شەڕی گاز: ئەو کێڵگەیەی کارم تێدا دەکرد ئێستا کراوەتە ئامانجی جەنگ

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-

عومەر ئەحمەد

شەڕی ئێران پێی ناوەتە رۆژی بیستەم و خەریکە دەبێتە شەڕی گاز. لەکاتێکدا دیمەنی گڕگرتنی دامەزراوەکانی کێڵگەی گازی پارسی باشوور لە عەسەلویەی ئێران و دامەزراوەکانی (رەس لەفان) لە قەتەر دەبینم، بەبیری خۆم دەهێنمەوە کە لەسەر سەکۆ پۆڵایینەکانی کێلگە گازی پارسی باشوور دەوەستاوم؛ 105 کیلۆمەتر بۆریی ژێر دەریا لە پشت سەرم و ئاسۆی کەنداویش لەبەردەمم دا. 
 
بۆ ماوەی دوو ساڵ وەک ئەندازیای کوالێتیی کۆنترۆڵ بۆ (کۆمپانیای هیوندا)ی کۆریای باشوور کارم کرد کە بەڵێندەری سەرەکی (کۆمپانیای ئین)ی ئیتاڵی بوو لە پڕۆژەی پەرەپێدانی قۆناخەکانی 4 و 5ـی کێڵگەی گازی پارسی باشوور، گەورەترین کێڵگەی گازی سرووشتی لە جیهان. 
 
لە رۆژی 18ـی ئاداری 2026، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئەو دامەزراوەیە. پێویستم بەو هەواڵە بەپەلەیە نەبوو بۆ ئەوەی تێبگەم ئەوە واتای چییە، لەبەرئەوەی من خۆم نەخشە و وردەکاریی بۆری و دامەزراوەکانی کێڵگەکەم بینیوە و جێبەجێم کردووە، نەخشەکەی هێندە زۆر و بەرفراوان بوو لە کتێبخانەیەکی گەورەدا دەیانپاراست و بەردەوام کاریان پێدەکرد.
 
ئەوەی روویدا تەنیا هەڵکشانی گرژییەکان نییە لە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دا، بەڵکو کردنەوەی جۆرێکی نوێ و تەواو جیاوازە لە جەنگ. من ناوم ناوە "جەنگی گاز" و هەر لە ئێستاوە جیهان باجەکەی دەدات.
 
24 کاژێر دوای هێرشەکەی سەر پارسی باشوور، ئێران مووشەکی بالیستیی ئاراستەی شاری پیشەسازی (رەس لەفان" لە قەتەر کرد، کە گەورەترین کۆمەڵگەی هەناردەکردنی گازی سرووشتی شلی  LNGـە لە جیهان دا. (کۆمپانیای قەتەر ئینێرجی) رایگەیاند کە زیانی زۆر گەورەیان پێگەیشتووە. لەوانەیە جەنگی گاز بە فەرمی دەستی پێکردبێت.

 

ئەو کێڵگەیەی من دەیناسم.
 
پڕۆژەی پەرەپێدانی قۆناخەکانی 4 و 5، کە من دوو ساڵ تێیدا مامەوە، تاوەکو پڕۆژەکە تەواوبوو، وەبەرهێنانێکی 2 ملیار دۆلاری بوو. کۆمپانیای هیوندای، گرێبەستێکی بەڵێندەرایەتی بەبڕی 1.6 ملیار دۆلار هەبوو. لەوکاتدا ئەوە گەورەترین گرێبەستی کۆمپانیاکە بوو کە لە دەرەوەی کۆریای باشوور وەریگرتبوو. پڕۆژەکە دوو سەکۆی نێو دەریا لە قووڵایی 65 مەتر، دوو هێڵی بۆڕیی 32 ئینچی ژێر دەریا کە هەر یەکەیان 100 کیلۆمەتر بوون و یەکەکانی پرۆسێسکردن و چارەسەرکردنی گازی ترشی لەخۆگرتبوو. گازی ترشی نێو دەریا بە بۆڕی  100 کیلۆمەتری دەگەیشتە وشکایی و گازی خاوی ترش دەگۆڕدرا بۆ گازی شیرین. گازی چڕکراوە Condensate ـی لێ جیادەکرایەوە. پاشان گازی شل LPG ـی لێ بەرهەم دەهێنرا و گازی چارەسەکراویش دەخرایە نێو تۆڕی نیشتمانیی گازی ئێرانەوە. لەوکاتەدا 18 هەزار و 300 ئەندازیار و کرێکار تێیدا لە یەک رۆژدا کاریان دەکرد.
 
