لە واقیعدا پرۆسەى بەڕێوەبردنى حکومڕانى لە هەرێمى کوردستان لەسەر بنەماى دیموکراسى و ئەنجامەکانى هەڵبژاردن بەڕێوەناچێت، ئەوەندەى جۆرێکە لە سازان لەنێوان دوو هێزى سیاسى کە هەریەکەیان نفوزى بەسەر بەشێک لە جوگرافیا و هێزى مرۆیى کۆمەڵگەى کوردستانەوە هەیە.
هەموو ئەو هەڵبژاردنانەش کە لە کوردستان ئەنجام دراون جۆرێک بووە لە ماکیاژکردنى ئەو سازانە حیزبییە سیاسییەى نێوانیان. پرۆسەى هەڵبژاردن و ئیدیعاى دیموکراسى لەبەر لۆمەى گشتى بووە، ئەگینا کوردستان پێویستى بە هەڵبژاردن نەبووە، چونکە ئەنجام دان و ئەنجام نەدانى هەڵبژاردن هیچى لە هاوکێشە سیاسییەکە نەگۆڕیوە.
پارتى و یەکێتی لە دواى ساڵانێک لە شەڕى ناوخۆ و دوولەتکردنى کوردستان بۆ دوو ئیدارە و دوو زۆنى سیاسى، لەسەر ئەوە رێککەوتن هەر لایەکیان حکومڕانى ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى خۆى بکات. تەنها لە ئاستى سەرەوەدا لەسەر بنەماى جۆرێک لە سەنگ و پێگەى هەر یەکێکیان ئیدارەیەکى رووکەشى یەکگرتوویان دروستکرد کە پێکەوە لە دەستەکانى سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەت و پەرلەمان و دەستەى دادوەرى پێکەوەبن.
لە ماوەى 21 ساڵى رابردوو لە ساڵى 2005 بۆ ئێستا بەو جۆرە هێناویانە. زۆنى سەوز بە سەرخان و ژێرخانییەوە یەکێتی بەڕێوەى بردووە، زۆنى زەردیش بەو جۆرە پارتى حوکمی کردووە. دەسەڵاتەکانى دەستە هاوبەشەکانى بەڕێوەبردن لە ئاستى باڵا، دیوارى سیاسی دێگەڵەى نەبڕیوە کە دواى شەڕى ناوخۆ وەک خاڵى جیاکردنەوەى نفوز و دەسەڵات لەسەرى رێککەوتوون. ئێستاش هەر بەو جۆرەیە، هیچ کەس لە تیمى یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان لە حکومەت لە هەر پۆست و پێگەیەکدا بووبن، لە دێگەڵەوە بۆ زاخۆ، دەسەڵاتى ئەندام ناوچە و ئەندام لقێکى پارتى نەبووە. ئەمە بۆ تیمى پارتیش وابووە، لە کۆیەوە تا کفری هیچ دەسەڵاتێکیان نەبووە، بە رەهایى دەسەڵاتى ئەم دیوى دێگەڵە لاى یەکێتی و ئەودیوى دێگەڵە لاى پارتییە. ئیتر هەر کەس لە هەر حیزب و لەژێر هەر ناوێکى دیکەدا پڕوپاگەندەى پێچەوانەى ئەم واقیعە تاڵە بکات، خۆى و خەڵک دەخەڵەتێنێت.
بۆ خوێنەر و راى گشتى، پرسیارى گرنگ و جەوهەرى لێرەدا ئەوەیە پارتى و یەکێتی لە رێککەوتنى یەکگرتنەوەى حکومەتەکانى هەردوو ئیدارەى سلێمانى و هەولێر لە ساڵى 2005 و بەو جۆرە رێککەوتوون و تائێستاش رێککەوتنەکە بەردەوامە، ئەى کەواتا کێشەکانى ئێستایان لەسەر چییە؟ بۆ پەرلەمان کارا ناکرێتەوە و بۆچى کابینەى تازەى حکومەت دروست ناکەن؟ ئامانجى منیش لەم وتارە وەڵامى ئەو پرسیارەیە و دەمەوێ بەرچاوى هەردولایان و خەڵکیش روون بێت کە کێشەکە لەسەر چییە و، هانى هەردولا بدەین رێگاى بەرەو لێکنزیکبوونەوە و چارەسەرى جەوهەرى کێشەکە بگرنەبەر.
کێشەى ئێستاى پارتى و یەکێتی دوو بەشە، بەشێکیان لێکەوتەى ئەوەیە کە دوو هێزى سیاسى جیاوازن هەر یەکەیان خاوەن ئامانج و پڕۆژەى سیاسى و دونیابینى سیاسى تایبەت بەخۆیەتى، رووداو و پێشهاتە سیاسییەکان دابەشى کردوون بەسەر دوو ئاراستە و دوو جەمسەرى ناتەبادا، ئەوەش سرووشتییە رەنگدانەوەى لەسەر جۆرى پەیوەندییەکانیان هەبێت، بەڵام ئەمەیان هۆکار نییە بۆ دروستبوونى ئەو دۆخە چەقبەستووەى کوردستان.
