تەنگەی برسێتی و قەیرانی جیهانیی خۆراک لە ساڵی 2026

دوێنێ کاژێر 04:04
عومەر ئەحمەد
A+ A-
 
داخرانی تەنگەی هورمز کێشەیەکی گەورەی بۆ وزە لە جیهان دا دروستکردووە ، لە هەمان کاتدا کێشەیەکی زۆر گەورەتریشی دروستکردووە ، بەڵام هێشتا ئەو کێشەیە نەگەیشتووەتە سەر زمانی سەرکردەکان و نێو گیرفانی زۆر کەس و سەر سفرەی خەڵک لە جیهان دا. لە کۆتایی 2026 دا کاریگەرییە راستەقینەکەی دەگاتە سەر رەفەی مارکێتەکان و سەر سفرەی هەموو خەڵک.
 
لە 7ی مانگی 3ی 2026، کەشتی KSL Hengyang دوایین کەشتی بوو کە بارەکەی پەینی کیمیایی بوو و توانی لە تەنگەی هورمز تێپەڕێت. دوای ئەو کەشتییە، گرنگترین شادەماری ئابووری جیهان، تەنگەی هومرز، بەڕووی گواستنەوەی پەینی کیمیایی دا داخرا. لەکاتێکدا جیهان زیاتر گوێی لە دەنگە دەنگ و هاواری بازاڕی نەوتە، هەڕەشەیەکی بێدەنگتر و مەترسیدارتر خەریکە سەرهەڵدەدات، ئەویش برسیكردنی سیستماتیکی زنجیرەی دابینکردنی خۆراکی جیهانە.
 
تەنگەی هورمز تەنیا رێڕۆیەکی وزە نییە، بەڵکو رێگەی نانی سەر سفرەی خەڵکی جیهانە. نزیکەی یەک لەسەر سێی هەموو ئەو پەینە کیمیاییەی لە جیهان دا بازرگانیی پێوە دەکرێت، بەم رێڕۆیەدا تێدەپەڕێت. تاوەکو نێوەڕاستی مانگی 3ی 2026، کەرتی کشتوکاڵی جیهان، رووبەڕووی باری نائاسایی پلە یەک بوویەوە. ئەو ماددە کیمیاییانەی بۆ بەرهەمهێنانی خۆراکی نیوەی دانیشتووانی جیهان پێویستن، نرخەکانیان زۆر بەرزبووەتەوە، یان بە تەواوی لەبەر دەست نەماون.
 
پەیوەندیی نێوان وزە و پەینی کشتوکاڵی
 
رەگی ئەم قەیرانە لە پێکهاتەی کیمیایی کشتوکاڵی سەردەمەوە سەرچاوە دەگرێت. پەینی نایترۆجین کە بژێوی و خۆراکی نزیکەی 3.5 ملیار کەس دابین دەکات، لە رێگەی پرۆسەی "هابەر-بۆش" بەرهەم دەهێنرێت کە پشت بە گازی سرووشتی دەبەستێت. لە راستی دا، تێچووی وزە، 70%ی تێچووی بەرهەمهێنانی پەینی نایترۆجین پێکدەهێنێت.
 
وڵاتانی کەنداو وەک قەتەر، سعودیە، ئیمارات و ئێران، یەدەگی گەورە و هەرزانی گازی سرووشتییان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی ببنە زلهێزی جیهانی لە بەرهەمهێنانی (یۆریا) و (ئامۆنیا) کە دوو جۆری سەرەکی پەینی کیمیایی نایترۆجینن. ئەم بەرهەمانە بۆ کشتوکاڵی سەردەم لە ئەمریکا، بەرازیل، هیندستان و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا پێویستییەکی بنەڕەتین. بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمزەوە لە 28ی مانگی رابردووەوە، رێگەی سەرەکی هەناردەی ئەم ماددە کیمیاییە گرنگانە نەماوە. کاردانەوەی بازاڕەکان زۆر خێرابوو. نرخی جیهانی یۆریا لە کەمتر لە دوو هەفتەدا بە رێژەی 26% بەرزبووەوەو، تۆنێکی لە 465 دۆلارەوە گەیشتە 585 دۆلار. لە  بازاڕی (نیو ئۆرلیەنز) کە یەکێکە لە گرنگترین بازاڕەکانی پەینی کیمیایی لە ئەمریکا، نرخەکەی لە ماوەی شەش رۆژدا بە رێژەی 32% بەرزبووەوە و گەیشتە 683 دۆلار.
 