پارسی باشوور تەنیا کێڵگەیەکی گەورەی گاز نییە. ئەم کێڵگەیە لەگەڵ (کێڵگەی باکوور)ی قەتەر (کە هەمان پێکهاتەی جیۆلۆجییە و تەنیا سنوورێکی دەریایی لێکیان جیادەکاتەوە)، نزیکەی 1,800 تریلیۆن پێ سێجا گازی سرووشتییان تێدایە. تەنیا پشکی ئێران لەوکێڵگە هاوبەشەدا، 36%ی یەدەگی گازی سەلمێنراوی ئێران پێکدەهێنێت. قەتەریش زیاتر لە 100 ملیار دۆلاری لە بەشەکەی خۆی وەبەرهێنان کردووە. پێش ئەوەی شەڕی ئێران دەست پێبکات، قەتەر رۆژانە 550 ملیۆن مەتر سێجا گازی لەو کێلگەیە بەرهەمدەهێنا و 80٪ـی بەشێوەی گازی LNG هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرد. گازی ئەو کێلگە هاوبەشە 80%ـی داهاتی حکومەتی قەتەر دابین دەکات.
 
کاتێک هێرش دەکرێتە سەر پارسی باشوور، هێرش ناکرێتە سەر بنکەیەکی سەربازی، بەڵکو هێرش دەکرێتە سەر بناخەی ئابووری دوو وڵات و سەرچاوەی گەرمکردنەوەی 85 ملیۆن هاووڵاتی ئێرانی. لە دیوی ئێرانەوە رۆژانە 700 ملیۆن پێی سێجا گاز بەرهەمدێت کە 95٪ـی بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی ئەو وڵاتەیە. گازی عەسەلویە جگە لە گەرمکردنەوەی ماڵان و بەرهەمهێنانی کارەبا، بزوێنەری پیشەسازیی و کارگەکانی ئێرانە کە بەهۆی سووتەمەنی هەرزانەوە، هیچ وڵاتێکی دراوسێی ناتوانێت رکابەرییان بکات.
 
جیهان تووڕەیە
 
کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان خێرا و تووندبوون، ئەمەش دەریدەخات کە بەزاندنی ئەم هێڵە سوورە چەندە مەترسیدارە. د.ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، هێرشەکەی ئیسرائیلی بە "هەنگاوێکی مەترسیدار و نابەرپرسانە" ناوبرد و هۆشداریدا کە بە ئامانجگرتنی ژێرخانی وزە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی وزەی جیهان. هەروەها دوای چەند کاژێرێک، دەوحە دیپلۆماتکارانی ئێرانی وەک "کەسی نەخوازراو" ناساند و فەرمانی پێکردن وڵاتەکە جێبهێڵن؛ لەبەرئەوەی ئێران وەڵامی هێرشەکەی دایەوە بە هێرشکردنە سەر (رەس لەفان)، کە ئەوەش لێدانە لە ئیمپراتۆریی گازی قەتەر، کە بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە و زیانی گەورە.
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، پێش ئەوەی لێدوانی گشتی بدات، پەیوەندی بە ترەمپ و ئەمیری قەتەرەوە کرد و داوای کرد دەستبەجێ "هێرشکردنە سەر ژێرخانی سیڤیل، بەتایبەت دامەزراوەکانی وزە و ئاو رابگیرێت." یۆهان وادیفوڵ، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، هۆشداریدا کە ئەگەر پەککەوتنی زنجیرەی دابینکردن بەردەوام بێت، جیهان بەرەو "قەیرانێکی ئێجگار سەخت" دەچێت. سعوودیە 4 مووشەکی بالیستی ئێرانی تێکشکاند کە ئاراستەی ریاز کرابوون و هەروەها هێرشێکی درۆنیشی بۆ سەر دامەزراوەیەکی گاز لە ناوچەی رۆژهەڵات ئاشکراکرد . ئیمارات هێرشەکەی بە "هەڵکشانی مەترسیدار" ناوبرد. رووسیا سەرکۆنەی هێرشەکانی نزیک وێستگەی ئەتۆمی بوشەهری کرد. عێراقیش رایگەیاند کە هەناردەکردنی گازی ئێران بۆ وڵاتەکەی دەستبەجێ وەستاوە.
 
پاشان ترەمپ هاتە دەنگ. لە پۆستێکی (ترووس سۆشیاڵ)دا، تێوەگلانی ئەمریکای لە هێرشەکەی سەر پارسی باشوور رەتکردەوە، ئەمەش بە پێچەوانەی راپۆرتێکی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) بوو کە لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە گوتبووی ترەمپ پێشوەختە رەزامەندی لەسەر هێرشەکە داوە. پاشان هەڕەشەیەکی کرد کە مانگێک لەمەوبەر بیرکردنەوە لێی مەحاڵ بوو؛ گوتی ئەگەر ئێران بەردەوامبێ لە بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی وزەی قەتەر، ویلایەتە یەکگرتووەکان بە تەواوی کێڵگەی گازی پارسی باشوور "دەتەقێنێتەوە". 
 
