هەم ئاگربەست، هەمیش سازانی نێوان "هەسەدە" و "حکومەتی سووریا" لەرزۆکە و لە کاتێکدا کەمتر لە 10 رۆژ ماوە بۆ کۆتایی ئاگربەستی هەردوولا، گۆڕانکاریی مەیدانی، هەروەها دۆخی سیاسی - سەربازی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پێکەوە ئەو دۆخە بەرەو وەرچەرخانێکی زیاتر دەبەن. لە وێنەیەکی گەورەتردا دەردەکەوێت کە پرسی رۆژئاوا تەنیا "کێشەیەکی ناوخۆیی سووریا" نییە و دۆخی ئەوێ، لە دووتوێی ململانێکانی ناوچەکەدا هەر لە ئێستاوە وەرچەرخانی گرنگی دروست کردووە.
دوابەدوای بەیاننامەیەکی هاوبەشی ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا سەبارەت بە پێویستی راگرتنی گرژییەکان و هەمیشەییکردنی ئاگربەست، رۆژی سێشەممە 27ی مانگ کۆبوونەوەیەکی دیکە لەنێوان مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە کەشێکی "ئەرێنی"دا بەڕێوەچووە. وا چاوەڕوان دەکرێت کە لە ماوەی 24 کاژێری داهاتوودا جارێکی دیکە کۆببنەوە، ئەگەر گۆڕانکارییەک روونەدات، پێدەچێ هەردوولا بەهۆی ئەزموونی رێککەوتنەکانی پێشوو (10ی ئاداری 2025 و 18ی مانگی 1ـی ئەم ساڵ) متمانەیان بە بەڵێنی یەک نەمابێ، بۆیە خۆیان لە راگەیاندنی فەرمی بەدوورگرتووە، تاوەکو ئەو کاتەی هەنگاوی کرداری لە یەک دەبینن، بەڵام بە گشتی دووبارە باسی چۆنیەتی تێکەڵکردنەوەی هەسەدە بە سوپای سووریا مژارێکی ناکۆکییە.
مۆدێلی خوازراوی لای سووریا ئەوەیە کە بەشێكی ئەو هێزانە ببنە پۆلیس یان ئاسایشی ناوخۆ و باقییەکەشی وەک تاک بچنە ناو سوپا. مۆدێلی خوازراوی لایەنی کوردیش زیاتر بەلای ئەوەدا دەڕوات، بێجگە لە ئاسایشی ناوخۆ چەند لیوایەک لە چوارچێوەی هێزێکی دژەتیرۆردا بمێنێتەوە. هەروەها باسەکان لەسەر دابەشکردنی داهات، پرسی پەروەردە و گەرەنتی دەستووری بۆ زمانی کورد کە ئایا وەک زمانێکی نیشتمانی بێت یان رەسمی، لەگەڵ چارەسەرکردنی دۆسیەی ئەندامانی پەکەکە لە رۆژئاوا لەسەر مێزن کە پێدەچێ بەرەوپێشچوونێک لە ئارادا بێت، بەو پێیەی کە زۆربەی لایەنەکان سەرەڕای بەردەوامیی پێشێلکاری ئاگربەست باس لە کەشی ئەرێنیی دانوستاندن دەکەن! بەپێی رێککەوتنی 18ـی مانگی یەکی ئەم ساڵ، کورد پۆستی پارێزگاری حەسەکە و جێگری وەزیری بەرگری وەردەگرێت، بەڵام ئێستا زانیاری هەیە کە باس لە پێدانی پۆستی "جێگری وەزیری دەرەوە" یان پۆستێکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوش کراوە. هەڵبەت دەبێ ئەوەمان لەپێشچاو بێت کە لە سووریای ئێستادا رێککەوتنەکان زوو زوو دەکرێت و زوو زووش هەڵدەوەشێنەوە، بۆیە ناکرێ بە رەهایی سەیری ئەوانە بکرێن.
سیناریۆ سەربازییەکان لە ئەگەری نەگەیشتن بە رێککەوتن
ئەگەر دانوستاندنەکان ئەنجامیان نەبێت، خوێندنەوەی دۆخی مەیدانی ئەمانەمان پێشاندەدات:
یەکەم: پێشبینی دەکرێت سوپای سووریا گەمارۆی سەر کۆبانێ تووندتر بکات. هاوکات لە میحوەرەکانی "گرزەرۆ" و "چل ئاغا"وە لە رۆژهەڵاتی حەسەکە، هەوڵی پێشڕەوی بەرەو سنوورەکانی باکوور بدات. لەوانەیە ئامانجی ئەم جووڵەیە دابڕینی پەیوەندیی جوگرافیی نێوان شارەکانی قامیشلۆ و دێرک بێت.
