ئامادەیی چین لە هەرێمی کوردستان، ئامادەبوونێکی ستراتیژییە. رێککەوتنی هواوی لەگەڵ کۆمپانیاکانی گەیاندن لە هەرێمی کوردستان و بەرهەمهێنانی 80٪ـی چیمەنتۆ بە یارمەتیی کۆمپانیا چینییەکان، ئاماژەیەکە بۆ پەیوەندیی ئابووریی پتەو.
لەڕووی کولتووریشەوە دانانی بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەلاحەددین لە پایتەختی هەرێمی کوردستان وەک تاکە بەش لە سەرانسەری عێراق دا هێمای ئەوەیە تاوەکو چەند چین پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەلاوە گرنگە. سەرەڕای ئەوەش، هەست دەکرێت ئەو پڕۆژە گەورانەی کە چین بەنیازە بیانکات، خاو بەڕێوەدەچن.
چین سیاسەتی ئابووریی خۆی لە وەبەرهێنانی قورسەوە گۆڕیوە بۆ بوارە پێشکەوتووەکانی وەک وزەی نوێبووەوە، ژیریی دەستکرد و تەکنۆلۆجیا و پیشەسازیی مۆدێرن. رەنگە ئەمە سیاسەت و مامەڵەی چین لە هەرێمی کوردستانمان بۆ روون بکاتەوە. بە جۆرێک ئێستا ئەو وڵاتە دوای ئەو هەموو ئەزموونەی بڕیاریداوە پڕۆژەی کرداریی و درێژخایەن هەڵبژێرێت تاوەکو ئەوەی پڕۆژەی گەورە رابگەیێنێت و نەکرێ جێبەجێبکرێن، لەبەر ئەو رەوشە داراییەی تەنگی بە هەرێمی کوردستان هەڵچنیوە.
زوو دێمین، کۆنسووڵی ئابووریی چین لە هەولێر، بە رووداوی گوت: "هەرێمی کوردستان دەروازەیەکی گرنگە بۆ بازرگانیی ناوچەیی و ناوەندێکی دڵخۆشکەرە بۆ هاوکاریی ئابووری". زوو جەخت لەوە دەکاتەوە چالاکییەکانی چین لە هەرێمەکەدا بە ئەنقەست پلان بۆ داڕێژراو و گونجێندراون و گوتی: "ئێمە دەرفەت نەک تەنیا لە نەوت و گازدا، بەڵکو لە ژێرخان، کشتوکاڵ و تەکنەلۆجیاشدا دەبینین".
زوو جەخت لەسەر ئەوە دەکات "ئەمە رێبازێکی کردەییە . دەبێت پڕۆژەکان لەگەڵ پێداویستی و تواناکانی ناوخۆدا بگونجێن و جووڵەی کارکردن، هەرچەندە هێواشە، بەڵام لە گەشەکردندایە".
کامل ئەحمەد حەمەڕەش، لێپرسراوی نووسینگەی راوێژكاری و پەیوەندی كۆمپانیا عێراقییەكان لە چین، قەبارەی بازرگانیی چین و هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو. لە کاتێکدا بە تێکڕایی لە هەر یەک لە ساڵی 2023 و لە ساڵی 2024 دا ساڵانە بایی نزیکەی 40 ملیار دۆلار عێراق بازرگانی لەگەڵ چین دا هەبووە و لەو بڕە کۆمپانیاکانی کوردستان ساڵانە نزیکەی پێنج ملیار دۆلاری ئەو بازرگانییەیان بەڕێوەبردووە و ئێستاش هەروایە. نزیکەی 250 کۆمپانیای بازرگانیی ناوخۆیی ئەو کارە دەکەن.
بەپێی ئامارەکانی گومرگی چین، کۆی قەبارەی بازرگانیی نێوان چین و عێراق لە ساڵی 2024 دا گەیشتە 54.2 ملیار دۆلار، لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵ دا، 26.65 ملیار دۆلار بووە. بەشێکی زۆری بازرگانیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چین لە رێگەی بەندەری ئوم قەسر، بەندەرعەباس و هەندێکجار لە رێگەی بەندەری مێرسینەوە دەکرێت و بەشێکی بەرچاوی دووبارە هەناردەی بازاڕەکانی وڵاتانی دراوسێ دەکرێتەوە. حەمەڕەش ئاماژە بە پێویستییەکی هەنوویەکەیی دەکات، ئەویش دامەزراندنی بەندەرێکی وشکانییە لە هەرێمی کوردستان بۆ ئاسانکردنی کاری لۆجستی و گواستنەوە و کەمکردنەوەی تێچوو بۆ هاوردەکار و هەناردەکار.
