"سەرکێشییە شکستخواردووەکەی تۆم باراک"

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
 
دەستەی نووسەرانی وۆڵ ستریت جۆرناڵ
 
پەلەکردن لە سووریا بۆچی؟ دۆزینەوەی بەرژەوەندییەکی روونی ئەمریکی لە لەناوبردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە سەرکردایەتیی کورد، کارێکی ئەستەمە، بەتایبەتی بەو خێراییەی کە چارەنووسی ئەو زیندانییانەی داعشی لەژێر دەستیاندا بوون، بخاتە مەترسییەوە. ئەم مەترسییە دەستی بە دەرکەوتن کردووە، دوای ئەوەی هەندێک لە زیندانییەکان هەڵاتن، ئەمەش سوپای ئەمریکای ناچارکرد رۆژی چوارشەممە دەستوەردان بکات و بەشێکیان بۆ عێراق بگوازێتەوە.
 
سەرۆکی ئەمریکا هێشتا کارتی گوشاری کاریگەریی سزاکانی بەدەستەوەیە، کە دەکرا بۆ سەپاندنی راگرتنی هەمیشەیی ئەو تووندوتیژییە بەکاربهێنرێت کە دەسەڵاتی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع دژی هەسەدە ئەنجامی دەدات. بەڵام ئەوە رووینەدا. 
سیاسەتی ئەمریکا ئێستا لەلایەن تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە بەڕێوەدەبرێت، کە لە هەمانکاتدا وەک نێردەی سووریا کاردەکات. ئەوەش زانراوە کە کارە لەپێشینەکانی تورکیا کۆتاییهێنانە بە بوونی سەربازیی کورد، لە کاتێکدا ئەنقەرە گەورەترین پاڵپشتی شەرعە.
 
رۆژی دووشەممە، سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندیی بە شەرعەوە کرد و رۆژی دواتر باراک لێدوانێکی دا کە وەک راگەیاندنی کۆتاییهێنان بە هەسەدە دەهاتە بەرچاو، کاتێک گوتی، رۆڵی سەرەکیی ئەو هێزانە لە شەڕی دژی داعش کۆتایی هاتووە و دیمەشق ئامادەیە دۆسیەی ئەمنی وەربگرێت، بە بەڕێوەبردنی زیندانەکانی رێکخراوەکەشەوە.
 
بەڵام ئەم "ئامادەییە" هەر لە رۆژی یەکەمەوە لاواز دەرکەوت، کاتێک دیمەشق هەڵاتنی 120 زیندانیی داعشی راگەیاند. ئەمەش هۆکاری دەستوەردانی خێرای فەرماندەیی سەربازیی ئەمریکایە بۆ گواستنەوەی زیندانییەکان بۆ عێراق، دوور لە کۆنترۆڵی رژێمە نوێیەکەی سووریا.
 
تەنیا ساڵێک لەمەوبەر، ئەحمەد شەرع سەرکردایەتیی گرووپێکی جیهادیی دەکرد. ئەمڕۆ، چەکدارانی ئەو گرووپانە بوونەتە پێکهاتەی سەرەکیی سوپای سووریا، کە هێشتا تێکەڵەیەکە لە میلیشیای فرە ئینتیما و فرە فەرماندەیی، لەنێویاندا چەکداری بیانی لە پێگەی هەستیاردان. هیچ گەرەنتییەکی راستەقینە نییە کە ئەم هێزانە رووبەڕووبوونەوەیەکی جیدی لەگەڵ داعش لە ناوچە دوورەدەستەکاندا بکەن، یان لە شەڕی دژی گرووپە ئیسلامییە سوننەکانی دیکەدا جێی متمانە بن.
 
تەنیا بیرهێنانەوەی رووداوی کوژرانی سێ ئەمریکی لە مانگی رابردوودا لەسەر دەستی ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی سووریا بەسە. سەرەڕای ئاشکرابوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رێکخراوی داعش، گوترا "دوورخستنەوەی" پێش هێرشەکە "ئەستەم نەبووە". بابەتەکە وەک دۆخێکی بەپەلە سەیر نەکرا.
 
