جۆن کێربی: هێرشە ئاسمانییەکانمان بۆسەر گرووپەکانی نزیک لە ئێران دەچنە چوارچێوەی بەرگری لەخۆکردنەوە

27-10-2023
عەلی زەڵمی
نیشانەکردن بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد ئێران ئەمریکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، هێرشە ئاسمانییەکەی سوپای وڵاتەکەی بۆ سەر پێگەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لەنێو سووریا دەچنە چوارچێوەی بەرگری لەخۆکردنەوە.
 
رۆژی هەینی، 27-10-2023، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "ئەو بۆردوومانانە لە چوارچێوەی بەرگری لەخۆکردن بوون. هەروەک ئاگادارن، هێزەکانمان و بنکەکانمان رووبەڕووی هێرش و، هێرشی مووشەکی بوونەوە، ئەوەش لە لایەن گرووپە بەوەکالەتەکانی نێو عێراق و سووریا کە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن". 
 
بە گوتەی جۆن کێربی، "ئەو بۆردوومانانە لە چوارچێوەی بەرگری لەخۆکردندا بوون بۆ ئەوەی بتوانین خۆمان و هێزەکانمان بپارێزین. مەبەستم ئەوەیە، ئەوان [فڕۆکە جەنگییەکان] راستەوخۆ ئەوانەیان کردنە ئامانج کە پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هەیە." 
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، سوپای پاسداران یارمەتی دارایی پێشکێشی ئەو گرووپانە دەکات و راهێنانیان پێ دەکات و تواناکانیان بەرەو پێشەوە دەبات. 
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاژێر 4:30 بە کاتی هەولێر، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا دوو پێگەیان لە رۆژهەڵاتی سووریا بۆردوومانکرد. 
 
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەو بارەیەوە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بۆردوومانەکە بە فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بووە و ئەو پێگانە کراونەتە ئامانج کە سوپای پاسدارانی ئێران و هێزە نزیکەکانی بەکاریان دەهێنان و ئاماژەی بەوەشکرد، بۆردوومانەکان "وەڵامێک بوون بۆ زنجیرەیەک هێرشی بەردەوام و شکستخواردوو لە لایەن گرووپە میلیشیاکانی پاڵپشتیکراو لە لایەن ئێرانەوە لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە بۆسەر ئەمریکییەکان لە عێراق و سووریا." 

 

لۆید ئۆستن گوتی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەدوای جەنگدا ناگەڕێت، بەڵام "ئەو هێرشانە کە بە پاڵپشتی ئێران دەکرێنە سەر هێزەکانی ئەمریکا جێگەی قبووڵکردن نین و دەبێت بووستن. ئێران دەیەوێت دەستی خۆی بشارێتەوە و نکۆڵی لە رۆڵی خۆی لەو هێرشانەدا بۆسەر هێزەکانمان بکات، بەڵام ئێمە رێگە نادەین. ئەگەر هێرشەکان بۆسەر هێزەکانمان لە لایەن هێزە بەوەکالەتەکانی ئێرانەوە بەردەوام بن، دوو دڵ نابین لە گرتنەبەری رێکاری زیاتر بۆ پاراستنی خەڵکی خۆمان."
 
لە دوو هەفتەی رابردوودا بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و  سووریا چەند جارێک کراونەتە ئامانج و بە گوێرەی لۆید ئۆستن، لە ئەنجامیاندا بەڵێندەرێکی ئەمریکی گیانی لەدەستداوە و 21 هاووڵاتی دیکەی ئەمریکا بریندار بوون کە برینەکەیان سووک بووە و هەموویان دەستیان بە ئەرکی خۆیان کردووەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە