پاش چه‌ندین ساڵ له ململانێ و جه‌نگی به‌نوێنه‌رایه‌تی له‌نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا، دواجار له 3ی جه‌نیوه‌ری 2020 به كوشتنی قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس كه به پیاوی ژماره دووی ئێران ناسراوه و هه‌روا ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و فه‌رمانده‌ی كه‌تیبه‌كانی حیزبوڵڵا، ململانێكانی نێوان هه‌ردوو وڵات پێی نایه قۆناغێكی هه‌ستیار كه ده‌توانین له یه‌ك ساڵی رابردوودا ئه‌م رووداوه به خاڵی وه‌رچه‌رخان و لووتكه‌ی ململانێكانی نێوان هه‌ردوو وڵات له قه‌ڵه‌م بده‌ین. له‌م ساڵانه‌ی دوایی، هه‌ردوو لایه‌نی ململانێكه خۆیان له جه‌نگی راسته‌وخۆ و رووبه‌ڕوو پاراستووه و له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی خۆیان و له‌ڕێگه‌ی هێزه پرۆكسییه‌كانه‌وه هه‌وڵیانداوه باڵی یه‌كتر بابده‌ن.
ململانێی ناوخۆیی ناوماڵی شیعه و هێزه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ناكارامه‌یی حكومه‌تی عێراق له پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری و خۆشگوزه‌رانی بۆ خه‌ڵكی عێراق و به تایبه‌ت ناوچه شیعه‌نشینه‌كان، دواجار وایكرد كه ناكۆكییه‌كانی ناوماڵی شیعه بته‌قنه‌وه و خه‌ڵكی ناڕازیی شیعه شه‌قام بكه‌نه سه‌نگه‌ری رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی كه ئاماده نه‌بوون گوێ له خواست و داواكارییه‌كانی جه‌ماوه‌ر بگرن. به‌شێكی به‌رچاوی داواكاریی خۆپیشانده‌ران كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و ده‌ستڕۆیی ئێران و لایه‌نگرانی ئه‌و وڵاته بوو له عێراقدا كه ئه‌مه‌ش له دروشمی دژه‌ئێرانی، سووتاندنی كونسوڵخانه‌كانی ئێران له نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا، هه‌وڵدان بۆ هێرشكردنه سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئێران له به‌غدا و بایكوتكردنی كاڵا ئێرانییه‌كان ره‌نگیدایه‌وه. له به‌رامبه‌ر ئه‌م شه‌پۆله‌دا، ئێرانییه‌كان وایانده‌بینی كه ده‌ستی ئه‌مه‌ریكی-سعوودی-ئیماراتی له پشت خۆپیشانده‌رانه‌وه‌یه و دژ به ئێران و لایه‌نگرانی ئێران له عێراق ئاراسته‌یان ده‌كات. هه‌ربۆیه، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی هێزه پرۆئێرانییه‌كانی به‌دواوه بوو كه له دواڕۆژی ساڵی 2019 دا هێرشێكی مووشه‌كییان كرده سه‌ر بنكه‌ی سه‌ربازیی كه‌یوه‌ن له كه‌ركووك، كه بووه هۆی كوشتنی به‌ڵێنده‌رێكی ئه‌مه‌ریكی و برینداربوونی چه‌ند سه‌ربازێكی ئه‌و وڵاته.
ئه‌م هێرشه و چه‌ندین هێرشی هاوشێوه‌ی دیكه دژ به بنكه و باره‌گاكانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق و هاوكات هێرش بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی دۆستانی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌ی كه‌نداو وایكرد كه شكۆی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه بچێته ژێر پرسیاره‌وه و بێتوانایی ترامپ له به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی ئێران و هێزه پرۆئێرانییه‌كان پیشان بدات، هه‌ربۆیه ده‌بینین سیناتۆری دیموكرات كریس مۆرفی له تویتێكدا ده‌نووسێت: "ئه‌مه‌ریكا بێتوانایه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، نه كه‌س لێمان ده‌ترسێ و نه كه‌س گوێمان لێده‌گرێ".
