100 ساڵی تازەی کورد جیاواز دەبێت لە 100 ساڵی رابردوو. کورد یەکیگرتووە، بۆیە پێویستە پارتەکانی کوردستان چیدیکە ئەو یەکێتییە تێکنەدەن. دەنگی بڕنەوی پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوول، کوردی لە هەموو پارچەکانی کوردستان بۆ یەکەم جار یەکخست. ئەوەتا کەسێکی وەکو مەهدی زانا دەڵێت، ئەوەندە گوشاریان خستبووە سەرمان لە ساڵانی پەنجا و شەست و حەفتاکان دا، ئەوەندە بە خراپە باسی پێشمەرگە و بارزانی-یان دەکرد، بڕیارم دا لە نیوەشەوێکی ئەنگوستە چاودا لەسەر دیواری یەکێک لە گەڕەکەکانی شارەکەم بە گەورەیی بە کوردی بنووسم: بژی بارزانی.
ئێستاش رۆژئاوای کوردستان هەموو کوردی یەکخستووە. کورد بە هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان دانەنیشت بگریێت، کورد لە هەموو بوارێکدا هەستاوەتە سەرپێ بۆ بەرگریکردن لە رۆژئاوای کوردستان بە هەموو شێوەیەک.
یەکێک لە میوانانی دیداری پرۆفیسۆر عیزەددین مستەفا رەسووڵ کە رۆژانی (23 و 24-01-2026) لە سلێمانی سازکرا، سەرۆکی پێشووتری گەورەشارەوانیی ئامەد (دیاربەکر) کاک عوسمان بایدەمیر بوو. بایدەمیر دوای ئەوەی ئەو ڤیدیۆیە بڵاوکرایەوە کە تێیدا سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لێی دەپرسێت: بەڕێز بایدەمیر کوردستان لە کوێیە؟ عوسمان بایدەمیر دەزانێت ناتوانێت لەسەر نەخشەی جیهان کوردستان بە سەرۆکی پەرلەمان نیشانبدات، بە قایمی دەستی راستی دەکێشێت بەسەر دڵی خۆی دا و دەڵێت، باشکانی بەڕێز ئەوەتا کوردستان لێرەدایە، مەبەستی ناو دڵیەتی. ئیدی ئەو ڤیدیۆیە بووە پووشویەک و گڕی لە هەستی نەتەوەیی کورد بەردا، بایدەمیریش بووە کەسایەتییەکی ناسراوی سەرتاسەریی کوردستان.
بایدەمیر سیاسەتڤانێکە ئەوەی لە دڵیدایە لەسەر زاریەتی و بێباکە. لەو دیدارەدا بەسەرهاتێکی گێڕایەوە کە تراژدی هەرواش کۆمیدی بوو، گوتی، "ساڵی 2006 بەبۆنەی سەری ساڵی نوێ دەمویست سوپرایزێک بکەم، هاتم بە هەرسێ زمانی کوردی، تورکی و ئینگلیزی پیرۆزبایی جەژنی سەری ساڵم بۆ هەموو پارێزگارەکان، ئەندام پەرلەمان، رۆژنامەڤان و پارێزەران و هەرچی توێژی ئەو وڵاتەیە کە نزیکەی زیاتر لە پێنج هەزار نامە دەبوو، نارد. بەو سێ زمانە پێم گوتن: سەر ساڵا وە پیرۆزبیت! سەیرەکە لەوەدا بوو نەک بە کوردی، بەڵکو بە ئینگلیزی و تورکیش وەڵامی پیرۆزباییەکەیان نەدامەوە، بە پێچەوانەوە هەموویان نامەکەیان بۆ ناردمەوە و قبووڵیان نەکرد تەنیا لەبەرئەوەی بە کوردی نووسیبوم، جەژنا سەر ساڵە وە پیرۆزبیت! تەنیا شوێنێک کە وەڵامی نەدامەوە و نامەکەی منیشیان نەناردەوە، دادگای دیاربەکر بوو، بە برادەرەکانم گوت: شتێکی چاکە مادام دادگا نامەکەی منیان نەناردووە بۆ خۆم، کەواتە دژایەتیی زمانی کوردییان نەکردووە، قەیناکە با ئەوان جەژنە پیرۆزەمان لێ نەکەن."
