەشداریمان لە بەخاکسپاردنی تەرمی ژەنەراڵ ئیحسان نووری دا کرد. ژمارەیەک لە کوردی دانیشتووی تاران کە زۆربەیان کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون لەو ماتەمینەدا بەشداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