هەڵبژاردن و نادڵنیاییە ستراتیژییەکانی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان

16-10-2025
زریان رۆژهەڵاتی
A+ A-
 
بەرایی  
 
لەم رۆژانەدا دەستەواژەی جیا جیا لەبارەی هەڵبژاردن دەگوترێت. نووری مالکی گوتویەتی بەشداری نەکردن لە واتای تەسلیم بوونە بە شەیتان، هادی عامریش وەک شەڕی مانەوە ناوی بردووە. قەیس خەزعەلی باسی لە هەبوونی "پڕۆژەی مەترسیدار بۆ عێراق" کردووە و گوتوویەتی دەشێ خەڵک بەشداری بکەن، رێک پێچەوانەی ئەو داوایەی موقتەدا سەدر کە بۆ بایکۆت کردبووی. لەبەرەی سوودانی هەوایەکیتر هەیە و، ئەو داوا لە دەنگدەران دەکات کە رێگەی بدەن "کارە نیوەچڵەکانی" تەواو بکات. دواجار ئامانجی درووشمەکان راکێشانی خەڵکە بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان کە لەوانەیە یەکێک لە گەورەترین تەگەرەکانی هەڵبژاردنی ئەمجارە بێت، بەڵام تەنیا ئەوە نییە! پرسە سەرەکییەکە ئەوەیە کە عێراق لە دۆخی نادڵنیاییەکی ستراتیژیدا بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات.  
 
لە ماوەی کورتخایەندا، لانیکەم ماوەی یەک ساڵی داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبێت سەبارەت بەوەی کە دۆخەکەی باشتر دەبێت یان بەرەو ناسەقامگیرییەکی نوێ مل دەنێت. ئەمە تاقیکردنەوەیەکی گرنگ دەبێت بۆ ئەوەی کە ئایا دوای هەڵبژاردن بەهۆی دۆخی نێوخۆیی، پاشلەرزەکانی گرژی - پێکدادانە ناوچەییەکانەوە بەرەو ئاڵۆزییەکی زیاتر دەڕوات یان بە پارێزراوی ئەم قۆناخە تێپەڕ دەکات.
 
ئایدیای "یەکەم جار عێراق" لە گرژییەکاندا دەیخوات؟
 
لەوانەیە درووشمی "یەکەمجار عێراق" کە پێدەچێ سوودانی بە قەرز لە ترەمپی وەرگرتبێ، لە هەڵبژاردندا بە کەڵک بێت، بەڵام ئەستەمە لە گرژییە گریمانەییەکانی داهاتوودا بیخوات. ئەم درووشمە هەڵگری ئایدیایەکە سەبارەت بەوەی کە بەغدا دەتوانێت لە گرژییەکانی ناوچەکەدا سەرەتا لە بیری خۆیدا بێت وەک ئاماژەیەک بۆ بێلایەنبوون. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشتر گوتبووی لە شەڕی 12 رۆژەی ئێران و ئیسرائیل دا 29 جار رێگەی لە هێرشی درۆن و مووشەکی گرووپە چەکدارییەکانی عێراق بۆ سەر ئیسرائیل گرتووە بۆ ئەوەی شەڕەکە داوێنی بەغدا نەگرێت. هەرچەند دەکرێ سەرۆکوەزیران لەم بابەتەدا، هاوشێوەی بابەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەحمەد شەرع، لەگەڵ گرووپە چەکدارییەکان و هەندێک لە سەرکردەکانی دیکەی شیعە وەک نووری مالیکی و قەیس خەزعەلی جیاوازی هەبێت، بەڵام بە ئەگەری زۆر دوورهێشتنەوەی عێراق لە شەڕی 12 رۆژە، بەرهەمێکی ئەمریکی- ئێرانی بوو نەک تەنیا خواستێکی عێراقی. هەر لە بنەڕەتدا لایەنە سەرەکییەکان بڕیارێکیان نەبوو کە شەڕ بخەنە سەر خاکی عێراق و هەردوولا بۆ ئاسمانەکەی پێ گیرابوون. ئیسرائیل بۆ فڕۆکە دەیویست و ئێرانیش بۆ تاقاندنی مووشەک، بەڵام وادیارە ئێستا لە سێبەری باسەکانی ئەگەری و شەڕ و ناشەڕدا، بایەخی خاکی عێراق لە ستراتیژی لایەنە جیاوازەکاندا زیاتر بووبێ و ئەوەش کاری سەرۆکوەزیرانی داهاتوو قورستر دەکات.
 
