عێراقی پاش عەبدولمەهدی

10-12-2019
ئازاد وەڵەدبەگی
نیشانەکردن خۆپیشاندانی عێراق عێڕاق عادل عەبدولمەهدی
A+ A-
پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق لە 12ی ئایاری 2018، مشتومڕ لەسەر راسپاردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران لە عێراق دەستیپێکرد، پاش ئەوەی هیچ لایەنێک نەیتوانی کوتلەی گەورە پێکبهێنێ، یەک لەو کەسانەی کە ناوی دەهات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران عادل عەبدولمەهدی بوو. ئەوە بوو لە 23ی ئایار بۆ ڕەتدانەوەی ئەو دەنگۆیانە لەو کاتەدا، لە ڕۆژنامەی (العدالە) کە بۆ خۆی دەریدەکات، وتارێکی بڵاوکردەوە لەژێر ناوی (أشکرکم فالشروگ غیر متوفرە) بۆ ئەوەی پاساو بهێنێتەوە بۆ ڕەتکردنەوەی ئەم دەنگۆیانە. عەبدولمەهدی بەوە ناسراوە کە بە پێچەوانەی زۆر لە سیاسەتوانانی ڕۆژهەڵاتی شەیدای کورسی نییە و پێشتریش بۆ خۆی گوتوویەتی کە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەم لە گیرفانمدایە و لەم بارەیەوە پیشینەیەکی باشی هەیە، چونکە پێشتریش وازی لە پۆستی جێگری سەرۆککۆمار و وەزیری نەوت و ئەندامێتیی مەکتەبی سیاسی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی هێناوە. بەڵام بە هەر جۆرێک بوو دواجار بازەکە لەسەر شانی عەبدولمەهدی نیشتەوە. ئەو کە بە پیاوی دواهەلەکان ناسراوە، سەرەنجام بووە کاندیدی تەوافوقیی لایەنەکان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق. ئێستا پاش سێزدە مانگ لەو ڕێکەوتە، لەژێر گوشاری خۆپیشاندەرانی سەرشەقام و داوای مەرجەعیەتی ئایینی شیعە، لە 29/11/2019 دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند.
 
ئەم هەنگاوەی عەبدولمەهدی لە لایەن حیزبە سیاسییەکانەوە پێشوازی لێکرا و هەر بۆ خۆشیان پارساڵ قەناعەتیان بە عەبدولمەهدی هێنا کە ئەو پۆستە وەربگرێت. پاش ڕاگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەکەی عەبدولمەهدی، خۆپیشاندەران ئەمەیان بە جۆرێک لە سەرکەوتن بۆ خۆیان لەقەڵەمدا و نەک هەر شەقامیان چۆڵ نەکرد، بەڵکوو خۆپیشاندانەکان توندوتیژیی زیاتریشی بەخۆیەوە بینی کە هەتا ئێستاش بەردەوامە. دەکرێ دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی بە درێژەی ئەو ڕەوتی دەستلەکارکێشانەوانە لە قەڵەم بدەین کە بە بەهاری عەرەبی دووەم ناسراوە و لە کۆتایی ساڵی 2018 لە وڵاتانی عەرەبی دەستیپێکردووە، وەک دەستلەکارکێشانەوەی بوتەفلیقە لە جەزایر و عومەر بەشیر لە سوودان و سەعد حەریری لە لوبنان و دواجاریش عەبدولمەهدی لە عێراق. 
 
هەرچەند رەنگە بە رواڵەت وا لێکبدرێتەوە کە دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولمەهدی خاڵی کۆتاییهاتنی قەیرانەکانی عێراقە، بەڵام لەڕاستیدا ئەمە سەرەتای قۆناغێکی نوێی قەیرانە کە تێیدا ناکۆکی قووڵی لایەنە عێراقییەکان و بە تایبەت لایەنە شیعییەکان سەرلەنوێ دەستپێدەکاتەوە. 
 
لەڕاستیدا، دانانی عەبدولمەهدی بە جۆرێک لە جۆرەکان سەرپۆشێکی لەسەر ئەو ناکۆکییە قووڵە دانابوو کە ساڵانێکە لەناو لایەنە شیعییەکان بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات دەستیپێکردووە. بە ڕۆیشتنی ناوبراو پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم و، ئینجا مشتومڕەکان لەسەر کوتلەی گەورە دەستپێدەکات و ئەگەر لایەنەکان لە ناچاریش چاوپۆشی لەو بڕگەیە بکەن، ئەوا دەبێ پەنا ببەن بۆ دانانی کاندیدێکی تەوافوقی، ئەمەش هەمان دووبارەکردنەوەی پرۆسەی دانانی عادل عەبدولمەهدییە، کەواتە گۆڕینی عەبدولمەهدی هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت. هەروا ئەوەش ناڕوونە کە چۆن دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولمەهدی دەتوانێ داواکاری خۆپیشاندەرانی سەرشەقام جێبەجێ بکات و ڕازییان بکات بەوەی شەقام چۆڵ بکەن. 
 
لەلایەکی ترەوە، جۆرێک لە فرەڕایی و ناکۆکی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان و تەنانەت خۆپیشاندەرانی سەرشەقامیش هەیە دەربارەی ئایندەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق، کە هەر ڕۆژە جۆرە داوایەک دەخەنەڕوو، جاری وا هەیە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن و جاری وا هەیە داوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمان دەکەن و، جاری وا هەیە داوای گۆڕینی کۆی سیستەمی سیاسی دەکەن و هەندێکیش داوای چەسپاندنی سیستەمی سەرۆکایەتی دەکەن لە بری پەرلەمانی. لە داواکارییەکی سەیردا، موقتەدا سەدر داوای کرد جێگرەوەی عەبدولمەهدی لە ڕێگەی ڕیفراندۆمێکی جەماوەرییەوە دەستنیشان بکرێت. کۆی ئەم ڕاوبۆچوونە جیاواز و دژبەیەکانە ئەو ڕاستییەمان بۆ دەخەنەڕوو کە هێشتا لایەنە سیاسییەکان و تەنانەت شەقامیش هیچ پرۆژە و بەرنامەیەکی ڕوون و دیاریکراویان نییە و هەرکەسە بەپێی دۆخی ڕۆژ قسە دەکات.
 