دووەم: بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم دۆخە، ئەگەری هەیە سوپای سووریا سوود لە گەمارۆدان یان جووڵاندنی دانیشتووانە عەرەبەکانی ئەو ناوچەیە وەربگرێت. ئەوەشمان لەبەرچاو بێت، کە بەشێک لە پێشڕەوییەکانی سوپا لە دوای 17ـی مانگەوە لە رۆژهەڵاتی فورات، دەرەنجامی گۆڕانی هەڵوێستی هێزەکانی "سەنادید" (پێکهاتەی عەرەبی - خێڵەکی) بووە لەناو هەسەدەدا، نەک بردنەوەی شەڕ بەهۆی پێکدادانەوە.
سێیەم: ئەم هێڵە سنوورییە بەهۆی هاوسنووربوونی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، شادەمارێکی سەرەکییە بۆ هەسەدە، چ بۆ دابینکردنی پێداویستی رۆژانە، چ بۆ بەکارهێنانی وەکو کۆریدۆرێکی مرۆیی؛ بۆیە لەدەستدانی ئەو هێڵە کاریگەریی لەسەر توانای بەرگرییان دەبێت. هەڵبەت رەنگە جیاوازیی پێکهاتەی دیمۆگرافیی ئەم ناوچەیە بەراورد بە رەققە و دێرەزوور، فاکتەرێک بێت کە یارمەتیدەری هەسەدە بێت بۆ بەرگرییەکی درێژخایەنتر.
چوارەم: هەرچەندە موراد قەرەیلان، یەکێك لە سەرکردەکانی پەکەکە، ئاماژەی بە ئەگەری پەنابردن بۆ "شەڕی توونێل" کردووە، بەڵام ئەگەر بەراوردێک بکەین لەگەڵ ئەزموونی حەماس و غەززە، پرسیار لەسەر کاریگەریی ئەم تاکتیکە لە رۆژئاوا دروست دەبێت. هۆکارەکەشی بۆ سرووشتی جوگرافیی ناوچەکە دەگەڕێتەوە، کە قوڵایی ستراتیژیی کەمە و لە هەندێک شوێن پانتاییەکەی تەنیا 20 بۆ 25 کیلۆمەترە.
ئەمریکا و ئەندازیاریی ئەمنی نوێی ناوچەیی
لە راستیدا هەم شەڕ، هەمیش ئەگەری رێککەوتنی سووریا/ رۆژئاوا دابڕاو نییە لە وێنە گەورەکەی ئەندازیاریی نوێی ئەمنیی ناوچەیی کە ئەمریکا سوکانەکەی گرتووەتە دەست. ئەوەش: لاوازکردنی میحوەرى شیعی لەڕێگەی دروستکردنی هیلالێکی سوننی کە تێیدا سوننەی جیهادی و حەنەفی کاریگەرترە - لە ئەفغانستانەوە تاوەکو سووریا. بەهێزکردنەوەی رۆڵی تورکیا و قەتەر وەک یاریکەری ناوچەیی و پاراستنی باڵادەستی ئیسرائیلی تێدایە، ئەمەش دواجار خزمەتی سنووردارکردنی پەلکێشانی زیاتری چین و رووسیا دەکات. جا ئەگەر بپرسین کە چۆن دۆخی ئێستای سووریا پەیوەندی بەمەوە هەیە، دەشێ بێژین کە لە روانگەی ترەمپەوە ئەوەی روودەدات "هەوڵی ئەحمەد شەرعە بۆ دابینکردنی سەقامگیری" ئەمەش بەمجۆرە خزمەتی سیاسەتەکانی دەکات:
یەکەم: دەتوانێت دوای ماوەیەک هێزەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە کە لە 2019ـوە لە بیریدایە.
