هونەری بەکاربردنی نەیارەکانت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
عارف قوربانی
عارف قوربانی
A+ A-
 
کتێبی (لە پشت پەردەکانی شۆڕشەوە، دانپێدانانەکانی جەعفەری شەفیعیزادە) کە هاوەڵی ئیمام خومەینی بوو لە رۆژانی دەستپێکی شۆڕش، وەک بابەتێکی یەکلانەبووەوە هێشتا مشتومڕی ئەوەی لەسەرە ئایا ئەوە دانپێدانانی راستی کارەکتەرێکە؟ یاخود کەسێک، دەزگایەک، دەوڵەتێک لە پشت دروستکردنی ئەو چیرۆکەوەیە بە ئامانجی دروستکردنی گومان لەسەر سەرهەڵدانی شۆڕش و دروستکردنی کۆماری ئیسلامی، وەک پڕۆژەیەکی رۆژئاوایی؟
 
لەنێوان ئەوانەی بە رەهایی باوەڕیان وایە کتێبەکە بریتییە لە خستنەڕووی راستییە شاراوەکان و کۆمار بە ئەجێندای ئەمریکا و رۆژئاوا بۆ خزمەتی ئەوان هاتووەتە بوون؛ ئەوانەشی بە چیرۆکی هەڵبەستراوی دەزانن، ئەوەی دواجار ئەو مشتومڕە یەکلا دەکاتەوە بریتییە لە ماجەرای کار و رەفتارەکانی نزیک بە نیو سەدە لە تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران.
 
رەنگە خوێنەر پێویستی بەوە نەبێت گەشەی ئابووری و شۆڕشی پیشەسازی و بونیاتنانی ئێران لە پێش و پاش شۆڕش بەراورد بکەین، یاخود بچینە قووڵایی ئەو پرسیارەوە گەلانی ئێران چییان لە دەست دا و چییان دەستکەوت؟ هەروەک روونکردنەوەی ئەوەش بە پێویست نابینم کە لە وێنا گەورەکەی جیهانی ئیسلامیدا، بە سەرهەڵدانی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران، درزی نێوان جیهانی ئیسلامی چەند گەورەتر بووەتەوە و ناکۆکییەکانی سوننە و شیعە گەیشتوون بە کوێ؟ ئەوانە بۆ تێگەیشتنی خودی خوێنەر جێدەهێڵم، تا لە هزر و بیرکردنەوەی خۆیاندا ئەو بەراوردکارییانە بکەن و یارمەتییان بدات لە گەڕان بەدوای ئەو وەڵامەدا، ئایا دروستکردنی کۆماری ئیسلامی بۆ خزمەتی ئەجێندای رۆژئاوا دروستکراوە؟
 
بەڵام مەبەستمە سەرنجی خوێنەر بخەمە سەر گۆشەیەک کە لە چرکەساتی دروستکردنی کۆماری ئیسلامییەوە وەک یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی دەوڵەت خۆی لەسەر بیناکرد، دژایەتیکردنی ئیسرائیل بوو. ئایا ئەو ئامانجانەی لە ژێر دروشم و بانگەوازی (مەرگ بۆ ئیسرائیل) شاردرابوونەوە، ئیسرائیلیان گەیاند بە کوێ؟
 
ئەوکاتەی کۆماری ئیسلامی دامەزرا و لەگەڵ جریوەی بەیاندا بە نەغمەی مەرگ بۆ ئیسرائیل گەلانی ئێرانی لە خەو بێدار کردەوە، ئیسرائیل وەک دەوڵەت لەلایەن جیهانی عەرەبی بەگشتی و بەشی زۆری وڵاتانی ئیسلامییەوە قبووڵنەکراو بوو. گەرچی هەر لە ساتی دروستکردنی ئیسرائیلەوە جیهانی عەرەبی بۆیان دەرکەوت شەڕی بەرەیی سوپا دژ بە ئیسرائیل، شەڕێکی دۆڕاوە و لە هەر جەولەیەکی شەڕدا جوگرافیای زیاتر لە دەست دەدەن، بەڵام کۆڵیان نەدا، بە دنەدانی بزووتنەوە چەکدارییەکانی دژ بە ئیسرائیل درێژەیان بە نەیارییەکانی خۆیان دەدا. واتە بزووتنەوەی چەکداری دژە ئیسرائیل لە ژێر کۆنترۆڵی جیهانی عەرەبیدا بوو.
 