شەش سزای ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر ئێران گەڕایەوە و ئەمەش لە سادەترین واتای خۆیدا- ئەگەر بە تووندی جێبەجێ بکرێن - واتای دۆخێکی ئابووریی قورس، دروستبوونی تەگەرە بۆ فرۆشتنی نەوت و دەستکەوتنی دۆلار و کڕینی چەکەمەنی دێت. بەهۆی هەبوونی تاڵیبان لە رۆژهەڵات و ئازەربایجانی هاوپەیمانی ئیسرائیل لە ملی باکوورەوە، عێراقی دەوڵەمەند بە نەوت بایەخێکی ئێجگار گەورەتری بۆ تاران پەیدا کردووە، بەڵام عێراقیش لەژێر زەڕەبینی ئەمریکادایە؛ چەند رۆژ بەر لە ئێستا واشنتن کۆمپانیای موهەندیس و چەندین بەڕێوەبەری دیکەی بانکە عێراقییەکانی بە پاساوی یارمەتیدانی دارایی ئێران خستە ژێر گەمارۆوە. پێشتریش هەر بەو پاساوە خزمەتگوزارییەکانی پەیوەیست بە ڤیزاکارت و ماستەرکارت لەلایەن بەشێک لەبانکە عێراقییەکانەوە سنووردارکردبوو. باسی ئەوەشی کردبوو کە لێناگەڕێت ئێران لەڕێی عێراقەوە بە قاچاخ نەوت بفرۆشێت. هەڵبەت سەرەڕای هەموو ئەوانەش عێراق یەکێک لە دوایین دەرفەتەکانی ئێرانە و پێناچێت سەرەڕای گوشاری ئەمریکا هەروا بە ئاسانی کۆڵی لێ بدات. بەدەر لە گرنگییە ئابوورییەکەی لە دۆخی گەمارۆکاندا، بایەخی گوزەرگایی عێراق لە ستراتیژی نوێی ئێراندا زیادی کردووە.  
 
بەگشتی پێدەچێ هێڵە سەرەکییەکانی سیاسەتی ئێران لە دوای شەڕی 12 رۆژە، درێژەپێدان بە هاوکاری لەگەڵ چین و رووسیا، تووندکردنی تۆڕەکانی پەیوەندی ناوچەیی و دەستگرتن بە عێراق و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ شەڕی مووشەکی بێت. 
 
رابەری ئێران گوتویەتی کێشەی ئەوان و ئەمریکا چارەسەرێکی نییە و ئەوانەش کە داوای گفتوگۆ دەکەن، رووکەشانە سەیری شتەکان دەکەن. پێدەچێ ئەمەش رەتکردنەوەیەکی قسەکانی بەرەی ریفۆرمیستەکان و کەسانی وەک حەسەن رووحانی سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران بێت کە گوتبووی کەمکردنەوەی گرژییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا "واجبە". هاوکات لەگەڵ ئەوەدا سەرۆککۆماری ئێران عەلی لاریجانی کرد بە سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کە بە یەکێک لە ئەندازیارەکانی نیگای ئێران بەرەو رۆژهەڵات سەیر دەکرێت وەک ئەو رۆڵە تایبەتەی لە رێککەوتننامەی 25 ساڵەی چین و ئێراندا هەیبوو، یان ئەو رێککەوتننامە 20 ساڵییەی کە تاران و مۆسکۆ واژۆیان کرد. 
 
لادانی عەلی ئەکبەری ئەحمەدیان و دانانی لاریجانی لە شوێنەکەی، هەروەها دانانی عەلی شەمخانی و سەعیدی جەلیلی لە ئەنجوومەنی بەرگری، دەتوانن نیشانەی ئەوە بن کە ئێران لە سیاسەتی ناوخۆدا لە جیاتی گوێگرتن لە ریفۆرمیستەکان بایەخ بە باڵی ئوڵتراموحافزەکاری سیستمەکەی دەدات کە دەشێ سەعیدی جەلیلی یەکێک لە نوێنەرەکانی بێت. لە ئاستی ستراتیژی سەربازیشدا، سەرەڕای ئەوەی کە ئێرانییەکان باس لە بەردەوامیدان بە پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرزکردنەوەی مەودای مووشەکەکانیان دەکەن، لەوانەیە ئەمجارە زیاتر گرنگی بە ستراتیژەکانی وشکانی و دەریایی بدەن، ئەمەش بەدەر لەوەی کە شەڕ رووبدات یان نا. عەلی شەمخانی پێشتر رابردووی فەرماندەیی هێزی دەریایی ئێرانی هەیە و عەلی لاریجانیش یەکێک لە فەرماندەکانی پێشووی سوپای پاسدارانە کە بۆ خۆی لە نەجەف لە دایکبووە! لاریجانی دوای وەرگرتنی پۆستەکەی یەکەم سەردانی دەرەوەی خۆی بۆ عێراق و لوبنان کرد. محەممەد باقری قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانش کە خۆی کۆنە سوپاییە، گوتوویەتی ئێمە ئەگەر لە گۆلان شەڕی ئیسرائیل نەکەین دەبێ لە جەلەولا شەڕ بکەین. عەلی لاریجانیش لە چاوپێکەوتنێکدا باسی لەوە کردووە کە ئەوان گرووپەکانی موقاوەمە دروستناکەن، بەڵام پشتگیرییان لێ دەکەن. لە راستیدا ئەمانەش دەریدەخەن کە بایەخی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ستراتیژی ئێران لە ئاستێکی بەرزدایە. وەک چۆن بنیامین نەتەنیاهووش لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە راشکاوی هەڕەشەی لە سەرکردەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق کرد ئەگەر بێت و بە قسەی خۆی هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل.
 
