لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا، کەم گەل هەن هێندەی کورد وەک هەڕەشە سەیرکرابن. لەلای هەندێ کەس، کورد جوداخوازن. لەلای هەندێکی دیکە؛ تیرۆریست، کرێگرتەی هێزی بیانی یان موسڵمانی "ناڕاستەقینەن". کەم نەتەوە هەن بەشێوەیەکی سیستماتیک هێندەی کورد چەوسێنرابنەوە و هێندەش هەڵەتێگەیشتن لەبارەیانەوە هەبووبێت. ئەم بیردۆزانەی پیلانگێڕی، دیاردەیەک نین خۆڕسکانە لە نێو کۆمەڵگە نالۆجیکییەکاندا هەڵقوڵابن. بۆ چەندین سەدە، کورد یەکێکبووە لە بیانووە هەرە گرنگەکان بەدەست دەسەڵاتە سیاسییەکانەوە. هەر کاتێک دەوڵەتەکان هەست بکەن لەژێر گوشاردان، ناسنامەکان بکەونە مەترسییەوە یان قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان تەشەنە بستێنن، ئیدی دەنگۆ و بانگەشە لەبارەی هەبوونی دووژمنی "نێوخۆیی" و "دەرەکی" دێتە ئاراوە.
توێژینەوەکان لە بواری دەروونناسی کۆمەڵایەتی دا دەریدەخەن، زۆرجار خەڵک لە کاتی ترس و نەبوونی دڵنیاییدا پێشهاتە سیاسییە ئاڵۆزەکان بەلایەنی نهێنی و پلانی شاراوەوە رووندەکەنەوە، چونکە بیرۆدزی پیلانگێڕی [بۆ تێگەیشتن] ئاڵۆزییەکان کەم دەکاتەوە. ئەو بیردۆزانە رووداوی مێژوویی وەک بەرنامەیەکی داڕێژراو، رێککەوت وەک پلانی ستراتیجی و ململانێی سیاسیش وەک چیرۆکی دەسەڵاتی نهێنی دەگۆڕن.
شەڕی دژی دۆزی کورد هەرگیز تەنیا بە هێزی سەربازی و سیاسەت نەکراوە، بەڵکو لەڕووی دەروونییەوە شەڕی دژ کراوە. بە بەرهەمهێنانی بەردەوامی بێ متمانەیی و گومان و گوتاری پیلانگێڕی، شەڕی لە دژی کراوە. بە دەگمەن وەک کۆمەڵگەیەکی مێژوویی خاوەن ئاواتی سیاسیی رەوا سەیری کورد کراوە. کورد زیاتر وەک دەسکەلای دەستی ئەوانیدیکە وێنا کراوە: دەسکەلای بەریتانیا، ئەمریکا، ئیسرائیل یان تۆڕە نهێنییە نێودەوڵەتییەکان. ئەم جۆرە لێکدانەوانە تەنیا سیاسەتیان لە قاڵب نەدا، بەڵکو چۆنیەتیی تێگەیشتن و بیرکردنەوە لە کوردیشیان داڕشت.
هەربۆیە دەبینین بە درێژایی ژیانی چەندین نەوە، بەشێکی کۆمەڵگە، کوردی بە هاووڵاتی، دراوسێ یان مرۆڤی ئاسایی سەیر نەکردووە، بەڵکو وەک گومانباری ناپاکی، جوداخواز و بەکرێگیراوی بەرژەوەندیی بیانی بینراوە. لەسەر ئەو بنچینەیە کەمینەیەک، لە بیر و دەروون دا کرایە کێشەیەکی ئەمنی.
