رووداو - تەندروستی
لە کۆمەڵگەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بە گشتی و لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا بە تایبەتی، تائێستاش تەندروستیی دەروونیی سەرکردە سیاسییەکان بابەتێکی غائیب و دوورە لە گفتوگۆی جیدی، سەرەڕای ئەوەی سەرکردە یەکێکە لەو کەسانەی کە زۆرترین کات رووبەڕووی گوشاری دەروونیی درێژخایەن و گۆڕانکاریی وێرەکی و ھۆشمەندی دەبێتەوە کە لە ئەنجامی باڵادەستیی بەردەوامەوە دروستدەبن. هەرچەندە پێگەی مرۆڤ لە هەڕەمی دەسەڵاتدا بەرزتر ببێتەوە، بڕواو تێڕوانینی کۆمەڵایەتی وای بۆدەچێت کە ئەو کەسە بووەتە خاوەن ئیرادەیەکی رەقتر و کەمتر لەژێر کاریگەریی هۆکارە دەروونییەکاندایە، لە کاتێکدا توێژینەوەکانی دەروونزانیی سیاسی و زانستی دەمارە-رەفتاری جەخت لەوە دەکەنەوە، دەسەڵاتی درێژخایەن دەکرێت گۆڕانکاریی پلەبەندی لە شێوازی بیرکردنەوە، هەڵچوون و بڕیارداندا دروستبکات.
مانەوەی سەرکردە بۆ چەندین دەیەی درێژخایەن لە دەسەڵاتدا، بەتایبەت لە نێو ژینگەیەکی سیاسیی لەرزۆک یان پڕ لە تەنگەژە و ململانێدا، تەنیا رەنگدانەوەی لەسەر ئەدای سیاسی نابێت، بەڵکو کاریگەرییەکەی بۆ سەر کیمیای مێشک و میکانیزمەکانی درکپێکردنی کۆمەڵایەتی درێژ دەبێتەوە. ئەدەبیاتە نوێیەکانی پەیوەست بەوەی کە بە "کۆنیشانەی لەخۆباییبوونی دەسەڵات" یان (Hubris Syndrome) دەناسرێت، ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک لە سەرکردەکان بە تێپەڕبوونی کات پەرە بە جۆرە شێوازێکی بیرکردنەوە دەدەن کە سیفەتی زیادەڕەویکردن لە متمانەبەخۆبوون، لاوازی لە قبووڵکردنی رەخنە و هەستێکی گەشەسەندوو بە "ئیستیسنابوون" و باڵادەستیی تێدایە، ئەمانەش شێوازگەلێکن کە زۆربەی کات بەستراونەتەوە بە نەبوونی هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵات و لێپرسینەوەدا.
لەڕووی دەمارەزانییەوە، دەسەڵاتی درێژخایەن پەیوەستە بە بەرزبوونەوەی بەردەوام لە چالاکیی "سیستمەکانی پاداشت" لە نێو مێشکدا، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە دۆپامین، کە گواستەرەوەیەکی دەماریی بەرپرسە لە هەستکردن بە پاداشت، دەستکەوت و شکۆمەندی. کاتێک ئەم هەستە رۆژانە و بۆ چەندین ساڵی درێژخایەن دووبارە دەبێتەوە، مێشک وردە وردە دەست دەکات بە راهاتن لەسەر دەسەڵات وەک بەشێک لە شوناسی خودی، ئەمەش ئەگەری هەڵاوسانی ئیگۆ و دابڕانی پلەبەندی لە واقیعی کۆمەڵایەتی زیاد دەکات.
ھەندێک لەتوێژینەوەکانی دەروونزانیی دەسەڵات ئاماژە بەوە دەکەن، هەژموون و باڵادەستیی بەردەوام دەکرێت توانای رەچاوکردن و بینین و بەھەندزانینی دیدگای کەسانی دیکە لاواز بکات "خۆبەھەمووشتێکزانین" و بڕیاردانی پڕ لە مەترسی زیاد بکات.
لە بەرامبەردا، ترسی بەردەوام لە لەدەستدانی هەژموون و باڵادەستی یان پێگەی سیاسی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی درێژخایەنی ئاستی سترێس و هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ، ئەمەش کاریگەریی دەکاتە سەر بابەتی نەرمینواندن و توانای دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی بڕیارەکانی پێشوو.