لەلایەکی دیکەوە، دەبێت توانای گواستنەوە و کۆگاکردن، یاسا و رێسا گومرگییەکانی هەرێمی کوردستان هێشتا بەرزبکرێنەوە بۆ ئەوەی چالاکیی بازرگانی بگۆڕدرێت بۆ گەشەپێدانی پیشەسازیی بەرفراوانتر.
دەستکەوتە بەرجەستەکان دیارن. هاوبەشییەکانی بواری گەیاندن، بەتایبەتی لە نێوان هواوی و کۆمپانیا ناوخۆییەکان، پێشکەوتن و پەرەسەندنی هاوکاریی دیجیتاڵین لە نێوان دوو وڵات دا. پڕۆگرامی سکۆلارشیپی حکومەتی چین لە یارمەتیی دەرەکی و راهێنان دا لە زیادبووندایە: سەدان هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024دا بەشداربوون لە پڕۆگرامەکانی راهێنانی چینی دا و، ژمارەیەک کەسیش بوونەتە خوێندکاری بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەلاحەدین کە لەلایەن حکومەتی چینەوە پارەدار کراوە.
لەلایەکی دیکەوە پڕۆژە گەورەکان خاوتر جێبەجێدەکرێن. چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتن بۆ دامەزراندنی وێستگەی کارۆئاوی و پاڵاوگەیەکی گەورە واژۆکراون، بەڵام کەمیی پارە و کۆسپەکانی زنجیرەی دابینکردن، بوونەتە هۆی دواکەوتنی ئەم پڕۆژانە. لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان زۆر کەس رەخنەی هەیە لە راگەیاندن و رێوڕەسمی واژۆکردنی پڕۆژەی گرنگ و گەورە، لەبەرئەوەی هەندێک لەو پڕۆژانە جێبەجێ ناکرین. ئەو رێککەوتنانە سەردێڕی گەشبینانە دروست دەکەن، بەڵام کاریگەریی درێژخایەنی ناوخۆیی وەک دروستکردنی هەلی کار، گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و بنیاتنانی تواناکانی بەدواوە نایێت. ئەمە خاڵێکی نەرێنییە.
کونسووڵی ئابووریی چین پێداگیری دەکات لەوەی بەشداریی چین لە هەرێمی کوردستان قووڵتر دەبێتەوە و سوودی دوو لایەنەی زیاتر دەبێت. ئەو دەڵێت، "دەبێ هاوکاریمان سوودی دوولایەنە و گەشەی هاوبەش بەدوای خۆیدا بهێنێت"، بەڵام سوودی دوولایەنە تەنیا کاتێک جێی باوەڕ دەبێت کە هەرێمی کوردستان دەستکەوتی دیارتر بەدەستبێنێت: هەلی کاری بەردەوام، راهێنانی پیشەیی لەو کارگانەی چین دروستیکردوون بە چەشنێک لەگەڵ پێداویستییە ناوخۆییەکاندا بگونجێن.
پێویستە یەکێک لە کارە هەرە لە پێشەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دروستکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی و لۆجستی بێت بۆ بەندەری وشکانی بەچەشنێک ببێتە ناوەندێکی گەورەی بازرگانی، ئەم بیرۆکەیە لە وڵاتانی دیکە کە سنووری ئاوییان نییە، پێشتر جێبەجێکراوە.
بۆ خەڵک و کۆمەڵگەی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، بەشداریکردنی چین دەرگایەکە کە تازە کراوەتەوە، بەڵام هێشتا بنچینەکەی بە تەواوی پتەو نەکراوە. داهاتووی پەیوەندییەکە پەیوەستە بەوەی کە تاوەکو چەند رێککەوتنەکان دەبنە کاری بەڵێندەرایەتی و رەخساندنی هەلی کاری نوێ. هەروەها پەیوەستە بەوەی کە تاوەکو چەند جووڵەی بازرگانی دەگۆڕێت بۆ توانای پیشەسازی و لە کۆتاییدا تاوەکو چەند هەردوولا چوارچێوەی دارایی و یاسایی خۆیان بەچەشنێک دەگۆڕن کە پڕۆژە گەورەکان بکرێن و دوانەکەون. ئەگەر وانەبێت، لەوانەیە پێگەی چین لە هەرێمی کوردستان دا بە سنوورداری بمێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