بەرامبەر بەوە، ئەمریکا رووبەڕووی ئەم جۆرە گومانانە لەگەڵ هەسەدە نەبووەوە، کە شەڕێکی کاریگەری دژی داعش کرد. تەنانەت کاتێک سەرۆکی ئەمریکا گوتی، کورد "زیاتر بۆ خۆیان لە جەنگدان نەک بۆ ئێمە،" ئەوە لە گرنگیی ئەوەی پێشکێشیان کرد کەمناکاتەوە.
 
هەسەدە، باجێکی گەورەی مرۆیی دا و هەزاران شەڕڤانی لەدەستدا، بۆ ئەوەی ئەمریکا ناچار نەبێت راستەوخۆ بچێتە شەڕی زەوینییەوە. دوای شکستی داعش، لە دۆسیەی نەوتدا هاوئاهەنگیی لەگەڵ واشنتن بەردەوام بوو و هەزاران ئەندامی رێکخراوەکەی دەستبەسەرکرد، ئەمەش زۆر وڵات، بەتایبەتی ئەورووپییەکانی، لە باری گێڕانەوە و دادگاییکردنیان رزگار کرد.
 
بە وشەی روونتر، کوردەکان قورسترین ئەرکیان لەبری ئەوانی دیکە جێبەجێ دەکرد. پرسیاری ئێستا ئەوەیە: ئایا ئەم قوربانیدانە بە خیانەت پاداشت دەدرێتەوە؟
 
شەرع، لە پێشڕەوییە سەربازییەکانیدا پشت بە گرووپە چەکدارە عەشایەرییەکان دەبەستێت. ئەگەر ئەم هێزانە یەکەمجار بگەنە زیندانەکانی داعش، ئەوا کارەسات روودەدات. ئەگەریش بچنە ناوچە زۆرینە کوردنشینەکانەوە، جا لە رێگەی ئەم گرووپانەوە بێت یان هێزەکانی رژێم، ئەوا مەترسیی دووبارەبوونەوەی کۆمەڵکوژی دەبێتە راستی. ئەمە پێشتر لەگەڵ عەلەوی و دروزەکان لە ساڵی 2025 روویدا، بەبێ ئەوەی لێپرسینەوەیەکی ئەوتۆ هەبێت، سەرەڕای بەڵێنەکانی شەرع.
 
هەسەدە، پشتی بە رۆڵی ئەمریکا بەستبوو بۆ رێگریکردن لە پێشڕەوییەکانی شەرع، تاوەکو دەگاتە شێوازێکی دادپەروەرانە بۆ یەکگرتنی نیشتمانی. لەم چوارچێوەیەدا، ئاساییە کە کورد دوودڵ بێت لە هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی و تێکەڵکردنیان لەگەڵ سوپایەکدا کە دەسەڵات تێیدا وردە وردە لە دەستی یەک پیاودا کۆدەبێتەوە.
 
ئەمڕۆ، ئەمریکا قومار بە ژیانی هاوپەیمانە کوردەکانی و بەرژەوەندیی ئەمنیی خۆی لە شەڕی دژی داعش دا دەکات. هەردووکیان رێگریکردن لە هەر هێرشێکی لەناکاو دەکەنە پێویستی. رەنگە تورکیا پەلەی بێت لە تێکشکاندنی هەسەدە، بەڵام لە بەرژەوەندیی واشنتندا نییە ببێتە هاوبەش لەم رێڕەوەدا.
 
وەرگێڕانی: هێمن عەساف

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نامۆ عەبدوڵڵا

زەنگێک لە رۆژئاڤاوە بۆ هەرێمی کوردستان

هەندێک دەڵێن کوردستان دەوڵەت نییە و بەپێی یاسا ناتوانێت چەک بکڕێت. ئەو قسانە بۆ سەردەمێکی دیکەبوون. ئەمڕۆ، یاسا نێودەوڵەتییەکان رۆژانە پێشێل دەکرێن. کەس چیتر گوێی پێنادات. کوردستان داوای چەکی بەرگری دەکات کە ئاسانترە قەناعەت بە وڵاتان بهێنیت پێت بفرۆشن، بەڵام دەبێت داوای چەکی بەرگری و داوای چەکی هێرشیش بکرێت، چونکە هێرشیش جۆرێکە لە بەرگری، بەڵام بەڵێن بدەن و ئامادەبن هەموو رێککەوتنێک واژۆ بکەن کە تەنیا بۆ ئەوکاتە بەکاریدەهێنن کە هێرشتان کرایە سەر و هێرش ناکەنە سەر کەس