ئێرانی تازە دامەزراو بەهۆی دەنگە دلێرەکەی لە گوتنەوەی دروشمی مەرگ بۆ ئیسرائیل، (بێ ئەوەی مەرگی بە نسیبی یەک ئیسرائیلی کردبێت)، زوو سەرنجی نەیارەکانی ئیسرائیلی بۆ لای خۆی راکێشا، وردە وردە جڵەوی هێزە دژبەرەکانی ئیسرائیلی لە ژێر کۆنترۆڵی عەرەبەکان دەرهێنا و لە قۆناغی جیاجیادا هەموویانی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. بە دژایەتیکردنی دەوڵەتانی عەرەبی و ئەو مەترسییانەی بۆی دروست کردبوون، یەکە یەکە وڵاتانی عەرەبی ناچار بەوە کرد دەستبەرداری دوژمنایەتیکردنی ئیسرائیل ببن و لە قۆناغەکانی دواتریشدا پەیوەندی ژێربەژێر بێت یان ئاشکرا، لەگەڵ ئیسرائیل ببەستن.
 
ئەگەر ئەوکات نهێنی بووبێت، ئێستا بەڵگە و دۆکیۆمێنتی زۆر بەردەستکەوتوون کە لە گرتنە دەستی دەسەڵاتی ئێرانەوە، ئیسرائیل و مەلاکان هەماهەنگی زۆر لە نێوانیان هەبووە. بەدرێژایی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق-ئێران، ئیسرائیل چەک و کەرەستەی جەنگی بە ئێران فرۆشتووە. بەڵگە بەردەستەکانی ئێستا ئەوە روون دەکەنەوە بەشی زۆری کۆمەڵگە نیشتەجێکانی جوولەکە (مستەوتەنات) لە فەلەستین، بەو پارەیەی ئێران دروستکراون کە چەکی لە کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان پێ کڕیوە.
 
نامەوێ لایەنگیریی ئەو بۆچوونانە بکەم کە لە یاداشتەکانی (جەعفەری شەفیعیزادەوە) رێبەر و هەڵسوڕێنەرانی کۆماری ئیسلامی وەک بەشێک لە ئەجێندا و پڕۆژەی رۆژئاوایی دەبینن. بەڵام بە هەڵسەنگاندنی دەرئەنجامی کار و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی بەوەی چی خزمەتێکی بە قبووڵکردنی ئیسرائیل کرد لەلایەن جیهانی عەرەبییەوە، هەروەها یەک لەدوای یەک ریشەکێشکردنی گرووپە چەکدارە دژبەرەکانی ئیسرائیل، وە ئەو رۆڵەی ئێستای کۆماری ئیسلامیش لە جەنگی دژ بە ئیسرائیل دەیگێڕێت لە سەپاندنی هەژموونی ئیسرائیل بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، گەیشتووم بە قەناعەتێک؛ نەخێر بابەتەکە بەو جۆرە نییە کە هەڵسوڕێنەر و بڕیار بەدەستانی ناو کۆماری ئیسلامی ئێران لە بنەڕەتدا بەشێک بن لە پڕۆژەی ئەمریکی-ئیسرائیلی، بەڵام لە نائاگایی خۆیاندا لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەکار دەبرێن. کە بە دووری نازانم رەنگە لە ساڵانی داهاتوو (هونەری بەکاربردنی نەیارەکانت) وەک زانستێکی نوێ لە زانکۆکان بخوێندرێت. رابەرانی ئێران کەوتوونەتە ناو ئەو داوەوە و بەو جۆرە بەکار دەبرێن کە رەفتارەکانیان لە بەرژەوەندی ئەمریکا و ئیسرائیل بێت.
 
وەک چۆن رەفتارەکانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای گرتنە دەستی دەسەڵات و دواتریشدا بەو جۆرە خزمەتی بە ئیسرائیل گەیاند کە قۆناغی قبووڵکردنی وەک دەوڵەتێک لەلایەن عەرەبەکانەوە بسەلمێندرێت، ئێستا لە کۆتاییەکانی چیرۆکی کۆماری ئیسلامیدا خەریکە وێناکە بەو دیمەنە کۆتایی دێت کە رەفتارەکانی کۆماری ئیسلامی ئاو بکاتە ئاشی سەپاندنی هەژموونی ئیسرائیل بەسەر ناوچەکەوە.
 