ترسی عێراق لە سووریا؛ بەهێزبوونی خێڵەکان و ئەگەری خورتبوونەوەی داعش
 
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا لە کۆتاییەکانی ئەیلوولی ئەم ساڵدا دەستی بە جێگۆڕکێی هێزەکانی کرد لە عێراق و بەرەو هەرێمی کوردستان کشایەوە. ئەمە لەلایەک دەستی سوودانی بەهێزکرد بەرامبەر گوتاری گرووپە چەکدارەکان کە دەرچوونی ئەمریکایان لێ کردبوو بە مەرج. لە هەمانکاتیشدا دەتوانێت دەستی گرووپەکانی نزیک لە ئێران ئاوەڵا بکات کە ئازادتر لە جاران بجووڵێنەوە. ئەمریکا گوتوویەتی گواستنەوەیەکی بەرپرسیارانە دەکات لە عێراق وەک ئاماژەیەک بە کشانەوە جەنجاڵییەکەی سوپای وڵاتەکەی لە ئەفغانستان کە زۆرجار ترەمپ رەخنەی لێگرتووە. ئەمە دەتوانێت سەرنج بۆ ئەگەری هەستانەوەیەکی دیکەی سووننەش لە عێراق رابکێشێت، ئەویش دوای ئەوەی کە ئێستا دەسەڵاتێکی ئیسلامی –سوننی لەودیوی سنوورەکانی عێراقەوە خەریکە جێ پێی خۆی قایم دەکات. ئەمریکاش وەرگۆڕانێکی گەورەی کردووە بەوەی کە لە شەڕی دژی تیرۆرەوە خەریکی رێگایەک دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی کە لەگەڵ ئەوانەی کە جاران بە تیرۆریست ناوی دەبردن هاوکاری بکات. لە ئەفغانستان سەودای بنکەی ئاسمانی "بگرام"ی لەگەڵ تاڵیبان لەسەردایە و لەگەڵ جۆلانیش بەرنامەی رێگرتن لە نفوزی ناوچەیی ئێرانی هەیە. ئەمەش دڵەڕاوکێیەکی لای بەرپرسانی شیعەی عێراق دروست کردووە.
 
لەلایەکی دیکەوە هێرشی هەزاران چەکداری خێڵە بەدەوییەکانی سووریا بۆ سوەیدا لە مانگی 7ی ئەمساڵ چەندەی بابەتێکی ناوخۆیی سووریاش بێت ئەوەندەش پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە، چونکە بەشێک لەوانە خزم و کەسوکاریان لە عێراق هەیە. ئەمە بێجگە لەوەی کە دەتوانێت وەک مۆدێلێکی نوێی هەستانەوەی سوونی لە سیاسەت سەیر بکرێت. سەرۆککۆماری سووریا بەودواییانە "ئەبو ئەحمەد زکور"ی سەرکردەی پێشووی هەتەشەی وەک راوێژکاری خۆی بۆ کاروباری خێڵەکان داناوە کە پێدەچێ نیشانەیەک بێت بۆ دامەزراوەیی کردنی رۆڵێ خێڵەکان لە سیاسەتی سووریای نوێ. خێڵەکان لە پرسە نێوخۆییەکانی وەک گوشار دانان لە سەر هەسەدە و دروزییەکان بە کەڵکی شەرع هاتوون، بەڵام ئەمە بۆ عێراق چ واتایێکی دەبێت بە تایبەت ئەگەر رۆژێک بێت و دیمەشق لە سیاسەتی دەرەوەشدا بەکاریان بهێنێت.
 