دووەم: هەبوونی دەسەڵاتێکی تۆکمەی شەرع لە سووریا وادەکات کە سازانێکی ئیسرائیلی - عەرەبی کە رێککەوتنێکی سنووری لەنێوان لوبنان - ئیسرائیل، هەروەها سووریا- ئیسرائیلی تێدا بێت ئاسانتر بکات. ترەمپ ئەندازیاری هاوپەیمانییەکی عەرەبی - ئیسرائیلییە لە رێی رێککەوتنی ئابراهام و رەنگە خوازیاری سازانێكی تورکی - ئیسرائیلیش بێت. لەم هاوکێشەیەدا، دەستبەرداربوونی ئەمریکا لە هەسەدە کە تۆم باراک بە فەرمی رایگەیاند، یەکێک لەو ئیمتیازانە بوو کە ساڵانێکە ئەنکەرە داوای دەکرد، لەوانەیە بەشداریی تورکیاش لە "بۆردی ئاشتی"ییەکی ترەمپ لە غەززە چرایەکی سەوزی ئەنکەرە بێت بۆ ئەگەری سازانەوەی لەگەڵ ئیسرائیل، تەنانەت ئەگەر ناڕاستەوخۆش بێت.
سێیەم: هەبوونی کۆنترۆڵی شەرع بەسەر سنوورەکان لەگەڵ عێراق، وادەکات کە پڕۆژەی دانانی بەربەستی گەورە بۆ نفووزی ناوچەیی ئێران فراوانتر بێت. رەنگە ئەمریکا وابیربکاتەوە کە بە نەمانی هێزەکانی لەوێ، هەسەدە بەشێوەی ئۆتۆماتیکی روو لە هاوپەیمانی لە گرووپە شیعییەکانی عێراق و ئێران دەکات بۆ ئەوەی بمێنێتەوە. لە ماوەی شەڕی ناوخۆیی سووریا، سەرەڕای گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و رووسیا، هەسەدە لینکێکی لەگەڵ لایەن دژەبەرەکاندا بە کراوەیی هێشتەوە و دژی ئێران و گرووپە شیعییەکان و تەنانەت رووسیاش نەجوڵایەوە، لەکاتێکدا کە هاوشانی ئەمریکاش دەجووڵایەوە. ئەزموونی هەسەدە دەریخست کە لێرە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە گەمەی هێزە گەورەکاندا "بێلایەنی" کارێکی ئاسان نییە، هەرچەندە لایەنداربوونیش باجی خۆی هەیە.
ئێران و عێراق
بۆ ئێران و سیاسەتی شیعی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پێکدادانەکانی ئەمدواییەی سووریا بەشێکە لە سیاسەتی تەوقدانی ئەوان لەلایەن تورکیا، وڵاتانی سوننە و ئەمریکا کە لەگەڵ سیاسەتی ترەمپ بۆ "دێتەرانس" و جڵەوکردنـی ئێراندا یەک دەگرێتەوە. هاتنی سوپای سووریا بەهێزێکی زیاترەوە بۆ سنوورەکانی عێراق ترسێکی مێژوویی لە شەقامی شیعیدا زیندووکردووەتەوە کە لە گوتاری "هاتنی سوپای ئەمەوی"دا رەنگی داوەتەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە نەکا شەرع لە درێژخایەندا چاوی لە سێگۆشەی سوننەی عێراق و بەغداش بێت. سیاسەتی شیعی لە ناوچەکەدا ئێستا هەست بە گەمارۆیەکی سوننی دەکات، کە لە ئەفغانستانەوە دەستیپێدەکات بە کەنداودا دەڕوات لە سووریاوە بۆ تورکیا درێژ دەبێتەوە، کە تێیدا دوو کۆنە جیهادی - سوننەی حەنەفی (تاڵیبان و شەرع) ئەمسەر و ئەوسەریان لێ گرتووە. کۆتاییهێنانی هاوپەیمانی ئەمریکا لەگەڵ هەسەدەش و رێخۆشکردنی بۆ سەقامگیرکردنەی دەسەڵاتی شەرع هاوشێوەی ئەوەی لە ئەفغانستان روویدا لە ئەڵقەیەکی دیەکی تەوقدانی ئێران و گرووپەناکانی نزیک لەو لە عێراق دەچێت. رەنگە هەر ئەوەش وایکردبێ کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەک کاردانەوەیەک بۆ رووداوەکانی ئێستا نووری مالیکی بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بەربژێر بکات، هەرچەند دیار نییە کە دوای قسەکانی ترەمپ دەمێنێتەوە یان نا. کاتی خۆی رۆبەرت گەیتس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا گوتبووی مالیکی کرا بە سەرۆکوەزیر لەبەرئەوەی "پێگەی لاوازبوو"، بەڵام دواتر لادرا لەبەر ئەوەی کە بەهێزبوو. پێدەچێ هەر ئەمەش هۆکاری دژایەتی ئێستای ترەمپ بێت بۆ گەڕانەوەی مالیکی، واتا جاران لاوازییەکی مالیکی خاڵە بەهێزەکەی بوو، بەڵام ئێستا بەهێزبوونی خاڵە لاوازەکەیەتی بۆ ئەمریکا!