ئەم میکانزمە کەمێک دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا بە روونی دەرکەوت. شۆڕشی ساڵی 1925ی شێخ سەعید وەک ئەنجامی ململانێی کۆمەڵایەتی، ئایینی یان نەتەوەیی لێک نەدرایەوە، بەڵکو وەک پیلانگێڕییەکی بەریتانیا دژی کۆمارە ساواکە سەیرکرا. پرسی ویلایەتی موسڵ و رکابەرایەتیی جیۆسیاسی لەگەڵ بەریتانیا، لە پشت ئەمەوە بوون. بەڵگەی مێژوویی لەسەر هەڵسوڕاندنی شۆڕشەکە لەلایەن بەریتانیاوە زۆر لاوازبوو. بەڵام مەرامی سیاسیی لەپشت ئەو تۆمەتەوە روون بوو: [بۆ ئەوەبوو بڵێن] خەباتی کورد رەواییی لەدەستداوە و بووەتە "دووژمنێکی نێوخۆیی".
بە تێپەڕبوونی کات، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە بووە بەشێک لە ئایدیۆلۆجیای دەوڵەتی تورکیا. دوای رووخانی ئیمپراتۆریی عوسمانی، ترسی لەدەستدانی خاک لەنێو تەواوی کۆمەڵگەکەدا سەریهەڵدا. ئیدی لەوێوە دەوڵەت خۆی لە ترسی هەمیشەیی دابەشبوون دا پێناسە دەکرد. "دووژمنی نێوخۆیی" بووە بناخەیەکی دەروونی بۆ کۆمارەکە.
کورد بە فەرمی بە "تورکی چیاکان" ناودەبران؛ وەک زمانێکی راستەقینە دان بە زمانیان دا نەدەنرا، بەڵکو وەک شێوەزارێکی شێواوی تورکی پێناسە دەکرا. ناوە کوردییەکان قەدەخە کران. میوزیکی کوردی لە ژیانی رۆژانەدا دیار نەما. نەورۆز وەک رێوڕەسمێکی گوماناوی مامەڵەی لەگەڵ دەکرا. تەنانەت توێژینەوە و لێکۆڵینەوە ئەکادیمییەکانیش نکۆڵییان لە هەبوونی ناسنامەی کورد دەکرد.
کورد تەنیا نەدەچەوسێنرانەوە.
پێناسەیان گۆڕدرا.
لێکدانەوە بۆیان گۆڕدرا.
لەڕووی دەروونییەوە سڕدرانەوە.
ئەمە هێزی راستەقینەی دروستکردنی ئەفسانە سیاسییەکانە. ئەوان تەنیا دووژمن نائافرێنن، بەڵکو راستییەکانیش دەگۆڕن.
توێژینەوەکان پیشانماندەدەن کە هەندێ جار، گوتاری پیلانگێڕی نەتەوەکان لە یەک کاتدا وەک لاواز و هێزێکی مەترسیداریش وێنا دەکات. لەلایەکەوە، پێکهاتەکان پەراوێز دەخرێن. لەلایەکی دیکەوە، وەک هەڕەشەیەکی جیهانی خاوەن کاریگەریی شاراوە پیشاندەدرێن. ئەم دژبەیەکییە، گرفت نییە لەنێو سیستمەکەدا، بەڵکو بەشێکە لە لۆجیکەکەی.
بۆ چەندین دەیە، کورد وەک کەمینەیەکی سەرەتایی و وەک هەڕەشەیەکیش بۆ سەر تەواوی دەوڵەتان وێنا کرا. کورد بەشێوەیەکی سیستماتیک توانای هەبوونی بەرژەوەندیی سیاسیی سەربەخۆیان لێ زەوتکرا. لە گێڕانەوەی نەتەوەپەرستەکاندا، کورد هەرگیز بۆ خۆی کارناکات، بەڵکو گوایە هەمیشە خزمەتی کەسێکی دیکە دەکات. تۆمەتێکی دیکە کە تاوەکو ئەمڕۆش شێوازی تێگەیشتن لە کوردی لە قاڵب داوە، تۆمەتی جوداخوازییە.