كۆی ئه‌م رووداوانه و توندتربوونه‌وه‌ی گوشاره‌كان له‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه و نزیكبوونه‌وه له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا له كۆتایی 2020 وایانكرد كه ترامپ جامی دانبه‌خۆداگرتنی پڕبێت و هه‌وڵبدات له به‌ره‌به‌ری هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا سه‌رۆكێكی به‌هێز بۆ هاووڵاتیانی ئه‌مه‌ریكا و جیهان وێنا بكات، هه‌ربۆیه له كردارێكی چاوه‌ڕواننه‌كراودا بڕیاری دا سیاسه‌تی (گورز به‌رامبه‌ر به گورز) بگرێته‌به‌ر. ئه‌وه بوو وه‌ڵامی ئه‌مه‌ریكا بۆ هێرشكردنه سه‌ر بنكه‌ی كه‌یوه‌ن زۆر توند بوو، پێنج باره‌گای كه‌تیبه‌كانی حیزبوڵڵای عێراقی له‌ناو خاكی عێراق و سووریا كرده ئامانج. وه‌ڵامی ئه‌م هێرشه‌ی ئه‌مه‌ریكا، هێرشی لایه‌نی به‌رامبه‌ر بوو دژ به باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا، كه تێیدا چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی و رێبه‌رانیان توانییان به ئاسانی به‌ربه‌ستی ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا ببڕن و بچنه سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا و شكۆ و سه‌روه‌ریی ئه‌مه‌ریكا پێشێل بكه‌ن. خۆپیشانده‌رانی گۆڕه‌پانی ته‌حریریش هه‌وڵێكی هاوشێوه‌یان دا بۆ هێرشكردنه سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئێران، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون. واشنتن نایه‌وێت چیدیكه له به‌رامبه‌ر سیناریۆی ئیرانیزه‌كردنی عێراق له‌لایه‌ن تارانه‌وه، كه خۆی له دامه‌زراندنی حه‌شدی شه‌عبی هاوشێوه‌ی سوپای پاسداران و هێرش بۆ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا هاوشێوه‌ی هێرش بۆ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له تاران له ساڵی 1979 و دروستكردنی كۆمارێكی شیعه‌ی دیكه‌ی هاوشێوه‌ی ئێران ده‌سته‌وه‌ستان بوه‌ستێ، هه‌ربۆیه به‌م هێرشه ده‌یه‌وێت ئه‌و په‌یامه بگه‌یه‌نێت كه چیدیكه ئاماده نییه هێرشه‌كانی ئێران و هێزه پرۆكسییه‌كانی قبووڵ بكات و به‌زاندنی هێڵه سووره‌كانی ئه‌مه‌ریكا كاردانه‌وه‌ی توندی به‌دواوه ده‌بێت. مارك ئیسپیر، وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا چه‌ند سه‌عاتێك پێش هێرشه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند كه یاساكانی یارییه‌كه گۆڕاوه و ئه‌مه‌ریكا ئاماده‌یه به‌رگری له هێزه‌كانی خۆی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی و هاوبه‌شه‌كانی خۆی له سه‌رتاسه‌ری ناوچه‌كه‌دا بكات.
پێده‌چێ به كوشتنی سوله‌یمانی و موهه‌ندیس ململانێكانی ئێران و ئه‌مه‌ریكا پێ بنێته قۆناغێكی نوێ و ئاڵۆز و ئێرانییه‌كان له‌مباره‌یه‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌ی گه‌وره و قورس ده‌كه‌ن، به‌ڵام به سه‌رنجدان له سیاسه‌تی چل ساڵی ڕابردووی ئێران، ده‌توانین ئه‌وه بخوێنینه‌وه كه ئێران له كاته هه‌ستیار و چاره‌نووسسازه‌كاندا خۆی له كاردانه‌وه‌ی پشتبه‌ستوو به سۆز و عاتیفه ده‌پارێزێ و پتر ره‌فتارێكی عه‌قڵانی ده‌گرێته‌به‌ر، هه‌ربۆیه پێناچێت هیچكام له لایه‌نه‌كانی ئه‌م كێشه‌یه هه‌وڵی جه‌نگی راسته‌وخۆ و رووبه‌ڕوو بده‌ن. هه‌رچه‌ند ئه‌مه به‌و واتایه نایه‌ت كه ئێران توانا و پوتانسیه‌لی هێزه پرۆكسییه‌كانی خۆی به‌كارنه‌هێنێ دژ به به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا و دۆستانی له ناوچه‌كه‌دا و ته‌نانه‌ت له هه‌ر شوێنێكی دیكه‌ی جیهانیش ئه‌گه‌ر بۆیان بلوێت و، له به‌رامبه‌ریشدا ئه‌مه‌ریكا درێخی ناكات له وه‌شاندنی گورز و زیاتركردنی گوشاره‌كانی له‌سه‌ر ئێران.