هەروا گرفتێکی تر لەبەردەم سەرۆککۆمار بۆ راسپاردنی سەرۆکوەزیران ئەوەیە کە بەپێی بەندی 76 لە دەستووری عێراق، سەرۆککۆمار لە ماوەی پانزدە ڕۆژ پاڵێوراوی ئەو کوتلە پەرلەمانییە رادەسپێرێت کە زیاترین ئەندامی هەیە. بەپێی ڕاڤەکردنی دادگای باڵای دەستووریی عێراقیش کوتلەی گەورە ئەوەیە کە لەژێر گومەزی پەرلەمان پێکدێت، نەک ئەو لیستەی کە زیاترین کورسی لە هەڵبژاردندا هێناوە. ئەم ڕاڤەکردنەش وا لێکدەدرێتەوە کە لە ساڵی 2010 لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵی لە قازانجی کوتلەی مالیکی خرایەڕوو بۆ ئەوەی بتوانێ هەوڵەکانی عەللاوی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران لەبار ببات کە براوەی 91 کورسی پەرلەمان بوو لە کاتێکدا لیستی مالیکی 89 کورسی هێنابوو. هەروا کوتلەی سائیرون کە لیستی گەورەی براوەیە، ڕایگەیاندووە لە مافی خۆی خۆش دەبێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران. بەهەرحاڵ ئەوەش ئێستا پرسیارە کە کامەیە ئەو لایەنەی لەم دۆخەدا دەتوانێ پاڵێوراوی هەبێت بۆ ئەم پۆستە هەتا سەرۆککۆمار رایسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینە. هەروا ئایا ئەو کەسەی رادەسپێردرێت تا چەند دەبێتە جێی رەزامەندیی شەقام و ئایا دەبێتە هۆی هێوربوونەوەی شەقام و پێدانی دەرفەت بەو کەسە هەتا بتوانێ پرۆگرامی کاری کابینەکەی جێبەجێ بکات؟ 
 
مێژووی چەند ساڵی رابردوو لە عێراق ئەوەی پیشانداوە کە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە عێراق پرۆسەیەکی دژوار و ئاڵۆزە و لەسەر بنەمای هاوسەنگیی هێزە ناوخۆییە عێراقییەکان و هێزە دەرەکییەکان و تەنانەت رەزامەندیی مەرجەعی باڵای شیعە پێکدێت، لە کاتی ئێستادا رەزامەندیی شەقامیشی هاتووەتەسەر. بەوپێیەی داواکارییە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆپیشاندەران پێویستیان بە کات هەیە و بابەتی جەوهەری و ڕیشەیین و بە خێرایی جێبەجێ ناکرێن، هەربۆیە پێناچێت لە کاتی ئێستادا گۆڕینی کەسێک بە کەسێکی تر بتوانێ شەقام هێور بکاتەوە و ڕەزامەندیی خۆپیشاندەران بەدیبهێنێ. لە هەمان کاتدا پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێ ناکۆکی و مشتومڕی ناو لایەنەکان زیاتر و قووڵتر دەکاتەوە، کە دوور نییە عێراق بەرەو جەنگی ناوخۆ ببات. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەلیل ئیبراهیم مەندەلاوی

عێراق لەنێوان کۆمیدیا و تراجیدیای سیاسیدا

سیاقی کێشەکە لە هەڵەیەکی سەرپێیی قووڵترە، چونکە لە کاتێکدا کە مەڵبەندە سیاسییەکان سەرقاڵی جەختکردن بوون لە پێویستیی پاراستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لیژنە تایبەتمەندەکە بە شێوەیەکی کۆمیدی پاساوی بۆ ئەو هەڵەیە هێنایەوە و، لێدوانێکی دەرکرد کە وەک پێویست یەکلاکەرەوە نەبوو، لە داواکردنی لێبووردنی منداڵێکی بچووک دەچوو کاتێک شووشەیەک لە ماڵەوە دەشکێنێت، کاتێک دەڵێت دانانی ئەو قەوارانە لە لیستەکەدا تەنیا رووداوێکی لاوەکی بووە، هاوشێوەی دۆخی شەرمهێنی دەست دانان لەسەر دوگمەی ناردن بۆ هەموو لە گرووپێکی خێزانیدا کە پڕە لە خزمی فزووڵ، بۆت دەردەکەوێت لە نامەکەدا بڕگەیەکی هەڵە هەیە. پاساوی لیژنەکە بە رستەیەکی فەرمیی جدی داڕێژرا: "پێش هەڵەگری بڵاوکرایەوە و دواتر راستی دەکەینەوە". وشەکان بەم جۆرە دەرکەوتن، وەک ئەوەی بە هێزەوە نالێهاتوویی رابگەیێنن، وەک ئەوەی کەوتنە نێو چاڵێکی هەڵەی سیاسی شتێکی ئاسایی بێت لە جیهانی سیاسەت لە عێراق دا، بەڵکو وەک ئەوەی کارەکە پەیوەندیی بە هەڵەیەکی رێنووسەوە هەبێت لە جۆری نووسینی "ئەمە" لە جیاتی "ئەمە" بێت، نەک دانانی کۆمەڵە گرووپێکی ناوچەکە لە لیستەکانی تیرۆردا