لە تورکیا، ئێران، سووریا و عێراق، زۆرجار کورد وەک هاووڵاتییەک سەیر ناکرێ کە داواکاریی کولتووری یان سیاسیی رەوای هەبێت، بەڵکو وەک مەترسییەک بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی دەوڵەت سەیر دەکرێت. تەنانەت داواکردنی مافی زمان، داننان بە کولتوور یان بەشداریی دیموکراسیش زۆرجار وەک هەوڵێکی شاراوە بۆ دابەشکردنی وڵات لێکدەدرێتەوە. لە ئەنجامدا، تەنانەت چالاکییەکی ئاشتییانەی سیاسیش هەر زوو دەکرێتە کێشەیەکی ئەمنی.
ئەمە ئەو لۆجیکە دەروونییە پیشاندەدات کە لە پشت گوتاری پیلانگێڕیی نەتەوەپەرستەکانەوەیە. سەرنجەکە لەسەر داواکارییە سیاسییە راستەقینەکان نییە، بەڵکو لەسەر ترسی لەدەستدانی کۆنترۆڵ و یەکڕیزیی نیشتمانییە. کورد وەک هاووڵاتییەکی خاوەن ماف نابینرێ، بەڵکو وەک "دووژمنێکی نێوخۆیی"ی شاراوە دەردەکەوێ کە گوایە ئامانجی راستەقینەی بریتییە لە لاوازکردنی دەوڵەت.
لێسەندنەوەی ئەم رەواییە [لە کورد] رەهەندی ئایینیشی هەیە.
لە هەندێ بازنەی ئیسلامی یان بازنەی نەتەوەپەرستی ئایینی دا، هەندێ جار کورد بەوە وێنا دەکرێن کە "موسڵمانی راستەقینە" نین. یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە لەڕووی مێژووییەوە، ناسنامەی کوردی هەرگیز تەنیا بە ئایین پێناسە نەکراوە. کۆمەڵگەی کوردی لەمێژە لەڕووی نەتەوەیی، کولتووری و ئایینییەوە فرەڕەنگە. موسڵمانی سوننە، شیعە، عەلەوی، ئێزدی، یارسان ، کریستیان و پێکهاتە ئایینییەکانی دیکەش لەنێو کورددا هەن. زۆرجار بەستەری ناسنامەی کولتووری و نەتەوەیی لە جیاوازییە ئایینییەکان بەهێزتربووە. ئەم فرەچەشنییە بەرەنگاری ئەو ئایدۆلۆجیایانە دەبێتەوە کە ناسنامە تەنیا لە رێگەی ئایین یان نەتەوەپەرستییەوە پێناسە دەکەن.
لە ئەنجامدا، زۆرجار کورد وا وێنە دەکرێ کە لەڕووی کولتوورییەوە گوماناوییە، لەڕووی ئایینییەوە کەموکوڕی هەیە، یان کەوتووەتە ژێر کاریگەریی رۆژئاوا، بەتایبەتی کاتێک بزووتنەوە کوردییەکان باس لە دیموکراسی، مافی ژنان، سێکولاریزم یان فرەلایەنی دەکەن، ئیدی وێنەی نوێی دووژمنیان بۆ دروست دەکرێت. داواکردنی ئازادی، چیدیکە بە سیاسەت تاوتوێ ناکرێ، بەڵکو لە بواری رەوشت و ئایینییەوە بە ناڕەوا دادەنرێت. بەم شێوەیە، تۆمەتی جوداخوازی لەگەڵ پەراوێزخستنی ئایینی پێکەوە بەکاردەهێنرێن بۆ دروستکردنی وێنەیەکی بەرفراوانتری دووژمن. ئیدی کورد وەک ناپاک بە دەوڵەت و وەک هەڕەشەیەک بۆسەر سیستمی ئایینی نیشاندەدرێت.