بۆ عێراق دۆخی ئێستای رۆژئاوا پرسی داعشی دووبارە زیندووکردووەتەوە. عێراق بە پاساوی ئەوەی کە داعشییەکان لە کۆنترۆڵی خۆیدا بـهێڵێتەوە، هەروەها کارتێک بۆ دانوستاندنی زیاترلەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دەستی خۆیدا بهیڵێتەوە، رازی بوو کە زیندانییەکانی داعش بگرێتە خۆی. وا مەزەندە دەکرێت کە تا بەر لە دوایین پێکدادانەکان، لەنێو شەش زینداندا لە سووریا و رۆژئاوا، 5000 گیراوی داعشی کە خەڵکی عێراقن لەگەڵ دەوری 5000 داعشی سووری و 2000 بیانیش دەستبەسەربن. رەنگە عێراق بە وەرگرتنی عێراقی و بیانییەکان رازی بووبێت، بەڵام ئەم ترسێکیشی دروستکردووە کە ئەگەر لە شەڕێکی گریمانەییدا لەنێوان ئێران و ئیسرائیل یان ئێران و ئەمریکا، نەتواندرا ئاسایشی ئەو زیندانانە بپارێزێن ئەوسا چی روودەدات. رەنگە ئامانجێکی ئەمریکاش هەر ئەوە بووبێت کە بە بەردێک دوو چۆلەکە بپێکێ: لە قۆناخی دوای "هەسەدە"دا، لەلایەک ناچار نەبێت داعشییەکان لە دەستی سووریایەکدا بهێڵێتەوە کە گومانی هەم لە نییەت و هەمیش لە توانای حکومەتەکەیدا سەبارەت بە کۆنە جیهادییەکان هەیە. لێرە هەموو شت رەش یان سپی نییە، دەکرێ ترەمپ و شەرع لە گەلێک مژاردا کۆک بن، بەڵام بێشک خاڵی جیاوازیشیان هەیە. لەلایەکی دیکەش بە هەبوونی دەوری 7000 زیندانی داعش، بەهێزبوونەوەی سیاسەتی سوننی و هاتنی شەرع بۆ سنوورەکان و گوشاری سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووریی ئەمریکا، حکومەت لە بەغدا ناچار بکات کە دووجار بیر بکاتەوە بەر لەوەی هیچ هەڵوێستێکی لەبارەی گرژییەکان لەگەڵ ئێران هەبێت.
تورکیا و دۆخی رۆژئاوا
بۆ تورکیا، شەڕ رێگەی کردەوە بۆ ئەوەی کە زۆر لەو شتانەی دەیویست مسۆگەر بێت، ئیدارەی خۆسەر و هەسەدە بەپێی پێناسەی جوگرافی و پێکهاتەیی کاتی دامەزراندنی خۆیان نەماون. کۆنترۆڵکردنی بەشێکی زۆری سنوورەکان و سەرچاوەکانی نەوت و ئاو لەگەڵ رەققە و دێرەزۆر درایە حکومەتی سووریا و زیندانییەکانی داعشیش دەدرێنە عێراق. بەوەش هەسەدە لەوە دەرچوو کە لە روانگەی تورکیاوە وەک "هەڕەشەیەکی ستراتیژی" سەیر بکرێت، بەڵام لە هەمانکاتدا شەپۆلێکی نەتەوەگەرایی کوردی دروست کرد، کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە ئەنقەرە دەیەوێ لە رێگەی ئۆجەلان و پرۆسەی چەکدانانی پەکەکەوە نەهێڵی گەورە بێت. ئەم شەڕە گڕوتینێکی دەگمەنی بە رەوتی ناسیۆنالیستی کوردی دایەوە و چینێکی دیکەی خستە سەر هەستی "ستەمی مێژوویی" لای کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە بە سەرکەوتنی سەربازییانەی دیمەشق، یان هەر دەوڵەتێک داناپۆشرێت. بە ئەگەری زۆر ئەمەش مژارێکە ئێستا دەوڵەتانی ناوچەکەش چاودێریی دەکەن. رەنگە ئەوەش پاڵنەرێکی ئەو هەوڵانە بێت کە حکومەتی ئێستای سووریا دەیدات بۆ دڵنیاکردنەوەی کورد لەوەی کە "مافەکانیان پارێزراو دەبێت".
