بەپێی بەندی 110/ بڕگەی نۆیەم لە دەستووری عێراق، ئامار و سەرژمێری گشتیی دانیشتووان بە یەکێک لە دەسەڵاتە پاوانکراوەکانی دەسەڵاتی فیدراڵی دادەنرێت. لەسەر ئەم بنەمایە، حکومەتی فیدراڵی بڕیاریداوە لە مانگی ئۆکتۆبەری 2020 سەرژمێریی گشتی بۆ دانیشتووان و خانووبەرە لەژێر دروشمی سەرژمێری بۆ گەشەپێدان لە سەرانسەری عێراقدا بەڕێوە بچێت. لە ساڵی 1987ەوە تاکوو ئێستا کە دەکاتە 33 ساڵ، هیچ سەرژمێرییەکی گشتگیر و ورد و دروست لە عێراقدا نەکراوە، کە دیارە هۆکاری ئەمەش بۆ دۆخی نائارام و ناسەقامگیری عێراق دەگەڕێتەوە لەم ساڵانەدا. ئەم سەرژمێرییەی ئێستا لەژێر تیشکی یاسای سەرژمێری گشتیی دانیشتووان و خانووبەرە ژمارە (40)ی ساڵی 2008 بەڕێوە دەچێت و سەرەتا بڕیار بوو لە ساڵی 2009- 2010 ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەوکات دۆخی ناسەقامگیری عێراق بووە بیانوو بۆ دواخستنی. بەڵام بە دووریش نازانرێت باڵادەستیی کورد لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان لەو سەردەمە یەکێک لە هۆکارەکانی دواخستنی سەرژمێری بووبێت.
بەپێی یاسای ئاماژە بۆکراو، سەرژمێری بریتییە لە پرۆسەی کۆکردنەوەی زانیارییە ئابووری و کۆمەڵایەتی و دیمۆگرافییەکانی تایبەت بە دانیشتووان. ئامارەکان بریتین لە هەموو ژمارە و زانیارییەکانی تایبەت بە لایەنی کۆمەڵایەتی، ئابووری، ڕۆشنبیری و تەندروستیی دانیشتووان کە زانیارییەکانی خوێندن، ئاستی بژێوی، نەتەوە، ئایین و شوێنی دانیشتن و زانیارییەکانی تر لەخۆدەگرێت.
هەرچەندە پرۆسەی سەرژمێری لە بنەڕەتدا کارێکی تەکنیکی و زانستییە و دەبێ بەپێی پێوەر و بنەما زانستی و نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی وەدەستهێنانی زانیارییە پێویستە ئابووری، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنیرییەکان و هتد، ئەنجام بدرێت و بەرچاوڕوونی بداتە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی داڕشتنی پلانی گەشەپێدانی گشتگیری وڵات، بەڵام لە وڵاتێکدا کە هەموو شتێک تام و بۆنی سیاسەتی گرتووە و بە سیاسی کراوە، بڕیاری سەرژمێری لەم دۆخە ناسەقامگیرەی عێراقدا ڕەهەندێکی سیاسی هەیە، کە ئەمەش جۆرێک لە نیگەرانی و دڵەڕاوکێی لای کورد دروست کردووە. ڕێکخراوی UNFPA کە وەک لایەنێکی ڕاوێژکاریی نێودەوڵەتی لەگەڵ دەزگای ناوەندیی ئاماری عێراق کار دەکات، یەکێک لە مەرجەکانی سەرکەوتنی سەرژمێریی گشتی دەبەستێتەوە بە فەراهەمبوونی دۆخێکی ئارام و ئاسایی و سەقامگیریی سیاسی لە وڵات.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، لە دۆخێکی ناسەقامگیر و نائارامی لەم جۆرە کە لە بەشێک لە ناوچەکانی عێراق و بە تایبەت لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکاندا هەیە و، بە سەرنجدان لە دۆخی کورد لەو ناوچانە پاش 16ی ئۆکتۆبەری 2017 و ئاوارەبوونی بەشێک لە دانیشتووانی کوردی ئەو ناوچانە و باڵادەستی سیاسی- سەربازیی عەرەب لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان، ئایا ئەنجامدانی سەرژمێری لەو ناوچانە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئایندەی کورد نابێت لەو ناوچانەدا؟