تەماشا بکەن لە هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، ئەگەر ئێران هەموو تواناکانی خۆی بۆ وەڵامدانەوە لە بەئامانجگرتنی ئیسرائیل بەکار ببردایە، زیانەکانی بۆ سەر ئیسرائیل چی دەبوو؟ هەروەها لە رووی کاردانەوەوە، ئایا وێنای شەڕەکە چۆن دەکەوتەوە کە ئیسرائیل پەلاماری وڵاتێکی ئیسلامی داوە؟ هەڵوێستی جیهانی ئیسلامی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، رووسیا و چین وەک دوو دۆستی نزیکی ئێران، وڵاتانی عەرەبی و بەدیاریکراوی کەنداوی عەرەبی و دەوروبەر و دراوسێکانی ئێران، هەڵوێستیان چی دەبوو؟
 
بەڵام بەو رەفتار و کردەوانەی ئێران نواندوویەتی، وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەی سەرەوە بە قازانجی ئیسرائیل و ئەمریکا کەوتووەتەوە. بە ئامانجگرتنی وڵاتانی عەرەبی لە کەنداو، هەروەها ئازەربایجان و کوردستان، ئەو خزمەتەی بە نەیارەکانی خۆی کرد کە نەتواندرێت ئەمە وەک جەنگی دژ بە ئیسلام وێنا بکرێت، کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی کێشەی عەرەب-ئیسرائیلەوە، ئیسرائیل هەوڵ بۆ ئەوە دەدات کێشەکە وەک دوژمنایەتیکردنی ئیسلام نەکەوێتەوە، ئێستا ئێران ئەو خزمەتەی پێ کرد.
 
لە دەستپێکی هێرشەکاندا بۆ سەر ئێران، بەریتانیا، فەڕەنسا و زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپا دژی هێرشەکانی ئەمریکا بوون. بەڵام کە ئێران وڵاتانی کەنداوی بە ئامانج گرت، هەڵوێستیان گۆڕا بەرانبەر بە ئێران و ئامادەییان دەربڕی پشتیوانی وڵاتانی کەنداو بکەن دژ بە ئێران، هەر ئەوەش هۆکار بوو کە لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە 130 دەوڵەت دژ بە ئێران بوەستنەوە.
 
چاوەڕوان دەکرا رووسیا و چین وەک دوو هاوپەیمان و دۆستی ئێران، بە قازانجی ئێران دەستوەردان بکەن، بەڵام بەهۆی ئەو قەیرانەوە کە ئێران لە بازاڕی وزەی جیهانی دروستی کرد بە کردنە ئامانجی کۆگاکانی نەوتی کەنداو و داخستنی رێڕەوی ئاویی هورمز بۆ گەیاندنی نەوت بە بازاڕە جیهانییەکان، رووسیا و چین پێچەوانەی هەموو چاوەڕوانییەکان ئیدانەی ئێرانیان کرد. تەنانەت کە ئەم پرسە برایە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش، هیچ ڤیتۆیەکیان بەکار نەبرد بۆ رێگری لەو پڕۆژەیەی دواجار سزای زۆر توند بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت.
 
هیچ گومانم لەوە نییە ئەمریکا و ئیسرائیل لەپاڵ گورزە سەربازییەکانیان بۆ سەر توانا مووشەکی و تەکنەلۆژیاکانی پیشەسازی سەربازی ئێران، شارەزایانە چەکی زانستی (هونەری بەکاربردنی نەیارەکان)یان بەکاربرد کە زۆر زیاتر لە مووشەک و فڕۆکە جەنگییەکان زیانی بە ئێران گەیاند و خزمەتی بە ئەمریکا و ئیسرائیل کرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عارف قوربانی

کورد چى دەستدەکەوێت لەم رووداوانە؟

خاڵى گرنگ لێرەدا بۆ کورد ئەو یەکڕیزیى و هاوهەڵوێستییەیە کە لایەنە سیاسیەکانى کورد لەو وڵاتە لەناو چوارچێوەى بەرەیەکدا هاوپەیمانیی کوردستانیان لەنێوان خۆیان پێکهێناوە. ئەمە سەرەتایەکى دروست و پێویست بوو. ئەرکى سەرشانى هەر کوردێکە ئەوەى پێى دەکرێت لە کۆمەک بە بەهێزکردنى ئەو ئاراستەیە نابێت درێغى بکات.