وەرچەرخانی سیاسەتی کوردی
ئەم دۆخەی رۆژئاوا وەرچەرخانێکی لە سیاسەتی نێوخۆیی کوردیشدا دروستکرد، بەوەی کە جارێکی دیکە "بارزانی" وەک ناوەندی پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەرکەوتەوە، ئەمەش رەنگە لەگەڵ روانگەی ئۆجەلاندا ناتەبا بێت کە لە دیدارەکەیدا لەگەڵ وەفدی پەرلەمانی تورکیا، گوتوویەتی دەوڵەت باخچەلی بۆ نەتەوەگەرایی تورکی چی بێت، منیش لەنێو کوردەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ئەوم. ئۆجەلان لەو دیدارەدا پرسی کوردی بە ململانێ جیۆپۆلەتیکییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بەستووەتەوە، لە کاتێکدا پرسی کورد بەر لە دامەزراندنی ئیسرائیلیش لەم ناوچەیەدا هەبووە. پێشنیازەکەی ئۆجەلان بۆ سازانی هەسەدە و حکومەتی سووریا شتێكی واقیعییە بەگوێرەی دۆخی ئێستای رۆژئاوای کوردستان، هەرچەندە پێشتر دەرفەتی زیاتر هەبوو کە باس لە گۆڕانی هێزەکانی هەسەد بۆ ئاسایشی ناوخۆ، دابەشکردنی داهات و جۆرێک لامەرکەزی ئیداری دەکات، بەڵام گۆڕانکارییەکانی ئێستا وایانکردووە هەر جۆرە رێککەوتنێکی سیاسی سەبارەت بە داهاتووی رۆژئاوای کوردستان، لایەنی دیکەی دەرەوی ئەو و حیزبەکەیشی لە پرسی کورددا لە رۆژئاوا خاوەن قسە بێت.
کرۆکی "وەرچەرخانە ئایدۆلۆژییەکەی" ئۆجەلان کە لە تێزی "برایەتی گەلان" و داوانەکردنی هیچ چارەسەرێک لەسەر بنەمای کۆنترۆڵی خاک راوەستاوە، تووشی تەگەرە بووە. ئەو ئایدیایەی کە پێی وابوو دەتوانێت تەنیا بە رەگەزە ئایدۆلۆژییەکانەوە، یەک لەسەر سێی خاکی سووریا کۆنترۆڵ و پێکاتە جیاوازەکان پێکەوە بلکێنێت، لە ئەزموونی رۆژئاوادا سەری نەگرت. بێجگە لەوەش، هێشتا ئەوە مەتەڵێکی گەورەیە کە چۆن بنەماکانی تێزی کۆماری دیموکراتی دەرفەت دەدات، بۆ ئەوەی دوو دانە هێزی ناتەبای ئایدۆلۆژی کۆنە ئیسلامی- جیهادی و کۆنە مارکسی- لینینی پێکەوە هەڵبکەن. بەدەر کاریگەری ئەم پرسە لەسەر دیوە ناوخۆییەکانی سیاسەتی کوردی، دەتوانین بێژین بە گشتی ئێستا کورد لە بەردەم دووڕێیانێکی مێژووییدایە، ئەویش لەنێوان مانەوە لەسەر "باڵانسێکی لەرزۆک" یان خۆیەکلاکردنەوە لەنێوان بەرە دژبەیەکەکانی ناوچەکەدا دێت و دەڕوات. پرسیاری سەرەکی ئێستا ئیدی تەنیا داهاتووی کورد لە سووریا تێکەڵبوونەوەی هەسەدە بە سوپا نییە، بەڵکو ئەوەیە ئایا دۆخی کورد لەنێو بەرداشی "هیلالی سوننی" و "تەوقی شیعی" و ئەندازیاریی نوێی ناوچەییدا بەرەو کوێ دەڕوات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