سیناریۆکان و سرووشتی قەیرانەکان
 
قورسی قەیرانی خۆراکی 2026-2027 بە تەواوی بەستراوەتەوە بە ماوەی داخستنی تەنگەکە. لە بابەتەکانی پێشوودا ئەگەرەکان و سیناریۆ جیاوازەکانمان باسکردن کە چەندە و بە چ رێژەیەک چانسی درێژەکێشانی شەڕەکە هەیە.  بە لەبەر چاوگرتنی ئەو سیناریۆیانە، کاریگەرییەکان لەسەر بازاڕی پەینی کیمایی لە جیهان دا بەم شێوازەن:
 
شۆکی کورتخایەن (یەک مانگ): ئەگەری ئەم سیناریۆیە 30%ـە و کاریگەرییەکە بە ئازارە، بەڵام هێشتا سیستمی دابینکردنی خۆراک لە جیهان دا توانای بەرگەگرتنی هەیە بەرامبەر ئەم شۆکە. لەم دۆخەدا چاوەڕوان دەکرێت نرخی یۆریا لە نێوان 620 بۆ 720 دۆلار جێگیربێت. جووتیاران ناچار دەبن بەکارهێنانی پەین کەم بکەنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی دروێنەی 2026، بەڵام سیستمی خۆراک بەگشتی توانای بەرگری هەیە. هەروەها نرخی گەنم بە رێژەی 5% بۆ 8% بەرزدەبێتەوە.
 
قەیرانی بەردەوام (سێ مانگ):  ئەمە بەهێزترین ئەگەرە بە رێژەی 45%. داخستنی تەنگەکە بۆ ماوەی 90 رۆژ دەبێتە هۆی تەواوبوونی یەدەگی یۆریای جیهان. لەم قۆناخەدا نرخی تۆنێک بەرزدەبێتەوە بۆ 950 تاوەکو 1200 دۆلار. کاتی داخستنی تەنگەی هورمز زۆر ناوەختە، لەبەرئەوەی مانگەکانی 3 و 4 ، کاتی سەرەکی چاندنی بەهارەی ته‌واوی نیوەگۆی باکووری زەوییە.
 
سیناریۆی کارەساتبار (شەش مانگ): ئەگەری ئەمە 25%ـە و بە واتا مرۆییەکەی کارەساتە. نرخی پەین لە 1800 دۆلار تێدەپەڕێت. بەرهەمی دانەوێڵە بە رێژەی 25% بۆ 40% کەم دەکات. بەپێی مۆدێلە بیرکارییەکان، پێشبینی دەکرێ زیاتر لە 100 ملیۆن کەس رووبەڕووی مەترسییەک ببنەوە کە هاوتای "چەکی کۆکوژ"ە. هەڵئاوسانی نرخی خۆراکیش بە رێژەی 12% بۆ 20%. بەرزدەبێتەوە.
 
کام وڵات زیاترین زیان دەکات
 
جوگرافیای قەیرانەکە وادەکات هەندێک لە وڵاتان پێش هەمووان خوێنیان لێ بڕژێت.
 
هیندستان، گەورەترین نیگەرانییە بۆ ئابووریناسان. وڵاتێک کە دەبێت خۆراکی 1.4 ملیار کەس دابین بکات و وەرزی چاندنی لە مانگی نیسان و ئایار دەستپێدەکات. گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی پەین لەو وڵاتە (IFFCO) بەرهەمهێنانی کەمکردووەتەوە، چونکە قەتەر کە دابینکاری سەرەکیی گازی سرووشتییە، ناردنی گازەکەی راگرتووە.
 