هۆکارى سەرەکى بەشى دووەمیانە، تێکچوونى ئەو هاوسەنگییەیە کە لە ساڵى 2005وە بۆ ئاستە باڵاکەى پێکەوەبوونیان لە حوکمڕانى کوردستان لەسەرى رێککەوتبوون. کێشە و ناکۆکییان لەسەر جۆرى بەڕێوەبردنى دوو زۆنەکە نییە، بەڵکو لەسەر ئەو چوار جومگە سەرەکییەى سەرەوەى حوکمڕانییەکەیە کە بەهۆى بزووتنەوەى گۆڕانەوە تێکچووە و یەکێتی شەڕى هاوسەنگبوونەوەى ئەوە دەکات، هەر شتێکى دیکە بڵێت کە پەیوەندى بە بەرژەوەندى گشتى و مافى خەڵک و میللەتەوە هەیە، ناڕاستە، ئەسڵى کێشەکە ئەمەیە.
سەرکردەکانى بزووتنەوەى گۆڕان لە کات و ساتێکدا ئینشیقاقیان لە یەکێتی کرد، یەکێتی لە ترۆپکى بەهێزیدا بوو. لە قۆناخى یەکەمدا بە دروستکردنى بزووتنەوەیەکى سیاسى و جەماوەرى بەشدارییان لە هەڵبژاردن وەک رکابەرى یەکێتی، زیاتر لە نیوەى دەنگى یەکێتییان کەمکردەوە، بەڵام هێشتا یەکێتی بەهۆى رێککەوتنى ستراتیجییەکەى لەگەڵ پارتى، دەستى بە پێگە سیاسییەکەیەوە گرتبوو، لە یەک کاتدا پۆستى سەرۆککۆمارى عێراق و پۆستى سەرۆکوەزیرانى کوردستانیشى لابوو. لە دابەشکاریى دەستە و وەزارەتەکانیش بە ئەندازەى نزیک لە پشکى پارتى هەبوو.
یەکێتی و پارتى لەسەر پرەنسیپى هاوبەشى و ئاڵوگۆڕى دەسەڵات لەنێوان خۆیان رێککەوتبوون، بەوەش کەمبوونەوەى دەنگى یەکێتی لە هەڵبژاردنەکان کاریگەریى نەبوو لەسەر پێگەى سیاسى و بەشداریى یەکێتی لە حوکمڕانى لە هەرێمى کوردستان، تا ئەوکاتەى لە قۆناخى دووەمدا لە ساڵى 2014 بزووتنەوەى گۆڕان لەگەڵ پارتى رێککەوتن و بەشێک لە پۆست و پشکەکانى یەکێتی لە چوار جومگە باڵاکەى هەرێم لە یەکێتی سەندرایەوە و درا بە گۆڕان. بەدیاریکراوى نازانم ئامانجى گۆڕان لەو رێککەوتنە بۆ ئەوە بوو کوردستان لەو بەبارمتەگیراوییەى دابەشکاری و هاوسەنگیى دوو زۆنى و دوو ئیدارییە رزگاربکات، یاخود جۆرێک بوو لە لێدان لە پێگەى یەکێتی؟ بەڵام لێرەوە هاوسەنگیى هێز و هاوکێشەکە لاسەنگ بوو بە قازانجى پارتى.
واتا ئەوەى پارتى بەهێز کرد، کەمبوونەوەى دەنگى یەکێتی نەبوو، بەڵکو رێککەوتنێکى بزوتنەوەى گۆڕان بوو ئاوى کرد بە ئاشى بەهێزبوونى پارتیدا. سەیر و سەمەرەکەش ئەوەیە ئێستا زۆربەى ئەوانەى لە میدیاکانەوە پرتە و بۆڵەیانە لەسەر ئەوەى هەژموونى پارتى بەسەر دەسەڵاتدا زاڵە، ئەو کەسانەن کە خۆیان زەمینەیان بۆ ئەوەخۆشکرد هاوسەنگییەکە بە قازانجى پارتى بگۆڕێت.
ناڕەزایەتیى یەکێتی و ئەو گوشارانەى دەیکات، بۆ گەڕانەوەى ئەو پشک و پێگەیەیەتى لەناو چوار دەستە باڵاکەى هەرێمی کوردستان. پەیوەندى بە جۆرى بەڕێوەبردنى ئەم کابینەیەى ئێستاى حکومەت و شێوازى مامەڵەى سەرۆکوەزیرانەوە نییە، ئەوەى لەم بارەیەوە دەگوترێت بۆ روپۆشى کێشە سەرەکییەکەیە. ساڵانى پێش ئەم کابینەیەش یەکێتی سەرئێشە و کێشەى زۆرى بۆ پارتى دروستکرد، ئامانجەکەش بۆ وەرگرتنەوەى ئەو پێگەیەی بوو کە پێشتر هەیبوو.
