خەونەکانی خەلیفە

27-10-2019
ئازاد وەڵەدبەگی
نیشانەکردن ئەبوبەکر بەغدادی
A+ A-
پاش شکستی هەوڵەکانی تورکیا بۆ چوونە ناو یەکێتیی ئەوروپا و بەئەندامبوون لە ناو جیهانی ڕۆژئاوا، سەرەنجام بە هاتنە سەرکاری پارتی داد و گەشەپێدان لە ساڵی 2002 خەونی عوسمانییە نوێیەکان بۆ زیندووکردنەوەی خەلافەت و گرتنەبەری سیاسەتی گەڕانەوە بۆ ڕۆژهەڵات هاتە ناو ڕۆژەڤی سیاسی تورکیا. ئەو ڕۆژهەڵاتەی کە ئاتاتورک بە زەلکاو ناوی لێدەبرد، هەربۆیە هەوڵەکانی ناوبراو بەو ئاراستەیە بوون کە تورکیا وەک وڵاتێکی لائیک و ڕۆژئاوایی و مۆدێرن پێناسە بکات و خۆی لە کێشە وگرفتەکانی ڕۆژهەڵات بە دوور بگرێت.
 
بە سەیرکردنی مێژووی سیاسی ئەردۆغان لە دوو دەیەی ڕابردوو، کە لە سەرۆکایەتی شارەوانی ئەستەمبووڵەوە دەستپێدەکات و پاشان بە پۆستی سەرۆکوەزیراندا تێپەر دەبێت و ئینجا بە سەرۆککۆماریی تورکیا کۆتایی دێت، بۆمان دەردەکەوێت کە لە ساڵی 2010 بە دواوە ئەردۆغان وەک میراتگرەوەی خەلیفەکانی عوسمانی هەڵسوکەوت دەکات و بۆ پتەوکردنی بنەماکانی حوکمڕانیی خۆی بە بادانەوەیەکی ڕوون و هەستپێکراو سیاسەتێکی سوڵتانی، تاکڕەوانە، خۆ بە کاریزمازان و سڕینەوەی ڕکابەرانی خۆی وەک عەبدولا گول، داودئۆغلۆ و گولەنی گرتۆتەبەر و ئازادییە دیموکراتییەکانی بەرتەسک کردۆتەوە و خۆی بە ڕزگارکەری تورکیای ئەمڕۆ دەزانێ. هەربۆیە، ئەتموسفێری سیاسی-کۆمەڵایەتی تورکیای لە چوارچێوەیەکی سیکۆلار و دیموکراتەوە بۆ چوارچێوەیەکی ئەمنی-پۆپۆلیستی گۆڕیوە، کە ئەمەش گرفتێکی زۆری لە پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی تورکیادا دروستکردووە. 
 
لەم چەند ساڵەی داوییدا، تورکیا بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان بەردەوام لە بواری ئابووریی و سیاسەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە پاشەکشەی بەردەوامدا بووە. لە ساڵی 2018 گەشەی ئابووری تورکیا لە 1% کەمتر بووە و لیرەی تورکی لە بەرامبەر دۆلار 30% بەهای خۆی لە دەستداوە و ساڵی 2019 وەک ساڵی قەیران سەیر دەکرێت. هەر لەم ساڵانەی دواییدا، جەنگی بازرگانی تورکیا و ئەمەریکا دەستی پێکرد، کە لە کێشەی قەشە برۆنسۆن گەیشتە لووتکە و پاشان تورکیا ناچار بە پاشەکشە بوو. هەروا قەیرانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ڕووسیا پاش خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی ڕووسی لە ساڵی 2015 بووە هۆی سەپاندنی سزای ئابووری لە لایەن ڕووسیاوە لەسەر تورکیا، کە لە ئەنجامدا بە داوای لێبوردنی ئەردۆغان لە ڕووسیا کۆتاییهات. 
 
لەلایەکی ترەوە، شکستی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد لە تورکیا لە ساڵی 2013 و بەهیزبوونی ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان و بە تایبەت هاوکاری نێوان ئەمەریکا و کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا و پەرەسەندنی سنووری ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ڕۆژئاوای ڕووباری فورات و خاوەندارێتیی 30% خاکی سووریا لە لایەن هەسەدەوە، وایکرد کورد ببێتە مۆتەکەیەکی گەورە بۆ ئەردۆغان. هەروا دابەزینی دەنگەکانی ئەکەپە لە هەر دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی و شارەوانییەکانی تورکیا، بە تایبەت دواهەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە تێیدا ئەکەپە کۆنترۆڵی زۆربەی شارە گەورەکانی تورکیا وەک ئەستەمبووڵ، ئانکارا، ئەزمیر، ئامەدی لە دەستدا، وایکرد خەلیفە خۆی لە دۆخێکی زۆر نالەباردا ببینێ.
 
دیوێکی تری خەونە ئاڵۆزەکانی خەلیفە ئەوەیە، لە کاتێکدا جیهان چاوی بڕیوەتە چارەسەری کێشەی سووریا و گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بۆ ناوچەکە پاش لەناوچوونی داعش، ئەردۆغان لە دۆخێکی لەم جۆرەدا بە پێچەوانەی ئاراستەکە مەلە دەکات و بە هەڵگیرساندنی جەنگێکی نوێ، کە هیچ ڕەواییەکی یاسایی و نێودەوڵەتی نیە یاری بە ئاگرێک دەکات کە دواجار ڕیشی خۆی دەگرێت. هەر ئەم لێکدانەوە هەڵانەی ئەردۆغان وایکرد کە تورکیا وەک ئەندامێکی ناتۆ تووشی سەرلێشواوییەکی وا بێت کە لەگەڵ ئەوروپا و ئەمەریکا تووشی ناکۆکی بێت و، بۆ دەربازکردنی خۆی لەو کێشە و گرفتانە خۆی بخاتە باوەشی ڕووسیا و لەگەڵ تاران و مۆسکۆ ڕێگەی ئاستانە بگرێتەبەر.  

 

ئەگەر هەموو بەشەکانی ئەم پازلە لە پاڵ یەکتر دابنێین، بۆمان دەردەکەوێت کە شکۆ و کەسایەتی  ئەردۆغان و خۆشەویستیی پارتەکەی لەم چەند ساڵەی دوایی بە تایبەت پاش ملنانی تورکیا بۆ ناو زەلکاوی سووریا زەبری زۆر گەورەی پێکەوتووە. ئەردۆغان بۆ خۆڕزگارکردن لەم دۆخە و بۆ پیشاندانی بەهێزیی خۆی ناچار بوو جەنگێک هەڵبگیرسێنێت و خۆی وەک پاڵەوان نمایش بکات. 
 
لاوازترین شوێن لە ناوچەکە بۆ ئەم خۆنمایشکردنەی ئەردۆغان ڕۆژئاوای کوردستان بوو، کە هەم دەیتوانێ گرێی دەروونی دژایەتیکردنی کوردستان لە ناخی ئەردۆغاندا دامرکێنێ و هەمیش نێچێرێکی ئاسانتر بوو بە حوکمی ئەوەی پێشتر ترامپ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکای لە ڕۆژئاوا دابوو و کوردەکانی بێ پشت و پەنا بەجێهێشتبوو. کۆی ئەم هاوکێشانە زەمینەیەکی لەباری ڕەخساند بۆ سەرگرتنی مامەڵەیەکی سیاسی-سەربازی لەنێوان ترامپ-ئەردۆغان و هێرشی سەربازیی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا.
 
ئەردۆغان بەپێی خۆی چووەتە ناو زەلکاوێک، کە لەوانەیە بڕیاری چوونەناوەوەی لە دەست خۆیدا بێت، بەڵام بڕیاری کشانەوەی لە دەست خۆیدا نابێت. ئەزموونی دەستدرێژییە سەربازییەکان بە درێژایی مێژووی هاوچەرخ وەک دەستدرێژیی ئەمەریکا بۆسەر ڤێتنام، ڕووسیا و بریتانیا بۆسەر ئەفغانستان، فەرەنسا بۆسەر جەزایر و هتد، هەموویان ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە ئەو دەوڵەتە زلهێزانەش لە هەمبەر جەنگی پارتیزانی گەلێکی خاوەن ماف ناچار بوون کلک لەسەر پشت هەڵبێن و تووشی شکستی و ڕیسوایی زۆر گەورە ببن.
 