ئایا ئەنجامەکانی ئەم سەرژمێرییە گرفت لەبەردەم چارەسەری دادپەروەرانەی کێشەی کورد دروست ناکات لە عێراقدا؟ ئەگەر سەرنج بدەین، لە گفتوگۆ و پرسە سیاسی- یاساییەکاندا لە عێراق، کورد بەردەوام پشت بە سەرژمێریی ساڵی 1957 دەبەستێ کە بە یەکێک لە سەرژمێرییە دروست و زانستییەکان بە دوور لە کاریگەریی سیاسەت دادەنرێت لەم وڵاتەدا. بە ئەنجامدانی سەرژمێری ساڵی 2020 ئیدی سەرژمێریی ساڵی 1957 بەهای خۆی لەدەست دەدات و دوا سەرژمێری دەبێتە پێوەر و بنەما لە هەر بڕیارێکی حکومەتی فیدراڵی و، دوور نییە تای تەرازوو لەو ناوچانە بە قازانجی لایەنی عەرەبی گۆڕانی بەسەردا بێت. چ گەرەنتییەک هەیە کە ئەو سەرژمێرییە بە شێوەیەکی دروست و پیشەیی و دوور لە کاریگەریی لایەنە باڵادەستە سیاسی و سەربازییەکان لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان ئەنجام دەدرێت؟ لە دۆخی ناسەقامگیری ئەو ناوچانەدا پرۆسەی سەرژمێری تا چەند دەتوانێ سەرکەوتوو بێت؟
لەلایەکی ترەوە، یەکێک لە نیگەرانییەکانی کورد لە بابەتی سەرژمێری بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بە دەرکەوتنی ڕێژەی ڕاستەقینەی کورد، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق کەم ببێتەوە. هەروەک دەزانین پێشتر ڕێککەوتنێکی نەنووسراو لەنێوان لایەنە عەرەبی و کوردییەکان هەبووە کە هەتا سەرژمێری گشتیی دانیشتووان پشکی کورد لە بودجەی عێراق 17% بێت، بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین، دەبینین لە ساڵی 2014 بەدواوە پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق بە 12.67% دانراوە و ئیدی ئەستەمە جارێکی تر ڕێژەی 17% بگەڕیتەوە، تەنیا ئەگەر لە سەرژمێری دەربکەوێت کە ژمارەی دانیشتووانی هەرێم دەگاتە 17% ئەوکات دەکرێت کورد پێداگری لەسەر 17% لە بودجەی عێراق بکاتەوە. پێموایە ئەم نیگەرانییە لە جێی خۆیدا نییە، لەبەر ئەوەی ئێستا ئەو ڕێژەیە بە کردەوە نەماوە، جگە لەوەش ئەگەر لە سەرژمێری ساڵی 2020 ڕێژەی ڕاستەقینەی کورد دەربکەوێت، پێداگری لەسەر 17% شتێکی یاسایی و لۆژیکی نییە و کورد هەر لە سەرەتاوە دەچێتە ناو جەنگێکی دۆڕاوەوە.
بە سەرنجدان لەوەی کە پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان و خانووبەرە لە عێراق بە دوور لە ڕەهەندی زانستی و تەکنیکی دەتوانێ ڕەهەندێکی سیاسیشی هەبێت، واباشە ئەم پرسە بخرێتە ناو چوارچێوەی گفتوگۆکانی بەغدا- هەولێر و ڕێگەچارەیەکی دروست و گونجاو دابنرێت بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان، کە ئەویش بریتییە لە ئاساییکردنەوەی خێرا و بە پەلەی دۆخی ئەو ناوچانە و تەنانەت ناوچە نائارامەکانی تری عێراق بۆ ئەوەی هەم ئاوارە کوردەکان بتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و، هەم ئاوارە عەرەبەکانیش لەو ناوچانە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، هەتا کاریگەریی نەرێنی لەسەر پرۆسەکە نەبێت. لە ئەگەری ئاسایینەکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە، دەکرێت کورد پلانی B هەبێت و هەوڵی دواخستن یا بایکۆتکردنی پرۆسەکە بدات، هەتا دەرفەتی لەبار دەڕەخسێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