هێرشکردنە سەر ماڵی رێزدار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەک سەرکردە و سیاسەتمەدارێکی ئاشتیخواز و خاوەن پێگەیەکی کاریگەر لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە و فاکتەری بەدیهێنانی سەروەری و سەقامگیری ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوین، ئاماژەی زۆر و جیاجیای لێ دەخوێندرێتەوە، لەسەروو هەموویانەوە شێواندنی ئاسایش و لێدانە لە پێگەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستان و چاوهەڵنەهاتنە بەو ئارامی و سەقامگیرییەی کوردستان، هەوڵێکی زۆر نامرۆڤانە و بێ ویژدانانەیە بەرامبەر گەلی کورد و بەزۆر تێوەگلاندنی هەرێمی کوردستان و راکێشانیەتی بەرەو ئاگری شەڕ و تەڕەفگیری جەنگ و دۆخی نەخوازراو، ناردنی زیاتر لە 400 درۆن بۆ سەر کوردستان هێمایە بەوەی ئەو جۆرە گرووپ و دەستە و کەس و پشتیوانانیان چاویان بە کوردستان هەڵنایەت و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی ئاگرەکە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، لەهەمان کات بۆ دروستکردنی درز و ئاژاوەنانەوە و دژایەتی بێلایەنی هەرێمی کوردستان و شێواندنی بنەماکانی دیموکراسی و سەروەری و سەقامگیری ناوچەکە و شکاندنی شکۆی عیراق و پەکخستنی هەوڵەکانە لەمەڕ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی، ئەمە پێشهاتێکی مەترسیدارە و پێچەوانەی شەرع و یاسا و بەزاندنی هەموو سنوور و هێڵە سوورەکانە!.
بە پێی ئەزموونی رابردوو و هەموو هەنگاوە هاوبەشەکان دەرکەوتووە، کە کورد گەلێکی ئاشتیخوازە نەک شەڕخواز، هەمیشە ئاشتی و دیالۆگی بەلاوە گرنگ بووە، چونکە بەپێی ئەزموون و هۆشیاریی سەرکردایەتیی کورد ئەو راستییە بەرچاو خراوە، کە شەڕ چارەسەر نییە و پێویستە هەمووان لەسەر مێزی گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن، ئەم هەست و هەڵوێستە مرۆڤدۆستیی و پڕ لێبووردەییە؛ زادەی تێگەیشتن و پابەندی میللەتی کوردە بە پرەنسیپەکانی دینداری و مرۆڤدۆستی، کە لەجیاتی هێرش و هەڕەشە دەبێت هەمیشە لێبووردەیی و مرۆڤدۆستی بنەمای هەنگاونان و مامەڵەکردن بێت، چونکە هیچ کات رۆحیەتی تۆڵەکردنەوە و شەڕپێفرۆشتن بەئامانجگرتنی هەرێمێکی بێلایەن، نەک خزمەت بە سەقامگیری ناکات، بگرە گورز و پەڵەیەکی رەش دەبێت بەنێو چاوانی بکەرانییەوە، بگرە ئەم جۆرە گرووپ و تاقمانە هەڕەشەو مەترسی گەورەن بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.
گەلی کورد لایەنگری شەڕ نییە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کورد ستەمی قبووڵە، چونکە بەرگریکردن لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان ئەرکێکی ئایینی و نیشتمانی گەورەیە، بە مانایەکی دیکە گەلی کورد دەریایەک خوێنی بەخشیوە تا بە ئەمڕۆی خۆی گەیشتووە، ئێستا هەرچییەکی لەدەست بێت بۆ پاراستنی دەستکەوت و سەروەری نیشتمان دەیکات، رێگە نادات کەسانێک ئەجێندا و ئامانجی خۆیان لە دووڕیانی جەنگدا لە مەیدانی کوردستان تاقی بکەنەوە و شەڕ بە کوردستان بفرۆشن، کە بەداخەوە لە پەراوێزی ئەم جەنگەوە بە درۆن هێرشی ناڕەوا دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان و دەیانەوێت ئاسایشی کوردستان و سەقامگیری کۆمەڵگەی کوردی بکەنە ئامانج و هەرێمی کوردستان بخەنە بازنەی ململانێ و شەڕەوە، بەداخەوە لە چەند رۆژی رابردوو پۆلێک پێشمەرگەی قارەمان بوونە قوربانی و شەهید کران و ژمارەیەکی بەرچاویش بریندار بوون، (بِأَيِّ ذَنْبٍ قُتِلَتْ)!!