لە تورکیا، ئەوەی پێیدەگوترا "کارتی ئەرمەنی" رۆڵێکی گرنگی بینی. کورد بەردەوام تۆمەتبار دەکرا بەوەی لەگەڵ ئەرمەنەکان یان هێزەکانی رۆژئاوا کار دەکات بۆ لەنێوبردنی یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکە. لۆمەی رووخانی ئیمپراتۆریی عوسمانی لە بیر و دەروونی خەڵکدا خرایە سەر کەمینەکان. داواکارییە کولتوورییەکان گۆڕدران بۆ هەڕەشەی مان و نەمان. میکانیزمی هاوشێوە لە ئێرانیش هەیە. زۆرجار پارتە کوردستانییەکان وەک ئامرازی دەستی ئەمریکا، ئیسرائیل یان دەزگا هەواڵگرییەکانی رۆژئاوا ناودەبرێن. داواکارییەکانی کورد بۆ خۆبەڕێوەبەری وەک داواکاری بۆ مافی سیاسی یان کولتووری سەیر دەکرێن، بەڵکو وەک بەشێک لە پلانێکی جیۆسیاسی دژی کۆماری ئیسلامی لەکەدار دەکرێن.
لە سووریا، هەركاتێک لایەنە کوردستانییەکان لە کاتی جەنگی نێوخۆدا پێکەوە لەگەڵ ئەمریکییەکان کاریان کردبێت، لەلایەن نەتەوەپەرستەکانەوە بە "بەکرێگیراوی ئیمپریالیزم" ناوبراون، بەڵام کاتێک لایەنە کوردستانییەکان هەوڵیانداوە بە سەربەخۆیی لەگەڵ دیمەشق دانوستاندن بکەن یان کاریگەریی ئەمریکا سنووردار بکەن، دەستبەجێ گومانی نوێ لەسەریان دەرکەوتووە. بۆیە کورد لەو دۆشدامانە سیاسییە بەردەوامەدا گیری خواردووە. بەلای هەندێکەوە، کرێگرتەی واشنتنن. لەلای هەندێکی دیکەش، جوداخوازی بێ متمانەن. تەنانەت وڵاتانی رۆژئاواش زۆرجار کەمتر وەک بابەتێکی سیاسیی سەربەخۆ و زیاتر وەک ئامرازێکی جیۆسیاسی سەیری کورد دەکەن.
ئەورووپا ستایشی قوربانیدانی کورد دەکات، بەڵام هەر کاتێک مافەکانی کورد زەحمەتی بۆ هاوپەیمانییە هەرێمییەکان دروست بکات، دوودڵی دەیگرێت. حکومەتەکانی ئەورووپا بە ئاشکرا دان بە شەڕی کورد دژی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، هەروەها قوربانیدان و داواکارییەکانی کورد بۆ دیموکراسی، مافی ژنان و ئازادی دادەنێن، بەڵام هەر کە ئەم داواکارییانە لێکەوتەی سیاسییان بۆ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەنقەرە، بەغدا یان تاران هەبوو، هەر زوو پشتگوێدەخرێن و پشتگیرییان ناکەن.
زۆرجار ئەورووپا و ئەمریکا سەرسامن بە کورد کاتێک کە دەمرن.
بەڵام هەرکە کورد داوای مافە سیاسییەکانی کرد، هەر زوو دەبنە کێشەیەکی جیۆسیاسی.
دەوڵەتانی ئەورووپا بەدوای سەقامگیری، هاوکاریی ئابووری و کۆنترۆڵکردنی کۆچ دا دەگەڕێن. لەم چوارچێوەیەدا، زۆرجار کورد کەمتر وەک خاوەن مافی رەوا و زیاتر وەک تێکدەرێکی چاوەڕوانکراو بۆ شیرازەی ناوچەکە سەیر دەکرێت.
تەنانەت هەوڵەکانی ئەم دواییەی دانوستاندنی سیاسی لە تورکیا، شەپۆلێکی نوێی گومانی بەدوای خۆیدا هێنا لەبارەی هەبوونی ئەجێندای شاراوە، هەژموونی دەرەکی و گفتوگۆی نهێنی یان رێککەوتنی ناپاکانەی ژێربەژێر. سەنگەرە سیاسییە جیاوازەکان ئەفسانەی تایبەت بە خۆیان دروست دەکەن، تاوەکو کۆمەڵگە چیدیکە نەتوانێت سیاسەتی راستەقینە و ئەندێشەی سیاسی لەیەک جیابکاتەوە.
