شیعرێکی مامۆستا هێمن بۆ ژەنەراڵ بارزانی

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
کاوە ئەمین گوڵچین
A+ A-
 
لەم رۆژانەدا بەناو ئەرشیف و کتێبخانەکەم دا دەگەڕام، زۆر وێنە و نامە و بەیاننامەی بەشێک لە پارتە جۆراوجۆرەکان و گۆڤار و رۆژنامەی چرچ هەڵگڕاوم دیتنەوە.
 
لەنێویاندا، دەستنووسێکی کاک رەسووڵی پێشنەماز، کە دیارە لەکاتی تۆمارکردنی بەرنامەی (پەنجەمۆر) کۆپیم لێ هەڵگرتووەتەوە، شیعرێکی مامۆستا هێمنم بەرچاوکەوت کە بۆ ژەنەراڵ بارزانیی نووسیوە.
 
دوای گەڕانەوەی ژەنەراڵ بارزانی لە یەکێتیی سۆڤیەت، بەشێکی زۆری شاعیرانی ئەو سەردەمە شیعر و پەخشانی ئەدەبییان بۆ نووسیوە، وەکو قارەمانێکی نەتەوەیی شیعریان بۆ نووسیوە.
 
لەبارەی ئەوەی کە مامۆستا هێمن چۆن ئەو شیعرەی بۆ ژەنەرڵ بارزانی نووسیوە، بەسەرهاتی چیرۆکی ناردنی وێنەیەکی ژەنەراڵ بارزانی لەلایەن سەرکردەی کورد ئەحمەد تۆفیقەوە بۆ مامۆستا هێمن دەگێڕێتەوە.
 
شەهید ئەحمەد تۆفیق یەکێکبوو لە هاوەڵانی نزیک و جێگە متمانەی بارزانی و تێکۆشەرێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو.
 
کاک رەسووڵی پێشنەماز لە یاداشتەکەیدا بەسەرهاتەکەمان بۆ دەگێڕێتەوە و پاشان شیعرەکەی نووسیوەتەوە، کە منیش وەکو خۆی دەینووسمەوە:
 
"لەلایەن شەهیدی نەمر کاک ئەحمەد تۆفیقەوە یانی (عەبدوڵڵای ئیسحاقی) وێنەی بارزانیی نەمر دەگاتە مامۆستا هێمن لە شیلان ئاوێ بەرەو بناری کێوی سارمی دەڕوا لە تەنیشت گوندی خۆیانە. بە بەهانەی راو، لەوێ وێنەکە دەردێنێ و زۆر تێوەی رادەمێنێت و پاشان نامەی کاک ئەحمەد تۆفیق دەخوێنێتەوە، کە باسی شۆڕش و ئازایەتیی بارزانییەکان و خەڵکی تێکۆشەری گەرمیانی تێدایە، ئەویش ئەو پارچە هۆنراوەیە دەهۆنێتەوە و یادیشی لە کۆماری مەهاباد (کۆماری کوردستان) تێدایە."
 
بۆ وێنەی بارزانی، قارەمانی کەم وێنەی گەلی کورد
 
وێنەت گەیشتە دەستم روون بووەوە چاوی من
ساڕێژ بوو زامی کۆن و برینی هەناوی من
شاگەشکە بوو دڵم، دڵی پڕ مەینەت و خەمم
پاش ئەو هەموو گرینە بزە هاتە سەر دەمم
ئەی بابی کوردی رۆڵەی ئازاو قارەمان
کاوەی زەمان هەڵۆی کێوی بارزان
نەتخوارد فریوی جێ و مەقام و دراو و چەک
عومرێکە بۆ نەجاتی وەتەن داتنەناوە چەک
ئازادیخوازی کۆڵنەدەری لاگری هەقی
زۆر لە مێژە لە مەیدانی هەقا مەردانە چەقی 
زنجیر پسێنی تۆڵە سێنی قەڵا شکێنی
دووژمن تەزێنی عەرەب بەزێنی بەعسی شکێنی
مێوژ و بەڕوت نەدا بە پڵاو  و کەبابی وان
خۆشاوی خۆت نەدا بە ویسکی و شەرابی وان
بەڕەو مافورت نەدا بە دۆشەکی حەریری وان
خانووی قوڕاویت نەدا بە کۆشک تەلاری وان
مۆبڵت نەویستوو چوویەوە سەر گاشە بەردی خۆت
شارت نەویست و چوویەوە بۆ لێرەواری خۆت
قەسرت نەویست و چوویەوە ئەشکەوتی سارد و سڕ
تەختت نەویست و چوویەوە بۆ شاخی چڕ
پێشمەرەگەکانی تۆ هەموو شێرن لە بۆسەدان
بەس بوون هەمیشە رۆژی شەڕێ یەک لە بۆسەدان
دەسێنڕێ حوکمی زاتی تفەنگ و ڕەشاشی وان
بۆ چاوی ئێمە سورمەیە تۆزی کڵاشی وان
شادبێ رەوانی شەهیدانی جوان و پیر
یادی ئەوان هەتاکو ئەبد ناچێتەوە لە بیر
چەند جوانی فەرموو شاعیری گەورە پیرەمێرد
کوردی بڵیند پایە و جێ گەورە پیرەمێرد
پێی ناوێ بۆ شەهیدانی وەتەن شیوەن و گرین
نامرن ئەوانە وا لە دڵی میللەتا ئەژین
یاخوا هەر بژی بە شادی ئازادی پێشەوا 
تا تۆ بمێنی میللەتی کورد وا لە پێشەوە
هەرچەندە کە دێوەزمەی شوم ئەوکی گرتووم
بەو حاڵەوە ئومێدی نەجاتم هەیە و دەژیم
تاکو قەڵەم بڕشتی هەبێت هەر دەکەم خەبات
تاکو قەدەم بڕستی هەبێ دێم بەرەو خەبات
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نزار گزالی، پسپۆڕی دەروونی و بەڕێوەبەری سەنتەری راوێژکاریی دەروونی و کۆمەڵایەتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکیی هەولێر

بۆ ئاسایشی دەروونی، لەکاتی جەنگدا رۆتینێکی رۆژانەی تەندروست و جێگیر هەبێت

ئەم دۆخەی ئێستای جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لێکەوتەکانی نیگەرانیی ئەمنیی تێکەڵ بە گوشارە ئابووری و سیاسییە نێوخۆییەکان کردووە، لە لایەکی دیکە دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت، ناڕوونیی دۆخە گشتییەکە، هەڕەشە ئەمنییەکان کە هەولێر و هەرێمیان کردووەتە ئامانج، گرژییە سیاسییەکانی بەغدا و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و تێچووی ژیان، کەمبوونەوەی کارەبای ماڵان و بڵاوبوونەوەی بەردەوامی دەنگۆی ئەگەری داڕمانی ئابووری یان نەتوانینی پێدانی مووچە دڵەڕاوکێ زیاتر دەکەن، بەتایبەتی لەنێو فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا کە ئێستاشی لەگەڵدابێت بەدەست دواکەوتنی مووچەوە دەناڵێنن.