ئه‌وه‌ی كه له‌م نێوانه‌دا ده‌مێنێته‌وه، ئه‌وه‌یه كه عێراق وه‌ك یه‌كێك له گرنگترین وڵاتانی ناوچه‌كه، به حوكمی زۆرینه‌ی شیعه و باڵاده‌ستی و ده‌ستڕۆیی ئێران له‌م وڵاته و دراوسێبوونی له‌گه‌ڵ ئێران و ئاماده‌یی به‌ربڵاوی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌م وڵاته، ده‌توانێ ببێته گه‌وره‌ترین گۆڕه‌پانی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێكانی نێوان هه‌ردوو وڵات. یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێكان له‌سه‌ر خاكی عێراق نوێ نییه و مێژوویه‌كی چوارسه‌د ساڵه‌ی هه‌یه، له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی شانزده‌هه‌مه‌وه ده‌ستپێده‌كات هه‌تا سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م كه ده‌وڵه‌تی عوسمانی وه‌ك پاڵپشتی سوننه و ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی و حكومه‌ته‌كانی پاشتری ئێران وه‌ك پاڵپشتی شیعه هه‌وڵی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێكانی خۆیان له‌سه‌ر خاكی عێراق ده‌دا و، چه‌ندین جه‌نگی خوێناوی و گه‌وره له‌ناو خاكی عێراق له‌نێوانیاندا روویداوه. ئه‌مڕۆش تاران و واشنتن و ریاز و ئه‌نقه‌ره هه‌وڵی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێكانی خۆیان ده‌ده‌ن له‌سه‌ر خاكی عێراق، كه ئه‌مه‌ش به‌شێكی درێژكراوه‌ی هه‌مان ململانێ كۆنه‌كانه، به‌ڵام له به‌رگێكی نوێ‌دا.
له كاتی ئێستادا، ململانێی نێوان لایه‌نه شیعه‌كانی سه‌ر به ئێران كه خۆی له به‌شێك له به‌رپرسانی عێراقی و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیدا ده‌بینێته‌وه و شیعه‌كانی دژ به ئێران كه پتر خۆی له شه‌قامی گڕگرتووی شیعه‌دا ده‌بێنێته‌وه، ده‌توانێ ئه‌م بابه‌ته یه‌كلایی بكاته‌وه. ئه‌گه‌ر شه‌قام بتوانێ به‌سه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌دا زاڵ ببێت و په‌راوێزیان بخات، ئه‌وا به سه‌رنجدان له گۆڕینی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا له وه‌شاندنی گورزی سنووردار كاری ئێران قورس‌تر ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرۆئێرانییه‌كانی ناو ده‌سه‌ڵات به‌هێزتر ببن، ئه‌وا ده‌توانن له ڕێگه‌ی جه‌نگی به نوێنه‌رایه‌تی و رێكاره یاساییه‌كانی وه‌ك ده‌ركردنی بڕیارێك له په‌رله‌مان بۆ ده‌ركردنی هێزه بیانییه‌كان له عێراق كاری ئه‌مه‌ریكا قورس‌تر بكه‌ن و ئه‌و وڵاته بخه‌نه به‌رده‌م هه‌ڵوێستێكی دژوار. هه‌رچه‌نده، وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به هۆی لاوازیی حكومه‌تی عێراق و نه‌مانی سه‌روه‌ریی ئه‌م وڵاته، عێراق نه‌توانێ هیچكام له هێزه بیانییه‌كانی ناوخۆی پابه‌ندی بڕیارێكی له‌و جۆره بكات و ئه‌و بڕیاره وه‌ك مه‌ره‌كه‌بی سه‌ر كاغه‌ز بمێنێته‌وه، كه ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی به‌رده‌وامیی ململانێ هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌سه‌ر خاكی عێراق و ئاینده‌ی ئه‌م وڵاته وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ به‌ره‌و چاره‌نووسێكی نادیار ده‌بات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