ئەمە مەترسییە راستەقینەکەی بیرۆدزی پیلانگێڕی ئەم سەردەمەیە کە متمانە بە راستییە سەلمێنراوەکانەوە ناهێڵێت. سیاسەت چیدیکە وەک پرۆسەیەکی کراوەی کۆمەڵایەتی نابینرێ، بەڵکو وەک شانۆیەک دەردەکەوێ کە لەلایەن هێزە شاراوەکان و رێککەوتنە ژێربەژێرەکانەوە جڵەو کراوە. راستییەکان گرنگیی خۆیان لەدەستدەدەن. سۆز، ترس و وێنەی دووژمن، باڵ بەسەر تێگەیشتنی گشتی دا دەکێشن.
ئەم تێڕوانینانە لەخۆیانەوە دروست نابن، بەڵکو لەلایەن دامەزراوەکانی دەوڵەت، پارتە نەتەوەپەرستەکان، میدیای ئایدیۆلۆجیدار و هەندێ جاریش تەنانەت دەستەبژێرە ئەکادیمییەکانەوە بەرهەم دەهێنرێن و بڵاودەکرێنەوە. لەوێوە، بە قووڵی دەچنە نێو کۆمەڵگە، قوتابخانەکان، زانکۆکان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خێزانەکان و گوندەکانەوە. کە منداڵێک بۆ چەندین ساڵ دەبیستێت شتێک نییە بە ناوی زمانی کوردی، کە کەناڵەکانی تەلەڤزیۆن رۆژانە باس لە تیرۆر دەکەن و سیاسەتڤانان بانگەشەی ئەوە دەکەن کورد بۆ هێزە بیانییەکان کار دەکات، ئەمە تەنیا بۆچوونێکی سیاسی دروست ناکات. بەڵکو تێڕوانینێکی سۆزڕاکێش بۆ جیهان دروست دەکات.
مەرامی راستەقینەی ئەم جۆرە وێناکردنانە خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتیی سیاسی. هەر کەسێک کە کورد بە بەشێک لە ئەجێندایەکی شاراوە ببینێت، چیدیکە پێویست ناکات رووبەڕووی بەرپرسیارێتیی سەرکوتی کولتووری، قەدەخەکردنی زمان، ئاوارەکردنی زۆرەملێ، تووندوتیژیی بەکۆمەڵ یان نەبوونی بەشداریی دیموکراسی ببێتەوە. کە وابوو، کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەبنە کێشەی ئەمنی. کەمینەکانیش دەبنە گومانلێکراو.
بە دەگمەن کورد ئەندازیاری قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووە. داڕشتنەوەی راستەقینەی ناوچەکە لەلایەن سیاسەتە کۆلۆنیالیستەکان، پڕۆژەکانی دەوڵەتی پاوانخواز، بەرژەوەندییە جیهانییەکانی وزە، دەستوەردانە نێودەوڵەتییەکان و ململانێی هێزە هەرێمییەکانەوە داڕێژراوە.
کورد دروستکەری ئەم سیستمە نەبووە؛ بەڵکو قوربانیی دەستی بووە.
رەنگە تراژیدیای راستەقینەی کورد تەنیا ئەوە نەبێت کە خاوەن دەوڵەتی خۆی نییە. رەنگە قووڵتر بێت: ئەوەیە کە تاوەکو ئەمڕۆش تەنانەت رەوایی هەبوونی رەتدەکرێتەوە. کۆمەڵگەیەک کەمینەکانی وەک پیلانگێڕی سەیر بکات، لەکۆتاییدا ناتوانێت راستی لە ترس جیا بکاتەوە.
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : بژار زوبێر
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