کۆنفۆشیۆس وتەیەکى بەناوبانگى هەیە دەڵێت "ئامانجت هەرچەند پیرۆز بوو رێگاى چەوتى بۆ مەگرە بەر". سەرەڕاى ئەوەى کە پیرۆزیى لە ململانێ و ناکۆکیى نێوان پارتى و یەکێتیدا نییە، ئەو جۆرە لە دابەشکاری و بەڕێوەبردنى کوردستان دوورە لە هەموو یاسا و رێساکانى بەڕێوەبردن و ناچێتە ناو چوارچێوەى هیچ پرەنسیپێکى زانستی سیاسەت و بەڕێوەبردنەوە، بەڵام وەک دیفاکتۆ و واقیعێکى تاڵ بووە بە قەدەرى کورد و دەبێت بە ناچاریش بێت قبووڵ بکرێت تاوەکو ئەو کاتەى هەلومەرجێک دروست دەبێت بۆ گۆڕینى ئەو رێسایە.
لەم سۆنگەیەوە یەکێتی بە رەواى دەزانێت هەوڵ بۆ هێشتنەوەى ئەو دۆخە بدات، بەڵام بۆ بەدیهێنانى دەبوو بەدواى ئامراز و رێگاى دروستتردا بگەڕایا وەک لەوەى پێشتر گرتویەتێبەر، چونکە لێکەوتەکانى پێچەوانەى ئەو ئامانج و پرەنسیپانە کەوتۆتەوە کە یەکێتی پێشتر باوەڕى پێى هەبووە و بۆى تێکۆشاوە کە لە ئێستادا دیارترینى ئەو ئامرازانەى بۆ ئەو ئامانجەى خۆى بەکارى دەهێنێت، بەبارمتەگرتنى پەرلەمانە، وەک کارتى گوشار بۆ سەر پارتى رێگا بە کاراکردنەوەى نادات.
بەهۆى ئەو دۆخە تایبەتەى هەرێمی کوردستان وەک تاکە قەوارەیەکى دانپێدانراوى کوردى لە جیهان و، بەهۆى ئەو هەڕەشە و مەترسییە ئاشکرا و شاراوانەى لەسەر ئەم قەوارە کوردییە هەیە، بوونى پەرلەمان بایەخ و رۆڵى گرنگى هەیە لە رەوایەتیدانى مانەوەى قەوارە دەستورییەکە. رێگەنەدان بە کاراکردنەوەى لە دۆخێکى وەک ئێستادا کە پێش ئەم خولە لەلایەن دادگاى فیدراڵییەوە هەڵوەشێندرابووەوە، ئاماژەى مەترسیدارە لەسەر جومگەکانى دیکەى حوکمى خۆبەخۆى کوردى. رێگە و زەمینە خۆش دەکات بۆ زاڵبوونى دەنگ و دەستى ئەوانەى بەشوێن نەهێشتنى پێگەى کوردستانەوەن.
یەکێتى دەتوانێت پەرلەمان بخاتەوە کار، ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە کە ئێستا دەسەڵاتەکانى تر لە دەستى رکابەرەکەیدان و ئەویش لە هەولێر بکەوێتەوە سەر شانۆى سیاسى. لە پەرلەمانەوە ئەو گوشارانە بکات کە دەیەوێت سازش بە پارتى بکات، بەڵام هێشتنەوەى ئەم دۆخە بەو جۆرەى هەیە نە لە بەرژەوەندى خەڵکى کوردستانە و نە لە بەرژەوەندى خودى یەکێتیشە. یەکێتی هیچى لێناچنێتەوە، جگە لەوەى بەرپرسیارێتیى قۆناخەکانى داهاتوو دەخاتە گەردنى خۆى.
سڕکردنى پەرلەمان هەروا نامێنێتەوە بۆ یاریکردن، یان لە دەستیان دەردەهێندرێت یان دەبێتە کارتێکى سووتاو، چونکە دواجار یان دەبێت بەگەڕ بخرێت، یان هەڵبوەشێتەوە. بژاردەى سێیەمى نییە. بۆ ئەوەى کارتى پەرلەمان وەک کارتێکى کاریگەر لە دەستى یەکێتی بمێنێتەوە، دەبێتە دامەزراوەکە بخاتەوە کار و چالاکانە بە کارى بەرێت بۆ ئەو ئامانجانەى مەبەستێتى بەدەستیان بهێنێت. ئەوە نەکات کارتى پەرلەمانى لەدەست دەچێت و دەستیشى ناگاتە ئەوەى دەیەوێ هەیبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