ئەمە ناحەقییەکی گەورەیە بەرانبەر گەلی کورد دەکرێت، بەوەی ترس و دڵەڕاوکێ بڵاو دەکەنەوەو سەقامگیری و ئارامی کوردستان بە ئامانج دەگرن، کورد خوازیاری ئەو دۆخە نییە و نایەوێت پڕوشکی ئاگری بەرکەوێت.
سەرۆک بارزانی هەر زوو هەڵوێستی کوردستانی لەبەرانبەر ئەو جەنگە رایگەیاند و گوتی: "گەلی کوردستان هیچ کات لەگەڵ شەڕدا نەبووە و هەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێکەوەژیان بووە، ئەگەر شەڕیشی بەسەردا سەپێندرا بێت، ئەوە بەرگریی لە خۆی و مافەکانی کردووە، ئەوە بنەمایەکی نەگۆڕە و لە بڕوایەکی پتەو و فەرهەنگی دەوڵەمەندی ئاشتیخوازی و پێکەوەژیانی گەلی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت، خەڵکی خۆشەویستی کوردستانیش دڵنیا دەکەینەوە کە بە هەموو توانایەک بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی کوردستان لە شەڕ و نەهامەتی دوور بێت و ئارامی و ئاسایش و ژیانی خەڵک پارێزراو بێت".
ئەم جۆرە هەوڵ و هێرشانە پێچەوانەی بنەماکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامن، کە رێگە نادات بێ هۆکار و بە بیانووی ناجۆر هەڕەشە لە ئەمن و ئارامی هیچ کەس بکرێت، ئەو جۆرە کارانە بە هەموو پێوەرێک پێچەوانەی بنەماکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە، تەنانەت ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ قورئانی پیرۆز دەبینین، کە کەس ئۆباڵی ستەم و تاوانی کەسانی دیکە هەڵناگرێت، خودای گەورە دەفەرموێت: (وَلَا تَزِرُ وَازِرَةٌ وِزْرَ أُخْرَىٰ) الإسراء:15. واتە: کەس گوناهی کەس هەڵناگرێت، کەس بەرپرسیار نییە لە هەڵەی کەسانی دیکە.
هاوشان دەیان ئایەت و فەرموودە هەیە باس لەو بەها گرنگ و گەورەیە دەکات، ئیدی ناکرێت لە پەراوێزی شەڕی نێوان دوو وڵات هەرێمێکی وەک کوردستان بکرێتە ئامانج، کە نەک شەڕخوازو تەرەفگیر نییە، بگرە تا سەر ئێسقان بڕوای بە ئاشتی و سەقامگیری هەیەو خوازیاری ئارامیی ناوچەکەو وڵاتانی دیکەیە، پرسیار ئەوەیە ئەگەر لە وڵاتێکی ئیسلامی گرووپی وا هەبێت بێ بیانوو شەڕ بە گەلی کورد بفرۆشێت، ئەمە لە کوێی ئایینی پیرۆزی ئیسلام رێگە پێ دراوەو بە چ پێوەرێک هاووڵاتی و خەڵکی سیڤیل و شوێنی نیشتەجێبوون بکرێنە ئامانج و بشێوێندرێن!؟
وێڕای سەرکۆنە و ئیدانەکردنی ئەو هەوڵە دوژمنکارییانەی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکرێت، بەتایبەت ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە خودای مەزن تکاکارم کوردستانی خۆشەویستمان بپارێزێت و پیلانی ناحەزان تێک بشکێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