لەم دواییانەدا وێنەی دروستکراوی ژیریی دەستکرد زۆر دەبینین، کە بەشێوەی فراوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بوونەتەوە، رەنگە خۆش و بێ زیان دەربکەون. بەڵام ئیدی کاتی ئەوەیە بزانین ئێرەش خەریکە دەبێتە بەشێک لە بازاڕە ئەلیکترۆنییە تاریکەکان، مامەڵەکردن بە بەرهەمەکانی، هاوشێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ بەرهەمێکی دارک وێب قورسترە، چونکە ژیریی دەستکرد کارێکی کردووە جیاکردنەوەی نێوان راستی و ساختەی قورستر کردووە.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە رۆژانێک ئاوێنەی ئەزموونی مرۆڤ بوون، ئێستا خەریکە دەبنە تابلۆیەکی نەخشێنراو بە ژیریی دەستکرد، لەبەرئەوەی ژیریی دەستکرد بە شێوەیەکی فراوان کۆنترۆڵی هەموو ئەو شتانەی کردووە، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەیبینین و دەیبیستین. زۆر لەو ناوەڕۆکانەی جێی متمانەی بەکارهێنەران بوون بەگشتی و لە بازاڕە ئۆنلاینەکاندا بەتایبەت، ژیریی دەستکرد کارێکی کرد تەنانەت ئەوەی بڕوای پێدەکەین و پێمان وایە راستین، گومانمان بۆ دروست بێت و بە ئاگاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکەین. واتە پانتاییەکەی بۆ دیمەنێکی ناخۆش گۆڕیوە، کە وا لە بەکارهێنەر دەکات بە ئاسانی باوەڕ بەو شتانە نەکات دەیابینێ، یان لانیکەم زیاتر لە جارێک لێی ورد ببێتەوە.
لە کاتێکدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێشتر تاڕادەیەک خاوەنی رەسەنایەتیی خۆیان بوون، بەڵام کاتێک سەردەم گۆڕا بۆ سەردەمی ژیریی دەستکرد، ئیدی ئەو رەسەنایەتییە بووە جێگەی پرسیار و تێڕامان، چونکە دامەزراوە و کەسایەتییەکان بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان دەستکاری ناوەڕۆکی بابەتەکان دەکەن و لە چوارچێوە سرووشتییەکە دەریدەهێنن. بێگومان ژیریی دەستکرد لەم گۆڕانکارییە رۆڵ دەگێڕێت.
هێندەی دەریایەک فراوانە
ژیریی دەستکرد تەنیا لە یەک بواردا بچووک نەکراوەتەوە، ئەو ئێستا پۆست دەنووسێت، فیدەکان رێکدەخات، ئینفلوێنسەر دروستدەکات، چیرۆک و هەواڵ دروست دەکات، هاوکاریی دیزاینەرەکان دەکات و بیرۆکەی ناوازەیان پێدەدات، توێژینەوەی زانستی دەنووسێت، تەنانەت ساختەکاری لە هەستەکانیش دەکات، ئەمەش ئەو کارەی زۆر قورس کردووە، کە بتوانین راستی و ساختە لێک جیابکەینەوە، واتە بە جۆرێک لە جۆرەکان توانای کۆنترۆڵکردنی توانای مرۆڤەکانی هەیە، بەو هۆیەشەوە ساختەکاری لە بازاڕەکەدا فراوان بووە.
کاتێک سەیری ناوەڕۆکی پلاتفۆڕمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەرهەمە میدیاییەکان دەکەین، ئەوەی ئێستا دەیبینین لە وێنە، ڤیدیۆ، تەنانەت کەسایەتییەکانیش، ئەوانەی ملیۆنان فۆڵۆوەرزیان هەیە راستی نین و دەستی ژیریی دەستکردی تێدایە، بەنموونە، (@lilmiquela) کە کارەکتەرێکی مەجازی یابانییە و 2.3 ملیۆن فۆڵۆوەرزی هەیە و دەیان و سەدانی دیکە، ئەگەر ئینستاگرام بە نموونە بهێنینەوە پڕ بووە لە وێنە و ڤیدیۆی دروستکراوی ژیریی دەستکرد، ئێمەی بەکارهێنەر نازانین چی دەستکردی مرۆڤە، چی راستە و چی راست نییە و پێویستە متمانە بەچی بکەین! ئەمانە رێگە خۆشکەرن بۆ زانیاری هەڵە، دیپفەیک، تەنانەت فلتەرە بێ زیانەکانیش. ئەمەش وایکردووە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سەکۆیەک کە خەڵک نوێترین هەواڵەکانیان لەگەڵ هاوڕێ و خێزانەکانیان ئاڵوگۆڕ دەکرد، بگۆڕێت بۆ شوێنێک کە کەمتر کارلێکی نێوان مرۆڤەکانی تێدایە. ئێستا ئێمە شاهێدی گۆڕانکاری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی میدیاین، بۆ تۆڕی دژە- کۆمەڵایەتی.