بێجگە لە پرسی خێڵەکان، داعشیش هێشتا مەترسییەکی گەورەیە بۆ عێراق. هێشتا نزیکەی 1500 چەکداری داعش لە عێراق و سووریا ماون و هەزاران کەسیش لە زیندانەکانی سووریان. دەوری 30800 کەس لە زیندانی و بنەماڵەکانی داعش لە هەردوو کەمپی رۆژ و ئەلهۆل لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا ماون کە 8072 کەسیان خەڵکی عێراقن. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەکی دیکەش گەڕێندراونەتەوە. عێراق ترسی لە ئێستای سووریا کەمترە، بەڵام بۆ بەیانییەکەی هەم لە داعش هەمیش لە خێڵەکان نیگەرانە بۆیە دەستیکردووە بە دانانی دیوار لە سنوورەکانی خۆی لەگەڵ سووریا و بە پەرۆشەوە چاودێری دۆخەکەی دەکات. لە ماوەی کورتخایەنیشدا چارەنووسی هەسەدەشی بەلاوە گرنگە. پرسیارەکانی وەک ئەوەی کە ئایا هەسەدە بە ناوێکی دیکەوە هەموو یان بەشێک لە سنوورەکانی سووریا دەپارێزێت وەک ئەوە پێشنیارانەی کە ئێستا وەک چارەسەرێکی مامناوەندی لە نێوان هەڵوەشاندنەوە و هێشتنەوەی هەدەسەدا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت یان بە جۆرێکی دیکە تێکەڵاوی سوپای سووریا دەبێت، ئایا هێزێکی سوپایی بۆ خێڵە بەدەوییەکان دروست دەکرێت یان نا، لە ریزی ئەو پرسیارانەن کە رەنگە عێراقیش مەراقی وەڵامەکانی بکات. 
 
کۆتایی
 
ترس و دڵەڕاوکێ لە کاریگەری رووداوە ناوچەییەکان لەسەر عێراق، دیاردەی سوودانی و بایکۆتەکەی سەدر لە ریزی گرنگترین ئەو بابەتان کە دەشێ ئاراستە بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بدەن کە پێدەچێ بۆ هەریەک لە ئەکتەر ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیش جێی سەرنج بێت. لە کۆی 29,450,000 دەنگدەر لە عێراق، تەنیا  21,404,291 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام ژمارەی ئەو کەسانەی کە کارتی بایۆمەترییان وەرگرتووە دەوری 19 ملیۆن کەسن. واتا هەر لەڕێیەوە 10 ملیۆن و 450 هەزار کەس بەشداری لە هەڵبژاردن ناکەن. ئەمە بێجگە لەوەی کە هێشتا دیار نییە چ رێژەیەکی ئەو 19 ملیۆنەی کە ماون بەشداری دەکەن. ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی نزیکەی ملیۆنێک بە هۆی سەدرەوە بەشداری نەکات و رێژەی بەشداریکردنیش تەنانەت لە دەوری 50% بێت- کە رەنگە زۆریش بێت- ئەوسا ئەنجامەکان دەتوانن لە سێ کەس تەنیا نوێنەرایەتی کەسێک بکەن، ئەمەش دەتوانێت تەگەرەکەیەکی گەورەبێت بۆ سیستمی سیاسی. خاڵی دووەم ئەوەیە کە گرووپە نەریتییەکان شیعە چۆن رووبەڕووی سوودانی دەبنەوە کە سەرەتا وەک کەسێک خۆیان هێنایانە سەری کار و ئێستا وەک رکابەرێکی گرنگ لێیان دەخوێنێ. بەشێک لە گرووپە نەریتیەکانی شیعە لە 2021 دا لە رکابەریی هەڵبژاردنیدا لەگەڵ سەدر بەرەو نابووتی ملیان نا و پێدەچی ئەمجارەش سوودانی بەشێکی دیکەیان بتوێنێتەوە، بەڵام واتای ئەوە نادات کە بە ئاسانی دەتوانێ ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران.
 
نەک تەنیا بۆ گرووپە شیعییەکان بەڵکو بۆ کورد و سوننەش لە ناوخۆ، هەروەها بۆ تورکیا، ئێران، ئیسرائیل، ئەمریکا و ئەورووپا و خەلیجیش گرنگە کە کێ دەبێتەوە بە سەرۆکوەزیران. پێدەچێ هەوای ئێستا بە قازانجی سوودانی بێت، بەڵام بێشک ئەو رووبەڕووی ڤیتۆی رکابەرە شیعییەکانی خۆی دەبێتەوە هەرچەند کە لە ئاستی نێودەوڵەتییدا پشتیوانێکی زۆریشی هەبێت. بۆیە دوور نییە پێشبینی دانوستاندنی تووند بۆ پۆستی سەرۆکوەزیری داهاتوو بکرێت ئەگەر ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراو لە سندوقەکان دەرنەکەون. هەڵبەت ئەنجامەکانی هەڵبژاردان و دانوستاندنەکانی دوای هەڵبژاردن هەرچۆنێك بن، نادڵنیاییەکی گەورەتر لە پێشەڕۆژی عێراقەوە دیارە.  
  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە