ئینتەرنێت و ئیستبداد

27-11-2019
ئازاد وەڵەدبەگی
نیشانەکردن ئینتەرنێت
A+ A-
 
لە چەند مانگی رابردوودا، لە چەندین ناوچەی جیاوازی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باکووری ئەفریقا، ئاسیا و ئەمەریکای لاتین شەپۆلێکی خۆپیشاندانی جەماوەری سەریهەڵدا. خۆپیشاندانەکان سەرەتا بۆ هەندێ داخوازیی گشتی وەک باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، بێکاری، گەندەڵی و گرانی دەستیانپێکرد و دواتر ئاستی داخوازییەکان بەرزتر بوونەوە و چاکسازیی بنەڕەتی و گۆڕینی سیستەمی سیاسی و هەمواری دەستووریان گرتەوە. لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە وڵاتانی عێراق، لوبنان و ئێران شەپۆلێکی نوێی خۆپیشاندان دەستیپێکرد. 

 

لێرە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیستبدادی رۆژهەڵاتیی سەدان ساڵە ڕەگی لەناو کولتووری سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەم کۆمەڵگەیانەدا داکوتاوە. ئیستبدادێک کە بە درێژایی مێژوو هەر ڕۆژە لەژێر ناوێکدا خۆی نوێ دەکاتەوە و ڤێرژنێکی نوێی دەخاتە بازاڕی داڕزاوی سیاسەتی ئەم ناوچەیە. زاراوەی ئستبدادی ڕۆژهەڵاتی، هەر لە سەردەمی یۆنانی کۆنەوە بۆ باسکردن لە حکومەتە ئاسیاییەکان بەکاردەهات، بۆ نموونە ئەریستۆ لە کتێبی سیاسەتدا دەنووسێت: "خووی بەربەرەکان لە چاو خووی یۆنانییەکان پتر مەیلی لە کۆیلایەتییە و، خووی ئاسیاییەکان پتر لە ئەوروپییەکان مەیلی لە کۆیلایەتییە، هەربۆیە ئاسیاییەکان بەبێ هیچ ناڕەزایەتییەک حکومەتی ئیستبدادی قبووڵ دەکەن". لە چەرخی نوێشدا ماکیاڤیلی یەکەمین فەیلەسووفی ڕۆژئاواییە کە دەوڵەتی عوسمانی لەگەڵ ڕژێمە پاشایەتییەکانی ئەوروپادا بەراورد دەکات و لە کتێبی میردا دەڵێت: "یەک کەس لە وڵاتی تورکاندا فەرمانڕەوایی دەکات و ئەوانیتر هەموویان کۆیلەی ئەون. ئەو وڵاتەکەی خۆی بەسەر چەند سنجاقێکدا دابەش دەکات و بۆ هەریەکەیان فەرمانڕەوایەک دەنێرێت و بە ویستی خۆی دایاندەنێت و لایاندەبات... ئەمان کۆیلەی گوێ لە مستی خاوەنەکانی خۆیانن". پییر بێل فەیلەسووفی فەرەنسی و پێشڕەوی چەرخی رۆشنگەری بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1704 زاراوەی "ئیستبداد"ی بە واتای نوێ بەکارهێنا و پاشان مۆنتسکیۆ پەرەی بە زاراوەی ئیستبدادی رۆژهەڵاتی دا.   

 

لە لایەکی ترەوە، خەڵکی ئەم ناوچەیە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە ڕۆژانە لەناو ماڵەکانی خۆیان ئاشنای جیهانی نوێ و پێشکەوتنەکانی دەبن. بە هۆی شۆڕشی تەکنەلۆژی و نەبوونی میدیای بابەتی و سەربەخۆ، بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی ئەم ناوچەیە لەبری ئامرازە کلاسیکییەکانی راگەیاندن وەک تەلەفزیۆن، ڕادیۆ و ڕۆژنامەی حکومی پەنا دەبەنە بەر ئینتەرنێت و ماڵپەرە ئەلیکترۆنییەکان، کە کەمتر لەژێر کاریگەری و کۆنترۆڵی دەوڵەتەکاندان و ڕۆژانە لەم ڕێگایەوە زانیاریی پێویست بەدەستدێنن. ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی ناوچەکە مڵۆزمێکی نوێیان لێ پەیدا بووە کە ئەویش تۆڕی جاڵجاڵۆکەیی ئینتەرنێتە، ئەوان لە چەرخێکدان و هاووڵاتیان لە چەرخێکی تردا دەژین، هەربۆیە ئەم دەسەڵاتدارانە ناتوانن وەڵامگۆی داخوازییەکانی خەڵک بن.

 

 بەپێی راپۆرتی (Hootsuite) و  (We are Social)لە کانوونی دووەمی ساڵی 2019 لە کۆی (256.6) ملیۆن کەس لە دانیشتووانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پتر لە 71% واتە (182) ملیۆن کەس ئینتەرنێتیان هەیە. هەروا ژمارەی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگاتە (136) ملیۆن کەس کە دەکاتە 53% ی دانیشتووان. جێی باسە 73%ی دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شارەکاندا دەژین و (304) ملیۆن هاوبەشی مۆبایل هەیە.

 

بە سەرنجدان لەم ئامارانە، بۆمان دەردەکەوێت کە جیهانی ئەمڕۆ بەهۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و تەقینەوەی زانیارییەکان بووەتە جیهانێکی دیجیتاڵ و کاریگەریی ئینتەرنێت لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا بە جۆرێکە کە ئیدی ژیان بەبێ ئینتەرنێت مومکین نییە، هەربۆیە شۆڕشی لوبنانییەکان کە بەهۆی باج خستنە سەر واتساپەوە بوو، بە شۆڕشی واتساپ ناوی دەرکرد. بەدەر لەمەش، ئەمڕۆ شۆڕشەکانیش بوونەتە شۆڕشی دیجیتاڵی و ئیدی وەک دەیەکانی ڕابردوو نییە کە شۆڕشەکان لە ڕێگەی ڕێکخستنی سیاسی و حزبی و ڕێبەرایەتییەکی دیاریکراوەوە بن. بەشێکی زۆری ئەم شۆڕشانە ڕێبەریان نییە و هاوئاهەنگی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەکرێن. هەربۆیە دەبینین لە زۆرێک لەم وڵاتانە، حکومەتەکان بۆ شکستپێهێنانی ئەم شۆڕشانە یەکسەر پەلاماری هێڵەکانی ئینتەرنێت دەدەن و دەیبڕن. ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەمڕۆ بوونەتە بەڵای گیانی دەسەڵاتدارانی ئەم ناوچەیە و هەڕەشە لە بەردەوامیی دەسەڵاتی ڕەهایان دەکەن.

 

بڕینی تۆڕی پەیوەندییەکان دیاردەیەکی نوێ نییە لای حکومەتە ئیستبدادییەکانی ناوچەکە، ئەگەر سەیرێکی مێژوو بکەین، بۆمان دەردەکەوێت (110) ساڵ لەمەوبەر لەسەردەمی قاجارەکاندا شۆڕشێک لە تاران ڕوویدا، کە محەممەدعەلی شای قاجار بۆ ئەوەی هەواڵی شۆڕشەکە نەگاتە شارەکانی تر، فەرمانی دا هێڵەکانی تەلەگراف ببڕن کە تاکە ئامێری پێشکەوتووی پەیوەندی بوو لەو سەردەمەدا. هەروا فەرمانی دا بە راگرتنی چاپی رۆژنامەکانیش لە تاران.

 

ئەمڕۆ ئینتەرنێت و ئیستبداد وەک دوو نەیار لە ململانێدان، پەرەسەندن و بەهێزبوونی هەریەکەیان دەبێتە هۆی لاوازبوونی ئەویتریان و تا دێت تۆڕی جاڵجاڵۆکەیی پتر لە جاران لە دەست و قاچی سیستەمە ئیستبدادییەکان دەئاڵێت و بەربەست لەبەردەمیاندا دروست دەکات. نەوەی دیجیتاڵ و شۆرشی دیجیتاڵ تا دێت خەونی حکومەتە ئیستبدادییەکان ئاڵۆزتر دەکات و پێناچێت ئیدی چەمکی ئیستبداد لەم جیهانە دیجیتاڵیەدا جێی ببێتەوە.    
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەلیل ئیبراهیم مەندەلاوی

عێراق لەنێوان کۆمیدیا و تراجیدیای سیاسیدا

سیاقی کێشەکە لە هەڵەیەکی سەرپێیی قووڵترە، چونکە لە کاتێکدا کە مەڵبەندە سیاسییەکان سەرقاڵی جەختکردن بوون لە پێویستیی پاراستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لیژنە تایبەتمەندەکە بە شێوەیەکی کۆمیدی پاساوی بۆ ئەو هەڵەیە هێنایەوە و، لێدوانێکی دەرکرد کە وەک پێویست یەکلاکەرەوە نەبوو، لە داواکردنی لێبووردنی منداڵێکی بچووک دەچوو کاتێک شووشەیەک لە ماڵەوە دەشکێنێت، کاتێک دەڵێت دانانی ئەو قەوارانە لە لیستەکەدا تەنیا رووداوێکی لاوەکی بووە، هاوشێوەی دۆخی شەرمهێنی دەست دانان لەسەر دوگمەی ناردن بۆ هەموو لە گرووپێکی خێزانیدا کە پڕە لە خزمی فزووڵ، بۆت دەردەکەوێت لە نامەکەدا بڕگەیەکی هەڵە هەیە. پاساوی لیژنەکە بە رستەیەکی فەرمیی جدی داڕێژرا: "پێش هەڵەگری بڵاوکرایەوە و دواتر راستی دەکەینەوە". وشەکان بەم جۆرە دەرکەوتن، وەک ئەوەی بە هێزەوە نالێهاتوویی رابگەیێنن، وەک ئەوەی کەوتنە نێو چاڵێکی هەڵەی سیاسی شتێکی ئاسایی بێت لە جیهانی سیاسەت لە عێراق دا، بەڵکو وەک ئەوەی کارەکە پەیوەندیی بە هەڵەیەکی رێنووسەوە هەبێت لە جۆری نووسینی "ئەمە" لە جیاتی "ئەمە" بێت، نەک دانانی کۆمەڵە گرووپێکی ناوچەکە لە لیستەکانی تیرۆردا