پلاتفۆرمە گەورەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە تیکتۆکەوە تاوەکو ئینستاگرام و ئێکس، ئێستا بە قووڵی لەگەڵ ژیریی دەستکرد تێکەڵاوبوون.
بێگومان ژیریی دەستکرد سوودی زۆری هەیە لە رووی کات و تێچووی مادی و ئاسانکاری زۆر دەکات، بەڵام تێکەڵکردنی بەو رادە زۆرەی ئێستا هەیە دەرئەنجامی سۆزداری و کۆمەڵایەتی هەیە بە نموونە:
1 - گۆڕانکاریی لە پەیوەندییەکان؛ مرۆڤەکان ئێستا هێندە بێ متمانەبوون لە کەناڵە پەیوەندییە ئەلیکترۆنییەکانی نێوانیان، بە گومانەوە مامەڵە لەگەڵ یەکدی دەکەن.
2- کێبڕکێی لەسەر ناوەڕۆکی باش نەهێشتووەتەوە؛ ئینفلوێنسەر و کۆمپانیاکانی رێکلام پێشووتر رکابەرییەکی گەرمیان لەنێوان هەبوو بۆ پێشکێشکردنی باشترین نێوەڕۆک، بەڵام ئێستا ژیریی دەستکرد ئەم گۆڕەپانی کێبڕکێیەی شێواندووە.
لەگەڵ پێشکەوتنی زیاتری ژیریی دەستکرد تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش خەریکە لە رێچکەی خۆی کە (کۆمەڵایەتیبوونە)لادەدات و ئیدی کۆمەڵایەتی نامێنێت، بۆ نموونە توانای ژیریی دەستکردی کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای sora گەیشتووەتە ئەوەی ڤیدیۆی ساختە، زۆر بە ئاسانی دروست دەکات و بەتاڕادەیەکی زۆر کە لە راستی دەچێت.
هۆشیاری خەڵک بەرامبەر بە ژیریی دەستکرد
لەم دواییانە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە، گوایە دۆلفینێک راهێنەرەکەی لە کاتی نمایشێک کوشتووە. کاردانەوەی زۆری بەدوادا هات و ملیۆنان کەس هاوسۆزی خۆیان بۆ کچە راهێنەرەکە دەربڕی، بابەتەکە زۆر گەورە کرا و قسەی زۆری لەبارەیەوە کرا، بەڵام هەواڵ و ڤیدیۆکە و تەنانەی ناوی کچەکەش ساختە بوو و دروستکراوی ژیریی دەستکرد بوو.
راپرسییەکان و کەمبوونەوەی متمانە بە زانیارییە ئۆنلاینەکان
بەپێی نوێترین داتاکان ئەم گۆڕانکارییانە وایان لە بەکارهێنەر کردووە، روویان وەربگێڕن و کەمتر کات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر ببەن، کات بەسەربردن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی لە ساڵی 2022 گەیشتووەتە لووتکە و دواتر بە شێوەیەک بەرەو کەمبوونەوە چووە، بەپێی شیکردنەوەیەک لەسەر خوو و نەریتی ئۆنلاین، کە لەلایەن کۆمپانیای GWIی تایبەت بە شرۆڤەی بینەرانی دیجیتاڵی بۆ رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز ئەنجامدراوە، 250,000 گەنج لە زیاتر لە 50 وڵات بەشدارییان کردووە، لە سەرتاسەری جیهاندا، نەوجەوانی 16 ساڵ و سەرووتر لە کۆتایی 2024 بە تێکڕا دوو کاتژمێر و 20 خولەک لە رۆژێکدا کاتەکانیان لەسەر پلاتفۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر بردووە، کە بە رێژەی نزیکەی 10% کەمیکردووە بە بەراورد بە 2022.
هەروەها بەپێی هەمان راپۆرت دەرکەوتووە، رێژەی ئەو کەسانەی پلاتفۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنن بۆ پەیوەندیکردن بە هاوڕێکانییانەوە، خۆناساندن یان ناسینی کەسانی نوێ، لە ساڵی 2014ـەوە بۆ ئێستا بە زیاتر لە چارەکێک کەمیکردووە. لە هەمان کاتدا بە شێوەیەکی خۆکارانە کردنەوەی ئەپەکان بۆ پڕکردنەوەی کاتی بەتاڵ زیادیکردووە.
بەشێک لە شارەزایان و نووسەرانی تەکنەلۆژیاش پێیان وایە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێستا نموونەیەکی زۆر خراپی "گەندەڵبوونی" پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانە، چونکە پەنا دەبەنە بەر شێوازی زیاتر نائومێدانە بۆ سەرنجڕاکێشانی بەکارهێنەرانیان، زۆر لەم ئەپڵیکەیشنانە ئیدی بە واتایەکی راستەقینە ئەپی کۆمەڵایەتی نین؛ ئەوان ئەپی زۆرکردنی کاتی شاشەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