لەگەڵ کاتدا، رەنگە سەرکردە زێتر پەنا بباتە بەر ھەڵەشەیی و بەرگری و کەمتر ئامادەگی هەبێت بۆ داننان بە هەڵەکاندا، چونکە مێشک دەکەوێتە دۆخی "ئامادەباشیی بەردەوام" بۆ پاراستنی دەسەڵات. هەروەها ژیان لە ژینگەیەکی سیاسیی داخراو و پڕ لە ململانێدا دەکرێت "کۆئەندامی لیمبیک" چالاک بکات، بەتایبەت (ئەمێگدالا - Amygdala) کە بەرپرسە لە هەستکردن بە هەڕەشە، ئەمەش وا لە هەندێک سەرکردە دەکات کە ئۆپۆزسیۆن یان ناڕەزایەتییەکان وەک هەڕەشەیەکی کەسی ببینن لەبری ئەوەی وەک دەربڕینێکی سرووشتیی داواکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان سەیری بکەن.
لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، ئەم پرسە رەهەندێکی ئاڵۆزتر وەردەگرێت بەهۆی مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ناوچەکە. زۆرێک لە سەرکردەکانی ئێستا پێشتر بە ئەزموونی جەنگ، خەباتی چەکداری، دوورخستنەوە، پەراوێزخستن و نەبوونی ئاسایش بۆ ماوەیەکی درێژ تێپەڕیون، پاشان بە شێوەیەکی لەناکاو گوازراونەتەوە بۆ پێگەی دەسەڵاتێکی فراوان کە پارە و دەسەڵات و ئیمتیازاتی زۆری لەگەڵدا بووە. ئەم گۆڕانکارییە زەق و تووندە رەنگە لە هەندێک حاڵەتدا ببێتە هۆی ئەوەی لە دەروونزانیدا پێی دەگوترێت "قەرەبووکردنەوەی دەروونیی زیادەڕەو"، کە تێیدا دەسەڵات دەبێتە ئامرازێکی نائاگایانە بۆ قەرەبووکردنەوەی ساڵانی ترس، بێبەشی، یان وەدەرنان و پەراوێزخستن.
کۆمەڵگە مۆدێرنەکان وردە وردە خەریکە درک بەوە دەکەن کە تەندروستی دەروونیی بڕیاردەران و بەرپرس و باڵادەستەکان، پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە سەقامگیریی دەوڵەت و کواڵیتیی بڕیارە سیاسییەکانەوە هەیە. بۆیە پەرەپێدانی بەرنامەی سەربەخۆ بۆ پاڵپشتیی دەروونی و ھۆشمەندی و ھزری بەرپرسە باڵاکان، کە دانیشتنی هەڵسەنگاندنی خولی و مەشقکردن لەسەر بەڕێوەبردنی سترێس و قبووڵکردنی رەخنە و دووبارە بەستنەوە بە واقیعی کۆمەڵایەتی لەخۆبگرێت، دەکرێت هەنگاوێکی گرنگ بێت لەو کۆمەڵگەیانەی کە بۆ ماوەیەکی درێژ لەژێر کاریگەریی ململانێ، دابەشبوون و گرژییە سیاسییەکاندا ژیاون.
لە کۆتاییدا، سەرکردە هەر مرۆڤە هەرچەندە دەسەڵاتی زۆر بێت و مرۆڤ کاتێک بۆ ماوەیەکی درێژ لە نێو بازنەی دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە رەنگە وردە وردە توانای بینینی خۆی و کەسانی دیکە بە شێوەیەکی هاوسەنگ لەدەست بدات. لێرەوە، چەسپاندنی چەمکی چاودێریی دەروونی بۆ سەرکردەکان لە نێو کولتووری سیاسی و دامەزراوەییدا، دەکرێت یەکێک بێت لەو هۆکارانەی کە لە داهاتوودا یارمەتیدەر بێت بۆ بنیاتنانی بڕیاری عەقڵانیتر، سیستمێکی هاوسەنگتر و کۆمەڵگەیەک کە کەمتر دووچاری هەڵەکانی دەسەڵاتی درێژخایەن ببێتەوە.
د. نزار گزالی
پسپۆڕی دەروونی و بەڕێوەبەری سەنتەری راوێژکاریی دەروونی و کۆمەڵایەتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکیی هەولێر
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