بەڵام دوای مانگێک فیلمەکە لەوێوە دەستپێدەکات کە دادگای دیاربەکر بە بیانوی ئەوەی یاسای پەیڕەوی زمانی تورکیی پێشێل کردووە، بایدەمیر راپێچی دادگا دەکەن و دەست بە لێپێچینەوە دەکەن! دادوەر پێی دەڵێت، بۆ خۆت دەزانی بۆچی دادگاییت دەکەین، یاسای زمانەکانت پێشێل کردووە و بە زمانی کوردی جەژنی سەری ساڵت پیرۆز کردووە، لەوەش خراپتر بە بەکارهێنانی پیتی (و - W) یاسا زمانییەکانی تورکیات پێشێلکردووە! بایدەمیر بە حەسرەتەوە درێژەی بە بەسەرهاتەکە دا و گوتی، بە دادوەرم گوت: قوربان ئەوە کەی پێشێلکردنە؟! ئەوە نییە وشەی (دەبلیوو) لە پیرۆزباییەکەدا بە زمانی ئینگلیزییش هەیە، ئەی بۆ ئەوەیان قەدەخە نییە؟! دادوەر دەڵێت ئەوە باسێکی دیکەیە. بۆیە داوا لە بایدەمیر دەکەن کە دەبێت بە فەرمی داوای لێبووردن لە دەوڵەت بکات و بینێرێت بۆ ماڵپەڕی دادگا لەسەر ئەو تاوانەی کردوویەتی.
بایدەمیر دەڵێت، کەمێک بیرم کردەوە و گوتم: جەنابی دادوەر دەتوانیت ناونیشانەکەم پێ بڵێیت! دادوەریش ناونیشانەکەی بۆ دەخوێنێتەوە کە بە سێ دانە پیتی دەبلیوو دەستپێدەکات. ئیدی بایدەمیر فرسەت دەهێنێت و دەڵێت، ئاخر جەنابی دادوەر ئەوە کەی رەوایە من یەکجار پیتی (و)م بەکارهێناوە پێی تاوانبارم دەکەیت، جەنابت سێ دانە پیتی (و - W) بەدوای یەکدا ریز دەکەیت، ئەمە کەی پێی دەگوترێت دادپەروەری؟! دادوەر لەبەردەم ئەو وەڵامەدا سەری خۆی دادەخات و چەکوشەکەی بەسەر مێزەکەیدا دەکێشێت.
بەداخەوە هێشتا کۆتایی بە چیرۆکەکانی 100 ساڵی رابردوو، کە کوردستانی تێدا لە خاچ درا، نەهاتووە. ئەوەتا تازە رۆژئاوای کوردستان رووبەڕووی جینۆساید دەبێتەوە و زلهێزەکان و وڵاتانی ناوچەکە هەمان سیستمە کۆنەخواز و دیکتاتۆرەکان بە ئایدیۆلۆژیایەکی تووندوتیژیی ئایینی سواخ دەدەنەوە و دەیانەوێت کورد لە هەمان قاڵبی مەزڵومیەت دا بهێڵنەوە، بەڵام یەکگرتوویی کورد بەرانبەر ئەو تاوانانەی کە هێزە کۆنەپەرستەکان لە رۆژئاوای کوردستان دا پیادەی دەکەن لەلایەک، لە لایەکی دیکەوە سەرۆک مەسعود بارزانی وەکو باوک و رابەر خەمی نەتەوەکەی هەڵگرتووە و بە ورەی کێو بە کێوی کوردستان، لە دەرگای مەرد و نامەردی ئەم جیهانە بێمۆراڵە دەدات، بۆئەوەی نەتەوەکەی لە جینۆساید بپارێزێت و بە ئاشکرا بە کورد و دووژمنەکانی گوت، "نابێت کەرامەتمان پێشێل بکرێت، لێتان قبووڵ ناکەین." لە هەموویشی گرنگتر، خەریکە ئاڵای کوردستان دەبێتە سیمبووڵێک بۆ هەموو تاکێکی کورد، تاوەکو ئازار و نەهامەتی و خۆشی و ناخۆشییەکانمان لە ژێریدا یەکخەین.
ئەگەر لەسەر ئەم رێچکانە بڕۆین و ئەو یەکڕیزییە لە خۆمان تێکنەدەین، دوورنییە کورد لە دیزاینکردنەوەی ناوچەکەدا ببێتە کارەکتەر و یاریکەرێکی دیار، بەڵام ئەمە بەردەوامی و پشوودرێژیی پێویستە. 100 ساڵی تازەمان جیاواز دەبێت لە مێژووی 100 ساڵی رابردوومان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