سوپای پاسدارانی ئێران ئێستا لیستێکی نوێی ئامانجەکانی بڵاوکردووەتەوە کە ئەوانەی تێدایە : کۆمەڵگەی پێترۆکیمیایی جوبەیل لە سعوودیە، کێڵگەی گازی حوسن لە ئیمارات، کۆمەڵگەی مەسەعید و پاڵاوگەی رەس لەفان لە قەتەر. کەواتە نەخشەی وزەی وڵاتانی کەنداو ئێستا بووەتە مەیدانی جەنگ.
بۆچی ئەم جەنگە جیاوازە؟
 
ئێمە جەنگی نەوتمان بینیوە؛ جەنگی کەشتییە نەوتییەکان لە هەشتاکاندا، سووتانی کێڵگەکانی کوێت و هێرشە ئاراستەکراوەکان بۆ سەر ژێرخانی سووریا و لیبیا. نەوت شتێکە ئاسانتر مامەڵەی پێودەکرێت بۆ نموونە دەکرێ رێڕەوەکەی بگۆڕیت و کۆگای بکەیت، یان لە رێگەی سەرچاوەیەکی دیکەوە قەرەبووی بکەیتەوە. بەڵام گاز جیاوازە. گازی پارسی باشوور لە عەسەلویەوە راستەوخۆ دەچێتە نێو تۆڕی دابەشکردنی نیشتمانیی ئێران. هیچ رێڕۆیەکی دیکەی نییە. هیچ تێرمیناڵێکی گازی شل LNG ، نییە تاوەکو بەرهەمەکە بۆ کڕیارە ئاسیایییەکان بگوازیتەوە. زیانگەیاندن بە یەکەیەکی پرۆسێسکردن لە عەسەلویە تەنیا پەککەوتنێکی کاتی نییە، بەڵکو لەنێوبردنی توانای بەرهەمهێنانە بۆ چەندین ساڵ. ئەگەر بۆڕییەکی 32 ئینچی ژێر دەریا بتەقێتەوە، هەفتەیەکیش ئاگربەست رابگەیێندرێت، هێشتا چاک ناکرێتەوە.
 
عەسەلویە تەنیا خاڵە کە تەواوی 24 قۆناخەکەی کێڵگەی گازی پارسی باشوور لێیەوە دەگاتە وشکانی. هەرجۆرە دووبارەبوونەوەیەکی هێرشەکان بۆ سەر ئەو ناوچەیە، لەوانەیە بە ئاسانی کۆنترۆڵ نەکرێت. بۆ نموونە ئەگەر بۆڕییەکانی نێو دەریا بتەقێننەوە، خودی ئێران ئەو شارەزایی و تەکنۆلۆجیایەی نییە کە رووداوێکی لەوجۆرە کۆنترۆڵ بکات. ئەگەر هێرشەکان بۆ دامەزراوەکانی سەر زەوی گەورەبن، لە کۆتاییدا کاریگەری لەسەر سامانی ژێر ئاو و یەدەگی گازی کێڵگە هاوبەشەکە دروست دەکات. ئێستا سوپای پاسداران رایگەیاندووە کە هەموو ژێرخانێکی وزەی کەنداو کە پەیوەندی بە ئەمریکاوە هەبێت "هاوتای بنکە سەربازییەکانی ئەمریکان و بە هەموو هێزێکەوە دەکرێنە ئامانج."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. عەدنان مەجيد محەممەد، مامۆستاى زانكۆ و پسپۆڕى په‌روه‌رده‌ و بنياتنانى ئاشتى

په‌روه‌رده‌ له ‌سه‌رده‌مى جه‌نگدا

به‌داخه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك به‌شێك له‌ عێراق ئێستا له‌نێو دڵى ئه‌و رووداو و جه‌نگانه‌يه‌ كه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست رووده‌دات، ئه‌م جه‌نگه‌ى نێوان ئه‌مريكا - ئیسرائيل لەگەڵ ئێران گه‌وره‌ترين كاريگه‌ریى له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستانيش هه‌يه‌. به‌هۆى ئه‌م كاريگه‌رييانه‌ له‌ رۆژى يه‌كه‌مى شه‌ڕه‌كه‌وه‌ بڕياردرا قوتابخانه‌ و زانكۆكان له‌ هه‌رێمى كوردستان دابخرێن، دياريش نييه‌ جه‌نگه‌كه‌ به‌ره‌و چ ئاراسته‌يه‌ك ده‌ڕاوت