شەڕەکان بۆ ئۆل نەبوون و نین

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سیروان رەحیم
A+ A-
 
هەندێک رووداوی گەورە هەن، زنجیرەیەک لە رووداو لە هەناودا هەڵدەگرن. یان هێشوویەکن لە چەندین رووداو بەرجەستە بوون. شەڕی ئەسکەندەر لە گاوگامێلی کوردستان و شەڕی ئێران و ئیسرائیل – ئەمریکا لەو رووداوە زەبەلاحانەی دیرۆکن. ئەو شەڕانە نەک گۆڕان دروست دەکەن، بەڵکو مێژوو خۆیشی دەهەژێنن، هەژاندنێک سەرلەنوێ ستوونە گرنگەکانی سیاسەت و بەڕێوەبردن لە ناوچەیەکی فراواندا بەرجەستە دەکەنەوە. کاریگەری و گەورەیی ئەم جۆرە شەڕانە بەجۆرێکە دەلیڤ بۆ قسە لەسەرکردنی یەکجار کەمە، چونکە رووداوە زۆر خێراکانی نێو شەڕەکە خۆیان بەردەوام سەرچاوەی قسەکردنن، یان بەجۆرێک زەبەلاح و هەڵگری گۆڕانن هیچ قسە و شرۆڤەیەک دەرەقەتیان نایەت. ئێران تاکە دەسەڵاتی ناوچەکەیە خاوەنی سەرزەوینێکی پان و پۆڕ، هەڵگری دیرۆکی دیاری خۆی، روونیشتوو لەسەر هێزی مرۆیی و ئابووریی کاریگەر، خاوەنی پاشخانی زلهێزیی، هەروەها تاکە وڵاتێکیش لەلایەنی ئەوانی دیکەوە دروست نەکراوە، لەسەر مێزی گفتوگۆی پاش شەڕەکان بە راستە و بە پێنووس بڕیار لەسەر نەخشەکەی نەدراوە. بۆیە ئێران هەمیشە خەونێک دەبینێت؛ خەونی پەڕینەوە لە زلهێزێکی ناوچەییەوە بەرەو زلهێزێکی جیهانی، خەونی گەڕانەوە و رابوونەوەی ئیمپریۆم. 
 
لە کاتێکدا شەڕەکان لەپێناو بەرژەوەندی، پاوانخوازیی ئابووری و سەردەستیدا هەڵدەگیرسێن، کەچی هیچ دەسەڵاتدارێک بە زاریدا نایێت دان بنێت بەو راستییە سادەیەدا؛ "شەڕ لەپێناوی بەرژوەندیی ئابووریدا هەڵدەگیرسێت". بەڵکو شەڕەنگێزانی بەدکار بیانووی دیکە دەکەن بە مانشێتی سەرەکی و بە هاندەر بۆ هێرش و پەلاماردان. بۆ کشانیان بەسەر خاک و خەونی ئەوانی دیکەدا. یەکێک لە هاندەرە هەرە گرنگەکان لە مێژوودا لە کن پاوانخوازان ئایینە "ئۆل". ئۆلی ئیسلام و دەیان لەو ئۆلانەن زۆرترین بەدبەکارهێنان و بە ئامێرکردنیان لە مێژوودا تۆمار کردووە. 
 
چەمکی بە ئامێرکردن و بەدبەکارهێنانی ئۆل، یەکجار ترسناکە. لە کاتێکدا ئۆل هەوێنی هێورکردنەوە، توخمی میهرەبانی و پێکەوەهەڵکردنە، چونکە لە ئۆلە سەرەکییەکاندا هەستانەوەیەک هەس، ژیانێکی دیکە و پاداشتی پاش مردن هەیە. ئەو دەسەڵاتدارانەی بەو جۆرە وڵاتی خۆیان و ئەوانی دیکە دەکەن بەشەڕگە، دیارە بێ باوەڕن، با پاشگری ئیسلامیشیان هەبێت، دەنا بەو جۆرە بە دنیا و بە دەسەڵاتەوە نەدەنووسان. بۆیە نە خۆیان هێورانە بیر دەکەنەوە و نە هۆکاریشن بۆ ژیانێکی ئارام. 
 
وەکو دەلای لاما دەەفەرمووێت: "ئایین باشترین شتە ئێمەی مرۆڤ هەمانە، بەڵام هەمان ئەم باشترینە دەبێت بە خراپترین، کاتێک دەسەڵاتی سیاسی بەدبەکاری بهێنێت". 
بەخشینی رەوایەتی بە دڵڕەقی و پەلاماردان لە رێگەی ئۆلەوە، رەتکرنەوەی هەموو نرخ و جوانییەکی ئایین خۆیەتی لە لایەن زۆردار و پاوانخوازانەوە. قسەیەکی زۆر گرنگی پاپا فرانسیسکوس هەیە دەڵێت، "ناکرێت مرۆڤ بەناوی خواوە مرۆڤ بکوژێت، ئەمە سووکایەتییە بە یەزدان و ریسواییشە بۆ مرۆڤایەتی". 
 