ئەم هەنگاوەی ئەردۆغان، ئەگەری قووڵبوونەوەی ململانێی سیاسی-سەربازیی کورد-تورک لە ناوچەکەدا فراوانتر دەکات، کە تەنیا لە سنوورەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا نامێنێتەوە و تورکیا تووشی جەنگێکی درێژخایەنی جاڕز دەکاتەوە، کە جگە لەوەی قورساییەکی زۆر دەخاتە سەر ئابووریی داتەپیوی تورکیا، وا دەکات لە درێژخایەندا تورکیا براوەی هاوکێشەکە نەبێت. هەروا ئەگەر ئەم هەنگاوەی ئەردۆگان ببێتە هۆی ژیاندنەوەی داعش، ئەوا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئاسانی لێی خۆش نابێت و بە زمانێکی تر قسە لەگەڵ ئانکارادا دەکات. ئەم کردارە سەربازییانەی تورکیا پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە، کە ئەمەش تورکیا دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتی و قەیرانی ڕەوایی و کاردانەوەی توندی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە، ئەردۆغان لە لێکدانەوە ستراتیژییەکانی خۆیدا تووشی هەڵە بووە. لە درێژخایەندا، ناکۆکییە ستراتیژییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەمەریکا و ئەورووپا، ململانێ هەرێمییەکان و پاڵپشتیی یاسایی و ئەخلاقیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرخۆدانی کورد وا دەکات، کە ئاراستەی نێودەوڵەتی و ناوچەیی بۆ چڕبوونەوەی گوشارەکان لەسەر ئانکارا هەنگاو بنێت، کە دوور نیە باجی قورسی بۆ ئەو وڵاتە بە دواوە بێت و لە ئەنجامدا خەونەکانی خەلیفە ئاڵۆز بکات.
       
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەلیل ئیبراهیم مەندەلاوی

عێراق لەنێوان کۆمیدیا و تراجیدیای سیاسیدا

سیاقی کێشەکە لە هەڵەیەکی سەرپێیی قووڵترە، چونکە لە کاتێکدا کە مەڵبەندە سیاسییەکان سەرقاڵی جەختکردن بوون لە پێویستیی پاراستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لیژنە تایبەتمەندەکە بە شێوەیەکی کۆمیدی پاساوی بۆ ئەو هەڵەیە هێنایەوە و، لێدوانێکی دەرکرد کە وەک پێویست یەکلاکەرەوە نەبوو، لە داواکردنی لێبووردنی منداڵێکی بچووک دەچوو کاتێک شووشەیەک لە ماڵەوە دەشکێنێت، کاتێک دەڵێت دانانی ئەو قەوارانە لە لیستەکەدا تەنیا رووداوێکی لاوەکی بووە، هاوشێوەی دۆخی شەرمهێنی دەست دانان لەسەر دوگمەی ناردن بۆ هەموو لە گرووپێکی خێزانیدا کە پڕە لە خزمی فزووڵ، بۆت دەردەکەوێت لە نامەکەدا بڕگەیەکی هەڵە هەیە. پاساوی لیژنەکە بە رستەیەکی فەرمیی جدی داڕێژرا: "پێش هەڵەگری بڵاوکرایەوە و دواتر راستی دەکەینەوە". وشەکان بەم جۆرە دەرکەوتن، وەک ئەوەی بە هێزەوە نالێهاتوویی رابگەیێنن، وەک ئەوەی کەوتنە نێو چاڵێکی هەڵەی سیاسی شتێکی ئاسایی بێت لە جیهانی سیاسەت لە عێراق دا، بەڵکو وەک ئەوەی کارەکە پەیوەندیی بە هەڵەیەکی رێنووسەوە هەبێت لە جۆری نووسینی "ئەمە" لە جیاتی "ئەمە" بێت، نەک دانانی کۆمەڵە گرووپێکی ناوچەکە لە لیستەکانی تیرۆردا