بەرازیل کە وەک (مەکینەی هەناردەی کشتوکاڵی جیهان) دەناسرێت، 85%ی پەینی پێویستی خۆی هاوردە دەکات و 40%ی یۆریاکەی لە کەنداوەوە بۆ دێت. کورتهێنان لە بەرازیل وەک دۆمینە کار لە هەموو جیهان دەکات. کاتێک نرخی سۆیای بەرازیلی بەرز دەبێتەوە، نرخی ئالیکی ئاژەڵ لە ئەرجەنتین و رۆن لە ئیندۆنیزیا بەرز دەکاتەوە.
 
جووتیارانی ئەمریکا هێزی کڕینیان لەدەست دەدەن. لە کانوونی یەکەم دا یەک تۆن یۆریا یەکسان بوو بە نزیکەی دوو تۆن لە بەرهەمی گەنمەشامی، بەڵام لە مانگی 3ی 2026دا نرخەکەی بەرزبووەتەوە بۆ نزیکەی 3 تۆن و نیو گەنمەشامی.
 
جێگەی سەرنجە وڵاتانی کەنداو خۆشیان دەبنە قوربانی. وڵاتانی وەک قەتەر و ئیمارات 80% بۆ 90%ی خۆراکیان لە رێگەی دەریا و هەمان ئەو تەنگەوە هاوردە دەکەن کە ئێستا داخراوە.
 
هۆکاری کات و درەنگ کەوتنی قەیرانی خۆراک
 
سەبارەت بە خێرایی و سەختی ئەم قەیرانە، تێگەیشتنێکی هەڵە لەلایەن بڕیاربەدەستان هەیە. لەکاتێکدا نرخی نەوت سات بە سات دەگۆڕێت، بەڵام شۆکی پەینی کشتوکاڵی کاتی زیاتری دەوێت تاوەکو دەردەکەوێت. لە بەرزبوونەوەی تێچووی سەرەتاییەوە تاوەکو کەمیی بەرهەم و سەرئەنجام بەرزبوونەوەی نرخی نان و برنج لە بازاڕەکان دا، نزیکەی 6  مانگ بۆ 18 مانگ کات دەبات. ئەوە ئەوکاتەیە خەڵک لە گیرفانەکانیانەوە هەست بە کاریگەرییەکەی دەکەن. واتە ئەم قەیرانەی ئێستا لە تەنگەی هورمز هەیە، تاوەکو کۆتایی 2026 یان سەرەتای 2027 ، کاریگەرییە راستەقینەکەی ناگاتە سەر رەفەی مارکێتەکان و سەر سفرەی خەڵک.
 
جیهان ئێستا لە دۆخێکدایە کە خەریکە بنەماکانی پاراستنی ئاسایشی خۆراک لەنێو دەچن. رووسیا و چین کە گەورەترین بەرهەمهێنەری پەینن لە دەرەوەی کەنداو، بەهۆی سزاکان و قەدەخەی هەناردەی نێوخۆییەوە، ناتوانن ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە. ئەمانە هەموو ئاماژەن بۆ ئەوەی، شۆک و قەیرانی نەوت هەمیشە چارەسەر دەکرێت، بەڵام شۆکی خۆراک، تەمەنی درێژتر و سەختترە. تەمەنی ئەم قەیرانە بە هەفتە ناپێورێت، بەڵکو بە وەرزەکانی دروێنە دەپێورت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حەسەن ئەحمەد مستەفا

جوگرافیای ئاگر و رێڕەوەکانی رزگاری

بۆئەوەی قووڵ سەیری داهاتوو بکەین، نابێت تەنها لە ئاستی بازرگانیی کلاسیکدا بوەستین. ئەم جەنگە سێ رەهەندی نوێی هەیە کە رۆژەڤ دەگۆڕن، لەمانەیش سیاسەتی ئاوە، کە تێیدا ئیسرائیل دەیەوێت ببێتە "سەرچاوەی ئاوی شیرینکراو" بۆ ناوچەکە و کارتی تینوێتیی سەدەی داهاتوو بگرێتە دەست.