لەم شەڕەی ئێستادا وەکو شەڕی گرووپە تیرۆریستییەکان بەکارهێنانی ئۆل بەداخەوە مانشێتی سەرەکییە، لە کاتێکدا شەڕەکە هیچ پەیوەندییەکی بە باوەڕدارییەوە نییە و شەڕی پاوانخوازی و بوون بە زلهێزە. هەر لە بواری ئەم رامانەوە سەبارەت بە شەڕ و بەد بەکارهێنانی ئۆل بۆ بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووری، کاتێک سەرقاڵی سازکردنی بەرهەمێکی دۆکیۆمێنتاری بووین سەبارەت بە یۆنان و کوردستان، هاتینە سەر بابەتێکی گرنگ و سەرنجڕاکێش لەو پەیوەندییەدا. شەڕی ئەسکەندەری گەورە لە دژی ئێرانییەکان لە گاوگامێل.
 
چیرۆکی شەڕی ئەسکەندەر و داریوش لە نزیک شاری هەولێر و لە گاوگامێل یەکجار مایەی رامانە. گەلۆ ئەم نەخشەیە چەند شەڕ و چەند کشانی وەها زەبەلاحی پێدا تێپەڕیوە؟ 
ساڵی 331 پێش زایین دوایین شەڕی نێوان یۆنانییەکان بە سەرکردایەتی ئەسکەندەری گەورە لە دژی ئێرانییەکان بە سەرکردایەتی داریوشی سێیەم لە گاوگامێلی نزیک شاری هەولێر روو دەدات. لەو شەڕەدا ئێرانییەکان خراپ دەشکێن. سەرکەوتنی ئەسکەندەر لە شەڕگەدا رێگەی بۆ دەکاتەوە سەرزەوینی فراوانی ئێران داگیر بکات. ئەسکەندەر دەگاتە ئێرانی ئەمڕۆ و تەنانەت ئاگر لە تەختی جەمشید بەردەدات، رووداوێک لە کۆنەست و کۆیادی ئێرانیگەلدا لەبیرنەکراوە، بەڵام سەرنجڕاکێشە ئەوەیە، وەکو دەزانن و مێژووەکە دەبینن؛ ئەو دەمە هێشتا ئۆلی ئیسلام سەری هەڵنەدابوو.
 
هەزاران ساڵە ئەم شێواز و شەڕی قۆرخکردنی دەسەڵاتە، ئەم خەونی پاوانخوازییە و ئاگری بەڵای بەزلهێزبوون لە مرۆڤدا نێڵەی دێت، بۆ ئەنجامدان و جێبەجێکردنیشی بەدکاران هەر جارە و هاندەرێک دەکەن بە مانشێت، بەڵام هەزاران ساڵە ئایین یان ئۆل یەکێک لە مانشێتە سەرەکی و سادە، هاوکات کاریگەر و خۆشدەستەکانە. لە کاتێکدا ئەو شەڕانە، هەر هەموویان، لە دژی خواستە ئاسمانییەکانن و شکێنەری خەونی مرۆڤەکان، شێوێنەری ئارامیی سرووشت و گیانلەبەرانن، هەروەها ژینگە و خواستی پێکەوەژیانیش هەلاهەلا دەکەن. 
 
مخابن؛ مانشێت و هاندەریش چەند بە رواڵەت پیرۆز بێت، پەلاماردانەکانیش ئەوەندەی دیکە بەهێز و ترسناکتر دەبن. سەرباری هەموو پێشکەوتنەکان، سەرباری پەڕینەوەی دنیا لە خورافەوە بۆ پەرجووی ژیری دەستکرد، کەچی مانشێتی بارگاوی بە ئۆل هێشتا هەر کاریگەریی خۆی لەدەست نەداوە. گەلۆ کەی بۆ هەمووان راستییەکی روون و سادەیە دەدرەوشێتەوە؟ راستییەک ئەم رستەیەی لە خۆدا بەرجەستە کردووە؛ شەڕەکان هیچ کاتێک بۆ ئۆل نەبوون و نین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەحموود بابان

شەڕ و ژێرخانی نەوت

عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگدا، نەوەکو پریشکی ئاگرەکەیان بەرکەوت، بەڵکو سەرچاوەی بژێوی و شادەماری ئابوورییان بەرەو پەککەوتنە